ژنان و ناسیونالیسم له کۆماری کوردستانی 1946دا – شەهرزاد موجاب
وه‌کوو پێشه‌کی
کتێبی Women of A Non-state Nation, The Kurds (ژنانی میلله‌تێکی بێ ده‌وڵه‌ت، کورده‌کان) که له لایه‌ن دوکتور ‘شه‌هرزاد موجاب’ه‌وه ئاماده کراوه، ساڵی ٢٠٠١ له ئه‌مریکا بڵاوکراوه‌ته‌وه. ئه‌م کتێبه زۆر به‌نرخه، که لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستییانه‌یه سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ژنان له بواره جۆراوجۆره‌کانی ژیاندا به درێژایی مێژووی کوردستان، بریتییه له پێشه‌کییه‌کی چڕوبڕ و له‌سێ ته‌وه‌ردا پێشکه‌ش کراوه. پێشه‌کی کتێبه‌که له‌لایه‌ن شه‌هرزاد موجاب خۆیه‌وه نووسراوه و ناوه‌رۆکی هه‌موو باسه‌کانی کتێبه‌که‌مان پێ ده‌ناسێنێت.
سه‌ردێڕی ته‌وه‌ری یه‌که‌می ئه‌م کتێبه «ڕوانگه مێژوویه‌کان»ه که پێکهاتووه له سێ‌به‌ش: «پرسی ژنان له گوتاری ناسیونالیسته کورده‌کان له خولی کۆتایی ئیمپراتوری عوسمانی‌دا» له نووسینی جانێت‌کلاین (Janet Klein)؛ « ژنانی کورد له قسطنطنیه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا»، له نووسینی روهات ئاڵاکوم« (Rohat Alakom) ، ژنان و ناسیۆنالیسم له کۆماری کوردستانی ١٩٤٦دا»، له نووسینی شه‌هرزاد موجاب (Shahrzad Mojab).
ته‌وه‌ری دووهه‌م، له‌ژێر سه‌ردێڕی «ڕوانگه سیاسی و یاساییه‌کان»دا پێک هاتووه له سێ به‌ش: «له عادیلە خانمه‌وه هه‌تا له‌یلا زانا: ژنان وه‌کوو ڕێبه‌رانی سیاسی له مێژووی کوردستاندا»، له نووسینی مارتین ڤان برۆینسۆن (Matin van Bruinsson)؛ «ژنانی کۆچکردووی کورد له ئه‌سته‌مووڵ: کۆمه‌ڵگا و سه‌رچاوه پێویسته‌کان بۆ به‌شداریی سیاسی ناوچه‌یی بۆ ئه‌و تاقمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که خراوه‌ته په‌راوێزه‌وه»، له نووسینی هایدی ویدێل (Heidi Wedel)؛ «ژنانی کورد و مافی چاره‌ی خۆنووسین: سه‌رنجێکی فێمینیستی بۆ یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان»، له نووسینی سوزان مه‌ک‌دانالد (Susan McDonald).
ته‌وه‌ری سێهه‌می کتێبه‌که له‌ژێر سه‌ردێڕی «روانگه کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و زمانناسییه‌کان»دا بریتیه له پێنج به‌ش: «ده‌رمانکه‌ر، نهێنی‌ئامێز یان جادوویی: هه‌ڵبژارده له‌شساخییه‌کانی ژنان له شارێکی کوردستاندا»، له نووسینی ماریا ئووشی (Maria O Shea)؛ «فۆلکلۆر و فانتازیا: ناساندنی ژنان له نه‌ریتی گێڕانه‌وه‌ی کورده‌کاندا»، له نووسینی کریستین ئاڵیسن (Christine Allison)؛ «په‌یکه‌ره‌ی ژنانی کورد له سۆفیگه‌ریی هاوچه‌رخدا»، له نووسینی ئانابێل بوتچێر (Annabelle Böttcher) ؛ «سیماکانی ڕۆژهه‌ڵات له رۆڵی ژنانی کورد له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا»، له نووسینی میرێللا گالێتی (Mirella Galletti)؛ « (دووباره) به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پیاوسالاری له زمانی کوردییدا»، له نووسینی ئه‌میری حه‌سه‌نپوور (Amir Hassanpour)
دوکتۆر شه‌هرزاد موجاب پڕۆفیسۆری زانکۆی تورانتۆ‌یه له کانادا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ژنان‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی (جێنده‌ر) جنسیەتیی له زانکۆی تورانتۆ و هه‌روه‌ها سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی کانادایی لێکۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی گه‌وره‌ساڵانه. بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر چالاکییه‌کانی پڕۆفیسۆر موجاب و هه‌روه‌ها بۆ له‌نزیکه‌وه ئاشنابوون له کار‌و هه‌ڵسوورانی زانستی و توێژینه‌وه‌ی ئه‌م خانمه، ده‌توانن سه‌ردانێکی ئەم سایته بکە‌ن له‌سه‌ر ئینته‌رنێت:
https://wgsi.utoronto.ca/person/shahrzad-mojab/
له وه‌رگێڕانی کوردی ئه‌م ده‌قه‌دا داوام له شه‌هرزاد خانم کرد که ئه‌و به‌شه له نووسراوه‌که‌ی وا ڕاسته‌وخۆ له سه‌رچاوه کوردییه‌کانه‌وه وه‌ریگرتووه، بۆم بنێرێت با من ناچار نه‌بم له ئینگلیزیه‌وه ده‌قێک بکه‌م به کوردی که خودی ده‌قه‌که کوردی بووه! ئه‌ویش به خۆشییه‌وه ئه‌م کاره‌ی کرد. ئه‌و به‌شه له نووسراوه‌کانی بۆناردم که له «کوردستان» و له «نیشتمان»دا بڵاو کراونه‌ته‌وه. من جگه له گۆڕینی شێوه‌ی نووسین، ده‌قه‌کانم هه‌روه‌کوو خۆیان به بێ ده‌ستکاری نووسیوه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕانی فارسی ئه‌م ده‌قه‌م پێشتر بڵاوکردووه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕ: ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری ڕێبه‌ندانی 2004
سەرنجێکی پێویست لەسەر وشەی state
سەرەڕای ئه‌وه‌ی که هه‌ردوو وشه‌ی ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ت عه‌ره‌بین، له زمانی کوردییدا له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک یه‌ک مانا ناکرێنه‌وه. له باشوورstate واته ده‌وڵه‌ت و government واته حکوومه‌ت. له ڕۆژهه‌ڵات پێچه‌وانه‌یه؛ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت واته سه‌ره‌ک وه‌زیران و سه‌رۆکی حکوومه‌ت واته سه‌ره‌ک کۆمار‌و یان پادشا. من لێره‌دا له‌باتی state ده‌وڵه‌تم داناوه. وه‌رگێڕ
ژنان و ناسیونالیسم له کۆماری کوردستانی ١٩٤٦دا[1]
هه‌رچه‌ند کورده‌کان وه‌کوو گه‌وره‌ترین میلله‌تی بێده‌وڵه‌تی جیهان ناسراون، به‌ڵام مێژوویه‌کی دوورودرێژی ده‌سه‌ڵاتداره‌تییان هه‌یه. یه‌که‌م مێژووی کورده‌کان شه‌ره‌فنامه له ساڵی ١٥٩٧دا له‌لایه‌ن شه‌ره‌فخان ده‌سه‌ڵاتداری به‌هێزی میر‌نشینی به‌دلیسه‌وه نووسراوه. شه‌ره‌فخان له‌به‌رئه‌وه رووداوه‌کان ده‌گێرێته‌وه که مێژوونووسه‌کان به‌سه‌رهاتی «میر و حاکمانی کوردستان» و «هه‌لومه‌رجه‌کان» و «هه‌ڵوێسته‌کانی» ئه‌وانیان «له حیجابی سیتر و کیتماندا» شاردربووه‌وه. (شه‌ره‌فنامه چاپی تاران لاپه‌ره‌ی ٩، ٥٨٦). له‌گوێن ئه‌م سه‌رچاوه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی زۆربه‌رچاو په‌سندراوه، به ده‌وڵه‌ت‌بوونی کورده‌کان شێوازی جیاوازی به‌خۆوه‌گرتووه هه‌رله ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆوه بگره هه‌تا پاشایه‌تی و هه‌تا میر‌نشینی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م سیسته‌مه هه‌تا ناوه‌راستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م, واته ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی که حکوومه‌ته‌کانی عوسمانی و ئێران بۆ رووخاندنی دوایین میرنشین له شه‌ش میرنشینه سه‌ره‌کییه‌کان هێزی چه‌کداریان به‌کارهێنا، درێژه‌ی هه‌بوو. خه‌بات بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌رده‌وام ناوه‌رۆکی بزووتنه‌وه ناسیونالیستیه‌کانی کورده‌کانی پێکهێناوه. گرینگترینی ئه‌م ئه‌زموونانه که ده‌کرێت له شێوازه‌کانی ده‌وڵه‌تی پێش‌مۆدێڕن بناسرێته‌وه، کۆماری کۆردستانی ١٩٤٦ـە که له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که ئێستا به‌شێکه له باکووری ڕۆژئاوای ئێران، دامه‌زرا. ده‌کرێت ئه‌م ده‌وڵه‌ته نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر ڕواڵه‌تی کۆماریی‌بوونه‌که‌ی و ئه‌وه‌ی که له‌لایه‌ن حیزبێکی سیاسی و کابینه‌یه‌که‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو له شکڵه‌کانی پێش‌مۆدێڕنی پێشوو بناسرێته‌وه، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها له‌به‌ر سیسته‌می مۆدێڕنی فێرکردن، ده‌زگای راگه‌یاندنی مۆدێڕن، ئه‌رته‌شی میللی، سیسته‌می باج وه‌رگرتن[مالیات]، سروودی میللی، ئاڵای میللی، زمانی میللی و هه‌روه‌ها وه‌گه‌ڕخستنی ژنانیش له بواره‌کانی فێرکردن، فه‌رهه‌نگ و ژیانی سیاسیی‌دا.
له هه‌مان کاتدا که هه‌بوونی ژنان له ژیانی په‌روه‌رده و سیاسه‌تی کۆماری کوردستاندا ده‌ستبه‌جێ ئه‌م ده‌وڵه‌ته له هه‌موو شکڵه‌کانی پێش‌مۆدێڕنی دیکه‌ی کوردی جیاده‌کاته‌وه، ئه‌م به‌شه [له‌م کتێبه] ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌دات که ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه‌یان هه‌یه. له راستیدا خه‌باتی میللی بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌تی، رێک هه‌ر وه‌کوو مافه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که پشتگیری له مافی چاره‌ی خۆنووسینی کورده‌کان ده‌که‌ن، سیاسه‌تێکی به‌ته‌واوی پیاوانه‌یه.
ئه‌م به‌شه له خۆتێوه‌ردانی ژنان له بواره‌کانی سیاسه‌ت ده‌کۆڵێته‌وه که به‌پێی دابونه‌ریت بواری پیاوانه بوون. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌سه‌ر بناغه‌ی توێژینه‌وه له‌سه‌ر بڵاوکراوه‌کان و به‌ڵگه‌نامه‌کانی ده‌وڵه‌ت و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنان و پیاوانه‌ی که له سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا ژیاون، به‌رێوه چووه. حکوومه‌ت له ماوه‌ی کورتی ژیانی خۆیدا چه‌ندین هه‌نگاوی هه‌ڵگرت به‌ره و به‌شداریدانی ژنان له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییدا. به‌ڵام ژنان نه‌ک وه‌کوو هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و یان سه‌رۆک و کادره هه‌ڵسووڕاوه‌کانی حیزب، به‌ڵکوو بۆ پشتگیری‌کردن له پرسی میللی چوونه ناو بواره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه. ڕێبەرانی پێاوی ئه‌م بزووتنه‌وه میللی‌یه رۆڵێکی `شیاو`و `شه‌رافه‌تمه‌ندانه`یان بۆ ئه‌م ژنانه وه‌کوو نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی میلله‌تێکی مۆدێڕن و وه‌کوو «دایکی نیشتمان»ی په‌سندراو ره‌چاوکردبوو.
ناسیونالیسمی میلله‌تێکی بێ ده‌وڵه‌ت
پاش رووخانی میرنشینه‌کان له ناوه‌راستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، داخوازی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی به‌رده‌وام له ڕۆژه‌ڤی بنه‌ماڵه له ده‌سه‌ڵات‌که‌وتووه‌کاندا هه‌بوو. حاجی قادری کۆیی (١٨٩٧-١٨١٨) مه‌لا و شاعیر، کۆچی کردبوو بۆ ئه‌سته‌مووڵ و داوای له کورده‌کان ده‌کرد راپه‌ڕن و ده‌وڵه‌تی خۆیان دابمه‌زرێنن. حاجی قادر هه‌روه‌ها هانی کورده‌کانی ده‌دا که زمانی خۆیان به‌کاربێنن، زانستی نائایینی مۆدێڕن وه‌ربگرن، به کچه‌کانیان بخوێنن و له بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤاردا هه‌ڵسووڕاو بن. جگه له‌وه‌ش تاقمێک له ڕووناکبیرانی خوێنده‌واری مه‌دره‌سه مودێڕنه‌کانی ده‌وڵه‌تانی عوسمانی و ئێران له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا خه‌ریکی سه‌رهه‌ڵهێنان بوون، ئه‌م هه‌ڵسووڕاوانه له ئه‌سته‌مووڵی پایته‌خت و باقی شاره ناوه‌ندییه گرینگه‌کان خه‌ریکی ڕێکخستن و ده‌رکردنی بڵاوکراوه بوون. بزووتنه‌وه‌ی تورکه گه‌نجه‌کان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌ر وه‌ک بزووتنه‌وه میللی و دیموکراتیکه‌کانی ئه‌ورووپا و ئاسیا دنه‌ده‌ری بیری پێکهێنانی میلله‌تێکی مۆدێڕنی کوردی‌و ده‌وڵه‌تی میللی بوون. یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ساڵی ١٨٩٨ دا ده‌رچوو. دوابه‌دوای ئه‌و یه‌که‌م ڕێکخراوی سیاسی له‌ساڵی ١٩٠٨ دا پێک هات. به‌ڵام ڕێبەرایه‌تی ئه‌م چالاکییانه له ده‌ستی ئاریستۆکراسی خاوه‌ن مڵکدا بوو.
