ژنان و ناسیونالیسم له کۆماری کوردستانی 1946دا – شەهرزاد موجاب
وه‌کوو پێشه‌کی
کتێبی Women of A Non-state Nation, The Kurds (ژنانی میلله‌تێکی بێ ده‌وڵه‌ت، کورده‌کان) که له لایه‌ن دوکتور ‘شه‌هرزاد موجاب’ەوه ئاماده کراوه، ساڵی ٢٠٠١ له ئه‌مریکا بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئه‌م کتێبه زۆر به‌نرخه، که لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستییانه‌یه سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ژنان له بوواره جۆراوجۆره‌کانی ژیاندا به درێژایی مێژووی کوردستان، بریتییه له پێشه‌کییه‌کی چڕوبڕ و له سێ ته‌وه‌ردا پێشکه‌ش کراوه. پێشه‌کی کتێبه‌که له‌لایه‌ن شه‌هرزاد موجاب خۆیه‌وه نووسراوه و ناوه‌رۆکی هه‌موو باسه‌کانی کتێبه‌که‌مان پێ ده‌ناسێنێت.
سه‌ردێڕی ته‌وه‌ری یه‌که‌می ئه‌م کتێبه “ڕووانگه مێژوویه‌کان”، که پێک هاتووه له سێ به‌ش: “پرسی ژنان له گوتاری ناسیۆنالیسته کورده‌کان له خولی کۆتایی ئیمپراتۆریی عوسمانییدا”، له نووسینی جانێتکلاین (Janet Klein)؛ ” ژنانی کورد له ‘قسطنطنیه’ له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا”، له نووسینی ڕوهات ئاڵاکوم (Rohat Alakom)، ژنان و ناسیۆنالیسم له کۆماری کوردستانی ١٩٤٦دا»، له نووسینی شه‌هرزاد موجاب(Shahrzad Mojab).
ته‌وه‌ری دووهه‌م، له‌ژێر سه‌ردێڕی “ڕووانگه سیاسی و یاساییه‌کان»دا پێک هاتووه له سێ به‌ش: “له عادیلە خانمه‌وه هه‌تا له‌یلا زانا: ژنان وه‌کوو ڕێبه‌رانی سیاسی له مێژووی کوردستاندا”، له نووسینی مارتین ڤان برۆینسۆن(Matin van Bruinsson)؛ “ژنانی کۆچکردووی کورد له ئه‌سته‌مووڵ: کۆمه‌ڵگا و سه‌رچاوه پێویسته‌کان بۆ به‌شداریی سیاسیی ناوچه‌یی بۆ ئه‌و تاقمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که خراوه‌ته په‌راوێزه‌وه”، له نووسینی هایدی ویدێل (Heidi Wedel)؛ “ژنانی کورد و مافی چاره‌ی خۆنووسین: سه‌رنجێکی فێمینیستی بۆ یاسا نێونه‌ته‌وه‌یییه‌کان”، له نووسینی سوزان مهکدانالد (Susan McDonald).
ته‌وه‌ری سێهه‌می کتێبه‌که له‌ژێر سه‌ردێڕی «ڕووانگه کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و زمانناسییه‌کان»دا بریتیه له پێنج به‌ش: «ده‌رمانکه‌ر، نهێنیئامێز یان جادوویی: هه‌ڵبژارده لهشساخییهکانی ژنان له شارێکی کوردستاندا»، له نووسینی ماریا ئووشی (Maria O Shea)؛ «فۆلکلۆر و فانتازیا: ناساندنی ژنان له نه‌ریتی گێڕانه‌وه‌ی کورده‌کاندا»، له نووسینی کریستین ئاڵیسن (Christine Allison)؛ «په‌یکه‌ره‌ی ژنانی کورد له سۆفیگه‌ریی هاوچه‌رخدا»، له نووسینی ئانابێل بوتچێر(Annabelle Böttcher)؛ «سیماکانی ڕۆژهه‌ڵات له ڕۆڵی ژنانی کورد له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا»، له نووسینی میرێللا گالێتی (Mirella Galletti)؛ «(دووباره) به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پیاوسالاریی له زمانی کوردییدا»، له نووسینی ئه‌میر حه‌سه‌نپوور (Amir Hassanpour)
