لێدوانەکانی نەوال سەعداوی لە ستۆکهۆلم و لە کەناڵی ئەلجەزیرە!

ڕۆژی پێنجی مانگی پێنج ٢٠١١،  نەوال سەعداوی لە ستۆکهۆلم بوو. منیش بەشداری کۆڕەکەی بووم. نزیکەی سێسەد کەس هاتبوون، بەتایبەت سویدی. کۆڕگێڕەکە نووسەر و رۆژنامەوانی کورد، مستەفا جان بوو.

سەعداوی بەتایبەت سەبارەت بە سەردمی منداڵیی خۆی، بنەماڵەی باوکی کە خەڵکی لادێ بوون دوا. گوتی ئەوان زۆر گەرموگوڕ بوون و هەموو جارێک بە باوەشی ئاوەڵاوە وەریان دەگرتم و ماچیان دەکردم. بنەماڵەی دایکی بە پێچەوانە، لە بورژوازی شار بوون و لای ئەوان ئەو چەشنە هەستدەربڕینە نەبوو.

باسی ئەو نایەکسانییەی دەکرد کە هەر لە منداڵییەوە لە نێوان ئەو و براکەی لە بنەماڵەی خۆیاندا هەبووە. لە ماڵی ئەوان براکەی بۆ هەموو شت دەخرایە پێش نەواڵ‌ـەوە. هەر بۆیەش جارێکیان لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا لەسەر ئەو هەڵاواردنە، زۆر بە تووڕەییەوە نامەیەک دەنووسێت بۆ خودا!

یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا نووسی. مامۆستاکەی سفری پێداوە و هێڵێکی بەسەردا کێشاوە. ئەویش وازی لە نووسین هێنا و ئەم کورتە چیرۆکەی لە ژێر نوێنەکەیدا شاردەوە. ماوەیەکی پێدەچێت هەتا رٶژێکیان دایکی چیرۆکەکە دەدۆزێتەوە، زۆر پەسنی دەدات و رەخنەی زۆر لە مامۆستاکەی دەگرێت! ئەمە سەرەتای دەستپێکردنی نووسینی نەوال سەعداوەییە.

دەڵێ من هەمیشە لەسەر ئەو بێمافییەی بەرامبەر بە هەژاران و ژنان هەیە تووڕە بووم. بەڵام نادادپەرورەیی لە هەموو شوێنێک هەیە.

هەر لە منداڵییەوە لە سەر خودا لەگەڵ دوو هاوڕێی زۆر نزیکیم کە یەکیان مەسیحی و ئەوی دیەکەیان جوولەکە بوو، خەریکی مشت‌ومڕ و تێڕامان بووم.

” من دە ساڵان بووم و خەونی شۆڕشم دەدی، ئەمڕۆ تەمەنم هەشتا ساڵە. کەوابوو شۆڕش حەفتا ساڵ وەدرەنگی کەوت!”

” ئێستا لە میسر ئێمە هەوڵدانێکی دژە شۆڕش دەبینین. شۆڕش کردن ئاسانە، هیچ نەبێت و بەتایبەت لە چاو ئەو خەباتەی کە ئێستا دەبێت لە دژی هیزە کۆنەپەرستەکان بیکەین. ئێمە حوسنی موبارەکمان لابردووە، بەڵام پیاوەکانی ئەو هێشتا پۆستە گرینگەکانیان بەدەستەوە ماوە. ئەم خەباتەمان تازە دەستی پێکردووە!”

