(لە پەراوێزی ‘بەرنامەی بەرنامە’ و ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ‘برایەتی’دا)
له‌ناو ئه‌و به‌رنامانه‌ی که له کاناڵه کوردییه‌کانی ته‌له‌ڤیزیۆندا جاروبار بینیوومه و سه‌رنجی ڕاکێشاوم، «به‌رنامه‌ی به‌رنامه»یه. به‌ڵام که ژماره‌ی 41ی گۆڤاری ‘ڕێوان’ (2003/1/16)م خوێدنه‌وه بۆم ده‌رکه‌وت که به‌رنامه‌کەی سه‌ری ساڵی تازه سه‌باره‌ت به ژنان هه‌ڵوێستێکی سه‌یری وەرگرتووه! بۆ هێنانه‌پێکه‌نینی بینه‌ران به‌رنامه‌ی به‌رنامه سووکایه‌تی به‌و ژنانه کردووه که به ‘بێوه‌ژن’ ناسراون.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی که وتاره‌کانی ڕێوان‌م خوێنده‌وه، به ڕێکه‌وت له ڕۆژنامه‌ی «برایه‌تی» ڕۆژی 2003/1/21 شدا باسێکی سه‌رنجڕاکێشم له‌سه‌ر ژنانی زیندانی خوێنده‌وه. له‌م باسه‌دا ژنانی زیندانی خراونه‌ته به‌ر باس و پێم کارێکی زۆر به‌جێ بوو. پێشتر له ڕاپۆرتێکی ته‌له‌ڤیزیۆنی سویددا (کە خۆم یارمەتییدەری وەرگێڕانی ڤیدیۆکان بووم)، سیمای هێندێک له‌و زیندانیانه‌م بینیبوو، هه‌روه‌ها ده‌مزانی زیندان شوێنێکه بۆ «ڕزگاربوونی» ئه‌و ژن و کچە چارەڕەشانە له ده‌ست کوشتن و ئازاردانی پیاوانی بنه‌ماڵه‌که‌یان.
پێش خوێندنه‌وه‌ی باسه‌که‌ی ‘برایه‌تی’ش هه‌ستم به‌وه‌کرد که نووسینه به‌نرخه‌که‌ی گۆڤاری ‘ڕێوان’ که‌مایه‌سییه‌کی تێدایه به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت بێوه‌ژن. هه‌رچه‌نده به‌ڕێزان ڕووناک فه‌ره‌ج و تریفه عه‌لی هه‌ولیان داوه هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ئه‌م ژنانه بخه‌نه به‌ر باس و به دروست ئه‌ڵێن که «هه‌ندێک له نمایشه هونه‌رییه‌کان له‌پێناو پێکه‌نیندا ئاماده‌ن ڕۆحی زۆرکه‌س بریندار بکه‌ن… له ناو که‌لتووری زاره‌کیماندا چه‌ندین ده‌سته‌واژه هه‌ن که سونبولن بۆ سووتانی ڕۆحی مێینه‌و بڕگه‌یه‌کی هۆنراوه‌که‌ی به‌رنامه‌ی به‌رنامه نموونه‌یه‌کی زیندووی ئه‌و ڕاستیه بوو». سه‌ره‌ڕای ئه‌وه من پێم وایه باسێکی دیکه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی که مێردیان نییه پێویسته.
باسکردن له‌و ژنانه که بوێرانه و به له‌خۆبوردووییه‌وه هه‌موو ئاوات و ئاره‌زووه‌کانی خۆیان له‌بیر ده‌که‌ن، گه‌نجی، جوانی و هه‌موو داخوازییه‌کانی خۆیان ئه‌که‌ن به‌قوربانی منداڵه‌کانیان و له پێناوی پێگه‌یاندنی ئه‌واندا هه‌موو دژوارییه‌ک قبووڵ ده‌که‌ن، هه‌ڵبه‌ت پێویسته و به‌ته‌واوی له‌جێی خۆیه‌تی. ئه‌مه ئه‌و ژنه بێ‌مێردانه‌ش ده‌گرێته‌وه که منداڵیان نییه، به‌ڵام له پێناوی خزمه‌تکردنی که‌سوکاری نه‌خۆش و په‌ککه‌وته‌یان ئاماده‌ی هه‌موو چه‌شنه یارمه‌تییدانێکن. یان ئه‌و ژنانه‌ی که له‌به‌ر ئه‌وین و خۆشه‌ویستی قووڵ به مێرده له‌ده‌ستچووه‌که‌یان، ئاماده نین دڵیان به‌هیچکه‌سێکی دیکه بده‌ن.