شەڕی جیهانی یه‌که‌م بووه هۆی ماڵوێرانی زۆر گه‌وره له کوردستان. ده‌وڵه‌تی عوسمانی به دوای جینوسایدی (گه‌لکوژی) ئه‌رمه‌نییه‌کان له ساڵی ١٩١٥ دا چه‌ند سه‌د هه‌زار کوردیشی به‌ره‌و ڕۆژئاوای تورکیا دوور خسته‌وه. زۆربه‌ی ئه‌وانه پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه شوێنی نیشته‌جێبوونیان له‌به‌ین چوون. به‌ڵام ئه‌م ئیمپراتۆرییه له‌شه‌ردا شکستی خوارد و زۆربه‌ی سه‌رزه‌مینه‌کانی له نێوان ده‌سه‌ڵاته ئورووپاییه‌کاندا دابه‌ش کرا. ده‌وڵه‌ته نوێیەکانی سووریا و عێراق له‌لایه‌ن به‌ریتانیا و فه‌رانسه‌وه دامه‌زران و له ئاکامدا کوردستانی عوسمانی له‌نێوان ده‌وڵه‌ته تازه‌کان و هه‌روه‌ها تورکیادا دابه‌ش کرا. سه‌رکه‌وتووه‌کانی شه‌ڕ له په‌یمانی سێڤر (Sèvres)دا ساڵی ١٩٢٠ به‌ڵێنی دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی کوردیان‌دا. به‌ڵام پێش دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته عوسمانیه‌کان پاش تێکشکان خۆیان کۆکردبووه‌وه و به هێزی دوباره ڕێکخراوه‌وه به‌ده‌ستی مسته‌فا که‌ماڵ ده‌سه‌ڵاتێکی کارامه‌یان له سه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که له سه‌رزه‌مینی ئیمپراتۆری مابووه‌وه، واته تورکیا ئێستا، دامه‌زراند. له ژێرکارتێکردن و ئاڵوگۆڕ له ترازووی هێزه‌کاندا، په‌یمانی‌سێڤر جێگای خۆی دا به په‌یمانی لۆزان(Lausanne) که تێیدا ناوێک له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نه‌براوه. ساڵی ١٩٢٣ تورکیا کۆماری راگه‌یاند و ده‌ستبه‌جێ و به زۆر کورده‌کانیان له ناو ئه‌و ڕژیمه ناسیونالیست- قه‌ومییه‌ی که خه‌ریکی سه‌رهه‌ڵێنان‌بوو، توانده‌وه.
خه‌باتی کورده‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌تی له ژێر فه‌رمانڕه‌وایەتیی ‘مۆدێڕن’ و چڕکراو‌دا (متمرکز) پاش شەڕیش هه‌ر به‌رده‌وام بوو. زنجیره‌یه‌ک شۆڕشی گه‌وره که له نێوان ساڵه‌کانی ١٩٢٥ تا ١٩٤٢ له ئێران، تورکیا و عێراق به‌رپا کران، به توندیی سه‌رکوت کران. له عێراقی داگیرکراو و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیادا ده‌وڵه‌تێکی خودموختار به سه‌رۆکایه‌تی شێخ مه‌حموود که ڕێبەرێکی ئایینی و فیئۆداڵێکی خاوه‌ن زه‌وی زۆربوو، له کۆتایی ساڵه‌کانی ١٩١٠ و سه‌ره‌تای ١٩٢٠ دا به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشت. شێخ مه‌حموود به‌رامبه‌ر به‌و سنوورانه‌ی به‌ریتانیاییه‌کان له به‌رده‌میان داده‌نا ڕاده‌وه‌ستا و خۆی کرد به پادشای کوردستان. به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌که‌ی ئه‌ویش له چه‌شنی میرنشینه‌کانی قه‌دیم و سەرەڕای کابینه و له‌شکرێک که به‌شێکیان خولی په‌روه‌رده‌یان دیبوو، هه‌روه‌ها سەرەڕای هه‌بوونی بڵاوکراوه‌ی ده‌وڵه‌تیی، له باری رێکخستنه‌وه فیئوداڵی بوو. هیچ حیزبێکی سیاسی له ئارادا نه‌بوو و ده‌سه‌ڵاتیش له ده‌ستی شێخ مه‌حموود و به‌شێکی به‌ربڵاوی ئاغا و به‌گی خاوه‌ن مڵکدا بوو که ئه‌و خۆی داینابوون. له ژیانی جووتیاران و ژنان‌دا که زۆربه‌ی نفووسیان پێک ده‌هێنا، هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک پێک نه‌هات.
دابه‌شبوونی دووباره‌ی کوردستان شوێنه‌واری دژ به‌یه‌کی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی کورده‌کان وه‌کوو میلله‌تێک دانا. له کاتێکدا که فیئۆدالیسم له لادێکانی کوردستان زاڵبوو، کۆمه‌ڵگای کورده‌کان له ئه‌رمه‌نستانی سۆڤییه‌ت له قه‌ره‌باغی ژوور‌و، له ناوچه خودموختاره‌که‌ی خۆیان، خه‌ریکی ئه‌زموونی ئاڵوگۆڕی سوسیالیستی بوون (١٩٢٩- ١٩٢٣). له کاتێکدا که ئێران و تورکیا کورده‌کانیان به توندترین شێوه خستبووه به‌ر زمانکوژی و قه‌ومکوژی، له عێراقی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا و له ژێر چاوه‌دێری کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان به کورده‌کان ئه‌و ئازادییه‌یان دابوو که زمانی خۆیان له په‌روه‌رده و فێرکردن و له بڵاوکراوه‌کانیاندا به‌کار بێنن. هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی کورده‌کان هه‌تا ئه‌م دواییانه‌ش نه‌خوێنده‌وار بوون، کورده‌کانی سۆڤییه‌ت هه‌تا ساڵی ١٩٣٠ هه‌موویان به‌ته‌واوی خوێنده‌وار بوون. گه‌لی کورد له ساڵی ١٩١٨ـەوە له ژێر ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی سیسته‌می سیاسی جۆراوجۆردا بوون. هه‌ر له ژێرده‌سه‌ڵاتی فه‌رانسه (سووریا ١٩٤٦- ١٩٢٠) و به‌ریتانیاوه (عێراق ١٩٣٢- ١٩٢٠) بگره هه‌تا پاشایه‌تی سێکولار [نائایینی، عیلمانی] (ئێران ١٩٧٩- ١٩٢٥، عێراق ١٩٥٧- ١٩٣٢)، هه‌تا ده‌وڵه‌تی ئایینی (ئێران له‌ساڵی ١٩٧٩ـەوە) هه‌تا ڕژیمه نائایینی و ناسیونالیسته توندڕه‌وه‌کان (تورکیا له ساڵی ١٩٢٣ـەوە، عێراق له ١٩٦٣ـەوە و سووریا له ١٩٦٣ـەوە).
کاتێک که یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تی خودموختار له چه‌شنی مۆدێڕن واته کۆماری کوردستانی ساڵی ١٩٤٦ له ئێران دامه‌زرا، کۆمه‌ڵگەی کوردستان به گشتیی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی لادێ‌نشین تێکه‌ڵ له‌گه‌ڵ سیسته‌می پێشکه‌وتووی په‌یوه‌ندی فیئۆداڵی و رێکخستنی عه‌شیره‌تی هه‌رچه‌ند روو له فه‌وتان به‌ڵام به‌هێز، کۆمه‌ڵگای ناوشاری ڕوو له گه‌شه‌ی به‌رده‌وام هه‌رچه‌ند به ئه‌سپایی، بورژوازی پچووک و بازرگانی و ڕووناکبیرانێکی سێکولار (نائایینی) که خه‌ریکی سه‌رهه‌ڵدان بوون. هیچ شوێنه‌وارێک له گه‌شه‌ی پیشه‌سازیی مۆدێڕن و پرۆلیتاریا جگه له ناوچه په‌راوێزه‌کانی کوردستان له که‌رکووک و کرماشان دیار نه‌بوون. پارچه‌پارچه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ی میللی به‌هۆی سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ته میللییه‌کانه‌وه، پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی میلله‌ت و ده‌وڵه‌تی بۆ بزووتنه‌وه‌ی میللی کورد ئاڵۆزتر کردبوو.
سه‌رهه‌ڵدان و رووخانی کۆماری کوردستان
دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردی که له ژێر ئه‌و هه‌لومه‌رجه ژێئۆستراتێژیکه‌ی له سه‌ره‌وه باس کرا، داڕ‌ێژرابوو له‌وه ده‌چوو ده‌ست نه‌دات. به‌ڵام شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م ترازووی هێزه‌کانی له ناوچه‌که‌دا تێک دا و زه‌مینه‌یه‌کی له‌باریی بۆ بزووتنه‌وه‌ی میللی کورد له ئێران پێک هێنا. ڕێک پاش ئه‌وه‌ی که ئه‌ڵمان ساڵی ١٩٤١ هێرشی برده سه‌ر سۆڤییه‌ت، دوو هێزی هاوپه‌یمان واته به‌ریتانیا و سۆڤییه‌ت به‌مه‌به‌ستی پێش‌گرتن له داگیرکردنی ئێران له لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌وه، هێرشیان برده سه‌ر ئه‌م وڵاته که ئه‌و کاته له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ره‌زاشادا بوو، پشتی به ئه‌ڵمانه‌وه به‌ستبوو. هێزه‌کانی سۆڤییه‌ت له باکووره‌وه ئێرانیان داگیر کرد و به‌ریتانیا باشووریان گرته ژێر کونترۆڵی خۆیان و له نێوانیاندا ناوچه‌یه‌کی بێ لایه‌ن پێکهات.
کورده‌کان له باکوور به‌شێک له به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م کاره خێرا بوو به‌هۆی رووخانی داموده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره‌کانی حکوومه‌تی ره‌زاشا، واته پولیس، ئه‌رته‌ش و ژاندارمری له کوردستان، به‌ره‌وپیری ئه‌رته‌شی سوور چوون. له‌گه‌ڵ لاوازبوونی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی وشیاری میللی له ناو کورده‌کان و تورکه‌کانی ئازه‌ربایجان ئاشکرا سه‌ری هه‌ڵدا. هێزه داگیرکه‌ره‌کانی سۆڤییه‌ت ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه ببون که هه‌تا ئه‌و کاته‌ی که شه‌ڕ به‌رده‌وامه و ئه‌وان خاکی ئێرانیان داگیرکردووه، ڕێز بگرن له ته‌واوه‌تیی خاکی ئه‌م وڵاته. له هه‌مانکاتدا ئه‌وان پێیان خۆش بوو هێمنایه‌تی له کوردستان و ئازه‌ربایجان بپارێزن چونکوو ئه‌و ناوچانه له لایه‌ن به‌ریتانیا و ئه‌مریکاوه به‌کار ده‌هێندران بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تی مان ونه‌مان به مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕ هه‌ر له ستالینگراده‌وه بگره هه‌تا لێنینگراد. که‌وابوو یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت نه‌یده‌هێشت که بزووتنه‌وه‌ی میللی کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کان هیچ هه‌نگاوێک هه‌ڵگرن به تایبه‌ت له نێوان ساڵه‌کانی ١٩٤١ تا ١٩٤٥. سه‌ره‌ڕای ئه‌و سنووردانانه ناسیونالیسمی کورده‌کان و ئازه‌ربایجانییه‌کان ژیانه‌وه‌یه‌کی به‌خۆوه بینی.
ئه‌مریکا ته‌نانه‌ت پێش کۆتایی پێهاتنی شه‌ڕیش خه‌ریکی یارمه‌تیدان بوو به شای تازه‌ی ئێران بۆ ته‌یارکردنی ئه‌رته‌ش و ژاندارمری. خه‌ڵک له‌سه‌رانسه‌ری وڵات بۆ دیموکراسی و سه‌ربه‌خۆیی دژ به زاڵبوونی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتری ئیگلیسیه‌کان و ئه‌مریکاییه‌کان خه‌باتیان ده‌کرد. شیرکه‌ته ئه‌مریکاییه‌کان له حکوومه‌تی ئێران خوازیاری به‌ش بوون له نه‌وتی باکووری ئێران که ده‌که‌وێته نزیک مه‌یدانی نه‌وتی باکوو. یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت ئه‌مه‌ی وه‌کوو پلانێک ده‌بینی که ئه‌مریکا بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌ی چاوه‌دێری به درێژایی سنووره‌کانی له‌گه‌ڵ کۆماره‌کانی سۆڤییه‌ت له که‌ناری ده‌ریای خه‌زه‌ر دایده‌ڕێژێت.
هێزه ڕۆژئاواییه‌کان و به تایبه‌ت ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که شکستی ئه‌ڵمانیان پێ خۆش‌بوو، له هه‌مان کاتیش‌دا له سه‌رکه‌وتنه‌کانی حیزبه کۆمۆنیسته‌کان له وڵاتانی یۆنان، ئالبانی، یۆگوسلاویا، چین و باقی شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهان هه‌ستیان به مه‌ترسی ده‌کرد. به هۆی ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌وه بزووتنه‌وه ڕزگاریبه‌خشه میللی و سۆسیالیسته‌کان له ئێران و وڵاتانی دیکه‌ی ئاسیا که‌وتبوونه باروودۆخێکی لەبارترەوە. ده‌سه‌ڵاته ڕۆژئاواییه‌کان له هه‌لومه‌رجی ئا‌ڵوگۆڕه سیاسیه‌کانی ساڵه‌کانی کۆتایی شه‌ڕدا تێ ده‌کۆشان له بزووتنه‌وه دژبه کۆلۆنیالییه‌کاندا، پێش به ته‌قینه‌وه بگرن. ئێران، تورکیا و یۆنان له ڕوانگه‌ی ئه‌مریکاوه وه‌کوو ناوچه‌ی گرینگی ستراتێژیک ده‌ژمێردران بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌کانی له به‌رامبه‌ر یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌تدا و بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی بزووتنه‌وه کۆمۆنیستیه‌کانی باڵکان و ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا. ململانێی دیکه‌ی نێوان سۆڤییه‌ت و ده‌سه‌ڵاته ڕۆژئاواییه‌کان، هێندێک کۆن و هێندێکیش نوێ له ئه‌ورووپا و ئاسیا، به کۆتایی هاتنی شه‌ڕ له ساڵی ١٩٤٥دا ئاشکرابوون.
له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت پاش کۆتایی هاتنی شەڕ ئاماده نه‌بوو هێزه‌کانی له باکووری ئێران بباته ده‌ر. جگه له‌وه‌ش مۆسکۆ ناسیۆنالیسته خودموختاریخوازه‌کانی له کوردستان و ئازه‌ربایجان هان ده‌دا بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تی خودموختار له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور (قانوونی ئه‌ساسی) ئێران‌دا. «حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان» له دیسامبری ١٩٤٥دا دامه‌زراو «کۆماری کوردستان» له ٢٢ی مانگی یه‌کی ١٩٤٦دا [دووی ڕێبەرندانی ١٣٢٤ و.] له شاری مه‌هاباد راگه‌یه‌ندرا [2]. هه‌ردوو ڕژیمی خودموختار بوون به مه‌یدانی کێشمه‌کێشی نێوان ڕۆژئاوا به ڕێبه‌رایه‌تی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا و پاشایه‌تی ئێران له لایه‌که‌وه و سۆڤییه‌ت و کورده‌کان و ئازه‌ربایجانیه‌کان، له لایه‌کی دیکه‌وه. ئێران به یارمه‌تی ڕۆژئاوا پرسی خۆدزینه‌وه‌ی سۆڤییه‌ت له بردنه‌ده‌ری هێزه‌کانی له وڵات برده به‌رده‌م ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که تازه دامه‌زرابوو. دوا هێزه‌کانی سۆڤییه‌ت له مانگی پێنجی ساڵی ١٩٤٦دا خاکی ئێرانیان به‌جێ هێشت و شه‌ش مانگ پاش ئه‌وه‌ش ئه‌رته‌شی ئێران به ناوی ئه‌وه‌ی که ده‌یهه‌وێت هێمنایه‌تی بپارێزێت، له کاتی بەڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پارله‌ماندا که قه‌رار وابوو له‌و نزیکانه‌دا بکرێت، هێرشی برده سه‌ر هه‌ر دوو حکوومه‌ته‌که. سۆڤیییه‌ت هه‌ر دوو ڕژیمه خودموختاره‌که‌ی وا لێ کرد که به‌رگریی نه‌که‌ن و له ئاکامدا له دیسامبری ١٩٤٦دا به چالاکی چه‌کداریی و هه‌روه‌ها به ئێعدام کردنیی سه‌دان که‌س له ڕێبەران و به‌شداربووانی بزووتنه‌وه‌که، ئه‌م دوو ڕژیمه رووخان.
