رۆژی 24/7/1967 ژه‌نه‌راڵ شارڵ دۆگۆل (Charles De Gaulle) سه‌ره‌ککۆماری ئه‌وکاتی فه‌رانسه به‌سه‌ردانێک گه‌یشتبووه کانادا. یه‌که‌م وێستگه‌ی سه‌فه‌ره‌که شاری مۆنتریال بوو له ویلایه‌تی کۆبێک که فه‌رانسه زمانن. له وتارێکدا له‌سه‌ر باڵکۆنی شاره‌وانی مۆنتریاڵه‌وه چوار وشه‌ی گوت که چووه ناو مێژووه‌وه: “Vive Le Quebec Libre” بژی کۆبێکی ئازاد! ئێستاش دوای چل ساڵ ڤیدیۆی ئه‌م وتاره شه‌ش خوله‌کییه به‌ئاسانی له‌سه‌ر ئینتێرنێت لێده‌درێته‌وه و هێشتایش هه‌ر گوێی لێده‌گیرێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی دۆگۆل هه‌ڵبه‌ت بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ورێکی تاریکی کێشا به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی کاناداو فه‌رانسه‌دا.
دۆگۆل وه‌کوو که‌سێکی خه‌ڵکی فه‌رانسه سۆزی خۆی بۆ دانیشتووانی کۆبێک ده‌رده‌بڕی و پشتگیری لێده‌کردن. ئه‌وا چل ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌و له‌م ماوه‌یه‌دا له کۆبێک دووجار به‌سه‌ربه‌ستییه‌وه رێفراندۆم کراوه‌و له‌هه‌ردوو جاره‌که‌دا زۆرینه‌ی (تۆزێک له‌سه‌ر 50 له سه‌د) ده‌نگیان داوه بۆ مانه‌وه له‌گه‌ڵ کانادا. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش له‌باری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه سته‌مێکی ئه‌وتۆ له خه‌ڵکی کۆبێک نه‌کراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رانسه‌یین . به‌شێکی زۆر به‌رچاوی خه‌ڵکیش هێشتا هه‌ر خوازیاری جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیین و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م داخوازییه‌یان نه زیندانی ده‌کرێن و نه زمانه‌که‌یان قه‌ده‌غه‌ده‌کرێت و نه ئه‌وانیش ده‌ستیان داوه‌ته چه‌ک و چوونه‌ته شاخ.
ئاشکرایه نه عێراقی ساڵی 2008 فه‌رانسه‌ی ساڵی 1967ه و نه کوردستانی رۆژهه‌ڵات و باکوور کۆبێکی کانادایه. . . به‌ڵام ئه‌مانه ناکاته ئه‌وه‌ی که بیر له هه‌ڵوێستی سه‌ره‌ککۆماری کوردی عێراق له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی داگیرکه‌ری کوردستان نه‌که‌ینه‌وه.
من ناڵێم مام جه‌لال که‌سه‌فه‌ری تورکیای کرد به دیاربه‌کردا تێپه‌ڕێت و له مه‌یدانی گه‌وره‌ی شار ده‌ست له‌ده‌ستی له‌یلا زانا له وتارێکدا بڵێت “بژی کوردستانی ئازاد”! دیاره ئه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناگونجێت و له‌گه‌ڵ راستییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باری ژێۆپۆلیتیکی ناوچه‌که نایه‌ته‌وه. به‌ڵام له‌کاتێکدا که به‌ده‌یان هه‌زار ژن وپیاو منداڵ و گه‌وره شارله‌دوای شار له دیاربه‌کر و باتمان و. . هتد هاوار ئه‌که‌ن “قاتیل ئه‌ردوغان” و به‌توندی دژ به هێرشی ئه‌رته‌شی تورکیان بۆ باشووری کوردستان، حه‌ق نییه نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆمار له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی تورکیا له به‌یاننامه‌یه‌کدا رابگه‌یه‌نێت: ” سه‌رۆک تاڵه‌بانی . . .خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی . . هه‌روه‌ک دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌و سوزی برایه‌تی و خۆشه‌ویستییه جوامێرانه‌یه بۆ سه‌رۆک عه‌بدوڵلا گیول و سه‌رۆک وه‌زیران ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان به‌رامبه‌ر برایانی کوردی خۆیان ده‌ریانبڕیوه. . !”(کوردستانی نوێ 2/3/2008)
