ئافرەتانی ئەتیۆپیایی لە کوردستان؛ کۆمەڵگا، دەسەڵات و فەرهەنگی پیاوسالارانە

هەفتەنامەی باس رۆژی ١٠/١/٢٠١٣ بابەتێکی لە ژێر سەردێڕی کچه‌ ئەسیۆپیاییه‌کانی کوردستان: تکایه‌ ئێمه‌ سێکسفرۆش نین بڵاوکردەوە. جێگای خۆشحاڵییە کە ئەم بابەتە بەو شێوەیە سەرنجی دراوەتێ و تیشک خراوەتە سەر لایەنێکی دزێوی کۆمەڵگا کە لەوانەیە کەسانێکی زۆر هەر بەتەاوای ئینکاری بکەن.


رۆژی ٢١/١١/٢٠٠٧ من و بەڕێز مەهاباد قەرەداغی لە مێزگردێکی تەلەڤیزیۆنی زاگرۆس‌دا بەشداریمان کرد سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان. چوار رۆژ دواتر واتە ٢٥/١١ کە دەبێتە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان لە رێوڕەسمێکی گەورەدا خەڵاتی ژنپارێزی بەخشرا بە خاتوو خەندان حەمە جەزا بۆ کتێبە زۆر بەنرخەکەی “ئوقیانووسێک لە تاوان” کە دەستەی دادوەران هەڵیبژارد و منیش تێیدا بەشداربووم؛ ئەو کتێبە پەردەی لە سەر دیاردەیەکی زۆر مەترسیداری کۆمەڵگای ئێمە هەڵدایەوە.


لەو مێزگردەدا لە تەلەڤیزیۆنی زاگرۆس پرسیارێک ئاراستەی من کرا سەبارەت بەوەی چی بکرێت بۆ باشبوونی یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە کوردستان. لە وەڵامدا من ئاماژەم کرد بە چەند شت یەکیان ژنە بیانییانە [ئەسیۆپیایی و هی‌تریش] کە لە هوتێل و لە شوێنەکانی‌تر کار دەکەن؛ وتم ئەوانە گەنجن و زمان نازانن و ئاگایان لە یاسا و ڕێسای ئەم وڵاتە نییە. ئەمەش وادەکا کە زۆر لاواز و شکێنەر بن لەبەرامبەر هەرچەشنە توندوتیژی و دەستدرێژی و یان بێڕێزی کردنێکدا، بۆیە گرینگە کە دەسەڵات رێوشوێنی پێویست دابنێت بۆ پشتگیری کردن و پارێزگاری لە مافی ئەم ژنانە.


ئێستا زیاتر لە پێنج ساڵ لەو کاتە تێدەپەڕێت و ئەم راپۆرتەی هەفتەنامە ‘باس‌’ رواڵەتێکی دزێومان دەخاتە بەرچاو لە چەوساندنەوە و سووکایەتیکردن بە پیاوان و ژنانی کرێکاری بیانی بەگشتی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتانیان بە تایبەتی. رێزدار ڕێبەند سەعدوڵڵا نووسەری ڕاپۆرتەکە دەنووسێت: ” ئه‌گه‌ر کرێکاره‌ پیاوه‌ به‌نگلادیشی و عه‌ره‌ب و ئه‌وه‌کانی تر، ته‌نیا له‌ رێگه‌ی کارپێکردنی زۆر و پێنه‌دانی مافه‌کانیان و سووکایه‌تی پێکردنه‌وه‌ ئازار بدرێن، ئه‌وا کرێکاره‌ ژنه‌ ئه‌سیوپیه‌کان، به‌ شێوازی زۆر خراپتر له‌لایه‌ن زۆر که‌سه‌وه‌ ده‌ستدرێژییان ده‌کرێته‌ سه‌ر و ئه‌وانیش له‌ بێکه‌سییان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن.”بەبڕوای من ئەم دیاردەیە زۆر مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگای کوردستان کە چارەسەرکردنی هەر تەنیا یارمەتیدان بەو ژن و کچانە نییە، بەڵکوو یارمەتیدانە بە یەکسانی و گەڕانەوەی کەرامەت و رێز بۆ ژنان و کچان لە کوردستاندا بە گشتی. سەرنجدان بەم خاڵانەی خوارەوە زۆر بە پێویست دەزانم؛


یەکەم، ئەوەی کە ئەم کچە ئەسیۆپییانە (Ethiopian) دەیگێڕنەوە، رێک کۆیلەدارییە، ئەوە هێنان و کارپێسپاردن بە کەسێک بۆ یارمەتیدانی کاروباری ناوماڵ نییە! لە سەردەمی کۆیلەداریشدا خاوەن کۆیلە کاری تاقەتپڕووکێنی بە کۆیلە دەکرد و دەستی ئاواڵە بوو بەهەموو چەشنێک هەڵس‌وکەوتێک لەگەڵ ئافرەتەکاندا، لەوانە کاری سێکسی بەزۆر و دەستدرێژی و ئازاردانی جنسی.


