کاکەباوە حەقیقەت دەگێڕێتەوە، بەڵام بە سووکایەتیی پێ کردنەوە پێی دەگوترێت “وەحشیی”

Björn Wiman: Kakabaveh säger sanningen men kallas föraktfullt för en ”vilde”

Amineh Kakabaveh talade i riksdagen inför tisdagens misstroendeomröstning. Foto: Roger Turesson

وەرگێڕانی وتاری سەرنووسەری بەشی فەرهەنگیی ڕۆژنامەی داگێنز نیهێتێر – ستۆکهۆلم ٩ی مانگی شەش ٢٠٢٢

کاکەباوە حەقیقەت دەگێڕێتەوە، بەڵام بە سووکایەتیی پێ کردنەوە پێی دەگوترێت “وەحشیی”

وێدەچێت سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەوانان ئەم چەمکی “وەحشیی سیاسی”یەیان زۆر پێ خۆش بێت. ئێستا زۆر باشیش دەکرێت چەمکی “نوێنەری سەربەخۆ” بەکار بهێندرێت، هەرچەند ئەگەر بتهەوێت دژبەرێک کە لەگەڵ بۆچوونی تۆدا نایەتەوە، بە دوژمنی مەترسییداری گەل وێنا بکەیت، بەو ئەندازەیە کاریگەریی نابێت. بیۆرن ڤیمەن (سەرنووسەری فەرهەنگی) وا دەنووسێت.

ڕۆژی سێشەممە نوێنەری بێ حیزب واتە ئامینە کاکەباوە لە کاتی کۆبوونەوە سەبارەت بە دەنگی متمانە ئەستاندنەوە لە مۆرگان یووهانسۆن (وەزیری داد و ناوخۆ)چووە سەر سەکۆی وتاردانی پارلەمان و وتارێکی پێشکەش کرد. ئەو سەبارەت بە ئەزموونی (ژیانی) خۆی گوتی: ئەو کە ساڵی ١٩٩٢ هاتە سوید، لە شاری ڤێستڕۆس پشکنینی پزیشکی بۆ کرا. کاردانەوەی پزیشکەکە سەبارەت بە پشکنینی خوێنی ئامینە زۆر توند بوو. لە خوینەکەیدا پاشماوەی بۆمبارانی کیمیایی سەدام حوسەین لە دژی کوردەکان کە ساڵی ١٩٨٨ لە هەڵەبجە ڕوویدا، دۆزرایەوە. ئامینە کاکەباوە گوتی: “سەرکوت کردنی کوردەکان لە لەشی مندا هەیە. لە خوێن و دەماری مندا لێدەدات.”

پاش ئەو نۆرەی خاتوو ئێببا بووش (سەرۆکی حیزبی ڕاست، دیموکرات مەسیحی) بوو. دەکرا بیر لەوە بکرێتەوە کە بۆ ئەم ڕێبەرەی حیزبی دیموکرات مەسیحی‌یە جوانتر بوو کە بە چەشنێک باسێک لەم ئەزموونە پڕئازارە مرۆڤانەیە بکات. بەڵام، هەروەکوو سەکینە مادۆن سەرنووسەری سیاسی UNT ‘ڕۆژنامەی ئووپسالای نوێ’ ئاماژەی پێ کردبوو، تەنانەت یەک وشەیش لەوبارەیەوە نەدوا. لەباتی ئەوە، ئێببا بووش بە شێوەیەکی تێکەل بەسووکایەتی سەبارەت بە “وەحشیی چەپ” قسەی کرد، بەبێ ئەوەی ئاوڕێک بداتەوە و بە ڕێزەوە ناوی ئامینە کاکەباوە بە زمانی‌دا بگەڕێت.

لەم بارەیەوە بووش تەنها نەبوو. ئولف کریستێرسۆن (سەرۆکی حیزبی بەرەی ڕاست، مۆدێراتەکەن)، جیمی ئۆکێسۆن (سەرۆکی حیزبی دژە بێگانەی دیموکراتەکانی سوید) و هەروەها چەند ڕۆژنامەوان و لێکۆڵەر لەم ڕۆژانەی دواییدا بە شێوەیەکی چێژهێنەر بەم زمانە دواون کە لە بنەڕەتدا نامرۆڤانەیە. ئەم دەربڕینە لەوانەیە دەنگدانەوەیەکی توندتریش پەیدا بکات کاتێک کە باس لە ژنێکی بە ڕەچەلەک کورد، لایەنگری چەپ و بە ئەزموونی شەڕی پێشمەرگانەوە دەکرێت.

چەمکی “وەحشیی” یان “وەحشیی سیاسی” لە سوید لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا بۆ ئەو نوێنەرانەی پارلەمان بەکاردەهێندرا کە سەر بە هیچ حیزبێک نەبوون. بریا ئەم وشەیە لە “ڕۆبینسۆن کڕۆزۆ”، تارمایی ئۆپێرا و بەرهەمە کەم تا زۆر بۆنخۆشەکانی ئەو سەردەمەدا بمایەتەوە. لە کاتی ئێستایشدا دەکرێت چەمکی “نوێنەری سەربەخۆ” بەکار بهێندرێت، هەر چەند ئەم وشەیە – کە بۆ بووش، کریستێرسۆن و ئۆکێسۆن زۆر ئاشنایە –بە ئەندازەی “وەحشیی” کاریگەریی نابێت ئەگەر بتهەوێت دژبەرێکی سیاسی کە لەگەڵ بۆچوونی تۆدا نایەتەوە، بە دوژمنی مەترسییداری گەل وێنا بکەیت.

لەم ڕوانیینە ساکارەوە دەتوانیین دوو دەرەنجام وەربگرین.

یەکەم ئەوەی لە وڵاتێکدا کە لە ژێر دروشمەکانی داواکاریی ئەندامەتی ناتۆدا کۆدەبێتەوە، چەند بە خێرایی چەمکەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن.

دووهەم، ئەو کەسەی کە ئەمڕۆ لە پارلەمانی سوید بە شێوەیەکی  ناسازشکارانە ڕادەوەستێت و سەبارەت بە دیکتاتۆری تورکیا حەقیقەتێک دەگێڕێتەوە، خۆی لە هەلومەرجێکدا دەبینێتەوە کە وەکوو شێتێکی ناشارستانیی، بەڵێ، وەکوو “وەحشیی” وێنا دەکرێت.

ئەمەیە کارتێکردنەکانی میلیتاریسم لەسەر وشیاریی میللەتێک.

بیۆرن ڤیمەن

https://www.dn.se/kultur/bjorn-wiman-kakabaveh-sager-sanningen-men-kallas-foraktfullt-for-en-vilde/

وەرگێڕان لە سویدییەوە،

ئەحمەد ئەسکەندەری