ژنانی میلله‌ت
کۆماری کوردستان له لایه‌ن حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ـه‌وه دامه‌زرا که خۆی له مانگی هه‌شتی ساڵی ١٩٤٥دا به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حیزبی ناسیونالیستی «کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد» که به کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک ده‌ناسرا، دامه‌زرا بوو. ئه‌م ڕێکخراوه‌یه نهێنی بوو و بانگه‌وازی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی ده‌کرد که هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستانی گه‌وره بگرێته‌وه. کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک ڕاگه‌یه‌ندراوی زۆری بڵاو ده‌کرده‌وه و هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی له سه‌ر بابه‌ته سیاسییه‌کان ڕاده‌گه‌یاند. هه‌روه‌ها کاری چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی نهێنیشی ده‌کرد. بۆ نموونه بڵاوکردنه‌وه‌ی شێعری میللی، ڕۆژ ژمێری کوردی و گۆڤارێکی زۆر خۆشه‌ویست به ناوی نیشتمان. زۆرجار کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک وه‌کوو یه‌که‌مین حیزبی کوردی به ڕوانگه‌ی مۆدێڕنه‌وه د‌اده‌نرێت. دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه ئه‌ندامانی پیاوی ورده بۆرژوازی و بۆرژوازی ناوشار بوون. له ڕوانگه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌وه عه‌شیره‌گه‌ریی و فیئۆدالیسم یان به واتایه‌کی باشتر خاوه‌ن مڵکه ده‌ره‌به‌گ و عه‌شیره نامیللیه‌کان کۆسپی سه‌ر رێگای گه‌شه‌کردنی میلله‌تی کورد و بزووتنه‌وه سیاسییه‌که‌ی بوون. ئه‌مان هه‌رچه‌ند داوای ڕیفۆرمی زه‌ویوزاریان نه‌ده‌هێنایه گۆڕ، له هه‌مان کاتدا یه‌که‌مین ڕێکخراوی کوردی بوون که له‌سه‌ر پێداویستیی باشترکردنی باری ژیانی جووتیاران پێیان داده‌گرت.
چوار دوژمنی سه‌ره‌کی ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک بریتی بوون له چوار حکوومه‌تی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا که له کوردستان ده‌سه‌ڵاتدار بوون و مافی میللی کورده‌کانیان پێشێل ده‌کرد. دوژمنه سه‌ره‌کییه‌کانی ناوخۆ بریتی بوون له عه‌شیره‌گه‌ریی، نه‌خوێنده‌واریی، گه‌شه‌نه‌کردنیی ئابووری و پیشه‌سازی. له‌م چوارچێوه‌دا ژنان هه‌ر تاوێ نه تاوێک بانگهێشت ده‌کران بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاواندا رێک بکه‌ون و له ڕزگارکردنی دایکی نیشتماندا به‌شدار بن. له شێعرێکدا له ژێر سه‌ردێڕی «ئاخافتنی خوشک و برایان» که له گۆڤاری نیشتماندا (٤-٢٣ ،١٩٤٤- ١٩٤٣) بڵاو کراوه‌ته‌وه، خوشکێک به براکه‌ی ده‌ڵێت که ئیتر نابێت ژێرده‌سته‌یی قبووڵ بکات و له‌به‌رئه‌وه‌ی که هه‌موو گه‌لانی دیکه ڕزگاربوون، ئه‌ویش پێویسته ژیان و ماڵی خۆی بۆ ئامانجی دایکی نیشتمان به‌خت بکات. براکه‌ی ده‌ڵێت:
«دێده»گیان: کچه کوردی ژیکه‌ڵه
داوێنی پاکت دووری له په‌ڵه
«لێنین» هه‌ڵستا زوڵمی «چار» شێوا
تۆ هێشتا حه‌بسی له ژێر چارشێوا
کچی هه‌موو که‌س ئیمڕۆ سه‌ربه‌سته
هه‌ر حه‌قی کچی کورده پێ‌په‌سته
بپسێنه له پێت تۆ زنجیر و کۆت
«دێده» گیان به یاریی برای خۆت
له ڕێی نیشتمان به هیوای خودا
خه‌ریکی کار بین با خوشک و برا
له‌گوێن «ژاندارک» هه‌سته وه‌ک مه‌ردان
دوژمن وه‌ده‌رنێ له خاکی کوردان!
ئه‌م ناوه‌روکه به درێژایی سه‌ده‌یه‌ک له شێعری ناسیونالیستی کوردییدا دووباره کراوه‌ته‌وه. ژنی کورد شۆخ و داوێن پاکه، به‌ڵام وه‌کوو پیاوان له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه سته‌می لێ ده‌کرێت. ئه‌و ده‌توانێت به یارمه‌تی پیاوان هه‌ر وه‌کوو ژاندارک دایکی نیشتمان ڕزگاربکات. هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌ی نیشتماندا (٣٠-٢٩ ،١٩٤٤- ١٩٤٣) وتارێکی کورت سه‌باره‌ت به «حه‌یران خانمی دونبلی، ژنی شاعیری کورد» هاتووه. شێعره‌که به زمانی فارسییه و له‌وه ده‌چێت نووسینه‌که‌ی هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه که ده‌سکه‌وته‌کانی ژنانی کورد له مه‌یدانی شێعردا نیشان بدرێت.
دوایین ژماره‌ی نیشتمان (٨-٨-٧- هاوینی ١٩٤٤:١٠) وێنه‌ی دوو ژنی کوردی تێدایه که له تورکیا ئێعدام کراون. شێعره‌کانی ژێر وێنه‌کان نموونه‌ی چۆنییه‌تی ناساندنی سیمای ژنه له‌لایه‌ن ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه.
هه‌رکه‌س جنێو بدا به که‌سێک پێی ده‌ڵێ بڕۆ،
بێ غیره‌تیت، وه‌کوو ژنی، ده‌رپێت ژنانە بێ
کوانێ له گیتیا وه‌کوو ئه‌و دوو کچه کوڕێک،
بۆ نیشتمان له داری سیاسه‌ت نیشانه بێ!
ئه‌و دوو نه‌مامه بوون به فیدای نیشتمانی کورد،
ئه‌ی خۆزگه به‌و کوڕه‌ی وه‌کوو ئه‌و دوو کچانه بێ!
ئه‌م شێعره به‌و ژنانه‌دا هه‌ڵده‌ڵێت که له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا شەڕ ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌موو ژنان ده‌خاته به‌ر توندوتیژیی سیمبولیکی پیاوسالارانه‌وه، خۆیان و ته‌نانه‌ت جله‌کانیشیان وه‌کوو `خوێڕی` له قاو ده‌دات. ژنان و پیاوان هه‌ر له کاتی خه‌باتکردندا بۆ ڕزگاری میلله‌ت ده‌توانن له ئاستێکی یه‌کساندا جێگایان بێته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر ژنه‌کان خۆیان، جنسییه‌تی ژنانه‌یان جیا ناکرێنه‌وه له پڕۆژه‌ی دروستکردنی میلله‌تدا. پاک‌بوونی میلله‌ت و تواناییه‌کانی له داوێن‌پاکی ژنه‌کانیان جیا ناکرێته‌وه. ئه‌گه‌ر قه‌رار وایه که دایکی نیشتمان له زاڵبوونی ده‌ره‌کی پاک بکرێته‌وه ژنی دڵخوازێش هه‌ر به‌م چه‌شنه ده‌بێت کچێنیه‌که‌ی بمێنێته‌وه و به شێوه‌ی یاسایی داگیر بکرێت.
ئامانجی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک پێکهێنانی یه‌ک میلله‌ت بوو له ڕێگای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکه‌وه بۆ فه‌رمه‌نڕه‌وایی به‌سه‌ر کوردستانی گه‌وره‌دا. جه‌وهه‌ری ئه‌م ده‌وڵه‌ته ڕوون نه‌کرابووه‌وه، هه‌رچه‌ند که رێکخستنی ’دیموکراسی’ وه‌کوو بڕگه‌یه‌کی مه‌رامناکه‌که‌یان راگه‌یه‌ندرا بوو.[3] هه‌چۆنێک بێت، سه‌رقاڵیی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک ڕێک وه‌کوو بزووتنه‌وه میللیه‌کانی دیکه، ته‌نها یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی دیموکراسی واته سه‌ربه‌خۆبوون له ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌کی بوو. کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک له پێداویستییه‌کانی دیکه‌ی ژیانی دیموکراتیک واته یه‌کسانی ژن و پیاو، پشتگیری سه‌رزاره‌کی ده‌کرد و بیری له نه‌هێشتنی په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌به‌گایه‌تی نه‌ده‌کرده‌وه. ژنان مڵک و دایکی داوێن‌پاکی میلله‌ت بوون.
کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک جگه له پروپاگه‌نده له ڕێگای ده‌زگای چاپه‌مه‌نی و شێعره‌وه، به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه که‌ڵکی له شانۆگه‌ری وه‌رده‌گرت بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئامانجی میللی. یه‌که‌مین به‌ڕێوه‌بردنی شانۆ له بەشی باکووری کوردستانی ئێران که له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه نووسراو چووه سه‌رشانۆ، «دایکی نیشتمان» بوو. له‌م شانۆیه‌دا دایکی نیشتمان له زنجیردایه، جلی ڕه‌شی له‌به‌ردایه و قژه‌کانی سپی بووه و له‌به‌ر داماویی داوا ده‌کات له «کوڕه‌کانی» که له ژێر کۆتوبه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی، تورک و عێراقی ڕزگاری بکه‌ن. له‌م په‌رده‌یه‌دا فیرمێسک له چاوی بینه‌ران دێته خوار. له په‌رده‌ی دواتردا کوڕه‌کانی دایکی نیشتمان وه‌ڵامی ئه‌م داخوازییه ده‌ده‌نه‌وه، چه‌ک هه‌ڵده‌گرن و داگیرکه‌ران ڕاو ده‌نێن و ئه‌ویش ڕزگار ده‌که‌ن. دوایین په‌رده‌ی شانۆکه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی دایکی نیشتمانه – دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. پێنج به‌شی شانۆکه و پشووه‌کان به شێعری حاجی قادری کۆیی وسروودی میللی ڕازابوونه‌وه. ئه‌م شانۆیه که په‌یتا په‌یتا له ساڵۆنی پڕله بینه‌ردا له مه‌هاباد و شاره‌کانی دیکه نیشان ده‌درا، کاریگه‌رییه‌کی قووڵی هه‌بوو. ئه‌م شانۆیه وه‌کوو یه‌کێک له ساته شکۆمه‌نده‌کان له بیری خه‌ڵکی ناوچه‌که‌دا ماوه‌ته‌وه. جێگای سه‌رسووڕمان نییه، کۆمه‌ڵه که به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌م شانۆیه بوو، نه هه‌وڵی ده‌داو نه ده‌شیتوانی شانۆگه‌رێکی ژن بۆ گێڕانی ڕۆڵی دایکی نیشتمان بدۆزێته‌وه. ته‌نانه‌ت به‌شێک له پیاوانی گه‌نجی شانۆگه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر له‌لایه‌ن باوکه سامانداره‌کانیانه‌وه تووشی کۆسپ ده‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به چاوی سووکه‌وه سه‌یری شانۆیان ده‌کرد، ئه‌م چه‌شنه شانۆگه‌ڕییه‌یان بۆ چینه‌کانی خواره‌وه داده‌نا و لایان وابوو ئه‌م شتانه له گه‌ڵ شه‌رافه‌ت و متمانه‌ی چینایه‌تی ئه‌واندا نایه‌ته‌وە.[4]
پێکه‌وه‌نانی میلله‌ت له کۆماری کوردستاندا
کۆمار، که یه‌که‌مین ئه‌زموونی دامه‌زراندنی حکوومه‌تی خودموختار له چه‌شنی مۆدێڕن بوو، به کرده‌وه له ده‌وڵه‌تی ئێران سه‌ربه‌خۆ بوو. دامه‌زرێنه‌ری کۆمار، نه‌ک سه‌رۆکایه‌تییه‌کی عه‌شیره‌تی و ده‌ره‌به‌گانه به‌ڵکوو ڕێبەری حیزبێکی نوێ بوو له چه‌شنی ڕێکخراوی ئاڵوگۆڕپێکراوی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ئاڵوگۆڕی سه‌ره‌کی له کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک دا لابردنی خواستی پێکهێنانی کوردستانی گه‌وره بوو. ئه‌مه‌ش زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌بوونی سۆڤییه‌ت له ناوچه‌که‌دا که حکوومه‌ته‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستانی ده‌سته‌به‌ر کردبوو ته‌واوه‌تیی خاکی ده‌وڵه‌تی ئێران بپارێزن.
له باری خه‌ڵکناسییه‌وه [دێمۆگرافی] شاری پایته‌خت واته مه‌هاباد که‌وتبووه ژێرسێبه‌ری ناوچه لادێ‌نشینه‌کان که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گه خاوه‌ن زه‌وییه‌کاندا بوون. ح.د.ک. به کرده‌وه بۆ له‌ناوبردن و یان لانی که‌م چاکسازی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌به‌گایه‌تی زه‌ویوزار، که جوتیارانی کردبووه کویله‌ی زه‌وی، هیچی نه‌کرد. ئاکامه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتن له نه‌هێشتنی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌به‌گایه‌تییدا کاره‌ساتئامێز بوون. له باری سیاسییه‌وه زۆربه‌ی خه‌ڵک له ژێر کونترۆڵی راسته‌وخۆی سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گه‌کاندا بوون؛ هه‌ر بۆیه جووتیاران شارۆمه‌ندانی(citizen) کۆمار، به مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ دانیشتووانی شاری پایته‌ختدا نه‌بوون. سەرەڕای ئه‌وه‌ش سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گه‌کان له داموده‌زگا له‌شکری و مه‌ده‌نییه‌کاندا بوونه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی گرینگ. هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی ئه‌مانه له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ڕه‌زا شاوه (١٩٤١- ١٩٢٥) تووشی گوشاری زۆر ببوون، به‌ڵام به بێ مه‌یلییه‌وه چووبوونه پاڵ کۆمار و چاوه‌ڕوانی ڕووخانی کۆمار و گه‌ڕانه‌وه‌ی حکوومه‌تی ناوه‌ندیی بوون. ئه‌وان له هه‌بوونی سۆڤییه‌ت، هه‌ڕه‌شه‌ی کۆمۆنیسم و سه‌ربه‌رزکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی کوردی ناو شاره‌کان و ده‌ست تێوه‌ردانه ناو کاروباره‌کانیان ده‌ترسان. ناسیۆنالیسته‌کانی ناوشار هه‌رچه‌ند خوازیاری نه‌مانی عه‌شیره‌گه‌ریی و ده‌ره‌به‌گایه‌تیی نه‌بوون، ڕه‌خنه‌یان هه‌بوو له هه‌لومه‌رجی سته‌مکارانه‌ی لادێکان و دڵگرانی خه‌یانه‌تی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان بوون به بزووتنه‌وه‌ی میللی.
