رووداوی به‌ردبارانکردنی دۆعای جوانه‌مه‌رگ و دڵ پڕ له‌ئه‌وین، له به‌رچاوی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕۆژی رووناک شه‌ممه ۲۰۰۷/۴/۷ روویداوه، به‌ڵام میدیای کوردی و ده‌ره‌وه ته‌نها پاش تیرۆرکردنی دڕندانه‌ی ۲۴ کرێکاره ئێزیدییه‌که له رۆژی ۲۰۰۷/۴/۲۲ دا باسیده‌که‌ن . . !
پرسیارێکی گه‌وره دێته‌پێش: ئه‌م ماوه‌یه‌ی نێوان ۷ی‌مانگی چوار و ۲۲‌ی مانگ واته شازده رۆژ که به‌سه‌ر روودانی ئه‌م کاره‌ساته بێوێنه‌و جه‌رگبڕه‌دا تێپه‌ڕبوو، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان و عێراق، میدیای ره‌سمی و رێبه‌رانی ئایینی له‌کوێ بوون؟
پرسیارێکی دیکه‌ش که مرۆڤ ده‌توانێ له خۆی بکات ئه‌مه‌یه: ئایا ئه‌گه‌ر له‌باتی له‌شی لاواز و بێگوناهی کیژۆڵه‌ی گه‌نج دۆعای جوانه‌مه‌رگ له‌و رۆژه‌دا هه‌ر له‌و شوێنه به‌ردیان بگرتایه‌ته ره‌سمی سه‌رۆکی کوردستان یان سه‌ره‌ک کۆماری ئێراق، ئایا به‌خێرا و هه‌ر له ڕێگای یه‌کێک له‌و هه‌موو ته‌له‌فوونه موبایلانه‌وه هه‌واڵه‌که نه‌ده‌گه‌یشته دام و ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی؟ له وه‌ها حاڵه‌تێکدا ئایا کاردانه‌وه‌ی توندی به‌شوێنه‌وه نه‌ده‌بوو؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتداران و نوێنه‌ران و به‌رپرسانی حیزبی باڵاده‌ست خێرا لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌ده‌کرد و کامێرای ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان به‌ره‌و ئه‌وێ وه‌ڕێنه‌ده‌که‌وتن؟ . . . ئایا . . . ئایا . . ؟
به‌ڵام خۆ وانه‌بوو. ده‌با به‌پشتبه‌ستن به رۆژنامه ره‌سمییه‌کانی «خه‌بات» و «کوردستانی نوێ» و زانیارییه‌کانی هه‌فته‌نامه‌ی سه‌ربه‌خۆی «ئاوێنه» بزانین ره‌وتی رووداوه‌که چۆن بوو.
کرۆنۆلۆژی رووداوه‌که:
– به‌پێی گوته‌ی تاڤگه خان که‌دانیشتووی شاری ئوپسالای سوێده ( له چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئێکسپرێسن‌ی سوێد رۆژی ۲۰۰۷/۴/۲۶) دۆعا، که براده‌ری تاڤگه‌خان بووه، پێش چه‌ند ساڵ له خانه‌یه‌کی ئه‌منی ژنان ژیاوه له کوردستان.
– دۆعا له‌گه‌ڵ «موهه‌ند»ی ۱۷ ساڵان په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری هه‌بووه؛ موهه‌ند ئه‌ڵێ من داوام له دۆعا نه‌کردووه ببێته موسوڵمان هه‌رئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌وینداریمان هه‌بووه.