به‌ڵام ئه‌م ژنانه خۆیان بۆخۆیان، وه‌کوو مرۆڤی تاکه‌که‌س جێگای ڕێز و حورمه‌تن. واته به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌وه‌ی که مێرده‌کانیان کێ بووه. دیاره هاوسه‌رانی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان و یان ئه‌وانه‌ی که بوونەتە قوربانیی شه‌ڕ، یان فیدای بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌یانن ڕێزی تایبه‌تیان هه‌یه له کۆمه‌ڵگادا. به‌ڵام ئه‌وانیش بۆیان هه‌یه پاش نه‌مانی ئه‌و ئازیزانه ژیانێکی دیکه بۆخۆیان هه‌لبژێرن و کۆمه‌ڵگا ده‌بێت وه‌کوو خۆیان سه‌یریان بکات، نه‌ک ئه‌وه‌ی نێوی مێرده‌کانیان که نه‌ماون دایمه به‌سه‌ریانه‌وه بمێنێته‌وه.
زۆرجار ئه‌و پرسیاره هاتووه‌ته پێش که بۆچی به‌و ژنانه‌ی مێرده‌کانیان شه‌هید کراون ئه‌ڵێن ژنی شه‌هید که‌چی قه‌ت نه‌مبیستووە به‌و پیاوانه‌ی که ژنیان شه‌هید ده‌کرا بڵێن مێردی شه‌هید یان هاوسه‌ری شه‌هید!
هه‌ر به‌م پێیه‌ش بۆ پیاوه‌که زۆر ئاساییه دیسانه‌وه هاوسه‌ر هه‌ڵبژێرێت. به‌ڵام ژن که بیهه‌وێت دیسانه‌وه شووبکاته‌وه، وه‌کوو یاخیبوونێک دێته به‌رچاو. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که به بێده‌نگیش زه‌ماوه‌نده‌که‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت!
هه‌بوونی ژنانی بێ‌مێرد و پیاوانی بێ ژن دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه که له‌به‌ر نه‌مانی هه‌لومه‌رجی پێکه‌وه‌ژیانی هاوسه‌ره‌کان لە هەموو کۆمەڵگاکان دێته پێش. جا ئه‌م هه‌لومه‌رجه له‌وانه‌یه هۆیه‌که‌ی شه‌هیدبوون، مردن، کوژران، بێسه‌روشوێن بوون بێت یان ئه‌وه‌ی هه‌ر جیابوونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی بێت. هه‌رچه‌ن ته‌ڵاقدان زۆر جار جیابوونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاو بۆی هه‌یه هه‌ر به ته‌نها له‌سه‌ر ویستی خۆی ژنه‌که‌ی ته‌ڵاق‌بدات، به‌ڵام ژن ئه‌و مافه‌ی نییه. خۆ ئه‌گه‌ر ژنێکیش خوازیاری جیابوونه‌وه بێت، پێویسته هه‌زار شێر‌و ڕێوی بێنێته‌وه که بۆچی نایهه‌وێت درێژه به‌ژیانی هاوسه‌رێتی بدات.
نووسراوه‌که‌ی ڕێوان باسی ئه‌و ژنانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به باشی کردووه. من دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی ژنانێکی‌تر سه‌رنجیان ڕاکێشام.