کە هاتمە دەرەوە لە کۆبوونەوەکە، ئاشنایەکم بینی، گوتی چاوپێکەوتنەکەی نەوال سەعداوی‌ت لەگەڵ کاناڵی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی بینیوە؟ زۆر  سەرنجڕاکێش و بەکەڵکە. دواتر لە ماڵەوە ئەو چاوپێکەوتنەیشم بینیی و ئەم کورتەیەم لێ وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە چاوپێکەوتنی نەوال سەعداوی لەگەڵ Al Jazeera بە زمانی ئینگلیزی ١٥/٢/٢٠١١

بەبێ ژنان دیموکراسی و دادپەروەریی مسۆگەر نابێت. . . شۆڕشەکە هەم بۆ ژنان و هەم بۆ پیاوان بوو. لە مەیدانی تەحریر ژن و پیاو بە بیروباوەڕی جیاوازەوە کۆ بووبوونەوە.

ئێمە ناڵێین فێمینیسمی عەرەبی ئەڵێن “تحریر المراة” و ئامانجمان گۆڕینی هەموو یاساکانی دژ بە ژنە. چونکە فێمینیسم لق و پۆپی زۆری لێ بووەتەوە، فێمینیسمی کاپیتالیستی، سوسیالیسی، دژە کۆلۆنیالیستی و هەتا دوایی. ئێمە بۆ دامەزراندنی دەستوورێکی سێکولار، بۆ گۆڕینی باری کەسییەتیی و بنەماڵەیی خەبات دەکەین، بە چەشنێک کە یەکسانی هەموو پیاوان و ژنانی میسر مسۆگەر بکات. ئێمە بۆ گۆڕینی فەرهەنگ و هەروەها ئاڵوگۆڕ لە دۆخی ئابوورییدا تێدەکۆشین بەو مەبەستەی کە ئەم نایەکسانییە نەمێنێت و هەموو میسرییەکان مافی یەکسانیان هەبێ. ئێمە ژمارەیەک خەڵکی میلیاردێرمان هەیە و لە سەدا پەنجای خەڵکی میسریش لە ژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. کەوابوو خەباتی ژنانی میسر، خەباتێکی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و هەروەها دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل‌ە.

پرسیار: ئایا ئەمە بە کردەوە رووخانی حکوومەتێکی سێکولار و هاتنی بنەماخوازەکان یان ئیسلامی میانەڕەوە؟

کاتێک کە لە مەیدانی تەحریر بووین، ژمارەیەک گەنجانی سەر بە اخوان المسلمین هاتن بۆ لام باوشیان پێدا کردم و وتیان ئێمە دژ بە هێندێک لە بۆچوونەکانی جەنابتین کە لە کتێبەکانتدا نووسیوتانە، بەڵام ڕێزمان بۆتان هەیە و تۆمان خۆش دەوێت.

ئێمە لە ژێر دەسەڵاتی موبارەک دا حکوومەتێکی سێکولارمان نەبوو. لە ژێر ساداتیشدا نەبوو. من گوتوومە کە جورج بووش و بن لادەن دوانەن، هەروەها ئەنوەر سادات و بنەماخوازە ئیسلامییەکانیش دوانەبوون. موبارەکیش هەر وابوو. لە کاتی شۆڕشەکەدا هیچ کلیسایەک نەسووتێندرا، هیچ کچێک ئازار نەدرا. بەڵام پولیسی موبارەک بوو میسری کرد بە کۆلۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئێمە بۆ سەربەخۆیی تێدەکۆشین. بۆ نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی خەبات دەکەین.

پرسیار: ئایا متمانە بە ئەرتەش دەکەن؟

من متمانە بە هێزی ملیۆنەها خەڵک ئەکەم کە موبارەکیان ڕاونا. پێویستمان بە هیچ تاکە کەسێک نییە کە سەرۆکایەتیمان بکات، نە ژن و نە پیاو.

ئێمەی خەڵک بە ژن و پیاوەوە دەبێت بەشداری بکەین لە هەموو ئاستێکی دەسەڵاتدا . . . سادات و موبارەک بەرتیلیان بە نووسەران و هونەرمەندانی میسر دەدا. من لە میدیای میسری‌دا سانسۆر کراوم بەڵام پارەیەکی زۆریان داوە بە کەسانی دیکە. لەکاتێکدا من لە لونبان توانیم کتێبەکانم بڵاو بکەمەە. نزیکەی چل کتێبم بڵاو کردووەتەوە.