– برایه‌کی موهه‌ند وتی: دۆعا موسولمان نه‌ببوو براکه‌یشم نه‌یگوتبوو ببێته موسوڵمان ته‌نها په‌یوه‌ندێکی ئه‌وینداری بوو و به‌س. . . (سه‌رچاوه ئاوێنه ۲۰۰۷/۵/۱)
– رۆژی۲۰۰۷/۴/۶
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه (دیار نییه کێیه) دۆعا له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌که‌ی که کورێکی عه‌ره‌بی موسوڵمانه به‌ناوی موهه‌ند، هێنراوه‌ته گوندی به‌حزانی که سه‌ر به ناحیه‌ی باشیک (به‌عشیقه). که‌سێک به ناوی خێری شنگالی له لاپه‌ره‌ی شه‌شی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ ۲۰۰۷/۵/۲دا نووسیویه‌تی: «. . . ئه‌و کچه زنای کردبوو له‌گه‌ڵ کورێکی موسوڵمان و خۆی شاردبووه‌وه له ماڵی سه‌رۆکی قه‌واڵان، سلێمان سڤۆ. »
دۆعا و کوره‌که یه‌کیان دیتووه و پاشان براونه‌ته ماڵی «مه‌زنێ قه‌والا سلیمان قه‌وال» له باشیک. ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که (دیار نییه کییه) ئیمزایان له بنه‌ماڵه‌ی هه‌ردوولا (واته کوڕ‌و کچه‌که) وه‌رگرتووه که کێشه‌که گه‌وره نه‌که‌نه‌وه‌و کچه‌که نه‌کوژن تاکوو هه‌موو شته‌یه‌ک له گوندی به‌حزانی (که‌وادیاره گونده‌که‌ی ماڵی دۆعایه) دیار‌و ئاشکرا بکرێت (سه‌رچاوه ئاوێنه ۲۰۰۷/۵/۱)
سێشه‌ممه ۲۰۰۷/۴/۷ڕۆژی ڕه‌شی به‌ردبارانکردن
– د.عبدالعزیز کوڕی قه‌وال سلێمان ئه‌ڵێت که رووداوه‌که زۆر گه‌وره‌بووه‌وه و رۆژی دووهه‌م (واته ۷/۴) به ده‌یان که‌س له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی ئێمه کۆبوونه‌وه‌و ده‌یانه‌ویست دۆعا به‌زۆر له‌ماڵ بێننه‌ده‌ر و بیکوژن. . . نه‌مانتوانی چی‌دی دۆعا بحه‌وێنینه‌وه و ره‌وانه‌ی که‌س‌وکارمان کرد. به‌ڵام ئه‌وخه‌ڵکه‌ی د‌ه‌ورووبه‌ی ماڵمان کۆببوونه‌وه ره‌جمیان‌کرد . ..
– ژێده‌رێکی ره‌سمی (دیارنییه ئه‌م ژێده‌ره ره‌سمییه کێیه؟) له باشیک وتی: ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌مانتوانی تدخل بکه‌ین. چونکوو ته‌سه‌ورمان ده‌کرد که « کێشه‌که به شێوه‌ی عه‌شایری چاره‌سه‌ر ده‌کرێت» و به‌و شێوه‌یه نایکوژن. چه‌ند پولیسیش که خه‌ڵکی ئه‌وێ بوون . . . (سه‌رچاوه ئاوێنه ۲۰۰۷/۵/۱)
فه‌رمایشه‌کانی جه‌نابی ژێده‌ر زۆر جێگای سه‌رنجن و هه‌تا سه‌ر ئێسقان نیشانده‌ری فه‌رهه‌نگی عه‌شیره‌تی پیاوسالارانه‌ی دژ به ژن و دژ به مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌خات. له‌ڕاستیدا ده‌کرێت بڵێین جه‌نابی ژێده‌ری ره‌سمی مه‌به‌ستی له‌وه‌ی که «به شێوه‌ی عه‌شایری چاره‌سه‌ر ده‌کرێت» و هه‌روه‌ها «به‌و شێوه‌یه نایکوژن» ئه‌وه‌یه که ته‌سه‌وریان ده‌کرد دۆعایش هه‌روه‌کوو ده‌یان و سه‌دان کچ و ژنی دیکه به ته‌قه‌کردن و یان «خۆسووتاندن و یان خۆکوشتن» له‌ناوده‌برێت. . . کاره‌که‌یش به شێوه‌یه‌کی نهێنی ده‌یکه‌ن که له چاوی خه‌ڵکه‌وه دووربێت و له‌وانه‌یه نه‌ک هه‌ر بکوژ به‌ڵکوو له‌شی بێ‌گیانی ژنه‌که‌یش نه‌بیندرێته‌وه. شایه‌تی ئه‌مه‌ش ژماره‌ی ڕوو له زیادی ژن و کچی کوژراو و سووتێندراو و «به‌ر گولله‌ی وێڵه‌کی» که‌وتوو و بێسه‌روشوێنکراوه له کوردستان.
