مارییا-پیا بووئێتیووس؛ ئێمەی ژن هەمیشە بەم چەشنە شۆڕشمان کردووە!

ماریا – پیا بووئێتیووس، یەکێکە لە فێمینیستە ناودارەکانی سوئید و نووسینەکانی بەردەوام بە گرینگییەوە سەیر دەکرێت: لەم وتارە دا سێ سەردەمی مێژوو پێکەوە گرێ دەدات. ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، حەفتاکانی سەدەی پێشوو و ئەمساڵی ٢٠١٧: پوختەیەك لەم وتارەی لێرەدا دەگێڕمەوە:”یەکەم چالاکی #metoo، کە من توانیوومە لە مێژوودا بیدۆزمەوە لە ئەفسانەیەکی یۆنانیدایە نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ‘تێرێئووس دەستدرێژی دەکاتە سەر فیلۆمێلا و زمانی دەبڕێ لەبەر ئەوە نەتوانێ ئەم تاوانەی بگێڕێتەوە. بەڵام فیلۆمێلا هونەرمەندێکی تەونکەر بوو کە لە ڕێگای تەونکردن و چنینەوە هەموو بەسەرهاتەکەی نەخشاند.’ . . سێ هەزار ساڵی پێچوو هەتا لە تەونێکی جیهانگیر لەسەر تۆڕی ئینترنێت ژنانێکی زۆر وەکوو فیلۆمێلا دەستیان کرد بە گێڕانەوە. . . ساڵی ١٩٧٦ لە ڕۆژنامەی ئێکسپرێسێن دا یەکەم وتاری لە قاودانی دەستدرێژی سێکسیم لە میدیای سوئید دا بڵاوکردەوە. من کە پێشتر لە ئەمریکا بووم کتێبەکەی Susan Brownmillerم خوێندەوە کە نووسینێکی شۆڕشگێڕانە بوو سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی لە ئەمریکا و لە ڤییەتنام کە ئەو کات ئەمریکا شەڕێکی سامناکی وەڕێخستبوو. . . هەشتی مارسی ١٩٧٤ ئێمە ژنانی ناو ڕۆژنامەکە هەموو ژمارەکەی ئەو ڕۆژەمان تەرخان کرد بۆ پرسی ژن و گفتوگۆیەکی تایبەتیشمان لەگەڵ سیمۆن دۆ بۆڤوار کردبوو هەر بەو مەبەستە. . . ئێستا و بەم بزووتنەوەیەی #metoo، ئەوە ژنان نین کە کەوتوونەتە ڕاوەدونانی جادووگەران بۆ دەرخستنی ئەو دۆخەی تێی کەوتوون، بەڵکوو بینای مارکەی کاڵا و کەسایەتییە بەناوبانگەکانن وادەکەن کە کۆمپانیاکان، حیزبەکان، سیاسەتمەداران، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان هێندە هەستیار بن.. . . کۆمپانیاکان و ئاکادێمییەکان چیدی ناخوازن بەردەوام گرێ بدرێنەوە بە سووکایەتی کردن بە ژنانەوە.”

لینکی وتارەکە بە زمانی سوئێدی