حکوومه‌تی ئه‌ردوغان نه‌ک بۆ “برایانی کوردی خۆیان” به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت بۆ ژنه هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ Bulent Ersoya یش که تورکه ئه‌و سۆزه‌یان ده‌رنه‌بڕیوه و ئه‌وا خه‌ریکن ئه‌یده‌نه دادگا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وتوویه‌تی با دایکان له پرسه‌ی ڕۆڵه‌کانیاندا دانه‌نیشن، خۆ ته‌نانه‌ت به ناویش پشتگیری کوردی نه‌کردووه! ده‌نگووباسی راپه‌رینی شاره‌کانی باکووری کوردستان و چالاکی سیاسه‌تمه‌دارانی کورد و ژماره‌یه‌ک له رووناکبیران و هونه‌رمه‌ندانی تورک له دژی هێرشه‌که‌و هه‌روه‌ها هه‌واڵ و ڤیدیۆی ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ته‌نانه‌ت له‌و سایته کوردییانه‌شه‌وه که دژ به هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی پ ک ک و بۆچوونه‌کانیانن، به دوورودرێژی بڵاوکراوه‌ته‌وه. هۆکاره‌که‌ی ئاشکرایه: کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له باکووری کوردستان ته‌نگیان پێهه‌ڵچنراوه و حیزبه‌که‌ی ئه‌ردوغان خه‌ریکه به شێوه‌ی خۆی به‌شداری له درێژه‌پێدان به سته‌می میللی له‌سه‌ر گه‌لی کورد ئه‌کات. ئه‌دوغان پێویستی به ده‌نگده‌رانی کورد بوو بۆ پێشبردنی سیاسه‌ته‌کانی حیزبه‌که‌ی نه‌ک بۆ پشتگیری له دۆزی کورد. هه‌روه‌ها بۆ چوونه‌ناو یکیه‌تی ئه‌ورووپاشه‌وه پێویسته جاروبار چه‌ند قسه‌یه‌کی خۆشیش بکات.
باشه بۆ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆی هه‌یه به‌تایبه‌تی چاوی به عبدالعزیز حکیم بکه‌وێت که هیچ پۆستێکی حکوومه‌تی و یان پارله‌مانی نییه (باسه‌رۆکی مه‌جلیسی ئه‌علایش بێت)، بۆ ره‌وا نه‌بێت که مامجه‌لال له‌سه‌فه‌ر بۆ تورکیا چاوی بکه‌وێت به ئه‌حمه‌د تورک سه‌رۆکی کوتله‌ی پارله‌مانی تورکیا له حیزبی DTPو له‌یلا زانا و شه‌ره‌فه‌دین ئاڵچی و ئه‌وانی دیکه؟ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دۆستایه‌تی زۆر نزیکیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئێران وحکوومه‌ته‌که‌ی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد هه‌مووچه‌شنه یارمه‌تییه‌کیان ئه‌داتێ، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد نابێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان په‌یوه‌ندی ئاشکرایان هه‌بێت.
ئه‌ردوغان له‌سه‌ر ئه‌وباروودۆخه زۆر دژواره‌ی خه‌ڵکی که‌ناری غه‌ززه ئه‌ڵێت:” له‌گه‌ڵ ئێهوود ئولمێرت و محمود عباس قسه‌م کرد و حه‌ساسییه‌ت و نیگه‌رانی و چاوه‌روانییه‌کانی تورکیام پێ راگه‌یاندن . . . ئێمه پێمان وایه ته‌نها رێگا دیالۆگه له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌کان!” (نیوزتایم/ تورکیا 5/3/2008). هه‌روه‌ها مانگی 2ی ساڵی 2006 نوێنه‌رانی حه‌ماس به ره‌سمی سه‌ردانی تورکیایان کرد.