هه‌ر چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر بوو که خانمێکی ئه‌ندام پارله‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کێک له رۆژنامه‌کاندا باسی ئه‌وه‌ی کرد که دیارده‌ی کوشتن به ناوی نامووسه‌وه زیادی کردوه له کوردستان.
که رۆژی ۷ی مانگ دۆعا به‌ردباران ده‌کرێت، لێره‌دا ئیتر وه‌ک فیلمێکی سینه‌مایی وایه که کت‌وپڕ له ساته‌وه‌ختێکدا به‌هۆی بڕینی کاره‌باوه، رووداوه‌که ده‌وه‌ستێندرێت . . .!
نه له لای ده‌سه‌ڵات و نه‌له‌لای میدیای ره‌سمییه‌وه نه‌باسی گوندی ئه‌حزانی هه‌یه، نه کچێک به‌ناوی دۆعا بوونی هه‌بووه و نه‌هیچ رووداوێکیش نه‌ناحیه‌ی باشیک روویداوه . . .
ئه‌م بێده‌نگییه له رۆژانی دواییشدا هه‌ر به‌رده‌وامه . . .
– ۸/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۹/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۰/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۱/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۲/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۳/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۴/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۵/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۶/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۷/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– ۱۸/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– پێنجشه‌ممه ۱۹/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی (دواتر ئاماژه‌یه‌ک به‌م رۆژه ده‌که‌م)
– هه‌ینی ۲۰/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– له‌م رۆژه‌دا مه‌لای مزگه‌وتی زیناوه‌یی له موسڵ فتوای کوشتنی ئێزیدییه‌کانی داوه که گوایه ژنێکی موسوڵمانیان کوشتووه.(کوردستانی نوێ ۲۰۰۷/۵/۲ له‌نووسینی خێری شنگالی)
– ۲۱/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
– یه‌کشه‌ممه ۲۲/۴
– بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی؛
– ۲۴ کرێکاری ئێزیدیی خه‌ڵکی باشیک به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دڕندانه و له‌به‌ر چاوی ده‌یان که‌س به‌ده‌ستی تێرۆریستان ده‌کوژرێن.
– هه‌ر له‌م رۆژه‌دا فیلمی ترسناک و هه‌ژێنه‌ری به‌ردبارانکردنی دۆعا له‌سه‌ر سایته‌کان بڵاوده‌بێته‌وه.
– دووشه‌مه ۲۳/۴
رۆژنامه‌ی خه‌بات «. . . سه‌رۆکی کوردستان کرده‌وه تێرۆریستییه‌که‌ی دژ به کوردی ئیزیدی خه‌ڵکی باشیک ئیدانه ده‌کات . . .»
هیچ باسێک له کوژران و به‌ردبارانکردنی دۆعا و فیلمه‌که ناکرێت!
رۆژنامه‌ی «جه‌ماوه‌ر»: « د. جینان قاسم وه‌زیری هه‌رێم بۆکاروباری ژنان ئه‌ڵێت من که له ڕۆژنامه‌که‌ی ئێوه ره‌سمه‌که‌م بینی گریام. ده‌بێ یاسا ده‌وری خۆی ببینێ. من چاوه‌ڕوانی راپۆرتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانم.»