کۆمار ئه‌و سیسته‌مه ئیداره‌یه‌ی پێ گه‌یشتبوو که له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئێرانه‌وه له شاری مه‌هاباد و له ناوچه‌که دامه‌زرابوو. حیزب، بوورۆکراسی ئیداری کورداندبوو، له کاتێکدا که ئه‌رته‌ش و ژاندارمری چه‌ک کرابوون و له‌باتی ئه‌وانه `ئه‌رته‌شی میللی` دانرابوو که به‌زۆریی له ژێر فه‌رمانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره کوردانه‌دا بوون که له ناو هێزه چه‌کداره‌کانی ئێران و عێراقه‌وه ڕایانکردبوو. کابینه و شورایه‌ک پێکهاتبوو، دامه‌زراوی فه‌رهه‌نگی وه‌کوو کتێبخانه، ئیزگه‌یه‌کی ڕادیۆ، سینه‌ما، چاپخانه و ڕۆژنامه به‌رپا کران. حیزب به پێکهێنانی به‌شی لاوان و ڕێکخراوێکی ژنان، په‌ره‌ی دا به چالاکییه‌کانی خۆی. به مه‌به‌ستی باشترکردنی بارودۆخی دوکانداره پچووک و ده‌ستته‌نگه‌کان چه‌ند هه‌نگاوێک هه‌ڵگیرا. به‌ڵام سەرەڕای به‌ڵێنی خۆ تێوه‌ردان له په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌به‌گایه‌تیی و زه‌ویوزار به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر دوولا واته خاوه‌ن‌مڵکه‌کان و جووتیاران، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه هه‌ر وه‌کوو خۆیان مانه‌وه.[5]
دایکی میلله‌ت
خاکی کۆمار هه‌ر به‌شه‌کانی باکووری کوردستانی ئێرانی ده‌گرته‌وه. دانیشتوانی پایته‌خته‌که‌ی واته شاری مه‌هاباد نزیکه‌ی ١٦٠٠٠ که‌س بوون و گرینگ‌ترین شاره‌کانی بۆکان، نه‌غه‌ده و شنۆ بوون. به پێی ئاماری حکوومه‌ت دانیشتووانی مه‌هاباد له کۆتایی ساڵی ١٩٤٨دا نزیکه‌ی ١٦٤٥٥ که‌س بوون که ٨١٨٩ که‌سیان ژنان و ٨٢٦٦ که‌سیان پیاوانیان پێک ده‌هێنا.[6] ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م شاره که ساڵی ١٩٥١ له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شی ئێرانه‌وه راگه‌یه‌ندراوه، ١٥٩٧١ که‌س بوون.[7] هه‌ر هه‌مان سه‌رچاوه دانیشتوانی بۆکان به ٣٠٧٤ که‌س و هی شنۆ ٢٢١٢ که‌س داده‌نێت.
له نه‌بوونی زانیاری سه‌باره‌ت به سه‌رژمێری ئه‌و سه‌رده‌مه، زه‌حمه‌ته له‌سه‌ر باری ژیانی ژنان بکرێت به دڵنیاییه‌وه ئاگاداری بدرێت. یه‌که‌مین سه‌رژمێری گشتی له ئێران که له مانگی یازده‌ی ساڵی ١٩٥٦دا واته رێک دە ساڵ پاش ڕووخانی کۆمار به‌ڕێوه چووه، ئامارێکی زیندوومان له سه‌ر شاری مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ده‌خاته به‌رده‌ست (سرشماری منطقه مهاباد).
سەرەڕای تێپه‌ڕبوونی ده ساڵ، سیمای ڕوو به ده‌ره‌وه‌ی مه‌هاباد ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاوی به خۆوه نه‌دیوه. ژماره‌ی دانیشتوانی شار گه‌یشتووه‌ته ٢٠٣٢٢ که‌س. به‌پێی ئه‌م زانیارییانه، ده ساڵ پاش کۆمار ته‌نها ١٠٪ی ئه‌و ژنانه‌ی که ته‌مه‌نیان له ده ساڵ زیاتره خوێنده‌وارن، واته `ده‌توانن بنووسن و بخوێنن`. به که‌ڵکوه‌رگرتن له زانیارییه‌کانی ئه‌م سه‌رژمێرییه ده‌کرێت بڕوانینه ناوه‌رۆکی ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واریی ژنانی گه‌وره ساڵ (١٥ساڵ و گه‌وره‌تر) له ساڵی ١٩٤٦دا. بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی له سه‌رژمێری ساڵی ١٩٥٦دا ته‌مه‌نیان له نێوان ٢٥ تا ٣٤ ساڵدا بووه، ساڵی ١٩٤٦ له نێوان ١٥ تا ٢٤ ساڵ بوون. هیچ له‌وه ناچێت که کارامه‌یی خوێندنی ئه‌م ده‌سته له ژنان له ماوه‌ی ده ساڵدا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتبێت. له ساڵی ١٩٥٦دا ته‌نها ٦،٤٪ی ژنان و کچان (٨٥ که‌س له ١٣٢١ که‌س) له نێوان ته‌مه‌نی ٢٥ تا ٣٤ ساڵ خوێنده‌وار بوون. ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واریی له ساڵی ١٩٥٦دا بۆ ته‌مه‌نی نێوان ٣٥ تا ٤٤ ساڵ به توندی گه‌یشتووه‌ته ٣،٧٪ (٢٧ که‌س له ٧٣٨ که‌س) و به ٠،٨٪(٦ که‌س له ٧٦٥ که‌س) بۆ که‌سانی نێوان ته‌مه‌نی ٤٥ تا ٥٤ ده‌که‌وێته خواره‌وه.[8] ئه‌م ژمارانه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واریی بۆ گه‌وره‌ساڵانی ژن (١٥ ساڵ و گه‌روه‌تر) له ساڵی ١٩٤٦دا زیاتر له ٤٪ نه‌بووه. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌کانی دیکه ده‌ری ده‌خه‌ن که زۆربه‌ی خوێنده‌واران له‌و خوێندنگا مۆدێڕنانه‌ی که پاش ساڵه‌کانی ١٩٣٠ دامه‌زرابوون، فێری خوێندن ببوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان له په‌یڕه‌وی خۆیدا که مانگی دوازده‌ی ١٩٤٥ واته دوو مانگ پێش دامه‌زرانی کۆمار بڵاوی کردووه‌ته‌وه، ڕاده‌گه‌یه‌نێت که له کوردستان و هه‌روه‌ها له‌و ئوستانانه‌ی دیکه‌ی ئێران که کوردیان تێدایه `به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌بێ له سه‌ر بناغه‌ی دێموکراسی ڕه‌چاو بکرێت` (به‌شی دووهه‌م، بڕگه‌ی چواره‌م). ئه‌م به‌ڵگه‌یه هه‌روه‌ها هه‌ر به‌و زمانه‌ی که له مه‌رامنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک دا هاتووه ڕاده‌گه‌یه‌نێت که `ئامانجی حیزب په‌ره‌ئه‌ستاندنی دیموکراسی و به‌پێی ئه‌وه‌ش خه‌باته بۆ خۆشبژییێتی هه‌موو مرۆڤێک `(بڕگه‌ی پێنجه‌م). یه‌کسانیی نێوان ژن و پیاو تا ڕاده‌یه‌ک به ڕوونی ڕاگه‌یه‌ندراوه: `ژنان ده‌بێ له هه‌موو بوارێکی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییدا مافی به‌رامبه‌ری وه‌کوو پیاوانیان هه‌بێت.`(به‌شی چواره‌م بڕگه‌ی ٢١).[9]
حیزب له ماوه‌ی ژیانی کورت و پڕ له گێژاوه‌ی خوێدا نه‌یتوانی ئه‌و جۆره‌ی که له په‌یڕه‌وی خوێدا به‌ڵێنی دابوو کۆنگره بگرێت. نه‌شیتوانی هیچ چه‌شنه میکانیسمێک بۆ هه‌ڵبژاردن و دیموکراسی پارله‌مانی دابنێت. حیزب ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، به‌ڕێوه‌به‌ریی و دادوه‌ریی هەبوو. سیاسه‌تی به‌رابه‌ریی جنسییه‌که‌شی گرێ درابوو به ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیستی ڕێبه‌رایه‌تیی پیاوانه‌وه و ئه‌و شێوه‌یه‌ی که ڕێبه‌ران و ژنان تێ ده‌کۆشان له چوارچێوه‌ی هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تیی، فه‌رهه‌نگیی و سیاسیی ئه‌و کاته‌دا دا ئاڵوگۆڕ پێک بهبێنن.
حیزبی ژنان
ئه‌گه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی کۆمار زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که واته جووتیارانی له مافه دێموکراتیکه‌کان بێ به‌ش ده‌کرد، نیوه‌که‌ی دیکه‌ی خه‌ڵک، واته ژنان له ژیانی پایته‌ختدا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو گرینگی‌یان پێ درابوو. له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگی `سه‌ربه‌خۆیی کوردستان` له ٢٢ی مانگی یه‌کی ١٩٤٦دا که له چه‌ندین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’دا باس کراوه، ٢٣ که‌س له که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمار وتار پێشکه‌ش ده‌که‌ن. له‌و شازده که‌سه‌ی که قسه ده‌که‌ن دوانیان ژن بوون.[10] وتاربێژانی ژن که هه‌ردووکیان مامۆستای خوێندنگه‌ی کچان بوون، ڕێزیان گرت له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و له سه‌ر پێداویستیی به‌شداری چالاکانه‌ی ژنان له خه‌باتدا پێ داده‌گرن. خه‌جیجه‌ی مه‌جدی یه‌کێک له مامۆستایان گوتی:
ئه‌لئان ئه‌ی خوشکه خۆشه‌ویسته‌کان با ئێمه‌ش چاو له برا خۆشه‌ویسته‌کانمان بکه‌ین و دەستی ئیتیحاد بۆ یه‌کتر درێژ بکه‌ین. چون ده‌بینم دایکی نیشتمان چاوه‌ڕێی کچه‌کانی خۆیه‌تی که ده‌ست به فه‌عالیه‌ت و خوێندین بکه‌ن به‌ڵکوو تا ئێمه‌ش بگه‌ینه برا خۆشه‌ویسته‌کانی خۆمان؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دونیای ئه‌وڕۆ موحتاجی کچ و کوڕه که به خوشک و برایه‌تی ده‌ست بده‌ینه ده‌ستی یه‌ک بۆ ڕزگارکردنی دایکی نیشتمان.[11]
ئه‌م هێڵه سیاسییه که پێشتر له بڵاوکراوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک دا به‌روونی باس کرابوو، په‌یتا په‌یتا له وتارخوێندنه‌وه‌ی ژنان و پیاواندا و له ڕۆژنامه‌کان و له شێعردا ده‌گوترایه‌وه.[12]
نزیکه‌ی دوو هه‌فته پاشتر مامۆستاکانی خوێندنگه‌ی کچان بۆ ده‌ربڕینی شادیی خۆیان له `سه‌ربه‌خۆیی و ناساندنی ڕێبەری کوردستان ` کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ڕێک خست.[13] به‌پێی ڕاپورتی ڕۆژنامه (که پاش پێکهاتنی حیزبی ژنان بڵاوکراوه‌ته‌وه)، `یای پیشه‌وای کوردستان`، ژماره‌یه‌کی زۆر له ژنانی ئه‌ندامی ح.د.ک و خه‌ڵک له هه‌موو چین و توێژه‌کان له‌م کۆڕه‌دا به‌شدار بوون. خانمی یه‌که‌می کوردستان سه‌باره‌ت به «پێشکه‌وتن و رێنوێنی کردنی ژنان» قسه‌ی کرد. دواتر جووتێک گۆشه‌واره‌ی زێڕی پێشکه‌ش کرد به ‘ویلما صیادیان’ بەڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که. ئەم خانمە له قسه‌کانی خۆیدا وه‌بیری هه‌مووانی هێنایه‌وه که ژنان پێویسته له ژنانی بێگانه‌وه فێربن که `له‌و شه‌ڕه گه‌وره‌دا کۆمه‌کی گه‌وره‌ی مێردی خۆیان بوون`. هه‌روه‌ها گوتی:
نابێ هه‌ر چاوه‌نۆڕی پووڵ و لیباس و زێڕ بین له مێردی خۆمان. یایانی [خانمانی] خۆشه‌ویست! منداڵانی خۆتان له چوار دیواری ماڵێ‌دا به‌دبه‌خت مه‌که‌ن و بیاننێرنه مه‌دره‌سه که وه‌کوو پیاو و ژنه نه‌خوێنده‌واره‌کانیان به‌سه‌ر نه‌یه‌ت و بتوانن دیفاع له حقووقی میللی خۆیان بکە‌ن و به تایبه‌تی ژنانی کورد لە ڕیزی ژنانی خارجه‌ی موته‌مه‌دین‌دا ڕاوه‌ستن.