ئه‌زموونی سیاسی مام جه‌لال زۆر له ئه‌ردوغان و ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد زیاتره و ده‌بوو لانیکه‌م ئه‌م نموونانه‌ی ئه‌وان ره‌چاوبکات و خۆی وه‌کوو کوردێکی سه‌ره‌ککۆماری عێراق بنوێنێت. بۆچی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد بۆ شیعه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ئه‌ردوغان بۆ تورکه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و تورکمانه‌کان و بو حه‌ماس ی فه‌له‌ستین “حه‌ساسییه‌ت” و “نیگه‌رانی” و “چاوه‌روانیی”یان هه‌یه‌و به ئاشکرا ده‌ریده‌بڕن، بۆچی رێبه‌رانی سیاسی کورد له کوردستان و له به‌غدا وانین؟!
سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد خۆ وه‌کوو جاران نییه به‌هه‌زار کێشه و له پێچ‌وپه‌نا و له ناو چایخانه‌یه‌کی نزیکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه چاویان به‌کارمه‌ندێکی خواره‌وه‌ی فڵانه ده‌وڵه‌ت بکه‌وێت و بترسن له گه‌مارۆدانی ئێران و تورکیا. ئێستا رۆژ نییه له هه‌ولێر و له به‌غداو له وڵاتانی جیهان نه‌بینین که سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ره‌باڵای ئه‌مریکا و ئه‌ورووپا و ئاسیا دانه‌نیشن. ئه‌ی ئه‌وهه‌موو لاوازی نواندنه بۆچییه؟
له‌کاتێکدا که پزشکانی بێ‌سنوور و خاجی سوور له‌سه‌رانسه‌ری جیهان به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی که کێ ره‌شه‌و که سپییه و کێ راسته و کێ چه‌په خزمه‌تگوزاری نه‌خۆش و بریندار ده‌که‌ن و به‌درێژایی شۆڕشی کوردستان پزشک و ده‌رمانیان به کوردستان گه‌یاندووه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌رمه‌ی هێرشه‌که‌ی تورکیادا به‌یانێک ده‌رده‌کات و هه‌واڵی ئاژانسه‌کانی تورکیا به‌درۆ ده‌خاته‌وه که گوایه برینداری پ ک ک له نه‌خۆشخانه‌کانی کوردستان ده‌رمان کرابێتن! خۆ هیچ ڕیی تێناچێت که ئه‌وه‌نده بریندار بووبێت که نیازیان به نه‌خۆشخانه‌کانی شاره‌کانی کوردستان بووبێت، به‌ڵام خودی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌یانه بۆ حکوومه‌تی هه‌رێم جێگای پرسیاره و مرۆڤ نیگه‌ران ده‌کات و بێگومان له ناو بیروڕای گشتیدا له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش زیانبه‌خشه.
سه‌فه‌ری ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد بۆ به‌غدا بۆنه‌یه‌ک بووکه دیسانه‌وه سپاسی کۆماری ئیسلامی بکرێت بۆ ئه‌و هه‌موو میهره‌بانییه‌ی ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی عێراق و کوردستان کردوویه‌تی! به‌رپرسانی ئێران ئه‌وه‌نده دڵی کوردیان به‌لاوه گرینگه که کاتی سه‌ردانی ئه‌وان بۆ لای رێبه‌رانی سیاسی کوردستان نابێت ئاڵای کوردستان دابنرێت . . . به‌رده‌وامیش ئه‌بێت سپاسی گه‌وره‌یی و خزمه‌تی ئه‌وان بکرێت به‌رامبه‌ر به کورد. ته‌نانه‌ت که بکوژانی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ده‌کوژرێن یان ده‌مرن، په‌یامی سه‌ره‌خۆشی زۆر گه‌رمووگوڕ به‌رێده‌کرێت.