دووهەم، ئەو ئافرەتانە “خاڵی لاوازیان” زۆرە: ژنن، گەنجن، زۆربەیان جوانن، ڕەشن، زمان نازانن، تەنانەت ناتوانن ژمارەی ئوتومبیلەکانیش بخوێننەوە! ئەمە ئەیانکاتە گرووپێکی زۆر شکێنەر کە دەکەونە بەر پلاری هەر تاکێک کە سەرنجی یەک یان چەند لایەنی ئەو تایبەتمەندی و لاوازییەیان بدات. خودی ئەوەی کە موسوڵمانیش نین لاوازتریان دەکا لە بەرامبەر کەسانێکدا کە خۆیان گوتەنی ” به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن کافری پیس و که‌چی ئه‌گه‌ر بچینه‌ لایان سێکسمان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، مادام ئێمه‌ پیس و کافرین بۆ وازمان لێ ناهێنن به‌سه‌لامه‌تی بژین و ئیشه‌کانمان بکه‌ین”!


سێهەم، وادیارە خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان بە ئارەزووی خۆیان لەناو هەژارانی ئەو وڵاتەدا [ئەسیۆپیا و ئەوانی‌تر] ئەو چەشنە ژن و کچانە هەڵدەبژێرن و گرینگ ئەوەیە گرێبەستەکانیان جێبەجێ بکرێت. ئەوەی کە زیاتر لە ١٢ سەعات کاریان پێبکەن، رێگایان نەدەن خۆیان بشۆن، نەوێرن سەردانی پارکەکان بکەن، ئەنواعی ئازاری جەستەیی و دەروونی بدرێن، ئەوان هیچ بەرپرسایەتییەکیان نییە و پارەی خۆیان وەرگرتووە.


چوارەم، ئەو کۆمپانیانەی ئەم گرێبەستانە دەنووسن، لەگەڵ کامە لایەنی دەسەڵات، کامە وەزارەتخانە و دامودەزگای حکوومی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا لە کاتی نووسینی گرێبەستەکاندا هیچ باسێک لە پاراستنی ماف و کەرامەت و ژیانی ئەو مرۆڤانە کراوە؟ ئایا نووسراوە ئەگەر بارودۆخیان خراپ بوو چیبکەن و ڕوو لە کوێ بکەن؟ ئایا ژمارە تەلەفونێک هەیە کە بتوانن بەزمانی خۆیان سکاڵای پێشەکش بکەن یان داوای یارمەتی بکەن؟ بێگومان بەپێی گرێبەستەکان داوا کراوە لەم کچانە خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، هێزی کار و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان؛ خۆ ئەگەر نەیکەن پارەیان نادەنێ و لەوانەیە دەریان کەن؛ ئەی ئەگەر لایەنی بەرامبەری ئەم گرێبەستە، واتە کڕیاری ئەو خزمەتگوزارییە بە جۆرێکی‌تر هەڵس‌وکەوتی کرد (وەکوو لەم راپۆرتەدا دەردەکەوێت) ئایا کۆمپانیاکە، دەسەڵات، کڕیاری خزمەتگوزارییەکە هیچ بەرپرسیارییەک دەگرێتە ئەستۆ؟


پێنجەم، لایەنی دەسەڵات و یاسایی چۆنە کە بێدەنگە؟ لەبەرچی هیچ دەنگێک نییە کە بەرپرسانی ئەو کۆمپانیانە بخاتە ژێر پرسیارەوە و داوای وەڵامدانەوەیان لێبکەن؟ پۆلیس و ئاسایش لەبەرچی خۆیان بە بەرپرس نازانن بۆ پارێزگاری کردنی ئەم کەسانە کە بەشێوەیەکی یاسایی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هاتوونەتە کوردستان؟ گەلۆ داخوا کاری رۆژێکی ژنە کرێکارێک لەو چەشنە چەندە قازانج بە کۆمپانیاکە دەگەیەنێ؟ لەبەرچی نەک هەر دەستدرێژیکاران و چەوسێنەران بەڵکوو خاوەن کۆمپانیاکانیش هە ئەوەندی لە فرۆکە دایانبەزاندن و پارە و بوودجەی خۆیان وەردەگرت، بەبەرزی بانانەوە بۆی دەردەچن؟