زۆر به‌داخه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که یه‌که‌م خاتوو وه‌زیر ئاگای له به‌ردبارانکردنی دۆعا نه‌بووه و دووهه‌میش چاوه‌روانه له په‌رله‌مانه‌وه راپۆرتی بۆ بچێت. واته نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ر چاوه‌ڕوانه که ده‌سه‌ڵاتی یاسادانه‌ر راپۆرتی پێبدات!
رۆژنامه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م رۆژه هه‌ریه‌که و به‌شێوه‌یه‌ک باس له پیلانی ئیقلیمی و یان هی شوڤینیسمی عه‌ره‌ب و . . هتد ده‌که‌ن.
– سێشه‌ممه ۲۴/۴
– رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ لاپه‌ڕه‌ی دوودا ئه‌نووسێت که کوژرانی کرێکاره ئێزیدیه‌کان: «. . . له تۆڵه‌ی ئه‌و کچه‌دا که گوایه له ئێزیدییه‌وه بووه به موسوڵمان . . که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به هۆی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له لایه‌ن که‌سوکارییه‌وه کوژرابوو. . .»
– رۆژنامه‌ی خه‌بات : «مه‌کته‌بی سیاسی کاره تێروریستییه که‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی مووسڵ و ده‌وروبه‌ری ئیدانه‌ده‌کات . . . »
– رۆژنامه‌ی خه‌بات : «سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کاره تێروریستییه که‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی مووسڵ و ده‌وروبه‌ری ئیدانه‌ده‌کات . . . »
وه‌ک ده‌بینرێت نه مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و نه سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هیچ باسێک له دۆعا و به‌ردبارانکردنه‌که‌ی ناکه‌ن! خۆ ئه‌وان باش ده‌زانن که فیلمی ئه‌م کاره‌ساته له‌سه‌ر زۆربه‌ی ماڵپه‌ڕه‌کان دانراوه‌و به سه‌دان هه‌زارکه‌س بینیوویانه.
– چوارشه‌ممه ۲۵/۴
رۆژنامه‌ی خه‌بات: «چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی ئێزیدی تاوانی به‌ردبارانکردنی کچێکی ئێزیدی له گوندی به‌حزانی مه‌حکووم ده‌که‌ن . . . هه‌رچه‌نده ئه‌و ئافره‌ته لایداوه له بیروباوه‌ڕو ڕێنما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیانه‌تی ئێزیدی . . . ئیمزا: د.ده‌خیل سه‌عید، مه‌حمود عیدو هه‌ردووکیان وه‌زیری هه‌رێم، عیدو باباشیخ راوێژکاری سه‌رۆککۆماری ئێراقی فیدراڵ و د.مه‌مۆ فه‌رحان، دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، کوردستانی ئێراق – هه‌ولێر 2007/4/19»
– له رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ‌دا ئه‌وه‌نده‌ی من گه‌ڕام ئه‌م نووسراوه‌یه‌م نه‌بینی هه‌رچه‌ند که دوو وه‌زیر و راوێژکارێکی مام جه‌لالیش ئیمزایان کردووه . . !
لێره‌شدا چه‌ند سه‌رنجێک پێویسته:
یه‌که‌م دیارنییه بۆچی ئه‌م کۆبوونه‌وه رۆژی ۱۹/۴ کراوه و نوێنه‌رانی به‌رزترین ئۆرگانه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌شداربوون و به‌یانێکیشیان ده‌رکردووه به‌ڵام پاش پێنج رۆژ بڵاوده‌کرێته‌وه . . .
دووهه‌م نوێنه‌رانی ئێزیدی ده‌سه‌ڵات هێشتایش هه‌ر خه‌ریکن به‌رد ده‌گرنه دۆعای جوانه‌مه‌رگ و ئه‌ڵێن «هه‌رچه‌نده ئه‌و ئافره‌ته لایداوه له بیروباوه‌ڕو ڕێنما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان . . » جا باشه چوارکه‌س له‌و پله‌وپایه‌دا به‌وشێوه‌یه بدوێن، چ چاوه‌ڕوانییه‌ک هه‌یه له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌مانه به مه‌زن و ده‌مڕاستی خۆیانده‌زانن.