یارمه‌تیدانی قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه‌یش وه‌ها باسده‌کرێت که گوایه پاسدارانی ئێران ببوونه فریشته‌ی نه‌جات . . . به‌خۆشییه‌وه کتێبه‌که‌ی جووست هیلتێرمه‌ن به‌نێوی(J. Hiltermann, A poisonous affair) “به‌سه‌رهاتێکی ژه‌هراوی” که له‌وانه‌یه تائێستا کرابێته کوردی هێندێک لایه‌نی شاراوه‌ی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ده‌رده‌خات و له‌وانه رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامی بۆ داگیرکردن ده‌هات و ئاماده نه‌بوو ئه‌و شه‌ره، که بۆ هه‌ردوو وڵات ماڵوێرانکه‌ربوو رابگرێت. ئێران نه‌ک له‌به‌رخاتری چاوی جوانی کورد به‌ڵکوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریکاو سۆڤییه‌ت و فه‌رانسه‌و ئینگلستان و هه‌رهه‌موویان له‌شه‌ردا پشتیوانی عێراق بوون، هه‌ڵه‌بجه‌ی قۆزته‌وه بۆ پروپاگه‌نده‌ی خۆی و به‌په‌له رۆژنامه‌نووسیان له‌ئه‌ورووپاوه گه‌یانده ئه‌وێ و ئه‌وه‌بوو هه‌موو جیهان به‌چاوی خۆیان بینییان که رژیمی به‌عس چ دڕنده‌ییه‌کی دژ به کورد کردووه. هیلتێرمه‌ن له کتێبه‌که‌یدا ده‌ریده‌خات که چۆن رێبه‌رانی ئێران نزیکه‌ی شه‌ش ساڵ – واته له 1982 هه‌تا 1988 – شه‌ری ئێران و عێراقیان درێژکرده‌وه و ئاماده نه‌بوون ئاگربه‌س قبووڵ بکه‌ن. ته‌نانه‌ت به‌شێک له رێبه‌رانی ئێستای ئێران له لایه‌ن به‌شێک له خه‌ڵکی ئێرانه‌وه به‌وه تاوانبارده‌کرێن که پاش گرتنه‌وه‌ی خرمشهر و وه‌ده‌رنانی ئه‌رته‌شی داگیرکاری به‌عس، ئاماده نه‌بوون شه‌ر رابگرن و پێش به مووشه‌کبارانی شاره‌کان و کوژرانی ده‌یان هه‌زار خه‌ڵک بگرن‌و چه‌ند میلیارد دۆلار غه‌رامه‌تی شه‌ر وه‌ربگرن و به دروشمی “جنگ جنگ تا پیروزی” درێژه‌یان به‌و شه‌ره ماڵوێرانکه‌ره‌دا. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه په‌نجه‌ره‌یه‌کی تازه ده‌کاته‌وه به‌ره‌و تێگه‌یشتنێکی زیاتر له شه‌ڕی ئێران و عێراق، رۆڵی ئه‌مریکاو مه‌زن‌هێزه‌کانی دیکه و هه‌روه‌ها درنده‌یی رژێمی به‌عس و سیاسه‌تی جینۆساید و ئه‌و کاولکارییه‌ی له کوردستاندا کردیان.
جگه‌له‌وانه وادیاره له‌بیر خۆمانی ده‌به‌ینه‌وه که کێ بوو له‌ناوچه‌کانی سه‌رسنوور یارمه‌تی ئیسلامییه توندره‌وه‌کانی ئه‌دا له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان، کێ بوو زیاتر له 250 که‌س له تێکۆشه‌رانی کورد و هی دیکه‌شی به شێوه‌ی جۆراوجۆر له دوای راپه‌رینه‌وه له شاره‌کانی باشووری کوردستان تێرۆر کرد؟ ئه‌ی ئه‌وه کێ بوو دوکتۆر قاسملوو، صدیق که‌مانگه‌ر، دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی و ده‌یانی دیکه‌ی له کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات تێرۆرکرد؟ له شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌کوو سنه‌و سه‌قز و مه‌ریوان و بانه‌و مه‌هاباد و پاوه نه‌ک هه‌ر ده‌سته ده‌سته لاوانیان گولله‌باران کرد و زۆر به‌ئاشکرایش له لاپه‌ره‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌کانی تاران وێنه‌ی ئێعدامه‌کانیان بڵاوکرده‌وه، به‌ڵکوو فرۆکه‌ی جه‌نگی و هه‌لیکۆپته‌ر و تۆپ و تانکی کۆماری ئیسلامی ئێران به خه‌ستی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری شاره‌کانیان دایه به‌ر هێرش و بێبه‌زه‌ییانه په‌لاماری هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانیاندا.