دوکتۆر شه‌هرزاد موجاب پڕۆفیسۆری زانکۆی تورانتۆیه له کانادا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ژنان و لێکۆڵینه‌وه‌ی (جێنده‌ر) جنسیەتیی له زانکۆی تورانتۆ و هه‌روه‌ها سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی کانادایی لێکۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی گه‌وره‌ساڵانه. بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر چالاکییه‌کانی پڕۆفیسۆر موجاب و هه‌روه‌ها بۆ له نزیکه‌وه ئاشنابوون له کار و هه‌ڵسوورانی زانستیی و توێژینه‌وه‌ی ئه‌م خانمه، ده‌توانن سه‌ردانێکی ئەم سایته بکەن له‌سه‌ر ئینته‌رنێت:
https://wgsi.utoronto.ca/person/shahrzad-mojab/
له وه‌رگێڕانی کوردیی ئه‌م ده‌قه‌دا داوام له شه‌هرزاد خانم کرد که ئه‌و به‌شه له نووسراوه‌که‌ی وا ڕاسته‌وخۆ له سه‌رچاوه کوردییه‌کانه‌وه وه‌ری گرتووه، بۆم بنێرێت با من ناچار نه‌بم له ئینگلیزییه‌وه ده‌قێک بکه‌م به کوردیی که خودی ده‌قه‌که کوردیی بووه! ئه‌ویش به خۆشییه‌وه ئه‌م کاره‌ی کرد. ئه‌و به‌شه له نووسراوه‌کانی بۆ ناردم که له «کوردستان» و له «نیشتمان»دا بڵاو کراونه‌ته‌وه. من جگه له گۆڕینی شێوه‌ی نووسین، ده‌قه‌کانم هه‌ر وه‌کوو خۆیان به بێ ده‌ستکاری نووسیوه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕانی فارسی ئه‌م ده‌قه‌م پێشتر بڵاوکردووه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕ: ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری ڕێبه‌ندانی 2004
سەرنجێکی پێویست لەسەر وشەی state
سەرەڕای ئه‌وه‌ی که هه‌ردوو وشه‌ی ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ت عه‌ره‌بین، له زمانی کوردییدا له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک یه‌ک مانا ناکرێنه‌وه. له باشوورstate واته ده‌وڵه‌ت و government واته حکوومه‌ت. له ڕۆژهه‌ڵات پێچه‌وانه‌یه؛ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت واته سه‌رۆکوه‌زیر و سه‌رۆکی حکوومه‌ت واته سه‌رۆککۆمار، یان پادشا. من لێره‌دا له‌باتی state ده‌وڵه‌تم داناوه. وه‌رگێڕ
ژنان و ناسیۆنالیسم له کۆماری کوردستانی ١٩٤٦دا [1]
هه‌رچه‌ند کورده‌کان وه‌کوو گه‌وره‌ترین میلله‌تی بێده‌وڵه‌تی جیهان ناسراون، به‌ڵام مێژوویه‌کی دوورودرێژی ده‌سه‌ڵاتداره‌تییان هه‌یه. یه‌که‌م مێژووی کورده‌کان شه‌ره‌فنامه له ساڵی ١٥٩٧دا له‌لایه‌ن شه‌ره‌فخان ده‌سه‌ڵاتداری به‌هێزی میرنشینی به‌دلیسه‌وه نووسراوه. شه‌ره‌فخان له‌به‌ر ئه‌وه ڕووداوه‌کان ده‌گێرێته‌وه که مێژوونووسه‌کان به‌سه‌رهاتی «میر و حاکمانی کوردستان» و «هه‌لومه‌رجه‌کان» و «هه‌ڵوێسته‌کانی» ئه‌وانیان «له حیجابی سیتر و کیتماندا» شاردرابووه‌وه. (شه‌ره‌فنامه چاپی تاران لاپه‌ره‌ی ٩، ٥٨٦). له‌گوێن ئه‌م سه‌رچاوه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی زۆربه‌رچاو پهسندراوه، به ده‌وڵه‌تبوونی کورده‌کان شێوازی جیاوازی به‌خۆوه گرتووه هه‌ر له ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆوه بگره هه‌تا پاشایه‌تی و هه‌تا میرنشینی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م سیسته‌مه هه‌تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، واته ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که حکوومه‌ته‌کانی عوسمانی و ئێران بۆ ڕووخاندنی