وتاربێژی دواتر به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌ی کچانه بوو که پێی داگرت له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌کردنی ژنان و یه‌کگرتنی ئه‌وان له‌گه‌ڵ پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌که‌یان بتوانێت پێش که‌وێت. سێهه‌مین وتاربێژ عیسمه‌تی قازی ` کچی ڕێبه‌ری کوردستان` بوو که گوتی ئێمه ژنان ده‌بوو چه‌ندین جار جێژنی ڕزگاربوونمان بگرین به چه‌شنێک که `هه‌موو دنیا تێگه‌ییبان که ژنی کوردی له پیاوان ئازادییان پێ خۆشتره`. چواره‌مین وتاربێژ کوبرا عظیمی که مامۆستا بوو، زۆر به توندی ڕه‌خنه‌ی له ژنانی مه‌هاباد گرت:
چونکه ئێمه زۆر له پاشین کارمان گرانتر و کۆڵمان قورس‌تر ده‌بێ. ئه‌مما ده‌بێ بزانین که ئه‌و بار و کۆڵه گرانه چلۆن له‌سه‌ر شانی ئێمه لا ده‌چێ. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و باره سه‌نگینه به قووه‌ی عه‌قڵ و عیلم لا ده‌چێ. ئه‌مما داخه‌که‌م خه‌ڵکی مه‌هاباد وا نازانن. مه‌سه‌له‌ن ئه‌و کچه نه‌وجه‌وانانه‌ی خۆیان به‌دبه‌خت و بێ سه‌واد ده‌که‌ن. ده‌ڵێن ڕۆڵه جووتێ گۆره‌وی بچنه یا کڵاوێ بدروو، یا خه‌یر ده‌ڵێن: `ئه‌من کچی خۆم بۆ مه‌دره‌سه نابه‌م بێ ئه‌ده‌ب ده‌بێ. خانمانی عه‌زیز، ده‌بێ بێ ئه‌ده‌بی ئێمه چ بێ؟ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و فکره‌یان کردووه‌ته‌وه له ڕێگای راستی دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه و لێیان حاڵی نه‌بووه. مه‌سه‌له‌ن من شه‌خسی خۆم زۆر له مه‌جلیسان گوێم لێ بووه هه‌ر وه‌خت که ئێمه ده‌بینن ده‌ڵێن ئه‌وه موعه‌لیمه‌کانن و به‌چاوێکی زۆر که‌م ته‌ماشای ئێمه ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئێمه چاو له زمان و کیتابانی خارجییه‌کان بکه‌ین، زۆرغه‌مگین ده‌بین و ده‌ڵێین خودایا ئێمه‌ش وه‌کوو ئه‌وانه عه‌بدین؟ بۆ ده‌بێ ئه‌لئان له شارێکی وه‌کوو مه‌هاباددا له قیسمه‌تی ژنان‌دا نه جه‌رراحێک، نه حه‌کیم و نه ددانسازێک یا مامانێکی ره‌سمی نه‌بێ؟
وتاربێژ دواتر داوا ده‌کات له ژنان که خۆشحاڵ بن له ڕووخانی دیکتاتۆری ڕه‌زا شا و `له ناردنی کچی خۆیان بۆ مه‌دره‌سه ته‌قسیر نه‌که‌ن` ئه‌و جێگایه‌ی که به زمانی دایکی خۆیان فێری خوێندن ده‌بن. پاشان به‌شداربووان یارمه‌تی ماڵی ده‌ده‌ن به ح.د.ک.[14] ڕۆژنامه نێوی چل و یەک ژنی نووسیوه که پاره و زێڕیان داوه به حیزب. سه‌مه‌ره ئه‌وه‌یه که هه‌موو ئه‌م ژنانه به ناوی مێرده‌کانیانه‌وه ناسێندراون. بۆ نموونه خانمی ئاغای صالح شاطری. هه‌فته‌یه‌ک پێش ئه‌وه، ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕاپۆرتێکی له‌سه‌ر دانیشتنێکی کۆنفرانسی خانمان له مه‌هاباد نووسیوه:
کونفرانسی یایان له ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی کورد و شوڕه‌وی[سۆڤییه‌ت]
ڕۆژی جومعه ١٧/١٢/١٣٢٤ (هه‌شتی مارسی ١٩٤٦) له‌لایه‌ن یای پێشه‌وای کوردستان کونفرانسێک بۆ بیرئاچغ بوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژنانی کوردستان له یانه‌ی فه‌رهه‌نگی کورد و شوڕه‌وی گیرا؛ له‌م کونفرانسه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر له یایه‌کانی [خانمه‌کانی هاوسه‌ری] ئه‌ندامه‌کانی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی و ئاموژگاران [مامۆستایان] و شاگردانی مه‌دره‌سه‌ی کچان و کارگه‌رانی حیزبی دیموکرات و ئیداراتی حکوومه‌تی و توججار و که‌سه‌به، به پێی بانگهێشتنێ که له پێشدا کرابوون، حازربوون. ده‌پێشدا یای پێشه‌وای کوردستان له بابه‌ت ئه‌همییه‌تی خوێندنی ژن و کچ و پێشکه‌وتنی ئیتیحادیه‌ی ژنانی شوڕه‌وی و پێویستی شناسایی ده‌گه‌ڵ وان ئیراد کرد. دوایه عیدده‌یه‌کی زۆر له ئاموژگاران و شاگردان و یایانی دی نطق و خطابه‌یان خوێنده‌وه و کۆنفرانس که له ساتی دووی پاش نیوه‌رۆه گیرابوو، له ساتی پێنج دوایی هات.[15]
هیچ ناوێک له هه‌شتی مارس ڕۆژێ جیهانی ژن که له یه‌کێتی سۆڤییه‌ت به‌رده‌وام به‌ڕێوه چووه، نه‌براوه. هه‌فته‌ی دواتر ڕێکخراوی ژنان پێک هات. ڕاپۆرتێکی کورت له ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا هاتووه:
سازکردنی حیزبی دیموکرات (له‌لایه‌ن ژنانی کوردستان)
ڕۆژی جومعه ٢٤/١٢/١٣٢٤ (١٥ مارسی ١٩٤٦) له لایه‌ن یای پێشه‌وای کوردستانه‌وه له ژماره‌یه‌کی زۆر له یایانی تێگه‌یشتووی کوردستان گێڕدرایه‌وه و له ساتی ٣ی پاش نیوه‌ڕۆ له ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی کۆبوونه‌وه و به سه‌رۆکایه‌تی یای پێشه‌وای کوردستان (مینا خانم…[وشه‌یه‌ک ناخوێندرێته‌وه]) حیزبی دیموکراتی ژنانی کوردستان دامه‌زرا و ژماره‌یه‌کی زۆر له یایان نێونووسیان کرد و مانگانه‌ی ئه‌ندامه‌تیان له تمه‌نێک تا ده تمه‌ن وه‌ئه‌ستۆ گرت.[16]
ناوی ڕیکخراوه‌که له ژماره جۆراوجۆره‌کانی ڕۆژنامه‌که‌دا جیاوازه؛ بۆ نموونه، یه‌کێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان [17] و حیزبی یایان.[18]
ئه‌م ڕێکخراوه باڵی ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. حیزبی ژنان که به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رهه‌می بزووتنه‌وه‌یه‌کی فێمینیستی نه‌بوو، له‌لایه‌ن ڕێکخراوێکی سیاسییه‌وه دامه‌زرا که پیاوان ده‌سه‌ڵاتی زاڵیان به‌سه‌ریدا هه‌بوو. سیمای به‌ڕێوه‌به‌ر `یای مینا` هاوسه‌ری سه‌ره‌ککۆمار بوو.
حیزبی ژنان له ڕواڵه‌تدا رێکخستنێکی شلوشه‌وێڵی هه‌بوو. پاش یای مینا که ڕێبەری ڕێکخراوه‌که بوو، سه‌رۆکی ده گه‌ڕه‌کی مه‌هاباد هەبوون. له ڕاپۆرتێکدا سه‌باره‌ت به داهات و مه‌سره‌فی حیزبی ژنان له سێهه‌مین مانگی به‌هاردا (جۆزه‌ردان)، ناوی ڕێبه‌ران و داهاته‌کانی (مافی ئه‌ندامه‌تی) هه‌موو گه‌ره‌که‌کان نووسراوه:[19]
١- کلثوم سلطانیان هه‌رمه‌نیان ١٣٠٥،٠٠
٢- خورشید شاطری بازار ٢٨٢،٥
٣- خه‌دیجه قاضی چۆمێ ٢٢٧،٥
٤- سه‌ید عایشه شاطری حاجی‌حه‌سه‌ن ٨٢٢،٥
٥- صدیقه وه‌لیزاده خڕێ ٩٣٦،٥
٦- زیبا خانم قوڵه‌قه‌بران ٢٣٠،٠
٧- ئامینه داودی قیبله ٢١٠،٠
٨- زارای مه‌وله‌وی ڕزگه‌یان ٢٠٠،٠
٩- پیروزه موشیری جامیعا ١٢٠،٠
١٠- ماوزه‌ر بله‌زاده یه‌هوودیان ٩٥،٠
تێکڕا ٤٤٢٩،٠
داهاتی دوو مانگی هه‌وه‌ڵی به‌هار ٩٢٩١ قڕان بوو. مه‌سره‌فه‌کان بریتی بوون له کرێ(١٢٠٠ قڕان)، گۆرینی که‌لوپه‌ل و ڕوومێزییه‌کان (٥٢٠٠ قڕان)، مانگانه‌ی دوو مانگی کارمه‌ندێکی ژن (٤٠٠ قڕان)، مانگانه‌ی سێ مانگی کارمه‌ندێکی دیکه (٦٠٠ قڕان)، هاتوچوو و خه‌ڵووز (٨٠ قڕان) و جاڕچی شار (٦٠ قڕان) که سه‌رجه‌م ده‌بێته ٧٥٤٠ قڕان.[20] حیزب سه‌ره‌تا له خوێندنگه‌یه‌کی سه‌ره‌تاییدا نیشته‌جێ ببوو، به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو که گواستیانه‌وه خانوویه‌کی به‌کرێ. له ئاگاداریه‌کی کورت‌دا داوا ده‌کرێت له `یایانی خوێنده‌وار` که هه‌ر که‌س پێی خۆشه بۆ ئه‌م کارانه‌ی خواره‌وه داوای خۆی بنێرێت:’حیسابدار، خه‌زانه‌دار، مونشی و صندووقدار.’[21]
یه‌که‌مین ئامانجی حیزبی ژنان وه‌گه‌رخستنی ژنانی گه‌وره‌ساڵ بوو بۆ پشتگیری له کۆمار و له میلله‌ت. له به‌رئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی ئه‌م ژنانه نه‌خوێنده‌وار بوون، حیزب کلاسی فێرکردنی‌خوێندن و هه‌روه‌ها کۆڕوکۆمه‌ڵی ناڕه‌سمی بۆ ڕێک ده‌خستن. چالاکی دیکه بریتی بوون له کۆکردنه‌وه‌ی یارمه‌تی ماڵیی بۆ ئه‌رته‌شی میللی، به‌شداری له خۆپیشاندانه‌کان، ڕێپێوانه‌کان و نووسین له ڕۆژنامه‌کاندا. یارمه‌تی دان به ئه‌رته‌شی میللی بریتی بوو له چنینی جلوبه‌رگ و گۆره‌وی بۆ پێشمه‌رگه‌کان. ڕێکخراوی ژنان له کۆمار سیمای حکوومه‌تێکی مۆدێڕنی نیشان ده‌دا که لایه‌نگری پێشکه‌وتنی ژنان بوو.
ناسیۆنالیسته‌کان له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که په‌روه‌رده کردن گرینگ‌ترین مه‌رجی ڕزگاری میللیه. به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م زۆرێک له ڕووناکبیرانی هه‌ر دوو جنسه‌که، خوازیاری ئه‌وه بوون که په‌روه‌رده ئاماده بکرێت بۆ ژنان. سەرەڕای ئه‌وه‌ش هێندێک له دایک و باوکه‌کان، له‌وانه دایکانی مه‌هاباد له به‌رامبه‌ر ئه‌و شاڵاوی ناردنی کچان بۆ خوێندنگه‌دا ڕاده‌وه‌ستان. ره‌خنه‌ی کوبرا عه‌زیمی له‌و دایک و باوکانه‌ی که ئاماده نه‌بوون کچه‌کانیان بنێرنه خوێندنگه هه‌ر وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌مان پێ کرد، ململانێیه‌ک نیشان ده‌دا له نێوان ناسیۆنالیسته‌کانی لایه‌نگری به‌شدارییدانی ژنان له ناو میلله‌تدا و ئه‌و بۆچوونه نه‌ریتییه‌ی که تێیدا سازگاری کۆمه‌ڵایه‌تی پێش سه‌رمایه‌داری و په‌یوه‌ندی دوو جنس دووباره دێته‌وه به‌رهه‌م. له ڕاستیدا ڕێبه‌رایه‌تی ته‌واو پیاوانه‌ی کۆمار و به‌تایبه‌ت خودی سه‌ره‌ککۆمار زیاتر له زۆرێک له ژنه‌کان لایه‌نگری په‌ره‌پێدانی فێرکردن بوون له ناو ژنان‌دا. بۆ نموونه به‌رپرسی ح.د.ک. له شنۆ یه‌که‌مین خوێندنگه‌ی کچانه‌ی ئه‌م شاره‌ی کرده‌وه. له ڕاپۆرتێکدا سه‌باره‌ت به‌م خوێندنگه‌یه که له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن کاظمی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که‌وه نووسراوه، هاتووه که ‘پێویسته هه‌موو خه‌ڵکی شار سپاسی ڕێبه‌ری ح.د.ک. بکه‌ن بۆ ئه‌م خزمه‌ته گه‌وره‌یه و به خۆشی و مه‌یله‌وه کچه‌کانیان بنێرن بۆ ئه‌م خوێندنگه‌یه.’[22] جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێت که کوردستانێکی ڕزگارکراو پێویستی به ژنانی په‌روه‌رده‌کراو هه‌یه. ئازادی، ڕزگاری و په‌روه‌ده لێک جیا ناکرێنه‌وه. گه‌وره‌ترین ده ستکه‌وت ئه‌وه‌یه که وه‌کوو پیاو بن. ژنێکی نه‌خوێنده‌وار بارێکه به سه‌ر شانی میلله‌ت و مێرده خوێنده‌واره‌که‌یه‌وه. پیاوێک له وتارێکدا سه‌باره‌ت به ‘حاملاندنی[فێرکردنی] ژنان’ نووسی:
ڕۆژێک له ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگه‌وه بۆ ماڵێ ده‌چوومه‌وه. دیتم ژنێک له به‌رده‌رکی کانگای حیزبی دیموکرات‌دا ڕاوه‌ستاوه. ڕووی تێ کردم و به له‌هجه‌یه‌کی ژنانه که مه‌خسووسی ژنی نه‌خوێنده‌وار و ساده‌ی وڵاتی ئێمه‌یه لێی پرسیم ‘ئه‌رێ براله، ئێره کوێیه؟’ دیتم ئه‌گه‌ر بڵێم کانگای حیزبی دیموکراته، نه له کانگا ده‌گا و نه له حیزب و نه له دیموکرات. ناچار سه‌رم به‌رداوه و له پاش که‌مێک بیرکردنه‌وه گوتم:’ لێره چه‌ن که‌س له گه‌وره گه‌ورانی کوردی که له‌کن یه‌که‌وه خڕده‌بن و له کاروباری نیشتمان بیر ده‌که‌نه‌وه.’
نووسه‌ر پاشان وای لێک ده‌داته‌وه که تا ئه‌وکاته‌ی ژنان خوێنده‌وار نه‌بن و سه‌باره‌ت به مافی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خۆیان وشیار نه‌بنه‌وه، کوردان نابێ پێیان وابێت که هه‌نگاوێکی گه‌وره‌یان له ڕێبازی ئازادی و شارستانییه‌تدا هه‌ڵگرتووه.(میکائیلی ٤: ١٩٤٦)
ئه‌ندامانی حیزب له ڕێگای یارمه‌تی ماڵی و کۆکردنه‌وه‌ی پاره له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌ندام نه‌بوون پشتیوانی‌یان له حکوومه‌ت ده‌کرد. جارێکیان سه‌رۆککۆمار به یای مینای گوت که ‘شاژنی فه‌رانسه ئه‌نگوستیله‌که‌ی خۆی به‌خشی به خه‌ڵکی فه‌ڕانسه. ئه‌ی تۆ بۆ وا ناکه‌یت. من دڵنیام که ئه‌م کاره ژنانی دیکه‌ش هان ده‌دات که یارمه‌تی ماڵی بده‌ن به‌کۆمار.’
