ڕێزگرتن لە بەیان، کچی مەلەکە مستەفا سوڵتانی و دوکتور جەعفەر

                 

                  ڕێزگرتن لە بەیان و لە مەلەکە دایکی بەیان

فەڵەک، وە بەختم چ نەردێ شانای         نامەی حەیاتم وە ھیچ نەوانای

مەزرەعەی شادیم دای وە فەنادا              پووشەکەی جەستەم وە سۆزەی با دا

ئازیزم جە من بێگانە کەردی                 شەرتی دۆسیمان جە بەین لابەردی

فیراقش فەرقم تا وە پەنجەی پام              ڕەگ و ڕیشە و پۆس جیا کەرد تەمام

مەولەوی

کچێک، خوشکێک، ژنێک، دایکێک، مرۆڤێک . . هەموو ئەمانە لە یەک تاکە کەسدا کۆبوونەتەوە کە هەموو شتێکی خۆی بەخت دەکات لە پێناوی ئامانجێکدا کە وشیارانە و شۆڕشگێڕانە هەڵیبژاردووە. ئەم کەسایەتییە سەرەنجام  لەوپەڕی بێدەرەتانیدا و بە بارێکی لە ڕادەبەدەر قورسەوە کە لێوانلێوە لە برین و ئێش و ئازاری شاخ و کێوهەژێن، نەک هەر لە درێژەدان بە خەبات کۆڵ نادات، بەڵکوو دەبێتە کۆڵەکەیەک بۆ باقی ئەندامانی بنەماڵەکەی و تەنانەت دۆستان، هاوڕێیان و خزمانیش.

ئەم ژنە و ئەم دایکە لە وەها دۆخێکدا بە هەموو هێز و توانایەوە، بە پەنابردن بە کتێب خوێندنەوە، چوونە ناو قووڵایی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و زانستی‌یەوە، بە ڕاوێژکردن لەگەڵ کەسانێک کە پێی وابوو  لەو بوارانەدا پسپۆڕ و زانان، بە بێ دەمارگرژی و دوور لە خۆبەزلزانی، بێ دەمار و سینگفراوان، هەوڵ دەدات ساباتێکی ئارام و بەختەوەر بۆ بەیان، بۆ کچە تاقانەکەی واتە خۆشەویستترین و ئازیزترین بوونەوەری ژیانی و بەرهەمی ژینی هاوبەشی لەگەڵ دوکتور جەعفەری نموونەی تێکۆشان، شۆڕشگێری و هەمیشە ئازیز، پێکەوە بنێت.

لە بیرمە کاتێک کە دوکتور جەعفەر گیانی بەختکرد، هاوڕێیەکی ژیری دوکتور وتی چێ گێڤارایش هەر کەسێکی وەکوو دوکتور جەعفەر بوو! من ئەمەوێ بڵێم لە دەوروبەری ئێمەدا کەم نین کەسانێک کە نموونەی فیداکاری و ئازایەتی و بوێرین و بەڵام زۆر جار بە بێ هەست پێ کردن بەلایاندا تێ دەپەڕین. باوەڕ بەوە ناکەین کە لە پەناگوێی خۆمان مرۆڤی لەو چەشنە ئازا و بوێر و قارەمان دەست دەکەوێت و پێمان وایە ئەوەی لە کتێب و فیلم و بەسەرهاتەکاندا خوێندوومانەتەوە، بیستوومانە و بینیوومانە، زۆر دوورەدەستن.

نووسەر یان ڕۆماننوسێکی بە ناوبانگ جاری وایە کەرەستەی دانانی ڕۆمانێکی گەورە لە بنەماڵەیەکی دیاریکراو، لە وڵاتێک و لە چەند کەسایەتێیەکی بەرجەستە دێنێتە بەرهەم.