دوایین میرنشین له شه‌ش میرنشینه سه‌ره‌کییه‌کان هێزی چه‌کداریان به‌کارهێنا، درێژەی هه‌بوو. خه‌بات بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌رده‌وام ناوه‌رۆکی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستیه‌کانی کورده‌کانی پێکهێناوه. گرینگترینی ئه‌م ئه‌زموونانه که ده‌کرێت له شێوازه‌کانی ده‌وڵه‌تی پێشمۆدێڕن بناسرێته‌وه، کۆماری کۆردستانی ١٩٤٦ـە که له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که ئێستا به‌شێکه له باکووری ڕۆژاوای ئێران، دامه‌زرا. ده‌کرێت ئه‌م ده‌وڵه‌ته نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر ڕواڵه‌تی کۆماری بوونه‌که‌ی و ئه‌وه‌ی که له‌لایه‌ن حیزبێکی سیاسی و کابینه‌یه‌که‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو له شکڵه‌کانی پێشمۆدێڕنی پێشوو بناسرێته‌وه، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها له‌به‌ر سیسته‌می مۆدێڕنی فێرکردن، ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی مۆدێڕن، ئه‌رته‌شی میللی، سیسته‌می باج وه‌رگرتن[مالیات]، سروودی میللی، ئاڵای میللی، زمانی میللی و هه‌روه‌ها وه‌گه‌ڕخستنی ژنانیش له بووارەکانی فێرکردن، فه‌رهه‌نگ و ژیانی سیاسی‌دا.
له هه‌مان کاتدا که هه‌بوونی ژنان له ژیانی په‌روه‌رده و سیاسه‌تی کۆماری کوردستاندا ده‌ستبه‌جێ ئه‌م ده‌وڵه‌ته له هه‌موو شکڵه‌کانی پێشمۆدێڕنی دیکه‌ی کوردی جیاده‌کاته‌وه، ئه‌م به‌شه [له‌م کتێبه] ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌دات که ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا تایبه‌تمه‌ندیی پیاوانه‌یان هه‌یه. له ڕاستیدا خه‌باتی میللی بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌تی، ڕێک هه‌ر وه‌کوو مافه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که پشتگیری له مافی چاره‌ی خۆنووسینی کورده‌کان ده‌که‌ن، سیاسه‌تێکی به‌ته‌واوی پیاوانه‌یه.
ئه‌م به‌شه له خۆتێوه‌ردانی ژنان له بووارەکانی سیاسه‌ت ده‌کۆڵێته‌وه که به‌پێی دابونه‌ریت بواری پیاوانه بوون. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌سه‌ر بناغه‌ی توێژینه‌وه له‌سه‌ر بڵاوکراوه‌کان و به‌ڵگه‌نامه‌کانی ده‌وڵه‌ت و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنان و پیاوانه‌ی که له سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا ژیاون، بەڕێوە چووه. حکوومه‌ت له ماوه‌ی کورتی ژیانی خۆیدا چه‌ندین هه‌نگاوی هه‌ڵگرت به‌ره و به‌شداریدانی ژنان له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییدا. به‌ڵام ژنان نه‌ک وه‌کوو هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و یان سه‌رۆک و کادره هه‌ڵسووڕاوه‌کانی حیزب، به‌ڵکوو بۆ پشتگیری‌کردن له پرسی میللی چوونه ناو بووارەکانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه. ڕێبەرانی پیاوی ئه‌م بزووتنه‌وه میللییه ڕۆڵێکی ‘شیاو’ و ‘شه‌رافه‌تمه‌ندانه’ یان بۆ ئه‌م ژنانه وه‌کوو نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی میلله‌تێکی مۆدێڕن و وه‌کوو «دایکی نیشتمان»ی پهسندراو رهچاوکردبوو.