ڕێوشوێن دانان بۆ پێکهاته‌ی هاوسه‌ریێتی
ڕێکخستنی حیزبی ژنان وادیاره به‌رچاوترین هه‌نگاوه که له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزبه‌وه بۆ وه‌گه‌ڕخستنی ژنان له پرۆسه‌ی پێکهێنانی میلله‌تدا هه‌ڵگیراوه. هه‌نگاوه‌کانی دیکه به‌ئاراسته‌ی ده‌ست تێوه‌ردان له په‌یوه‌ندییه نه‌ریتییه‌کانی دوو جنسه‌که‌دا هه‌ڵگیراون. یه‌کێک له‌وانه سیاسه‌تی نایاسایی کردن و سزادانی هێندێک له شێوه‌کانی ڕه‌دووکه‌وتنی [ژنان‌وکچان]ه. یه‌ک له‌و بڕیارانه‌ی که په‌یتا په‌یتا له‌لایه‌ن «هه‌یئه‌تی میللی کوردستان»ه‌وه له چه‌ندین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌دا چاپ کرا ئه‌مه‌بوو:
ئاگاداری
ڕه‌دووکه‌وتنی کچان و ژنان قه‌ده‌غه‌یه
له‌سه‌ر قه‌راردادی هه‌یئه‌تی میللی کوردستان هه‌ر پیاوێک به زۆر ژنی به‌مێرد، گوێزرابێته‌وه یا نه‌گوێزرابێته‌وه راکێشێ، ده‌بێ بکوژرێ و ئه‌گه‌ر کچێکیش به زۆر رابکێشێ ده‌بێ ئه‌و پیاوه بکوژرێ. ئه‌مما [ئه‌گه‌ر پیاوه‌که] کچێ خوازبێنی بکا و نه‌یده‌نێ و مانیعی شه‌رعیش نه‌بێ و به‌مێرد نه‌بێ و کچه‌که ڕه‌زای ببێ، جه‌زای نییه. وه‌گه‌رنا له سێ مانگه‌وه تا سێ ساڵ حه‌بس ده‌کرێ. ٢٤ی رێبه‌ندانی ١٣٢٤ (١٣/١/١٩٤٦)
ڕه‌ئیسی هه‌یئه‌تی میللی کوردستان حاجی سه‌ید بابه‌شیخ[23]
ئه‌م بڕیاره له‌گه‌ڵ چه‌ند بڕیارێکی دیکه سه‌ربه‌خۆبوونی کۆمار له سیسته‌می دادوه‌ری ده‌وڵه‌تی ئێران نیشان ده‌دات. ئه‌م یاسایه زۆرتر چاوی له ناوچه عه‌شایری و لادێکانه که تێیدا ڕه‌دووکه‌وتن به‌ڕێوه ده‌چوو. ئه‌م بڕیاره که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینیه‌وه له پایته‌خت ده‌رچووبوو، لە ڕاستییدا درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند/ شار بوو به‌ره‌و ناوچه ناشارییه‌کان که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێبه‌ره فیئۆداڵ – عه‌شیره‌کاندا بوون. هه‌روه‌ها ئه‌م کاره داسه‌پاندنی سه‌ره‌تاکانی ئیسلام بوو بۆ سه‌ر سیسته‌می په‌یوه‌ندی نێوان دوو جنس که له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئاییندا ڕاوه‌ستابوون. زمانی ئه‌م ده‌قه‌ش به ته‌واویی پیاوسالارانه‌یه. له سه‌ردێڕی ئاگادارییه‌که‌دا ژن‌هه‌ڵگرتن که چه‌مکی لایه‌نی پیاوانه بۆ ئه‌م کارەیە به‌کارنه‌هێندراوه. جێگای سه‌رنجیشه که ڕێبەرایه‌تی کۆمار ده‌ست تێوه‌ردانێکی له‌م چه‌شنه‌ی نه‌کرد له سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی زه‌ویوزار له ناوچه لادێ‌نشینه‌کان و له‌و گوندانه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی باو بوو و تێیدا مافی ژنان بۆ مڵکداریی زه‌وی ڕه‌چاو نه‌ده‌کرا. نه‌ریتی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی مافی ژنان بۆ به میرات وه‌رگرتنی زه‌وی کشت‌وکاڵی، ده‌ست درێژییکردن بوو بۆ سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلام که نیوه‌ی به‌شی پیاوانی ده‌به‌خشی به ژنان. به‌ڵام ته‌نانه‌ت نه‌هێشتنی ڕه‌دووکه‌وتنیش به ته‌واویی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو.
محه‌ممه‌د ئه‌مینی مه‌نگوڕی، یه‌کێک له ئه‌ندامانی ئیداره‌ی ئاسایشی کۆمار له لێکدانه‌وه‌یه‌کی زۆر ده‌گمه‌ندا گوتی که دانانی یاسا بۆ ڕه‌دووکه‌وتن دژبه‌ریی کردنه له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی عه‌شیره‌ی بڵباس له ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌هاباد. بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ئه‌مه به کارێکی ‘داپڵوسێنه‌رانه و ناخۆش’ ئه‌ژمێردرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی رێگا نادات به ‘سه‌ربه‌ستی ئه‌وینداریی، ده‌ستبازیی، ئه‌وینداریی کردن، هه‌ڵپه‌ڕکێی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک و ڕه‌دووکه‌وتن. ئه‌مه‌ش گه‌نجه‌کان ده‌کات به وشکه سۆفی و دنیای ئه‌ویندارییان له‌سه‌ر داده‌خات.’ به باوه‌ڕی مه‌نگوڕی، ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر ئاراسته‌ی دانانی یاسای به‌رگری له ڕه‌دووکه‌وتن کرا چونکوو ئه‌م کاره وه‌کوو ئاکارێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه مه‌زه‌نده ده‌کرا. ئه‌گه‌ر ژنێک ڕه‌دوو نه‌که‌وتبایه، ڕێزی بۆ دانه‌ده‌نرا. ئه‌مه بۆ پیاوانیش هه‌ر وابوو. ئه‌گه‌ر پیاوێک ژنێکی ڕه‌دوو نه‌خستبایه پێیان ده‌گوت «تۆ پیاو نیت؛ ئه‌گه‌ر پیاو بایه‌یت ژنێکت ڕه‌دوو ده‌خست.» مه‌نگوڕی ده‌ڵێ که ‘ته‌نها خۆشبه‌ختییه‌ک که مێژوو به کوردانی داوه «دڵداری و عه‌لاقه‌ی جنسییه» و ئه‌وه‌یه که کورده‌کان له چێژ وه‌رگرتن له‌م ئازادییانه‌دا له ئورووپاییه‌کانیش له پێشترن.’ ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت که ئه‌م کاره کارکردێکی ئابووریشی له‌گه‌ڵدایه. مل پێوه‌نانی ڕه‌دووکه‌وتن هه‌رده‌م تێکه‌ڵه له‌گه‌ڵ مه‌ترسی، به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌م کاره ده‌زانن که چۆن ئه‌م ململانێیه کۆتایی پێ بێنن. ژن و پیاوه‌که خۆ ده‌خه‌نه شوێنێک (لای سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک یان ئاغایه‌ک و یان ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی، یان هه‌رکه‌سێکی بێ لایه‌ن و جێگای رێز) و هه‌تا ئه‌وکاته‌ی سازانێک ده‌کرێت، وازیان لێ دێنن؛ عاده‌ت وایه که به باوکی کچه‌که شیربایی ده‌ده‌ن و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش له باری ماڵییه‌وه قازانج ده‌که‌ن.[24]
له ناو ئه‌و چاکسازییانه‌ی که به ده‌ست پێشخه‌ری ڕێبەرایه‌تی به‌رێوه چوو، بڕیارێکی سه‌ره‌ککۆمار بوو سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی خوتبه‌ی نوێژی جومعه بۆ یه‌که‌م جار به زمانی کوردیی. له ناو ئه‌و بابه‌ته جۆراوجۆرانه‌ی که له‌م خوتبانه‌دا به‌رجه‌سته ده‌کرانه‌وه یه‌کیشیان ئه‌وه بوو که: ‘ژنان له ناو کۆمه‌ڵگادا چۆن بن.’ بابه‌ته‌کانی دیکه بریتی بوون له: خه‌بات له دژی خورافات، ڕێزگرتن له یاسا ئایینیه‌کان، ته‌ندروستی و دروست کردنی نه‌خۆشخانه، کارتێکردنی هێمنایه‌تی له گه‌شه‌کردنی نیشتمان و شارستانییه‌تی کۆنی کوردستان.[25]
له ده‌وڵه‌تی خودموختاری ئازه‌ربایجانی دراوسێدا، ژنان بۆ یه‌که‌م جار مافی ده‌نگدانی گشتییان وه‌رگرت. له کۆماری کوردستان هه‌رچه‌ند که باسی ده‌نگدان نه‌هاته ئاراوه، به‌ڵام سه‌ره‌ککۆمار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو که مافی ده‌نگدانی گشتیی بدرێت. له کونفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانییدا له قازی محه‌ممه‌د پرسیار کرا ‘حیزبی دیموکراتی ئازه‌ربایجان مافی ده‌نگدانی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا داوه به‌ژنان، ئایا ئێوه‌ش ئه‌م کاره‌تان کردووه؟’ وه‌ڵامه‌که ئاوا بوو، ‘هه‌ر چه‌ند ئێمه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئازه‌ربایجان به ئه‌رێنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنین به‌ڵام ده‌بێ ئاگادارتان بکه‌مه‌وه که ئێمه نه‌مانتوانیوه ئه‌م سه‌رکه‌وتنه به ده‌ست بێنین’.[26]
پرسی وشیاریی فێمینیستیی
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ کردن، ئاشکرایه که وشیاریی فێمینیستیی هێشتا له ناو ژنانی کۆماری کوردستاندا ده‌رنه‌که‌وتبوو. ژنانی خوێنده‌وار باوه‌ڕیان به په‌روه‌رده‌ی ژنان و یه‌کسانی ڕه‌سمیی هه‌بوو له‌گه‌ڵ پیاوان. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش به شێوه‌یه‌کی لێبڕاوانه له‌گه‌ڵ سیسته‌می په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو جنسه‌که نه‌ده‌که‌وتنه ململانێ. ڕادیکالترین ڕه‌خنه له لایه‌ن کوبرا عەزیمی‌یه‌وه ده‌گیرێت که بوو به هۆی ناڕه‌زایی هێندێک له ژنان. له ڕێگای لاپه‌ره‌کانی ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’ـە‌وه ده‌توانین به‌ڵگه بێنینه‌وه بۆ نه‌بوونی وشیاریی فێمینیستیی لیبراڵ. یه‌کێک له مامۆستایان که ‘ئامۆژگاری بۆ ژنان’ی نووسیبو‌و بۆ وێنه ده‌ڵێت:
هه‌موو ڕۆژێ له پێش رۆێشتنی پیاو بۆ بازار، ده‌بێ ژن له پیاو بپرسێ ‘ئایا هیچ فرمانت نییه؟’ ژنی چاک و ڕاست، تانجی سه‌ری مێردی خۆیه‌تی. کارێکی مێردت پێی خۆش نییه ئه‌تۆش پێت خۆش نه‌بێ و قه‌ره‌ی مه‌که‌وه. تاریفی پیاوی بێگانه مه‌که‌ن ده‌نا مێرد لێتان دردونگ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر زۆریش دڵته‌نگ بوویت دیسان ئه‌گه‌ر پیاو[ه‌که]ت هاته‌وه ڕووی خۆت ترش مه‌که هه‌وڵ بده‌ن خووی مێرده‌کانتان بناسن تا به‌و جوره ده‌گه‌ڵیان ڕه‌فتاربکەن.[27]
زۆربه‌ی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی سه‌باره‌ت به به‌شداریی ژنان له ژیانی میلله‌تدا ده‌یاننووسی، ژنانی ‘وڵاتانی بێگانه’یان (هه‌م ئورووپا و هه‌م یه‌کێتی سۆڤییه‌ت) وه‌کوو مودێلێک ده‌ناساند که ده‌بوو ببنه نموونه‌یه‌ک بۆ چاو لێ کردن. به‌پێی ئه‌م نووسراوانه ژنی بێگانه له بواره‌کانی زانست، ته‌کنولوژی و هونه‌ردا په‌روه‌رده کراون؛ له‌گه‌ڵ پیاوان یه‌کسانن و هه‌ر وه‌ک پیاوان یارمه‌تیده‌ری پێکهاتنی میلله‌تن. جاری وایه ئامۆژگاری حه‌زره‌تی محەمەدیش بۆ په‌روه‌رده‌ی ژنان و پیاوان هه‌ر دووکیان باس کراوه. هه‌روه‌ها یه‌ک له وتاربێژان به ناوی خانمی شاسوڵتانی فه‌تتاحی له وتاره‌که‌ی خۆیدا له‌سه‌ر پشتگیری سه‌ره‌ک کۆمار بۆ په‌روه‌رده‌ی ژنان له‌رێگای ناردنی کچه‌کانیانه‌وه یۆ خوێندنگه پێداده‌گرێت.[28]
بابه‌تی دیکه، تواناییه‌کانی ژن بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته شەڕکه‌رێکی چاک. له وتارێکدا سه‌باره‌ت به ژنانی ئازه‌ربایجانی سۆڤییه‌ت (که له سه‌رچاوه‌کانی سۆڤییه‌ته‌وه وه‌رگیرابوو)، له‌سه‌ر ستانداردی باڵای په‌روه‌رده‌ی ژنان و هه‌روه‌ها یارمه‌تییه‌کانی ئه‌وان له شه‌ڕی نیشتمانی دژی فاشیستییدا جه‌خت کراوە.[29] له وتارێکی دیکه‌دا که سه‌باره‌ت به ‘ئازادی ئایین له ڕووسیه‌ی سۆسیالیستی’دا نووسراوه، له‌سه‌ر ئازاد بوونیی ژنانی سۆڤییه‌ت بۆ کارکردن له ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه و له هه‌موو بواره‌کاندا جه‌خت کراوه. سه‌رنج بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشرێت که ژنانی ڕووس شانبه‌شانی پیاوان کار ده‌که‌ن. نه‌بوونی هه‌ڵاواردن له نێۆان ژنان و پیاوانی بێگانه‌دا هاوتای خۆی له ناو میلله‌تدا ده‌دۆزێته‌وه. ‘بڕواننه بارودۆخی ژنانی عه‌شایری کوردستان ئه‌وکات ده‌زانن که ژنان و پیاوان وێڕای یه‌ک کارده‌که‌ن( له خه‌رمان هه‌ڵگرتن، له تۆ‌و چاندن و له گێره‌کردندا) یارمه‌تی یه‌کتر ده‌ده‌ن، جگه له‌وه‌ش ژنان ئاگایان له منداڵه‌کان و ماڵه‌وه‌ش ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ژنانی ڕووس ده‌یکه‌ن زۆر پر بایه‌خه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان زانیاری‌یان هه‌یه و په‌روه‌رده‌یان دیوه؛ ژنانی ئێمه زۆر هیچ نه‌زانن’.[30]
ئه‌نجام
بابه‌تی لێکدانه‌وه‌که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وتانه ده‌کاته‌وه که لێکۆڵه‌رانی دیکه له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه میللییه‌کان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ڕه‌چاویان کردووه. له کوردستانی ساڵی ١٩٤٦دا بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی له‌چاو بزووتنه‌وه‌ی میللی له پاش بوو. وشیاریی ناسیونالیستی زۆر به‌ربڵاوتر و کۆنتر بوو. له کاتێکدا که ئازادی ژنان، مافی یه‌کسان و به‌شداریی کردن له خه‌باتدا چوبووه ناو ڕۆژه‌ڤی ناسیونالیسته‌کانه‌وه، وشیاربوونه‌وه، له داخوازییه‌کانی پلاتفۆرمێکی فێمینیستیی کاڵی لیبراڵی به‌ولاوه نه‌چوو.