پرسیار: سوزان موبارەک خانمێکی پێشکەوتوو دیار بووە!

هەموو شاژنەکان و “خانمی یەکەمەکان” لە وڵاتانی عەرەب ئەوانەن کە سیاسەتی مێردە دیکتاتۆرەکانی خۆیان بەڕێوە بردووە. سوزان موبارەک بزووتنەوەی ژنانی کوشت، فێمینیسمی میسری کوشت؛ ڕێکخراوەکەی ئێمەی کوشت؛ ئێمە چەندین جار هەوڵماندا یەکیەتی ژنانی میسر دابمەزرێنین چونکوو پێمان وابوو یەکگرتن هێزە، بەبێ هەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان ژناندا ناتوانین مافەکانی خۆمان بەدەست بێنین، بەڵام ئەو دەستیکرد بە دامەزراندنی NGO کە لە راستییدا حکوومی بوون. ئەو ڕیکخراوی ئەنجومەنی میللیی ژنانی پێکهێنا کە هیچی بۆ ژنان نەدەکرد و رێک بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی ئەوان بوو.

کەوابوو لە ئێستادایە کە ئێمە خەریکین هەوڵدەدەین یەکیەتی ژنانی میسر دیسانەوە رێک بخەینەوە بۆ ئەوەی هێزی سیاسییمان هەبێت و بتوانین مافەکانی خۆمان بپارێزین، تەنانەت لە ناو خودی شۆڕشەکەی ئێستادا. چونکوو دەزانین لە مێژوودا مافی ژنان خراوەتە لاوە و پاش شۆڕش لەبیرکراوە. بۆیە ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین یەکیەتی ژنان دەسەڵاتی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییان هەبێت بۆ پارێزگاری لە مافەکانمان.

پرسیار؛ ئایا مومکینە کە ژنێک ببێتە سەرۆکی میسر رۆژێک لە رۆژان؟

بەڵێ هەر ئێستا! من خۆم لە بەرامبەر موبارەکدا کاندیدا کرد وەکوو سەمبولێک! بەڵام منیان رێگا نەدا و نەیانهێشت لەگەڵ خەڵکدا قسەبکەم . . من لە مەیدانی تەحریر ژنانێکی تێگەیشتووی زۆرم بینی کە پێموایە دەتوانن ببن بە سەرۆکی میسر هەر وەها پیاوانێکی زۆریش. من هەموو سێشەمان لە ‘مصرالیوم’‌دا وتارێک دەنووسم؛ لە وتارێکم دا نێوی چەندین ژن پێشنیار دەکەم کە لە مەیدانی تەحریر چاوم پێیانکەوتووە و دەتوانن ببنە سەرۆکی میسر. ئەو ژنانە و پیاوانێکی زۆر هەن کە دەتوانن ببنە سەرۆک. نەک کەسانی وەکوو عەمر مووسا و ئەلبەرادعی و کەسانێک وەکوو ئەوان کە لەگەڵ رژیمی موبارەکدا هاریکارییان کردووە! ئەمەی لە میسردا هەیە، راپەڕینی گەنجانی رووناکبیر و خوێندەوارە بە ژن و پیاوەوە و یەکێک لەوان دەبێت ببێتە سەرۆکی وڵات!

پرسیار: خەتەنەی کچان و . . . ئەمە ریشەی لە فەرهەنگدا داکوتاوە و نەک سیاسەت بە ئاڵ و گۆڕی خێرای سیاسی ناکرێت ئەوانە زوو بگۆڕدرێت . . ؟

