وتارێک له‌ کۆڕی یه‌که‌مین ساڵیادی کۆچی دوایی مەرزییە فەریقی رۆژی 2006/9/21 له ستوکهۆلم

مەرزیە فەریقی ئەو دەنگە زوڵاڵەی سڵاوی گەرمی بۆ پێشمەرگە دەنارد

شاعیری مه‌زنی ئێران ئه‌حمه‌د شاملوو له‌یادی کۆچکردنی فرووغ فه‌رروخزاد له شێعرێکدا ئه‌ڵێت:  
              نێوی تو کازیوه‌یه‌و     به نێوچاوانی ئاسماندا     تێپه‌ڕ ده‌بێت،
                           – پیرۆزبێت نێوی تۆ –   

له ساڵیادی کۆچی نا‌واده‌ی ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئاسمانی هونه‌ر و خه‌باتی کوردستان، خاتوو مه‌رزیه‌دا یادی که‌سێک ده‌که‌ینه‌وه که سنووربه‌زێن‌بوو.  
هه‌روه‌کوو چۆن له‌م به‌ش بۆئه‌و به‌شی کوردستان، بۆ مه‌رزیه سنوورێک له‌نێوان خه‌بات بۆ رزگاری ژنان و تێکۆشان له ‌دژی نه‌داری و لێقه‌وماویی منداڵان، چه‌وساوه‌کان و به‌شمه‌ینه‌تان نەبوو، هه‌روه‌ها چالاکبوونی ئەو له دونیای هونه‌ر، مۆسیقا لەگەڵ هه‌ڵسووران له مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشاندا، بێسنوور بوو. ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی کورتی مه‌رزیه بریتییه له تێپه‌ڕبوون و گواستنه‌وه له ژیانی پڕ له ‌ژان ‌و به‌ڵام سه‌ربه‌رزانه‌ی ناوشاره‌وه بۆ خه‌باتی شاخ، له‌وێوه بۆ دونیای هونه‌ر و موسیقا چ له کوردستان و چ له هه‌نده‌ران و ئه‌مجاره‌ش تێکه‌ڵکردنی وشیارانه‌و لێک‌ئاڵاندنی چالاکی هونه‌ری و تێکۆشان بۆ ئازادیی و یه‌کسانیی ‌و بۆ ڕزگاریی گەلەلەی.  
له‌م ره‌وته‌دا گه‌شه‌کردنی که‌سایه‌تیی مه‌رزیه چ له ڕێگای هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوه‌رۆکی گۆرانییه‌کانی و چ سه‌رنجدان به ته‌رخانکردنی کاتێکی زۆر و وزه و توانای له‌مه‌یدانی ململانێی فه‌رهه‌نگیی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییدا به ڕوونی دیاره.   
چریکه‌ی سروودی هه‌شتی مارس و بانگه‌وازی مرۆڤسالاری ته‌نانه‌ت پاش کۆچی دوایی مه‌رزیه‌ش هه‌ر بۆن و به‌رامه و ده‌نگ و ڕه‌نگی ئه‌وی پێوه دیاره. به‌ڕاستی ئایا ئه‌مه سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زن نییه بۆ ژنه ‌هونه‌رمه‌ندێکی کورد و خه‌باتکارێکی وه‌کوو مه‌رزیه خانم؟
له‌ماوه‌ی ئه‌م یه‌کساڵه‌دا جێگاو شوێنی مه‌رزیه له ‌ناوماندا، له‌کوردستان و له ‌هه‌نده‌ران، له ‌ناو کۆڕ و کۆمه‌ڵی جۆراوجۆردا زۆر دیاربووه. له‌ ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆز ‌و هه‌شتی مارس و له چه‌ندین بۆنه‌ی دیکه‌دا بێ مه‌رزیه‌ییمان بینی و هه‌ستمان پێکرد. بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازانه‌ی کوردستان قه‌رزارباری مه‌رزیه‌یه.   