یه‌که‌م ڕێکخراوی ژنانی کورد له ساڵی ١٩١٩دا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی نوخبه‌ی ناسیونالیستی دوورخراو له ئه‌سته‌مووڵ دامه‌زرا. ئه‌م ڕێکخراوەیە‌ش هه‌ر وه‌کوو تاقمه سیاسی و فه‌رهه‌نگییه کوردییه‌کانی دیکه، پاش دامه‌زرانی کۆماری تورکیا که له سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی کورد له ساڵی ١٩٢٥دا هه‌موو چالاکییه‌کی ناسیونالیستی داپڵۆسی، له‌ناو چوو. پێ ده‌چێت که حیزبی ژنان دووهه‌مین ڕێکخراوی ژنانی کورد بێت. یه‌کێک له ئه‌ندامانی ئاریستۆکراتی خاوه‌ن زه‌وی به ناوی حه‌پسه خانم له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی خودموختاری شێخ مه‌حموود له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٢٠دا هه‌ڵسووڕاو بوو. به‌ڵام کاره‌کانی ئه‌و ئاماژه ناکه‌ن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی وشیاریی یان ڕێکخستنی فێمینیستیی. ئه‌و خانمه پشتگیری ده‌کرد له ئامانجی ناسیونالیسته‌کان و به‌شوێن ڕۆژه‌ڤێکدا ده‌چوو که بریتی بوو له گه‌شه‌کردنی ژنان و به‌تایبه‌ت وه‌ده‌ستهێنانی خوێنده‌واری و په‌روه‌ده.
بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی ساڵی ١٩٤٦ ژنانی هان ده‌دا که به‌شدار بن له چالاکی ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا، به‌ڵام سنوورێکی زۆری داده‌نا بۆ هه‌بوونی ئاشکرای ئه‌وان؛ ژنان ته‌نها ئه‌وکاته به‌راورد ده‌کران که بتوانن یارمه‌تی پیاوان بده‌ن بۆ ئامانجی میللی. کۆمار یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی کوردی بوو که خواستی دێموکراتیک و مودێڕن بوونی هه‌بوو. پێکهێنانی حیزبێکی ژنان ئه‌م سیمایه‌ی برده سه‌ره‌وه: ژنان هه‌ر له سه‌ره‌تای حکوومه‌تی خودموختاره‌وه له مه‌یدانه گشتییه‌کاندا دیار بوون. بوونی حیزبی ژنان، ئاماده بوونی ژنانی له ژیانی سیاسیی کۆمار‌دا به شێوه‌یه‌کی فۆرمی راگه‌یاند به‌ڵام له هه‌مان کاتدا پاکانه کردنێک بوو بۆ وه‌لانانی ئه‌وان له ئاسته‌کانی بڕیاردانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. ئه‌م حیزبه وه‌کوو ڕێکخراوی ژنانی ‘ح د ک’ هه‌روه‌ها ره‌سمییه‌تیی دا به جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی حیزب به‌پێی جنس و ئه‌وه‌ی که هه‌رکامه‌یان ڕێکخراوی خۆیان هه‌بوو. ئاشکرایه که ئه‌م دووانه له بارودۆخێکی یه‌کساندا نه‌بوون.
ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’ که هه‌ر دوو ڕۆژ جارێک ده‌رده‌چوو، له‌گه‌ڵ چه‌ندین گۆڤار و دواتریش ئیزگه‌یه‌کی ڕادیۆ، هەموویان نیشانده‌ری سیمای بواری گشتییەک (Public Sphere) بوو که خه‌ریکی پێکهاتن بوو. به‌ڵام له کاتێکدا که نوخبه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ڕادیۆیان له به‌رده‌ستدا بوو، باقی خه‌ڵکی پایته‌خت ده‌یانتوانی گوێڕایه‌ڵی ئه‌و بڵیندگۆیانه بن که له‌سه‌ر چوارڕێانه‌کان دامه‌زرا بوون. هه‌رچۆنێک بێت گرینگه سه‌رنجی ئه‌م خاڵه بدرێت که ته‌واوی بڵاوکراوه‌کان و ئیزگه‌ی ڕادیوکه‌ش هی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بەڕێوه ده‌چوون. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌لومه‌رجه نییه که له ‘بواری گشتیی’ بچێت که تێیدا وێژه‌ران/گوێ‌گران و نووسه‌ران/ خوێنه‌رانی جۆراوجۆر له ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌ربه‌خۆن. سەرەڕای ئه‌وه‌ش، که‌شوهه‌وایه‌ک بۆ باس کردنی چالاکی ژنان و سیاسه‌تی ڕه‌سمی سه‌باره‌ت به دوو جنسه‌که ده‌سته‌به‌ر کرا.
ده‌وڵه‌تی میللی ئازه‌ربایجانی دراوسێ له کۆماری کوردستان رادیکاڵتر بوو. له ئازه‌ربایجان به پێچه‌وانه‌ی کوردستان چاکسازی زه‌ویوزار هه‌رچه‌ند سنوورداریش، به‌رێوه‌چوو و مافی ژنان بۆ به‌شدار بوون له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌کاندا به ڕه‌سمی ناسرا. پایته‌ختی ئازه‌ربایجان واته ته‌ورێز دووهه‌مین شاری گه‌وره‌ی ئێران بوو و تا کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی شاریی له وڵات ده‌ژمێردرا. ئێره هه‌روه‌ها ناوه‌ندی شۆرشی رادیکاڵی مه‌شرووتییه‌تی ئێران له ساڵه‌کانی ١٩١١ – ١٩٠٦ بوو. ‘میرجه‌عفه‌ر پیشه‌وه‌ری’ سه‌رۆکی حیزبی دیموکراتی ئازه‌ربایجان و سه‌رۆک وه‌زیری حکوومه‌تی میللی به یه‌کێک له سیما ناسراوه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کومونیستی وڵات داده‌نرا. هه‌بوونی هێزه‌کانی سۆڤییه‌تیش له ناوچه‌که‌دا فاکته‌رێکی دیکه بوو. بارودۆخی پێشکه‌وتووی ژنان له کۆمه‌ڵگای سۆڤییه‌ت یه‌کێک له‌و بابه‌تانه بوو که په‌یتا په‌یتا له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن چ به گوتن و چ به نووسین ده‌هاتنه گۆڕ. له بڵاوکراوه‌کانی کوردستان و ئازه‌ربایجاندا به‌شداریی ژنانی سۆڤییه‌ت له شه‌ڕی دژی فاشیسمدا به‌رده‌وام وه‌کوو به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ ئازادی ئه‌وان نیشان ده‌درا. گرینگه بزانین که مافی ژنانی فه‌رانسه بۆ به‌شداریی کردن له هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌کاندا ته‌نها له ساڵی ١٩٤٤دا واته دوو ساڵ پێش ئازه‌ربایجان به ڕه‌سمی ناسرا.
نیو سه‌ده پاش پێکهاتنی حیزبی ژنان، وا ده‌رده‌که‌وێت که بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستیی له کوردستان هێشتاش هه‌ر وه‌دوای بزووتنه‌وه‌ی میللی ده‌که‌وێت. سه‌رکوتی توندوتیژی میللی، سێبه‌ری خستووه‌ته سه‌ر سه‌رکوتی جنسی و چینایه‌تی؛ ته‌نانه‌ت جه‌خت کردنی ڕێبەرانی ناسیونالیست له‌سه‌ر خه‌باتی میللی له‌وه‌ش ڕێگر تره؛ ئه‌وان به ئاشکرا پێشترییه‌تی ده‌ده‌ن به خه‌باتی میللی تا به خه‌باتی چینایه‌تی و هه‌روه‌ها یه‌کسانیی دوو جنسه‌که. زۆر له حیزبه ناسیونالیسته‌کان، که‌م بایه‌خ ده‌ده‌ن به پێشترییه‌تی چینه‌کان و جنس و ئه‌م بابه‌تانه ده‌هێڵنه‌وه بۆ داهاتوو. دوو حیزبی سیاسی واته کۆمه‌ڵه (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیسیتی ئێران) و حیزبی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) له خه‌باتی چه‌کداریی و رێکخستنی سیاسیی‌دا مه‌ودایه‌کی زیاتریان به‌خشیوه به ژنان. ده‌وری ژنان له پ‌ک‌ک دا ساڵی ١٩٤٦مان وه‌بیر دێنێته‌وه. له کاتێکدا که ژماره‌یه‌کی زۆری ژنان خۆیان خه‌ریک کردووه به هه‌ڵسووڕانی نانه‌ریتی (وه‌کوو چالاکیی چه‌کداریی له شه‌ڕدا و له ده‌ره‌وه‌ی شه‌ڕیش، ڕۆژنامه‌گه‌ری حیزبی و کاری به کۆمه‌ڵ)، هیچکامیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته پله‌ی باڵای ڕێبەرایه‌تی. هێندێک له حیزبه سیاسیه‌کان، وه‌کوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، ئه‌ویان زیاتر و ئه‌میان که‌متر، له ڕاستییدا پێشیان به گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی ژنان گرتووه. بۆ نموونه پارتی وا نیشان ده‌دات که کۆمه‌ڵگای کوردستان ئیسلامی و نه‌ریتییه وهه‌ر به‌و پێیه‌ش ژنان ده‌بێ فۆرمه نه‌ریتیی و ئایینییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری په‌یڕه‌و بکه‌ن. ئه‌م تاقمه له ناسیونالیسته‌کان به جه‌خت کردن له‌سه‌ر دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگای کوردستان، زیاتر دڵ له‌دوا بوونی خۆیان بۆ پیاوسالاری ده‌رده‌بڕن تاوه‌کوو به‌رژه‌وه‌ندی ژنان له نه‌ریتگرایی.[31]
سه‌رهه‌ڵدانی شارنشینیی، پێک هاتنی چینی ناوه‌ڕاست و چینی کرێکار، گه‌شه‌ی په‌روه‌رده و ده‌رکه‌وتنی دیاسپۆرا Diaspora(کۆمه‌ڵی دوورخراو و کوچکردوو)ی کورده‌کان له ڕۆژئاوا، هه‌موویان یارمه‌تییده‌رن بۆ گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستیی و په‌یوه‌ندیی ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر له‌گه‌ڵ فێمینسمی ڕادیکاڵ و سوسیالیست. ڕه‌خنه گرتن له سیسته‌می پیاوسالاری له‌لایه‌ن ئه‌و فێمینیسته کوردانه‌وه که سه‌ر به هیچ حیزبێک نین، ماوه‌یه‌که ده‌ستی پێ کردووه. نووسه‌رانی کورد، به ژن و پیاوه‌وه توندوتیژی پیاوسالارانه‌یان چ له کوردستان و چ له‌ناو دیاسپۆرادا، خستووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه.
مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنانی کوردستان هه‌روه‌کوو خودی خه‌ڵکی کوردستان سه‌رکوت کراوه. زانیاری له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کان و شکسته‌کانی زۆر که‌مه. ده‌رخستنی ئه‌م مێژووه له گره‌وی پێشکه‌وتنی خودی بزووتنه‌وه‌که‌دایه.
جیاوازییه‌ک له نێوان کوردستان و ڕۆژئاوادا، سه‌رکه‌وتنی ناسیونالیسمه له ‘دیموکراسییه ڕۆژئاواییه‌کان’دا. له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه ناسیونالیسمی ڕۆژئاوایی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی له ده‌ستدایه، میلله‌ت و ده‌وڵه‌تی میللی خۆی پێک هێناوه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ‘میلله‌ت’ ژنانی له ناو سه‌رچاوه‌گه‌لێکی ڕوو له زیادبووندا ده‌رهاویشته ده‌ر. بڕوانه نێلسۆنNelson 1998).) لە هیچ شوێنێک ژنان به شارۆمه‌ندی ته‌واو نه‌ژمێردران و زیاتر له یه‌ک سه‌ده خه‌باتی فێمینیستیی پێویست بوو تا ڕێگایان پێ درا که بتوانن که‌ڵک له مافه‌کانی شارۆمه‌ندێتی خۆیان، وه‌کوو مافی ده‌نگدان وه‌رگرن. ژنان لە ڕاستییدا له ڕێگای خه‌باتی سیاسی ڕێکخراو و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی به‌ربڵاوی تیئۆریک له‌گه‌ڵ پیاوسالارییدا توانیویانه له زۆربه‌ی ‘دیموکراسییه ڕۆژئاواییه‌کاندا’ یه‌کسانیی یاسایی وه‌ده‌ست بهێنن. به‌ڵام نابه‌رابه‌ر بوون ڕیشه‌که‌ی له خودی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارییدایه.
ململانێی نێوان ناسیۆنالیسم و فێمینیسم هه‌ر وا به چاره‌سه‌رنه‌کراویی ماوه‌ته‌وه. دژبه‌ریی له ناو بزووتنه‌وه میللیه‌کان له جیهانی ڕوو له‌گه‌شه‌دا ته‌نانه‌ت به‌رجه‌سته‌تره. ناسیۆنالیسمی تورک و عه‌ره‌ب و ئێرانییش له ساڵه‌کانی پاش شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌مدا ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. تۆماری ئه‌وان له سه‌ر مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی دوو جنسه‌که له هێچ ڕوویه‌که‌وه له هی هاوتا ڕۆژئاواییه‌کانییان باشتر نییه. ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی میللی له کوردستان به پێچه‌وانه گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیی. ئه‌وه‌نده‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌زموونی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆیان له ئێران ساڵی ١٩٤٦ و له عێراق پاش ١٩٩٢، ناسیونالیسمی کوردیی له‌و ڕه‌وته‌ی که له ڕۆژئاواوه ده‌ستی پێ کردبوو، لایان نه‌داوه.