هه‌رئێستا ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکانی تێکؤشه‌ر، رۆژنامه‌نووس، ژنانی چالاک وخوێندکاری کورد له کوردستان و له تاران له‌زینداندان و چه‌ند که‌سیان له‌ژووری ئێعدامن. یه‌ک له‌وانه ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی که له مانگی یه‌کی ئه‌مساڵ واته 2008دا ته‌نها 9 رۆژ پاش ده‌ستگیرکردنی له زانکۆی سنه، به‌بنه‌ماڵه‌که‌یان راگه‌یاند که خۆی کوشتووه و ناشتوومانه و قه‌بره‌که‌شی چیمه‌نتۆ کراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌توانن ته‌رمه‌که‌ی ده‌ربێنن بۆ توێژینه‌وه‌و ده‌رخستنی چۆنییه‌تی کوشتنه‌که‌ی. . .
هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد له به‌غدا گه‌رایه‌وه، ژنه تێکۆشه‌ری کوردی به‌ناوبانگ له هه‌موو ئێران، خانم په‌روین ئه‌رده‌ڵان‌یان له‌ناو فرۆکه کێشایه خواره‌وه و نه‌یانهێشت سه‌فه‌ری ستۆکهۆلم بکات بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی به‌ناوبانگی ئوولۆف پالمێ که ئه‌مساڵ ئه‌و براوه‌یه‌تی له‌به‌ر ئه‌و خه‌باته‌ی بۆ مافی ژنان له ئێران‌دا کردوویه‌تی.
باشه سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو تاوانانه به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ره‌وایه که له‌هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا باسی دڵسۆزی و خه‌مخۆری کۆماری ئیسلامی بکرێت بۆ گه‌لی کورد و ئه‌و هه‌مووه په‌سنی رێبه‌رانی ئێران بدرێت؟ تاقه بۆجارێکیش بووه له په‌نجه‌ره‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌کی مه‌هابادی، سنه‌یی، سه‌قزی و مریوانییه‌وه سه‌یری ده‌سه‌ڵاندارانی تاران بکه‌ن. . .
به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی، په‌یوه‌ندی دیپلۆماتیک و ئاڵ‌وگۆڕی بازرگانی و ئابووری، دراوسێیه‌تی و هات وچوو که بۆ عێراقیش و بۆحکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش زۆر پێویسته، ئه‌وانه هه‌مووی به‌جێگای خۆی. به‌ڵام نابێت ئه‌وه تێکه‌ڵ بکرێت له‌گه‌ڵ پێداهه‌ڵگوتن به رژیمێکدا که به‌ئاشکرا دژی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتێژیکی میلله‌تی کورده. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ک جاران ته‌نها رێگای ده‌ره‌وه‌چوون تاران و ئانکارا بووایه و کوردستان له باروودۆخێکی دژواری گه‌مارۆی ئابووریدا بوایه، ئه‌وه حیسابێکی دیکه‌ی بۆ ئه‌کرا. به‌ڵام کوا ئێستا وایه؟
ئایا رێبه‌رانی کورد بۆیان نییه سه‌رنجێکی کۆسۆڤۆ بده‌ن له‌به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌کاندا، سه‌رنجی هه‌ڵوێستی تورکیا بده‌ن له‌به‌رامبه‌ر کۆسۆڤۆ و حه‌ماس دا، سه‌رنجی ئێران بده‌ن له‌به‌رامبه‌ر حیزبوڵڵای لوبنان و حه‌ماسدا؟ ئه‌ڵێن خۆ کوردستان ده‌وڵه‌تی خۆی نییه، باشه یه‌که‌م کوردستانێکی نیمچه سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌و دووهه‌م خۆ سه‌ره‌ککۆماری عیراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و جێگرێکی گرینگی سه‌ره‌کوه‌زیران کوردن و ئینسانی زیره‌کن.