                به‌ڵێ بۆ مرۆڤسالاری،            بۆ ئازادی ‌و بۆهۆشیاری
              بۆ ‌سه‌ربه‌ستی به ‌یه‌ک بڕوا،       بانگی به گشت دنیا بگا
              ئێمه‌ین هه‌موو ده‌که‌ین نه‌فره‌ت،      له ‌ژێرده‌سته‌بوونی ئافره‌ت

مه‌هاباد قه‌ره‌داغی بێژه‌ری ئه‌م شێعره له نامه‌یه‌کدا بۆ دڵنیا گوتی:« با پێکه‌وه ئاسمانێک چێ بکه‌ین بۆ هه‌ڵفڕینی باڵنده‌ی سترانه په‌ڕ و باڵ نه‌گرتووه‌کانی مه‌رزیه.»  
دڵنیا ئه‌ڵێت من به گوتنی ئه‌و گۆرانییانه پردێکم دروستکردووه له‌ نێوان دایکم و ئه‌و که‌سانه‌ی خۆشیان ده‌ویست. من ئه‌ڵێم دڵنیا گیان سروودی هه‌شتی مارس و گۆرانییه‌کانی دیکه، دروستکردنی په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌و و هه‌روه‌ها گه‌یاندنی په‌یامێکی گرینگه به‌کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی، ‌و ژنانی به‌شمه‌ینه‌تی کورد به‌تایبه‌تی.  واته هەموو ئه‌و که‌سانه‌ی که دایکت لێبڕاوانه و له قووڵایی دڵه‌وه خۆشی ده‌ویستن و له پێناوی سه‌ربه‌ستیی و ئازادی ئه‌واندا خه‌باتی ده‌کرد.   
ژنان و کچانی کورد له ناو گۆرانی و سروود‌ و هه‌ڵسووران و هه‌ڵوێسته‌کانی مه‌رزیه‌وه خۆیان ده‌بینییه‌وه؛ خه‌م و په‌ژاره، شادی و دڵخۆشی، ئومید و هیوای دواڕۆژیان به‌دی کردووه و به‌دی ده‌که‌ن. که‌سایه‌تی تاقانه‌ی ئه‌م ژنه‌ بوێره، که به ‌شێوه‌یه‌کی که‌موێنه هه‌موو ژیانی که‌م ته‌مه‌نی خۆی له پێناوی سه‌ربه‌ستی و سه‌رفه‌رازی‌ منداڵ و مرۆڤ و ژن‌دا به‌خت کرد، جێگای شانازیی هه‌موو مرۆڤێکی ئازادیخواز و لایه‌نگری کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسانه. ئه‌م شانازییه به‌شێکی زۆری بۆ کاک ناسر و دڵنیا و ماردین و کاردۆیه.  
بۆ مه‌رزیه سروودی وه‌کوو سڵاو بۆ پێشمه‌رگه و سروودی ژنان سه‌نگه‌رێک بوو بۆ به‌گژداچوونی داگیرکاریی و پاشکه‌وتوویی له کۆمه‌ڵگادا و هه‌روه‌ها بۆ پارێزگاری له ئازادی و یه‌کسانیی.
هه‌ر بۆیه به‌رزو به‌ڕێزگرتنی مه‌رزیه ده‌بێ ببێته مه‌یدانێک بۆ به‌رجه‌سته‌کردنەوەی ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌ی که ئه‌و له‌ پێناویاندا تێ ده‌کۆشا.
ئاوازه‌کانی مه‌رزیه وایان کرد که نه‌ک هه‌ر خودی مه‌رزیه به‌ڵکوو ژنی‌کورد له ‌سه‌ر نه‌خشه‌ی کوردستان به‌رجه‌سته بووه‌وه. له‌م یه‌کساڵه‌ی رابردوودا چ له‌ لایه‌ن کاک ناسر و چ منداڵه‌کان و دۆستانی نزیکه‌وه کۆمه‌ڵێک بیره‌وه‌ری گێڕدراونه‌ته‌وه له‌وه‌ی که چۆن مه‌رزیه له‌کاتی دیتنی بێدادی و هه‌ڵوێستی ناڕه‌وادا به‌رامبه‌ر به ژنان به‌بێ سڵکردنه‌وه ده‌نگی به‌رزکردووه‌ته‌وه و بێباکانه له هه‌ر مه‌جلیسێکدا بووبێت، پشتگیری خۆی له زوڵملێکراوان ده‌ربڕیوه.  