وەرن وشەگەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان، ئێران، مەریوان، ئەڵمانە، تاڵەسوار، مستەفا سوڵتانی، دایە بەهیە، فوئاد، شوڕش، کۆمەڵە، پێنج برا، دوکتور جەعفەر و سەرەنجام بەیان دابنێن لە بەردەم ڕۆماننوسێکی لێوەشاوەدا و مانای پشتەوەی ئەم وشانەی بۆ ڕوون بکەنەوە. بزانن چ شاکارێکی ئەدەبی و هونەری دەتوانێ بخولقێندرێت.

کە باسی بەیان و دایکی بەیان واتە مەلەکە دەکرێ، پێویستە بڵێین مەلەکە کچی ئەو بنەماڵەیە، ڕۆڵەی ئەو نیشتمانەیە، کچی ئەو دایە بەهیەیە، خوشکی ئەو فوئادە و ئەو چوار برایە، هاوسەری ئەو دوکتور جەعفەرەیە، تێکۆشەری ئەو خەباتە و پێشمەرگەی ئەو شۆڕشە و سەرەنجام دایکی ئەو بەیانەیە!

خۆ دەکرێ هەموو ئەمانە بۆ وێنەگر و هونەرمەندێکی بەتوانا باس بکەن، بزانن چ شاکارێکی لێ دێتە بەرهەم و دەچێتە چ ئاستێکەوە لە دونیای وێنەکێشان و هونەردا.

بەیان لە گەرمەی شۆڕشێکی ڕەوای میللەتێکی بەشخوراو و چەوساوەکان لە کوردستان لەدایک بوو؛ لە باوەشی دایکێکدا کە نامۆ نەبوو بە کارەساتی دڵتەزێن و  خەم و پەژارە. هەر پێنج خاڵۆ سەربەرز و گیانبەختکردووەکەی بەیان کەم تەمەنتر لە بەیان ژیان. دوکتور جەعفەری باوکی ٣٦ ساڵ ژیا واتە تەنها سێ ساڵ زیاتر لە بەیان.

زیرەکیی وەکوو دەزوویەکی سوور بە هەموو ساڵەکانی ژیانی بەیانەوە دیارە.

بەیان زۆر ژیر بوو و ئاگاداری ئەم دۆخەی دایکی و بنەماڵەکەی بوو. دەگێڕنەوە جارێکیان حیشمەت خاڵۆی بەیان، کۆمەکی دوکتور دەکا بۆ ئەوە لۆکەیەک کە لە گوێی بەیاندا بوو دەربێنن و توند ئەوی لەباوەش گرتووە. دواتر کە ماچی دەکا بەیان کە پێنج شەش ساڵان بوو ئێژێ، تۆ لەولا منت ئاوا توند گرت لە بەردەم ئەو دوکتورە سەگبابەدا و ئێستا ماچم ئەکەی؟ لێرەیش و لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا جارێکیان کە دەبینێ دایکی تەواو بە دۆخی دەروونیی بەیان شڵەژاوە و ناڕەحەتە ئەڵێ “تۆ لە ژیانی خۆتدا ئەژدیهایەک قەپی لێ گرتوویی، ئێستا مێروولەیەک بە قاچتدا هەڵدەگەڕێ، ناڕەحەتی؟” بەیان ئەو دۆخە سەختەی خۆی بۆ دایکی وەکوو هەڵگەڕانی مێروولەیەک دادەنێ لە چاو ئەو هەموو بەسەرهاتەی پێشوودا.

مەلەکەی دایک هەموو هێز و توانانی خۆی خستەگەڕ بۆ پێکەوەنانی ساباتێک بۆ حەوانەوەی بەیان کە بتوانێ لە ئارامییدا بژیێت. هیچ نەما نەیکا بۆ دروستکردنی بەلەمێکی قایم کە بەیان تێیدا جێ بگرێت و بتوانێ لە ناو ئەو گێژاو و تۆفانەدا کە شەپۆلەکانی پەیتا پەیتا بۆ ڕفاندنی ئەو گوڵە تاقانەیە لە باوەشی دایکی، هرووژمیان دەهێنا، ڕێگای بەرەوپێش چوونی بۆ مسۆگەر بکات.