سێهه‌م له ماوه‌ی نۆزده‌ی مانگ کاتی نووسینی ئه‌م به‌یاننامه‌یه و ده‌رچوونه‌که‌ی واته بیست‌وچواری مانگ دوو شت روویداوه: له‌لایه‌که‌وه ئه‌و کرێکاره هه‌ژاره ئێزیدیانه به‌و شێوه دڕندانه‌یه تێرۆرکراون و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بووه، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه فیلمی به‌ردبارانکردنی دۆعا له سه‌ر سایته‌کان دانراوه. . .
خۆ پێویست ناکات ئینسان زۆر توێژینه‌وه بکات بۆ ئه‌وه‌ی تێبگات که ئه‌م چه‌ند پیاوه کوشتنی کچێک‌یان بۆ گرینگ بووبێت – به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و کچه‌ش وه‌ک ئه‌وان ده‌ڵێن له‌بیروباوه‌ڕ لایدابێت – به‌ڵکوو ته‌قینه‌وه‌ی کاره‌ساته‌که‌و هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی فیلمی رووداوه‌که وای لێکردوون که به‌یاننامه‌که بڵاوبکه‌نه‌وه.
له ڕۆژانی پێنجشه‌ممه ۲۶/۴، هه‌ینی ۲۷/۴، شه‌ممه ۲۸/۴دا سایته‌کوردییه‌کان به شێوه‌یه‌کی بێوێنه پڕن له وتار و لێکدانه‌وه و شێعر که له هه‌موویاندا ڕق و بێزاری و تووڕه‌ییه‌کی ئێجگار زۆر ده‌بینرێت. قسه‌وباسی سه‌ره‌کی ته‌له‌فوون و چاوپێکه‌وتنه‌کانی کورده‌کانیش هه‌ر بریتییه له باسی دۆعا و ده‌ربڕینی تووڕه‌یی و سه‌رسووڕمان له‌و هه‌موو دڕنده‌ییه‌ی به‌و ئاشکراییه به‌رامبه‌ر به‌و کچه که‌نجه‌کراوه.
زۆر له‌مێژه هیچ بابه‌تێک وه‌کوو ئه‌م به‌ردبارانکردنه‌ی دۆعا جه‌ماو‌ری کوردی نه‌هه‌ژاندووه. به‌ڵام مخابن بۆ کامێرای ته‌له‌ڤیزیۆنه ره‌سمییه‌کان که بچنه ناوخه‌ڵکه‌وه و هێندێک له بیر‌و بۆچوونه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه. . .
– یه‌کشه‌ممه ۲۹/۴
خۆپیشاندانی نزیکه‌ی ۱۵۰که‌س له زیاتر له په‌نجا رێکخراوی ژنان‌و ئافره‌تان و کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بۆ ئیدانه‌کردنی کوشتنی دۆعا (کوردستانی نوێ ۳۰/۴)
ئه‌م خۆپیشاندانه ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی زۆر باش و به‌جێ بوو که له سلێمانی‌و هه‌ولێرو دهۆکه‌وه به‌شدارییان تێداکردبوو، نیشانی‌دا که ژنانی تێکۆشه‌ر و پیاوانی یه‌کسانیخوازیش (هه‌رچه‌نده زۆر که‌میش) رێگاناده‌ن کاره‌ساتێکی وه‌ها گه‌وره بشاردرێته‌وه و له به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستاندا ده‌نگی خۆیان به‌رزکرده‌وه. به‌داخه‌وه پیاوانێکی زۆرهه‌ن تێناگه‌ن که یه‌کسانی و رزگاری ژنان و نه‌هێشتنی توندوتیژی پرسی هه‌موو کۆمه‌ڵگایه و که‌س ناتوانێت خۆی به لایه‌نگری ئازادی و دیموکراسی بزانێت و چالاکانه پشتگیری له مافی یه‌کسان بۆ ژنانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی نه‌کات.