ناسیۆنالیسمی میلله‌تێکی بێ ده‌وڵه‌ت
پاش ڕووخانی میرنشینه‌کان له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، داخوازی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی به‌رده‌وام له ڕۆژەڤی بنه‌ماڵه له دهسهڵاتکهوتووهکاندا هه‌بوو. حاجی قادری کۆیی (١٨٩٧-١٨١٨) مه‌لا و شاعیر، کۆچی کردبوو بۆ ئه‌سته‌مووڵ و داوای له کورده‌کان ده‌کرد ڕاپه‌ڕن و ده‌وڵه‌تی خۆیان دابمه‌زرێنن. حاجی قادر هه‌روه‌ها هانی کورده‌کانی ده‌دا که زمانی خۆیان به‌کاربێنن، زانستی نائایینی مۆدێڕن وه‌ربگرن، به کچه‌کانیان بخوێنن و له بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤاردا هه‌ڵسووڕاو بن. جگه له‌وه‌ش تاقمێک له ڕووناکبیرانی خوێنده‌واری مه‌دره‌سه مودێڕنه‌کانی ده‌وڵه‌تانی عوسمانی و ئێران، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا خه‌ریکی سه‌رهه‌ڵهێنان بوون. ئه‌م هه‌ڵسووڕاوانه له ئه‌سته‌مووڵی پایته‌خت و باقی شاره ناوه‌ندییه گرینگه‌کان، خه‌ریکی ڕێکخستن و ده‌رکردنی بڵاوکراوه بوون. بزووتنه‌وه‌ی تورکه گه‌نجه‌کان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، هه‌ر وه‌ک بزووتنه‌وه میللی و دیموکراتیکه‌کانی ئورووپا و ئاسیا دنه‌ده‌ری بیری پێکهێنانی میلله‌تێکی مۆدێڕنی کوردی‌و ده‌وڵه‌تی میللی بوون. یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ساڵی ١٨٩٨ دا ده‌رچوو. دوابه‌دوای ئه‌و یه‌که‌م ڕێکخراوی سیاسی له‌ساڵی ١٩٠٨ دا پێک هات. به‌ڵام ڕێبەرایه‌تیی ئه‌م چالاکییانه له ده‌ستی ئاریستۆکراسی خاوه‌ن مڵکدا بوو.
شەڕی جیهانیی یه‌که‌م بووه هۆی ماڵوێرانی زۆر گه‌وره له کوردستان. ده‌وڵه‌تی عوسمانی به دوای جینوسایدی (گه‌لکوژی) ئه‌رمه‌نییه‌کان له ساڵی ١٩١٥ دا چه‌ند سه‌د هه‌زار کوردیشی به‌ره‌و ڕۆژاوای تورکیا دوور خسته‌وه. زۆربه‌ی ئه‌وانه پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه شوێنی نیشته‌جێبوونیان، له‌به‌ین چوون. به‌ڵام ئه‌م ئیمپراتۆرییه له شه‌ڕدا شکستی خوارد و زۆربه‌ی سه‌رزه‌مینه‌کانی له نێوان ده‌سه‌ڵاته ئورووپایییه‌کاندا دابه‌ش کرا. ده‌وڵه‌ته نوێیەکانی سووریا و عێراق له‌لایه‌ن به‌ریتانیا و فه‌رانسه‌وه دامه‌زران و له ئاکامدا کوردستانی عوسمانی له‌نێوان ده‌وڵه‌ته تازه‌کان و هه‌روه‌ها تورکیادا دابه‌ش کرا. سه‌رکه‌وتووه‌کانی شه‌ڕ له په‌یمانی سێڤر (Sèvres)دا ساڵی ١٩٢٠ به‌ڵێنی دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی کوردیان دا. به‌ڵام پێش دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته عوسمانییه‌کان پاش تێکشکان خۆیان کۆکردبووه‌وه و به هێزی دوباره ڕێکخراوه‌وه به‌ده‌ستی مسته‌فا که‌ماڵ، ده‌سه‌ڵاتێکی کارامه‌یان له سه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که له سه‌رزه‌مینی ئیمپراتۆری مابووه‌وه، واته تورکیا ئێستا، دامه‌زراند. له ژێرکارتێکردن و ئاڵوگۆڕ له ترازووی هێزه‌کاندا، په‌یمانی سێڤر جێگای خۆی دا به په‌یمانی لۆزان(Lausanne) که تێیدا ناوێک له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نه‌براوه. ساڵی ١٩٢٣ تورکیا کۆماری راگه‌یاند و ده‌ستبه‌جێ و به زۆر کورده‌کانیان له ناو ئه‌و ڕژیمه ناسیۆنالیست – قه‌ومییه‌ی که خه‌ریکی سهرههڵێنانبوو، تووانده‌وه.