مەلەکە هیچ درگایەک نەما لەم وڵاتی سوئێدەدا نەیکوتێت، هیچ دام و دەزگایەک نەما بە تەلەفون، بە نامە و بە سەردان سەری پێدا نەکات و بە دوای چارەسەرێکدا نەگەڕێت. هەموو ئەو کەسانەی بەسەرکردەوە کە پێی وابوو نووکە دەرزییەک لە توانایاندا هەیە وەڵامێک بۆ هەزاران پرسیاری ئەو بدۆزنەوە و ڕێگا چارەیەک بۆ ڕزگاربوونی بەیان لەو دۆزەخەی تێی کەوتبوو نیشان بدەن. لە هەموو ئەم قۆناغانەدا یەک شت بەلامەوە بەرجەستە بوو، مەلەکە خانم حورمەت و کەرامەتی خۆی، بەیان و دوکتور جەعفەر و بنەماڵەکەی بەوپەڕی پەرۆشەوە پاراستووە و لە هەموو ئەم ڕێگا سەخت و دژوارەیشدا لەباری ماددییەوە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە.

دایک ماشین لێی دا و کەمەری شکا. دواتر کەوت و هەر دوو دەستی شکا، ئۆقرەی نەگرت و بەردەوام بوو. دواتر ئەم دایکە کەوت و پای شکا و کەوتە ژێر کەرەمی دوکتور و دەرمان و هەر هەدای نەدا. سەرەڕای هەموو ئەوانە بەردەوام بە دوای ڕێگا چارەیەکی تازەدا دەگەڕا و هەوڵی دەدا کاناڵی تازە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی دۆخەکەی بەیان بکات.

بە پێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە لە تەلەڤیزیۆنی سوئێد بڵاوکرایەوە، لەم وڵاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ئەندامانی بنەماڵە و خزمان گیرۆدەی ئەو کەسوکارانەی خۆیانن کە نەخۆشیی دەروونییان هەیە! سەرنج بدەن کە هەموو خەڵکی سوئێد ١٠ ملیۆنن واتە لە هەر دە نەفەر یەک کەس! رادیۆی بی‌بی‌سی جیهانی لەم ڕۆژانەدا سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان و ڕەوتی دەرمان و پێ ڕاگەیشتن لە وڵاتی سوئێد بەرنامەیەکی تایبەتی هەبوو و زۆر پەسنی پێشکەوتنەکانی ئەم وڵاتەی دا. ئەمەش دەری دەخات کە دەبێ لە وڵاتانی تر دۆخەکە زۆر جیاواز بێت لەوەی سوئێد.

ڕێزگرتن لە کەرامەتی ئەم دایکە و ئەو کچە و بنەماڵەکەیان لە ڕاستیدا سەلماندنی هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشان، خەمخۆری و ڕەنج و مەینەتییەیە کە مەلەکە هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونەوە لەگەڵ بەیانی ئازیز و جوانەمەرگدا کێشاویەتی. لە کۆتاییدا هەر ئەوە ئەڵێم: ئەرێ هەر بەڕاستی کێ دڵی دەهێنێ، کێ دەوێرێ و کێ بۆی هەیە بۆ چرکە ساتێکیش، گومانی هەبێ لە ئەوین و خۆشەویستی دایکێک بۆ ڕۆڵەیەک کە نۆ مانگ لە دەروونی خۆیدا هەڵیگرت و سی و سێ ساڵ شەو و ڕۆژ هەموو بیر، هەست، ئارەزوو و ئاواتی خۆی لەو جەستەیەدا کۆکردبووەوە کە هاوکات یادگاری خۆشەویستێک و تێکۆشەرێک و مرۆڤێکی گەورەش بوو.   

       زوو بوو، زوو بوو، ئاخ زوو بوو! وادەی ئەم کۆچە کوا هەبوو؟

ئەحمەد ئەسکەندەری

ئووپسالا – سوید ٩/٩/٢٠١٦