له زه‌مانی حکوومه‌تی به‌عسیشدا به سه‌دان و بگره هه‌زاران بریندار‌و تێكۆشه‌ری کوردی رۆژهه‌ڵات له رێگای عێراقه‌وه چونه‌ته ده‌ره‌وه و یارمه‌تییه‌کی زۆریان له‌ده‌ره‌وه‌و له رێگای به‌غداوه گه‌یاندووه‌ته کوردستان و ته‌نانه‌ت به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و یارمه‌تییانه‌یان داوه به کوردستانی باشوور و شۆڕشه‌که‌ی . . . به‌ڵام ئایا ئه‌وه ده‌کرا به حیسابی گوایه دڵسۆزی به‌عس بۆ خه‌ڵکی کوردستانی ئێران دابنرێت؟ مه‌رج نییه دوژمنی دوژمنه‌که‌م، دۆستم بێت. ده‌توانن به‌رژه‌وه‌ندی کاتی هاوبه‌شیان هه‌بێت.
خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات و باکووری کوردستان مافی خۆیانه چاوه‌روانی زۆر زیاتریان له حکوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له باشوور ببێت. ئه‌وه‌بوو له راپه‌رینه‌که‌ی شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ساڵی 2006دا رێگا نه‌درا له شاره‌کانی کوردستانی باشوور خۆپیشاندانی پشتگیرانه بکرێت!
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که ئایا رێبه‌رانی کورد له باشووری کوردستان چۆن ئه‌ڕواننه داهاتوو؟ ئایا عێراقێکی به‌هێز به‌دی ده‌که‌ن له‌ناوچه‌که‌دا و به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ئێران‌دا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌زنخوازی کۆماری ئیسلامی له‌لایه‌ک و هه‌روه‌ها تورکیا‌ش له‌لایه‌کی دیکه‌وه که ئێستا دۆستێکی نزیکی ئیسرائیلیشه؟ (له وه‌ڵامی ره‌خنه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردوغان له ئیسرائیل له‌سه‌ر هێرشه‌کانی ئه‌م رۆژانه‌ی دوایی له‌سه‌ر غه‌ززه، ئیسرائیل وه‌ڵامی دایه‌وه: ئه‌ی بۆ ئێوه ده‌چنه ناو خاکی عێراق له دژی تێرۆریستانی خۆتان!!)
یان عێراقێکی لاواز و له‌راستیدا له‌ژێر سێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران له ناوچه‌که‌دا به‌تایبه‌ت به‌و قورساییه‌ی شیعه‌کانی لایه‌نگری ئێران له عێراق هه‌یانه. یان به کزی له په‌نای تورکیایه‌ک که ئه‌رته‌شێکی زۆر پڕچه‌ک و به‌هێزی هه‌یه و به حه‌فتا ملیۆن نفووسه‌وه خۆی به هاوشانی هێزه‌گه‌وره‌کانی ئه‌ورووپا داده‌نێت؟
ئایا کورد ئه‌یه‌وێت هه‌رچۆنێک بێت دڵی ئێران و تورکیا رابگرێت و درگایان بۆ ئاوه‌ڵابکات بۆ په‌ره‌پێدان به کاروباری بازرگانی و خستنه‌گه‌ڕی سه‌رمایه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئابوورییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆ کوردستان دابین بکرێت؟ یان بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکه‌ش حیسابی له‌سه‌ر بکه‌ن، نیشانی بدات که خاوه‌نی بریاری خۆیه‌تی و له ململانێ ناترسێت.
به‌واتایه‌کی دیکه، پرسیاری گه‌وره ئه‌وه‌یه هه‌تا که‌ی کورد به بێ به‌رامبه‌ر یارمه‌تی شیعه‌و سوننه‌ی عێراق ویارمه‌تی ئێران و تورکیا‌و ئه‌مریکا و هتد ئه‌دات؟ له‌وانه‌یه من و زۆر که‌سانی دیکه له ئاکامه‌کانی ئه‌م سیاسه‌تانه بترسین و له‌وه‌ی که به‌هۆی بارودۆخی ناوخۆی کوردستانه‌وه و له‌رێگای ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کییه‌وه، سێناریۆی فه‌تح و حه‌ماس له کوردستان دووباره بکرێته‌وه . . .
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
6/3/2008