خه‌باتی کورده‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی له ژێر فه‌رمانڕه‌وایەتیی ‘مۆدێڕن’ و چڕکراودا (متمرکز)، پاش شەڕیش هه‌ر به‌رده‌وام بوو. زنجیره‌یه‌ک شۆڕشی گه‌وره که له نێوان ساڵه‌کانی ١٩٢٥ تا ١٩٤٢ له ئێران، تورکیا و عێراق به‌رپا کران، به توندیی سه‌رکوت کران. له عێراقی داگیرکراو و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیادا ده‌وڵه‌تێکی خودموختار به سه‌رۆکایه‌تی شێخ مه‌حموود که ڕێبەرێکی ئایینی و فیئۆداڵێکی خاوه‌ن زه‌وی زۆربوو، له کۆتایی ساڵه‌کانی ١٩١٠ و سه‌ره‌تای ١٩٢٠ دا به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشت. شێخ مه‌حموود به‌رامبه‌ر به‌و سنوورانه‌ی به‌ریتانیایییه‌کان له به‌رده‌میان داده‌نا، ڕاده‌وه‌ستا و خۆی کرد به پادشای کوردستان. به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌که‌ی ئه‌ویش له چه‌شنی میرنشینه‌کانی قه‌دیم و سەرەڕای کابینه و له‌شکرێک که به‌شێکیان خولی په‌روه‌رده‌یان دیبوو، هه‌روه‌ها سەرەڕای هه‌بوونی بڵاوکراوه‌ی ده‌وڵه‌تی، له باری ڕێکخستنه‌وه فیئوداڵی بوو. هیچ حیزبێکی سیاسی له ئارادا نه‌بوو و ده‌سه‌ڵاتیش له ده‌ستی شێخ مه‌حموود و به‌شێکی به‌ربڵاوی ئاغا و به‌گی خاوه‌ن مڵکدا بوو که ئه‌و خۆی داینابوون. له ژیانی جووتیاران و ژناندا که زۆربه‌ی نفووسیان پێک ده‌هێنا، هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک پێک نه‌هات.
دابه‌شبوونی دووباره‌ی کوردستان شوێنه‌واری دژ به‌یه‌کی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی کورده‌کان وه‌کوو میلله‌تێک دانا. له کاتێکدا که فیئۆدالیسم له لادێکانی کوردستان زاڵبوو، کۆمه‌ڵگای کورده‌کان له ئه‌رمه‌نستانی سۆڤیه‌ت له قه‌ره‌باغی ژوور‌و، له ناوچه خودموختاره‌که‌ی خۆیان، خه‌ریکی ئه‌زموونی ئاڵوگۆڕی سوسیالیستی بوون (١٩٢٩- ١٩٢٣). له کاتێکدا که ئێران و تورکیا کورده‌کانیان به توندترین شێوه خستبووه به‌ر زمانکوژی و قه‌ومکوژی، له عێراقی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا و له ژێر چاوه‌دێری کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان به کورده‌کان ئه‌و ئازادییه‌یان دابوو که زمانی خۆیان له په‌روه‌رده و فێرکردن و له بڵاوکراوه‌کانیاندا به‌کار بێنن. هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی کورده‌کان هه‌تا ئه‌م دواییانه‌ش نه‌خوێنده‌وار بوون، کورده‌کانی سۆڤیه‌ت هه‌تا ساڵی ١٩٣٠ هه‌موویان به ته‌واویی خوێنده‌وار بوون. گه‌لی کورد له ساڵی ١٩١٨ـەوە له ژێر ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی سیسته‌می سیاسی جۆراوجۆردا بوون. هه‌ر له ژێرده‌سه‌ڵاتی فه‌رانسه (سووریا ١٩٤٦- ١٩٢٠) و به‌ریتانیاوه (عێراق ١٩٣٢- ١٩٢٠) بگره هه‌تا پاشایه‌تی سێکولار [نائایینی، عیلمانی] (ئێران ١٩٧٩- ١٩٢٥، عێراق ١٩٥٧- ١٩٣٢)، هه‌تا ده‌وڵه‌تی ئایینی (ئێران له‌ساڵی ١٩٧٩ـەوە) هه‌تا ڕژیمه نائایینی و ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌کان (تورکیا له ساڵی ١٩٢٣ـەوە، عێراق له ١٩٦٣ـەوە و سووریا له ١٩٦٣ـەوە).