– دووشه‌ممه ۳۰/۴
رۆژنامه‌ی «هه‌واڵ» لاپه‌ڕه‌ی ۳ : « وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له به‌یاننامه‌یه‌کدا داوا له خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات، نه‌که‌ونه داوی پیلانی ئاژاوه‌چییان»!
رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌زمان جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه: «تێرۆر کردنی دۆعا و ئێزیدییه‌کان، هه‌وڵێکی‌تری ناحه‌زانه بۆ کوسپ خستنه به‌رده‌م مادده‌ی ۱۴۰».
– « وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئیدانه‌ی کوشتنی دۆعا ده‌کات و ئاماژه به‌وه ده‌کات که حکوومه‌تی هه‌رێم له ساڵی ۲۰۰۲دا یاسای شه‌ره‌فپارێزی عێراقی له هه‌رێمی کوردستان هه‌موار کرد. . .»
پێشه کی بڵێم ئه‌و هێزه تاریکبیرانه‌ی که ئه‌و دۆزه‌خه‌یان بۆ عێراق دروست‌کردووه و وایان کردووه له عێراق که بۆ ده‌یان ساڵی دیکه‌ش به ده‌ردی شه‌ڕی ئایینی و تایفییه‌وه ده‌بێ بناڵێنێت و خۆینبڕێژێت، هه‌موو هه‌وڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه بکێشنه کوردستانیش. به‌ڵام ئه‌مه ناتوانێت ببێت به پاساوی ئه‌و بارودۆخه‌ی ژنانی کوردستان تێیدا ده‌ژین و دۆعا ته‌نها یه‌ک له نموونه‌کانیه‌تی.
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش هه‌ردووکیان هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه رووداوه‌کان له رۆژی ۲۲‌ی مانگه‌وه ببینن. واته له تێرۆرکردنی کرێکاره ئێزیدییه‌کانه‌وه. توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کان و ئه‌لقاعیده تێکه‌ڵ بکه‌ن. هه‌ربۆیه‌ش مادده‌ی ۱۴۰ و ئاژاوه‌چی و هه‌موو ئه‌و قسانه کۆده‌که‌نه‌وه بۆئه‌وه‌ی خۆیان له باسه سه‌ره‌کییه‌که بدزنه‌وه که ئه‌ویش توندوتیژییه به‌رامبه‌ر به ژنانی کوردستان و دۆعا ته‌نها یه‌ک نموونه‌یه‌تی.
ئه‌وه دڕنده‌یی بێوێنه و هه‌روه‌ها فیلمی رووداوه‌که‌یه دۆعای کردووه به قوربانییه‌کی تاقانه‌ی توندوتیژی و کوشتنی نامووسی. ده‌نا له‌به‌ر چاو وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌ماندا ئه‌و هه‌موو ژن و کچه له شار و گونده‌کانی کوردستان ده‌کوژرێن و ئه‌وان کوا هاتنه جواب؟ کامه جار یه‌کێک له‌وانه پێشنیارێکی هێنا بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دیارده‌ی نگریسی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان. کوا به‌دواداچوونێک بۆ ئه‌و چه‌ند یاسا که‌مه‌یش که به‌ڕێوه ناچێت؟ کوا بانگ کردنی وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیدار بۆ په‌رله‌مان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیاره‌کان.
ئه‌وان باوه‌شێنی فه‌رهه‌نگی عه‌شیره‌گه‌ری و سوڵحی عه‌شایری ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێکیش که به‌پێی یاسا بکوژانی ژنان که‌وتوونه‌ته زیندان، له ڕێگای براده‌ران و دۆستان و خودی سه‌ره‌ک عه‌شیره‌کانه‌وه هه‌وڵیانداوه سوڵحی عه‌شایری بکه‌ن. ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می یاسای به‌عسیش نییه، ئه‌مه گه‌ڕانه وه‌یه به‌ناو تونێله تاریکه‌کانی مێژوودا به‌ره‌و سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست.