نا دەکرێت ئاڵوگۆڕ بکرێت؛ شۆڕ‌ش سیاسیی، فەرهەنگیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییە و لە بناغەکانی سیستەمی پیاوسالاری و چینایەتیدا گۆڕان پێکدەهێنێت. . . شۆڕش فەرهەنگ و ئەخلاقییات دەگۆڕێت. لە راستیدا خەتەنەی ژنان و هی پیاوانیش؛ من نزیکەی پەنجا ساڵ پزشک بووم. دژ بە بڕینی هەربەشێک لە لەشی منداڵێکی مێیینە یان نێرینە بووم لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت. من بۆ ئەمە خەباتم کردووە و بەو بۆنەوە لە وەزارەتی تەندوروستی‌دا کارەکەم لە دەستدا. هەر لەبەر ئەوەش منیان قەدەغەکرد! بەڵام چەند ساڵ دواتر حکوومەتی میسر یاسایەکی دەرکرد، ساڵی ٢٠٠٨ بوو، کە خەتەنەی مێیینەیان قەدەغەکرد.

بەڵام سەیر لەوەدایە کە قەت بانگهێشتی منیان نەکرد بۆ هیچ کونفرانسێک لەسەر خەتەنەی مێیینە لە میسر کە لە ژێر چاوەدێری سوزان موبارەک‌دا بوو. ئەوان ویستیان مێژووی من بنێژن. چونکە دەیانەویست بڵێن ئەوە سوزان موبارەکە پێشەنگی نەهێشتنی خەتەنەی کچانە لە میسر! بەڵام ئاساییە کە هیچکەس لە بیری نەچووبووەوە . . پێویستە شتێکی دیکەیش بڵێم؛ دەبێت دژ بە خەتەنەکردنیش بووەستینەوە چونکوو ئەمە ئەو شتەیە کە خەڵک لەبەردەمیدا بێدەنگن. من لە کاری پزشکیی خۆمدا بینیوومە کە چلۆن منداڵانی ساوای نێرینە ئازار دەدرێن. چونکە خەتەنە کاتێک دەکەن کە منداڵەکە ٨ رۆژ تەمەنییەتی، من دەبینم کە چۆن ئازار دەکێشن. ئێشەکەی، مەترسی بۆ سەر ژیانی هەیە، هەر بۆیە پێویستە ئێمە ئەمەیش بزانین نەک هەر نەهێشتنی خەتەنەی مێیینە.

پرسیار: ویستم پرسیارێک لەسەر سیستەمی دادوەری لە میسر بکەم. ساڵی پێشوو ( پارەکە نەبوو ساڵی ٢٠٠٧ بوو) ڕێگایان خۆشکرد بۆ یەکەمین دادوەرانی ژن لە میسر. دادگایەک لە ساڵی ٢٠٠١دا داوایەکیان لەسەر جەنابت تۆمار کرد کە تۆ دەبێت لە هاوسەرەکەت جیاببیتەوە چونکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تۆ لە ئایینی ئیسلام چوویتە دەرەوە، ئایا پێت وایە کە سیستەمی دادوەریی یەکێک لەو سیستەمانەیە کە دەبێت لەسەر جێی خۆی بمێنێتەوە یان ئەویش فرێ بدرێتە دەرەوە؟

دەبێت بگۆڕدرێت. بەڵام ئەم پرسیارە لە ناو جەرگەی سیستەمی دادوەریی میسردا نەبوو. چونکوو ئێمە دادوەری زۆر باشمان هەیە. من دەمەوێت هەموو داواکانم بخرێنە ڕوو. خۆ هەر ئەو دادگاییە نەبوو . . . چونکە رژیمی موبارەک هاریکاری گرووپە توندەروە بنەماخوازەکانی دەکرد بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ئازادانە بیریان دەکردەوە بکێشنە دادگا و هەڕەشەی لێدەکردن. لەبەر ئەوە ئێمە هەڕەشەیەک بووین بۆ سەر رژیم.

لەگەڵ ئەلجەزیرە بە زمانی ئینگلیزی ١٥/٢/٢٠١١

http://dagensarena.se/internationellt/risk-for-kontrarevolution/

ئەحمەد ئەسکەندەری

١٢/٥/٢٠١١