سەبارەت بە ڕۆمانی ئەڵوەن لە نووسینی ئەحلام مەنسوور

ئەڵوەن | ڤەژینبوکس
Ahlam Mansour, Roman Elwen ڕۆمانی ئەڵوەن ئەحلام مەنسوور

کە ڕۆمانی “ئەڵوەن” [دەزگای ئاراس ساڵی ٢٠٠٤] لە نووسینی ژنە نووسەر و شاعیری ئازا و بوێر، ئەحلام مەنسوور Ahlam Mansour م خوێندەوە زۆر کاری تێکردم و بیری فیلمێك و ڕۆمانێکی تر کەوتمەوە. فیلمی گەڕانەوە[Volver]ی پێدرۆ ئالمۆدۆڤار “Pedro Almodóvar” [٢٠٠٦] و هەروەها ڕۆمانی “رواية زينة” نەوال سەعداوی [٢٠٠٩]Zina: The Stolen Novel ‘زینە’ ڕۆمانە دزراوەکە.

“شەفە شەل و سەیدزادە چوونە ماڵی بووک، باوک و برای بووکەیان هێنا . . ئای کە وێنەیەکی سامناک بوو. بەستەزمانەیان لەت و پەت کرد . . . کەسیشیان ئامادە نەبوو بیشۆن و بیبەن بۆ قەبرستان.

نەمزانی ئامە لەو کاتەدا چۆن پەیدا بوو، خۆی لێ هەڵکرد. هەزار جنێوی بە شەفە و سەیدزادە و باوك و برای بووکەدا، بەمەیش نەوەستا، بە هەموو خانەقین . . بەمەلا و شەرع و میری . . نێر و مێ. . کونجەکەی ئامە هەرچەند پچووك و پیس و پۆخڵ بوو، ڕەنگی هەموو دنیای دەدایەوە . . لە بزە و خۆشی و پێکەنینی ڕاستی تا خەونی ئاڵۆز و ئازار و فرمێکسی گەرم. .

‘ئاغا چەکەی؟ من وەك دۆیتدم . . قوندەرەگەد ماچ کەم. . تا مردن گشت مڵاڵەیڵد ئیوەت کەم . . خزمەتتان کەم . . ئاغا ڕەحمەت لە باوگد. . توو خودا توو ئیمام عەباس. . توو خدر زندە.. توو قورعان، توو خاتر حەزرەت فاتمە، . . ئیمام عەلی . . ئاغا نەکەید . . . ئاغا نەژنەفد خۆی کەڕ کرد . . کەس لە فکری نەوی . . لە هەوەسەگەی زیاتر’

مەلیحە هیچ مەبەستێکی نەبوو، ئەگەرچی دەیزانی دایکی مچە لە ماڵی حەسەن ئاغادا بووە و حەسەن ئاغایش قسووریی لێ نەکردووە . .

‘حەسەن ئاغا سەگ باوگ سەد مڵاڵ زیاتر دیرد . . مڵاڵەگانیشی نێزانن کوڕ کین.’ . . ”

چۆمان هەردی شاعیر لە یادی ئەحلام مەنسووردا شێعرێکی داناوە ئەمە بەشێکییەتی

:’ ئەو رۆژە ھات دادە ئەحلام،

تۆ رۆیشتی.

لەپڕێکا بە خۆمان زانی کە درەنگە.

کات نەماوە تا بێین بۆلات،

تا پێکەوە چایەکی تاڵ بخۆینەوە و

تا پێت بڵێین لە منداڵی و گەنجیماندا

چەند دڵمان بە بوونت خۆش بوو.

کاتمان نەما دادە ئەحلام،

درەنگ بەئاگا ھاتینەوە’