کاتێک که یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تی خودموختار له چه‌شنی مۆدێڕن واته کۆماری کوردستانی ساڵی ١٩٤٦ له ئێران دامه‌زرا، کۆمه‌ڵگەی کوردستان به گشتیی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی لادێنشین تێکه‌ڵ له‌گه‌ڵ سیسته‌می پێشکه‌وتووی په‌یوه‌ندی فیئۆداڵی و ڕێکخستنی عه‌شیره‌تی هه‌رچه‌ند ڕوو له فه‌وتان به‌ڵام به‌هێز، کۆمه‌ڵگای ناوشاری ڕوو له گه‌شه‌ی به‌رده‌وام هه‌رچه‌ند به ئه‌سپایی، بورژوازی پچووک و بازرگانی و ڕووناکبیرانێکی سێکولار (نائایینی) که خه‌ریکی سه‌رهه‌ڵدان بوون. هیچ شوێنه‌وارێک له گه‌شه‌ی پیشه‌سازیی مۆدێڕن و پرۆلیتاریا جگه له ناوچه په‌راوێزه‌کانی کوردستان له که‌رکووک و کرماشان دیار نه‌بوون. پارچه‌پارچه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ی میللی به‌هۆی سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ته میللییه‌کانه‌وه، پڕۆژەی دامه‌زراندنی میلله‌ت و ده‌وڵه‌تی بۆ بزووتنه‌وه‌ی میللی کورد ئاڵۆزتر کردبوو.
سه‌رهه‌ڵدان و ڕووخانی کۆماری کوردستان
دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردی که له ژێر ئه‌و هه‌لومه‌رجه ژێئۆستراتێژیکهی له سه‌ره‌وه باس کرا، داڕ‌ێژرابوو له‌وه ده‌چوو ده‌ست نه‌دات. به‌ڵام شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م ترازووی هێزه‌کانی له ناوچه‌که‌دا تێک دا و زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری بۆ بزووتنه‌وه‌ی میللی کورد له ئێران پێک هێنا. ڕێک پاش ئه‌وه‌ی که ئه‌ڵمان ساڵی ١٩٤١ هێرشی برده سه‌ر سۆڤیه‌ت، دوو هێزی هاوپه‌یمان واته به‌ریتانیا و سۆڤیه‌ت به‌مه‌به‌ستی پێش‌گرتن له داگیرکردنی ئێران له لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌وه، هێرشیان برده سه‌ر ئه‌م وڵاته که ئه‌و کاته له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاشادا بوو، پشتی به ئه‌ڵمانه‌وه به‌ستبوو. هێزه‌کانی سۆڤیه‌ت له باکووره‌وه ئێرانیان داگیر کرد و به‌ریتانیا باشووریان گرته ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و له نێوانیاندا ناوچه‌یه‌کی بێ لایه‌ن پێکهات.
کورده‌کان له باکوور به‌شێک لەبه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره خێرا بوو به‌هۆی ڕووخانی داموده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره‌کانی حکوومه‌تی ڕه‌زاشا، واته پۆلیس، ئه‌رته‌ش و ژاندارمری له کوردستان، به‌ره‌وپیری ئه‌رته‌شی سوور چوون. له‌گه‌ڵ لاوازبوونی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی، وشیاریی میللی له ناو کورده‌کان و تورکه‌کانی ئازه‌ربایجان ئاشکرا سه‌ری هه‌ڵدا. هێزه داگیرکه‌ره‌کانی سۆڤیه‌ت ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه ببوون که هه‌تا ئه‌و کاته‌ی که شه‌ڕ به‌رده‌وامه و ئه‌وان خاکی ئێرانیان داگیرکردووه، ڕێز بگرن له ته‌واوه‌تیی خاکی ئه‌م وڵاته. له هه‌مانکاتدا ئه‌وان پێیان خۆش بوو هێمنایه‌تی له کوردستان و ئازه‌ربایجان بپارێزن، چونکوو ئه‌و ناوچانه له لایه‌ن به‌ریتانیا و ئه‌مریکاوه به‌کار ده‌هێندران بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تیی مان ونه‌مان به مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕ هه‌ر له ستالینگراده‌وه بگره هه‌تا لێنینگراد. که‌وابوو یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت نه‌یده‌هێشت که بزووتنه‌وه‌ی میللی کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کان هیچ هه‌نگاوێک هه‌ڵگرن به تایبه‌ت له نێوان ساڵه‌کانی ١٩٤١ تا ١٩٤٥. سه‌ره‌ڕای ئه‌و سنووردانانه، ناسیۆنالیسمی کورده‌کان و ئازه‌ربایجانییه‌کان ژیانه‌وه‌یه‌کی به‌خۆوه بینی.