پرسیار له حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش ئه‌وه‌یه که بۆچی له رۆژی ۲۴ی مانگدا که کاره تێرۆریستییه‌کانی شاری موسڵ و ده‌ورووبه‌ری ئیدانه‌کرد، دۆعای له‌بیر نه‌بوو؟ له‌به‌رچی لانیکه‌م یاساکان به‌ڕێوه‌ناچن؟ با ئه‌و پرسیاره گه‌وره‌یه‌ش بۆ مێژوونووسان بهێڵینه‌وه که هۆی چییه له ساڵی ۱۹۹۲ه‌وه په‌رله‌مان و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دامه‌زراون به‌ڵام یاسای شه‌ره‌فپارێزی ساڵی ۲۰۰۲ هه‌موار کروه؟ واته ده‌ساڵی ته‌واو له کوردستان دواکه‌وتووترین یاساکانی رژیمی به‌عس بره‌ویان هه‌بووه.
– سێشه‌ممه ۱/۵
– ته‌رمه‌که‌ی دۆعایان ده‌رهێناوه بزانن پێش مردنه‌که‌ی کچ‌بووه یان نا . .(سایتی ئاوێنه ۲۰۰۷/۵/۱)
ئه‌مه ئیتر کاره‌ساته له سه‌ر کاره‌سات. به‌کوردی و به‌کورتی واته بۆ به‌ڵگه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێن که به بۆچوونی ئه‌وان کوشتنه‌که به ڕه‌وا دابنێت. واته ئه‌گه‌ر وابێت کوشتنه‌که‌ی ڕه‌وایه به‌ڵام شێوه‌که‌ی باش نه‌بووه. یان نا فیلم‌هه‌ڵگرتنه‌که باش نه‌بوو. ئه‌مه له‌کاتێکدا که په‌یتا په‌یتا باسی دواکه‌وتووی و کۆنه‌په‌رستی تالیبانی ئه‌فغانستان ئه‌کرێت و خه‌ڵکی پێده‌ترسێنن!
– چوارشه‌ممه ۲/۵
رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ لاپه‌ڕه‌ی شه‌ش: «له نووسینی خیری شنگالی: به‌شێۆازێکی دڕندانه کوشتیان . . .ئه‌و کچه زنای کردبوو له گه‌ڵ کورێکی موسوڵمان و کچه‌که خۆی حه‌شاردابو.»
لێره‌شدا خیری شنگالی به‌ردێکی دیکه ده‌گرێته دۆعا و نزیکه‌ی مانگێک پاش به‌ردبارانکردنه‌که‌ی ئه‌وه وه‌بیردێنێته‌وه که به‌واتای ئه‌و زیناکار بووه.
– پێنجشه‌ممه ۳/۵
هه‌ردوو رۆژنامه‌ی خه‌بات و کوردستانی نوێ: یه‌کێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان له به‌یاننامه‌یه‌کدا « ئیدانه‌ی کوشتنی دۆعا خان ده‌کات و رایده‌گه‌یه‌نێت که به شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه شه‌هیدکرا. . . تکاکارین له خوای مه‌زن ئه‌و خانمه شه‌هیده به به‌هه‌شتی خۆی شاد بکات. . .2007/4/30»
لێره‌دا هه‌ڵوێستێکی ته‌واو جیاواز ده‌بینین. له زیناکاره‌وه بۆ شه‌هید و له ره‌جمکردن و خستنه چاڵه‌وه بو به‌هه‌شتی خوای مه‌زن!
ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان به هێزی جه‌ماوه‌ر و فشاری بیرورای گشتی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات نییه باش‌وایه به وردی سه‌رنجی ئه‌م هه‌ڵوێست گۆرینانه بده‌ن.
له کۆتاییدا پێم باشه سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ سه‌ر دوو راپۆرت رابکێشم که هه‌ردووکیان باسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له کوردستان ده‌که‌ن و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی ژنان و توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌وان ئه‌دوێن.