ئه‌م ململانێیه له کوردستان به‌رده‌وام له ڕێگای گفتوگۆ و سازانێکه‌وه که به هۆی دڕنده‌یی قه‌ومکوژیی و جینۆساید به ده‌ستی چوار ده‌وڵه‌تی میللییه‌وه به‌سه‌ر هه‌ر دوولادا ده‌سه‌پێندرێت، یه‌کلا ده‌بێته‌وه. ماوه‌ته‌وه بزانین ئایا فێمینیسته کورده‌کان ڕێگا ده‌ده‌ن به ناسیونالیسم که به‌رده‌وام هه‌ر وه‌کوو پاسه‌وانی پیاوسالاریی بمێنیته‌وه. به‌ڵام زۆر ساویلکه‌ییه ئه‌گه‌ر پێمان وا بێت که ناسیۆنالیسم تاقه کۆسپه له‌سه‌ر ڕێگای ڕزگاری ژنان‌دا. فێمینیسم وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی وشیار بۆ له‌ناوبردنیی پیاوسالاریی، له ناو خۆیه‌وه له‌لایه‌ن هێندێک هه‌ڵوێستی تیۆریکه‌وه که داواکاری سازشکارییه، به‌زێندراوه. ئه‌و بانگه‌وازه‌ی که له ڕۆژئاواوه له‌لایه‌ن فێمینیسته پۆست مۆدێڕنه‌کان و تیۆریسیه‌نه‌کانی سیاسه‌تی پێناسه (هه‌ویه‌ت)ـه‌وه بۆ ‘فێمینیسته خۆجێیه‌کان’ ده‌کرێت، هان دانه بۆ سازان له‌گه‌ڵ پیاوسالاری ئایینی، قه‌ومی و میللی. به‌ڵام سیاسه‌تی ناسیۆنالیستیی کورده‌کان سه باره‌ت به ‘پرسی ژنان’ له‌چاو ئه‌و ڕێوشوێنه‌ی پۆست مۆدێڕنه‌کان دای ده‌نێن، ده‌یان ساڵ له پاشه. (بڕوانه نووسراوه‌که‌ی Klein له‌م کتێبه‌دا) له کاتێکدا که ناسیۆنالیسمی کورد له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتووه که ڕۆڵی پاسه‌وانی پیاوسالاری بگێڕێت، خۆجێیی خوازیی و تیۆرییه‌کانی خۆجێی بوون، بانگهێشتنی فێمینیسم ده‌کات ببێته ده‌سته‌مۆی ناسیۆنالیسم. سه‌ره‌ڕای سه‌رکوتکردنی دڕندانه‌ی میللی که دژ به خه‌ڵکی کورد به‌ڕێوه ده‌چێت، زۆرتر له‌وه ده‌چێت که فێمینیسته کورده‌کان له‌به‌ر خاتری ئایین و میلله‌ت و بێخه‌وشیی قه‌ومی، ناکه‌ونه پاڕانه‌وه له‌به‌رده‌م پیاوسالاریدا.
********************
سه‌رچاوه‌کان
– نه‌ناسراو. (٤-١٩٤٣) «ئاخافتنی برایان‌و خوشکان.»، نیشتمان ٤/٣ ( ١٣٢٢ دیسامبری ١٩٤٣ ژانڤییه ١٩٤٤)٤-٢٣.
– جه‌زا چه‌نگیانی (١٩٩٣) چاوپیکه‌وتنێک له‌گەڵ چوار ئافره‌تی سه‌ر به یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان. خه‌رمانه ١٠-٩: ١٢٢ ؛ ١٢٤
Eagleton Jr William (1963). The Kurdish Republic of 1946. London: Oxford University Press
Edmonds, C.J. (1957). Kurds, Turks and Arabs. London: Oxford University Press
– فرهنگ جغرافیایی ایران (١٩٥١). جلد ٤، تهران چاپخانهٔ ارتش، ١٣٣٠.
– برایم فه‌رشی (١٩٩٥)`کورته‌یه‌ک له سه‌ر شانۆی «دایکی نیشتمان»`. گزینگ ٧:٢٨-٢٣.
– گڕوگاڵی منداڵانی کورد (١٩٤٦) ١(١) (٢١ی مانگی سێ)
– دولت ایران (١٩٦١). وزارت کشور، آمارعمومی، آمار سرشماری منطقه‌ای اولین سرشماری ملی در ایران، آبان ١٣٣٥(مانگی یازده‌ی ١٩٥٦)، جلد ٤٧، منطقه سرشماری مهاباد، ٥- ١٤ : مه ١٩٦١.
– کتاب اسامی دهات کشور (١٩٥٠) جلد ١ استانهای ١،٢،٣ و ٤، تهران وزارت کشور ادارهٔ کل آمار و ثبت احوال، فروردین ١٣٢٩، چاپ دوم: ٢٦.
– محمدامین مه‌نگوری (١٩٥٨). به‌سه‌رهاتی سیاسی کورد له ١٩١٤وە هه‌تا ١٢ی ته‌مووزی ١٩٥٨، به‌رگی یه‌که‌م، ده‌ستنووس. له سوید له‌ژێر سه‌ردێڕی ‘به‌سه‌رهاتی سیاسی کورد له ١٩١٤ەوە هه‌تا ١٩٥٨’. به‌شی یه‌که‌م ١٩٩٩.
– مه‌رامنامه‌ی حیزبی‌دیموکراتی کوردستانی ئێران. گۆڤاری توده ژماره ١٩، پووشپه‌ڕ ١٣٤٩/١٩٧٠ : ١-٣٠.
– رسول میکائیلی (١٩٤٦). ‘په‌روه‌رده‌ی ژنان’ کوردستان ٧٥ (١١ی مانگی هه‌شت):٤
Nelson, Dana (1998). National Manhood: Capitalist Citizenship and the imagined Fraternity of White Men. Durham: Duke University Press.
*****
ژێرنووسەکان:
[1] – ئه‌م به‌شه دووباره نووسینه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌کانی منن له ژێر ئه‌م سه‌ردێڕه‌دا. من له بڵاوکراوه‌کانی ‘کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک’، بڵاوکراوه‌کانی کۆماری کوردستان، ده‌ستنووسه‌کان، وتووێژه‌کان و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ، که‌ڵکم و‌رگرتووه.
[2] – وشه‌ی ‘کۆمار’ له ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’ بڵاوکراوه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا به‌کارهێندراوه و ڕێبەری حیزب و ده‌وڵه‌ت، واته قازی محه‌ممه‌دیش وه‌کوو `سه‌رۆککۆمار` ناسراوه. کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی ده‌رکرد و هه‌مووانی ئاگادارکرده‌وه کاتی ناردنی نامه بۆ قازی محه‌ممه‌د بنووسن `سه‌رۆککۆماری کوردستان`(کوردستان ژماره چواردە، ١٣ی مانگی دووی ١٩٤٦ ل‌٤). به‌ڵام له ژێر فشاری سۆڤییه‌تدا ئه‌م ناوه له‌چوارچێوه ڕه‌سمییه‌کاندا لابرا و به سه‌رۆک‌کۆماریان گوت پێشه‌وا. کورده‌کان هێشتایش هه‌ر پێی ده‌ڵێن کۆمار.
[3] – ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. دیموکراسییه و بۆ به‌خته‌وه‌ریی ژیانی ئینسانه‌کان تێ ده‌کۆشێت.(بڕگه‌ی ٨ی پلاتفۆرمی بڵاوکراوه له نیشتمان ٦؛٦ ١٩٤٢دا ته‌نها سێ بڕگه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی دوورودرێژتر بڵاو کراوه‌ته‌و).
[4] – ده‌قی شانۆنامه‌که نه‌ماوه‌ته‌وه. زۆرترین ڕوونکردنه‌وه له‌لایه‌ن فه‌رشی (١٩٩٥)ـه‌وه دراوه. لێکدانه‌وه‌یه‌کی کورت له کتێبه‌که‌ی Eagleton دا هاتووه (١٩٦٣).
[5] – ئه‌م به‌ڵێنه له مه‌رامنامه‌ی حیزب‌دا دراوه (بڕوانه ژێرنووسی ژماره ٩ له خواره‌وه)؛ هه‌روه‌ها بڕوانە: (٧٠-١؛١٩٦٣ Eagleton)
[6] – کتێبی اسامی دهات کشور(٢٦؛١٩٥٠).
[7] – فرهنگ جغرافیایی ایران (٥١٢؛١٩٥١)
[8] – به‌پێی زانیاری له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه (١٤-٥؛١٩٦١)
[9] – مه‌رامنامه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان (٣٠-١؛١٩٧٠)
[10] – کوردستان (١٩٤٦) ١٠(٦ی مانگی‌دوو): ١،٤.
[11] – کوردستان (١٩٤٦) ١٣(١١ی مانگی‌دوو):١.
[12] – گۆڤاری `گڕووگاڵی منداڵانی کورد`. بۆ نموونه ئه‌م شێعره‌ی بڵاو کردوه‌ته‌وه:
بۆ کچان
ئه‌ی کیژی کورد! تۆیش هه‌روه‌ک برا گه‌وره‌که‌ت فێری خوێندن به
نووری دیده‌م قه‌ت ده‌ست له خوێندن هه‌ڵ مه‌گره.
براکه‌ت پێویستی به یارمه‌تی تۆیه،
ئه‌و زۆر موحتاجی بیری جوانی تۆیه.
کاکت به‌قوربانت بێت خوشکم فێری خوێندن به،
چونکوو ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واره حه‌یوانه (١٩٤٦:٧).
[13] – کوردستان (١٩٤٦) ٢٧ (٢٥ی مانگی سێ):٣-٢.
[14] – کوردستان (١٩٤٦) ٢٩ (٣٠ی مانگی سێ):٤.
[15] – کوردستان (١٩٤٦) ٢٤ (١٣ی مانگی سێ):٧.
[16] – کوردستان (١٩٤٦) ٢٤ (١٣ی مانگی سێ):٣.
[17] – کوردستان (١٩٤٦) ٧٩ (٢٢ی مانگی هه‌شت [ده‌بێ ٢٠ی مانگی هه‌شت، واته ٢٩ی گه‌لاویژ بێت]):٤.
[18] – کوردستان (١٩٤٦) ٨٥ (٥ی مانگی نۆ [ده‌بێ ١٢ی مانگی نۆ واته ٢١ی خه‌رمانان بێت]):١.
[19] – کوردستان (١٩٤٦) ٧٧ (١٥ی مانگی هه‌شت):٤.
[20] – کوردستان (١٩٤٦) ٧٧ (١٥ی مانگی هه‌شت):٤.
[21] – کوردستان (١٩٤٦) ٨٥ (٥ی مانگی نۆ [ده‌بێ ١٢ی مانگی نۆ، واته ٢١ خه‌رمانان بێت]):١.
[22] – کوردستان (١٩٤٦) ٢٤ (١٣ مانگی سێ):٥.
[23] – کوردستان (١٩٤٦) ١٦ (١٨ی مانگی دوو):٤.
[24] – به که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌ستنووسه‌کانی محەمەدئەمین مه‌نگوڕی نووسراوه (٧- ١٩٥٨:١٧٦). نووسه‌ر خۆی له عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ له تایفه‌ی بڵباسه و سه‌باره‌ت به شوێنه‌واری ئه‌م یاسایه له سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که لێکۆڵینه‌وه‌ی ده‌کرد له کاتێکدا که ماوه‌یه‌کی کورت پاش ڕووخانی کۆمار به نهێنی ده‌ژیا. بڕوانه Edmonds(6-225:1957) سه‌باره‌ت به ڕه‌دووکه‌وتنی کچان له ناو بڵباسدا. لێره‌دا سپاسی به‌ڕێز مه‌حموودی مه‌لاعیزه‌ت ده‌که‌م که ئه‌م ده‌ستنووسانه‌ی پێ دام. ئه‌و خۆی ئه‌م ده‌ستنووسانه‌ی له‌سوید بڵاوکردوه‌ته‌وه.
[25] – کوردستان (١٩٤٦) ١٠ (٤ی مانگی دوو):٣.
[26] – کوردستان (١٩٤٦) ٢ (١٣ی مانگی یه‌ک):٤.
[27] – کوردستان (١٩٤٦) ٢٧ (٢٥ی مانگی سێ):٣.
[28] – کوردستان (١٩٤٦) ٢٨ (٢٧ مانگی سێ).
[29] – کوردستان (١٩٤٦) ٧٣ (٤ مانگی هه‌شت):٢.
[30] – کوردستان (١٩٤٦) ٧٢ (٣٠ی مانگی یه‌ک):٤.
[31] – بۆ نیشاندانی نموونه‌یه‌ک له‌م چه‌شنه بیرکردنه‌وەیە، وتووێژێک ده‌گێرینه‌وه که ساڵی ١٩٩٣ له‌گه‌ڵ چوار که‌س له ڕێبەرانی یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان که یه‌کێکه له ڕێکخراوه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق. یه‌کێک له‌م ژنانه کوشتنی به‌ربڵاوی ژنان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ که ته‌نها یه‌ک دوو ژن له سلێمانی کوژڕاون. له وه‌ڵامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به ڕه‌دووکه‌وتنی کچان وه‌کوو رێگایه‌ک بۆ ده‌ربازبوون له هاوسه‌رێتی ڕێکخراو له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه، ژن به ژنه و فرۆشتنی کچان، یه‌کێک له‌و ژنانه ده‌ڵێ ئه‌و دژ به‌و کارانه‌یه چونکوو ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه که ئه‌وانه دژ به نه‌ریتی خه‌ڵکی کوردستانه. یه‌کێکی‌تر له ڕێبەرانی ڕێکخراوی ژنان دژایه‌تی ڕه‌دووکه‌وتن ده‌کات‌و ئه‌ڵێت:
من ناتوانم راسته‌وخۆ بڵێم که ئه‌مکاره (ڕه‌دووکه‌وتن) شتێکی باشه. ئێمه به ڕوونی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ده‌ناسین که تێیدا ده‌ژین. ئێمه چ فه‌رهه‌نگێکمان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئێمه له چوارچێوه‌یه‌کی به‌ریندا باسی مافی ژنان بکه‌ین، خودی کۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌رماندا ڕاده‌وه‌ستێ. ئێمه ده‌بێ هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌که‌ماندا بچێنه پێش. فه‌رهه‌نگی ئیسلامی و کوردیی بوونه‌ته یاسای کۆمه‌ڵایه‌تی؛ ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌م سنووره تێپه‌ر که‌ین، سه‌رناکه‌وین.
ئه‌م چوار ژنه‌ی وتووێژه‌که‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه، ڕیبه‌ری یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان بوون و به سه‌ردان هاتبوون بۆ ئه‌ورووپا به‌مه‌به‌ستی راکێشانی پشتیوانی بۆ چالاکییه‌کانیان. (١٢٢،١٢٤:١٩٩٣ چه‌نگیانی).