مه‌رزیه هه‌روه‌کوو چۆن له‌سه‌ر ئازاره‌کانی میلله‌تی کورد راده‌په‌ڕی و هه‌ستی ده‌بزووا، هه‌ر وه‌هاش هه‌ر چه‌شنه سته‌م و ئازارێک بۆسه‌ر ژنان و کچانی کوردستان ده‌یورووژاند و له‌هه‌ر ڕێگایه‌که‌وه بۆی کرابایه ده‌نگی هه‌ڵده‌هێناو له‌قاوی ده‌دا. له‌م کاتانه‌دا ئه‌و بێباکانه ده‌نگی به‌رزده‌کرده‌وه و هه‌رگیز حیسابی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد که ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌و ئاخۆ له‌لایه‌ن فڵانه لایه‌ن و فڵانه کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌وه چۆن لێک ده‌درێته‌وه.  
ژنانی گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ندی زۆر هاتوون و چوون، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینرێت ژنێک تا ڕاده‌ی مه‌رزیه ده‌نگ و هونه‌ره‌که‌ی له ناو خه‌بات و بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌که‌ی و چه‌وساوه‌کان ‌و ژنانی وڵاته‌که‌یدا ده‌نگ و ره‌نگی دابێته‌وه.  
مه‌رزیه متمانه‌یه‌ک وه‌های به‌خۆی هه‌بوو که‌ به‌تایبه‌ت له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به ژنان و یان له‌سه‌ر پرسی ژنان‌دا به‌ بێ هیچ ئه‌ملاو ئه‌و لا کردنێک، به ‌هه‌بوون یان نه‌بوونی مۆسیقا و ته‌کنیکی پێویست، ده‌نگی هه‌ڵده‌بڕی و به ‌هه‌ر چوار ده‌وری خۆیدا وزه، هیوا و هه‌ستی باوه‌ڕبه‌خۆبوونی بڵاو ده‌کرده‌وه.  
به‌ڵێ مه‌رزیه گۆرانیبێژێکی به‌ناوبانگ‌ و دارای ده‌نگێکی دڵێر و زوڵاڵ ‌بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌رزیه ته‌نیا وه‌کوو هونه‌رمه‌ندێکی گۆرانی‌بێژ بناسێنین ئه‌وا سیمایه‌کی ناته‌واومان له‌وخانمه بوێره کێشاوه ‌و له تایبه‌تمه‌ندییه فره‌لایه‌نه‌کانی ئه‌و، ته‌نیا هه‌ر یه‌ک لایه‌نمان به‌دیکردووه.  
گه‌وره‌ترین رێزگرتن له مه‌رزیه ئه‌وه‌یه کارێکی وه‌ها بکه‌ین که له ‌مێژوودا ئه‌م لایه‌نانه‌ی ژیانی به‌رجه‌سته بکرێته‌وه ‌و وه‌کوو ژنه هونه‌رمه‌ندێکی به‌ده‌ربه‌ست، خه‌باتکارێکی پڕ وزه ‌و توانا، هه‌روه‌ها تێکۆشه‌ر و خه‌مخۆرێکی منداڵان، ژنان و ئافره‌تانی کوردستان یادی لێ‌بکرێته‌وه.  
              نێوی تو کازیوه‌یه‌و     به نێوچاوانی ئاسماندا     تێپه‌ڕ ده‌بێت،
                           – پیرۆزبێت نێوی تۆ –  

                                                          ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
                                                               2006/9/21