شەشەم، سەیر ئەوەیە لەسەر سایتی هەفتەنامەی ‘باس’ وێنەی گۆرانیبێژی بەناوبانگ شاکیرا و هاوسەرکەی بە ناتەواوی دانراوە، حەتمەن لەبەر ئەوە ناشەرعییە! ئەو وێنە بۆیە گیراوە سکی شاکیرا نیشانبدات کە دووگیانە. لە کۆمەڵگایەکدا کە بەو ئاسانییە ژنان و کچانی بێگانە و هەژاز دەکەونە بەر پەلاماری پیاوانەوە، کەچی هیچ کاربەدەستێک، سەرۆکێکی سیاسی، پیاوێکی ئایینی و مەلای مزگەوتێک، نایەتە جواب و مێشێک میوانی نییە. بەڵام دڵنیام ئەگەر وێنەی تەواوی شاکیرا و هاوسەرەکەی بڵاوکرابایەوە – کە وێنەیەکی زۆر جوانە و خۆشەویستی و ژیانی هاوسەری، منداڵبوون و دایکوباوکایەتی دەنوێنێت – لە زۆر جێگاوە هاوار بەرز دەبووەوە کە ئای دین نەما، سووکایەتی بە کۆمەڵگا کراوە و عادات و تەقالیدمان خراوەتە ژێر پێ! چما ئەو هەموو بێڕێزی و ئازاردانەی ئافرەتانی بێگانە و ئەو هەموو توندوتیژییە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەرامبەر بەژنان دەکرێت و ئامارەکان زۆر بەداخەوە روو لە هەڵکشانە، ئەوانە سووکایەتی بە کۆمەڵگا نییە و بەپێی “عادات و تەقالیدمانە”؟


حەوتەم، لەبیرمان نەچێت کە ئەم راپۆرتە لایەنی هەرە ئاشکرای ئەم توندوتیژییەیە و لایەنی شاراوە و ‘ژمارەی تاریکی’ ئامارەکان چ هی ژنان و کچانی بێگانە، چ ئافرەتانی بەرکەوتووی توندوتیژی لە کوردستان بێگومان زۆر لەوە زیاترە. ئەگەر ئەم بابەتە بە هەستیارییەوە سەیر نەکرێت و لایەنی پەیوەندیدار خۆیان نەکەن بە خاوەن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەر نەکەن، دەستدرێژیکاران دەستی خۆیان ئاواڵەتر دەبینن و توندوتیژی بەردەوام دەبێت.


هەشتەم، بەداخەوە ئەم راپۆرتە پەردە لە سەر لایەنێکی دزێوی کۆمەڵگای ئێمە هەڵدەداتەوە. بەشێک لە پیاوانی کۆمەڵگای پیاوسالار لە رواڵەتی باوک و کوڕ لە ناوماڵدا، دوکاندار و شۆفێری تاکسی و پزشک و هی‌تر ئەم کچە ئەسیوپییانە بە نێچیرێک دەزانن کە هەموو کات و ساتێک کراوەن بۆ دەستدرێژی کردنی ئەوان. هیچ سڵ ناکەنەوە لەوەی کە ئەو کارە دژە مرۆڤانەیە، جا چ بەرامبەر بە کچە بێگانەی خزمەتکاری ناوماڵەکەیان بێ، کچ و ژنێکی دراوسێ، سەرشەقام، هاوکار، هاوکەلاسی زانکۆ یان لە هەر شوێنێکی‌تر بێ. ئەمەش ئەو راستییە دەگەیەنێت کە کاری پێشگیرانە لەناو کۆمەڵگادا هەر لە خوێندنگای سەرەتاییەوە هەتا دواتریش پێویستە بۆ ئەوەی ژن و کچ وەکوو مرۆڤی هاوسەنگ و خاوەنی مافی بەرامبەر سەیر بکرێن و رێز لە کەرامەت و لە پێگەی کۆمەڵایەتییان بگیرێت. ئەمەش دیارە پێویستی بە پرۆژە و کاری درێژخایەن هەیە کە ئەرکی لایەن و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.


پیاوانێک کە بەو چەشنە لەگەڵ کچان و ژنانی ئەسیوپییایی رەفتار بکەن، چۆن دەتوانن رێزیان هەبێت بۆ ئافرەتانی کۆمەڵگاکەی خۆیان و توندوتیژی بەرامبەر بە ئەوانیش نەکەن؟