یه‌ک له‌و زیندایانه‌ی له ڕاپۆرته‌که‌دا باسی لێوە کراوه و پێشتر له ته‌له‌ڤیزیۆنی سوید پیشان دراوه، ئافره‌تێکی 16 ساڵانه، له‌به‌ر ده‌ستکورتی ناردویانه‌ته ماڵێک بۆ کاره‌که‌ریی. شۆفیری ماڵه‌که ده‌ستدرێژی کردووه‌ته سه‌ری و هه‌ڕه‌شه‌شی لێکردووه نه‌یدرکێنێت. که منداڵیشی لێ بووه ئیتر نه‌یتوانیوه بگه‌ڕێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ماڵی باوکی ده‌یکوژن! تەمەنی منداڵه‌که‌ی ساڵ زیاتره و به ده‌ستی خۆی په‌نای بۆ زیندان بردووه. داخوا براده‌رانی به‌رنامه‌ی به‌رنامه «له‌ترسی ئه‌م بێوه‌ژنه‌ش ده‌چنه کونه‌وه»؟
ژنێکی زیندانی ئه‌ڵێت: «بۆ پاره به‌شوویان دام، بۆ پاره به ته‌ڵاقدانیان دام، دووباره به‌شوویان دامه‌وه، بۆ پاره‌ش مێرده‌که‌میان پێ کوشتم!» داخوا ئه‌م بێۆه‌ژنه‌ش، « خۆی جوان ئه‌کاته‌وه به نرخی تازه»؟
ئه‌ی ئه‌و کچه‌ی وا باوکی ده‌ستدرێژی کردووه‌ته سه‌ری، باوکه‌که له سێداره دراوه و خۆی ئێستا له ترسی مامه‌کانی به تاوانی درکاندنی نهێنیه‌که‌ی له زینداندا خۆی شاردووه‌ته‌وه. ئه‌ی ئه‌وه چۆن «بێوه‌ژنێکه»؟
ژنێکی دیکه ئه‌ڵێت: «کاری له‌شفرۆشیم ده‌کرد، پیاوه‌که‌م فێری ئه‌مه‌ی کردم.» ئه‌مه‌یان دوای زیندان ناوی چیه؟
ئه‌وه‌ی ئه‌م ژنانه‌ی تووشی ئه‌م ڕۆژه ڕه‌شه کردووه باری سیاسی نائاسایی، هه‌ژاری، دواکه‌وتوویی و فه‌رهه‌نگی پیاوسالارانه‌یه که له‌و کوردستانه ئازاده‌دا له زیندان به‌ولاوه‌تر شوێنێکی‌تریان ده‌ست ناکه‌وێت که تێیدا به ئازادی بژین! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه به‌پێی ئه‌و ‘که‌لتووره زاره‌کییه‌ی’که نزم ئه‌ڕوانێته ژنان «جادووگه‌ر و خوێنڕێژن و با بمرن سه‌گ بیانخوا».
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه که به‌ڕاستی وشه‌ی بێوه‌ژن بۆ به‌کار ده‌هێندرێت؟ ئافره‌ت یان ژن بۆ خراپه؟ ئایا مه‌به‌ستمان له هێنانی ئه‌و نێوه چییه؟ جگه له‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه نه‌ک باسی مرۆڤێک و ئینسانێک به‌ڵکوو باسی کاڵایه‌ک ئه‌کرێت که جارێک «کڕدراوه» و به‌کار هێندراوه (به داوای لێبووردنم له‌و خانمانه). هه‌ڵبه‌ت ده‌سته‌واژه‌ی بێوه‌ژن وه‌کوو زۆر شتی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکی ئاساییه‌وه به‌بێ هیچ مه‌به‌ستێکی خراپ یان سووکایه‌تی کردن به‌و ژنانه باس ده‌کرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌بێ بگۆردڕێت. چونکوو سووکایه‌تی کردن به‌م ژنانه لایه‌نێکی دیکه‌ی نزم‌تێڕوانینی ئافرەتانە به‌گشتی. ئه‌م شێوه نزم‌تێڕوانینه به‌داخه‌وه له بواری گۆرانی فۆلکلۆر و نمایشی هونه‌ری و هتد به‌رده‌وامه.
جگه له‌وه زمانی کوردیش پێویسته وه‌کوو هه‌موو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دیکه له بواری یه‌کسانی ژنان و پیاواندا پێشکه‌وتن به‌خۆیه‌وه ببینێت.
له‌کۆتاییدا پێموایه کارگێڕانی به‌رنامه‌ی به‌رنامه قه‌رزداری ژنانی کوردستانن و ده‌بێ داوای لێبوردنیان لێبکه‌ن.
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
ستۆکهۆلم 2003/1/22