یه‌که‌میان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاوه (U.S.Depatrment of State) رۆژی ۲۰۰۷/۳/۶ بڵاوکراوه‌ته‌وه له‌ژێر سه‌ردێڕی: «عێراق؛ راپۆرت له‌سه‌ر بارودۆخی مافی مرۆڤ له ووڵات ».
دووهه‌میشیان له‌لایه‌ن UNAMI نوێنه‌رایه‌تی بۆ یارمه‌تیدانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به عێراق، له ژێر سه‌ردێڕی «راپۆرتی مافی مرۆڤ، یه‌کی مانگی یه‌ک هه تا کۆتایی مانگی سێ ۲۰۰۷» که له سه‌ره‌تای مانگی چواردا بڵاو کراوه ته‌وه.
له هه‌ردوو راپۆرته‌که‌دا ره‌خنه ئاراسته‌ی دام و ده‌زگاکانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کراوه. به تایبه‌ت له به‌شی ژنان‌دا، راپۆرته‌که‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه باس له زۆربوونی ژماره‌ی کوشتن به ناوی نامووسه‌وه ده‌کات له کوردستان که له سێ‌مانگی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا ۵۳۴ ژن بوونه‌ته قوربانی توندوتیژی به‌ناوی نامووسه‌وه.
باسی نامه‌یه‌ک ده‌کات که نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان مانگی هه‌شتی پاره‌که داویانه به مام‌جه‌لال سه‌ره‌ککۆماری عێراق و شکایه‌تی رێکخراوه‌کانی NGO یان پێ‌ڕاگه‌یاندووه که سه‌ره‌ڕای گۆڕینی چه‌ند یاسایه‌ک کوشتن به ناوی نامووسه‌وه له کوردستان هه‌ر به‌رده‌وامه.
له‌ڕاپۆرته‌که‌ی ی‌و.ئێن دا هاتووه که کاره‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان له‌سه‌ر توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان زۆر خاوه‌خاو ده‌چێته‌پێش. وه‌زیری مافی مرۆڤ و وه‌زیری ناوخۆ وتوویانه که باری کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان هۆی سه‌ره‌کی ئه‌و خاوه‌خاو بوونه‌یه. . .
بۆ ده‌بێت کچێک نه‌توانێت به‌سه‌ربه‌ستییه‌وه ئه‌وینی خۆی ببه‌خشێت به‌و که‌سه‌ی خۆشیده‌وێت؟ بۆ کچێکی وه‌کوو دۆعا له کاتی ئه‌وینداریدا ناچاره یه‌که‌م بیرله عه‌شیره‌و باوک و برا و ئامۆزای خۆی بکاته‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ش له پیناسه و ئایین و ڕه‌گه‌ز و بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ی ئه‌و کوڕه‌ی له‌وانه‌یه ببێته ئه‌وینداره‌که‌ی؟
دۆعا کوژرا، هه‌روه‌کوو ساراو پێلا و فادیمه و هێشوو و به‌ناز و ئه‌وانی‌دیکه‌ش کوژران. به‌ڵام ده‌کرا پێش به کوشتنه‌که‌یان بگیرێت. سیگناڵه‌کان و نیشانه‌کان له به‌حزانی و باشیک و هه‌موو ناوچه‌که ئه‌وه‌نده ئاشکرابوون که نیشانبده‌ن کاره‌ساتێک خه‌ریکه بقه‌موێت. به‌ڵام سیسته‌می پیاوسالاری که هه‌تا سه‌رئێسقان له کۆمه‌ڵگا و له ناو ده‌سه‌ڵاتدا ریشه‌ی داکوتاوه رێگای بۆ ئه‌و کاره‌ساته خۆشکرد.
له به‌رامبه‌ر «دۆعا»کانی ئێستا‌و داهاتووی کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و په‌رله‌مان و پۆلیس و رێکخراوه‌کانی مه‌ده‌نی و به‌گشتی هه‌موو لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌رپرسن.
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
ستۆکهۆلم 2007/5/3