ئه‌مریکا ته‌نانه‌ت پێش کۆتایی پێهاتنی شه‌ڕیش، خه‌ریکی یارمه‌تیدان بوو به شای تازه‌ی ئێران بۆ ته‌یارکردنی ئه‌رته‌ش و ژاندارمری. خه‌ڵک له‌سه‌رانسه‌ری وڵات بۆ دیموکراسی و سه‌ربه‌خۆیی دژ به زاڵبوونی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتری ئیگلیسیییهکان و ئهمریکایییهکان خه‌باتیان ده‌کرد. شیرکه‌ته ئه‌مریکاییه‌کان له حکوومه‌تی ئێران خوازیاری به‌ش بوون له نه‌وتی باکووری ئێران که ده‌که‌وێته نزیک مه‌یدانی نه‌وتی باکوو. یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت ئه‌مه‌ی وه‌کوو پلانێک ده‌بینی که ئه‌مریکا بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌ی چاوه‌دێری به درێژایی سنووره‌کانی له‌گه‌ڵ کۆماره‌کانی سۆڤیه‌ت له که‌ناری ده‌ریای خه‌زه‌ر دایده‌ڕێژێت.
هێزه ڕۆژاوایییه‌کان و به تایبه‌ت ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که شکستی ئه‌ڵمانیان پێ خۆش‌بوو، له هه‌مان کاتیش‌دا له سه‌رکه‌وتنه‌کانی حیزبه کۆمۆنیسته‌کان له وڵاتانی یۆنان، ئالبانی، یۆگوسلاویا، چین و باقی شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهان هه‌ستیان به مه‌ترسی ده‌کرد. به هۆی ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌وه بزووتنه‌وه ڕزگاریبه‌خشه میللی و سوسیالیسته‌کان له ئێران و وڵاتانی دیکه‌ی ئاسیا که‌وتبوونه باروودۆخێکی لەبارترەوە. ده‌سه‌ڵاته ڕۆژاواییه‌کان له هه‌لومه‌رجی ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی ساڵه‌کانی کۆتایی شه‌ڕدا تێ ده‌کۆشان له بزووتنه‌وه دژبه کۆلۆنیالییه‌کاندا، پێش به ته‌قینه‌وه بگرن. ئێران، تورکیا و یۆنان له ڕوانگه‌ی ئه‌مریکاوه وه‌کوو ناوچه‌ی گرینگی ستراتێژیک ده‌ژمێردران بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌کانی له به‌رامبه‌ر یەکیەتیی سۆڤیه‌تدا و بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی بزووتنه‌وه کۆمۆنیستیه‌کانی باڵکان و ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا. ململانێی دیکه‌ی نێوان سۆڤیه‌ت و ده‌سه‌ڵاته ڕۆژاوایییه‌کان، هێندێک کۆن و هێندێکیش نوێ له ئورووپا و ئاسیا، به کۆتایی هاتنی شه‌ڕ له ساڵی ١٩٤٥دا ئاشکرابوون.
له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا یەکیەتیی سۆڤیه‌ت پاش کۆتایی هاتنی شەڕ، ئاماده نه‌بوو هێزه‌کانی له باکووری ئێران بباته ده‌ر. جگه له‌وه‌ش مۆسکۆ ناسیۆنالیسته خودموختاریخوازهکانی له کوردستان و ئازه‌ربایجان هان ده‌دا بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تی خودموختار له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور (قانوونی ئه‌ساسی) ئێران‌دا. «حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان» له دیسامبری ١٩٤٥دا دامه‌زرا و «کۆماری کوردستان» له ٢٢ی مانگی یه‌کی ١٩٤٦دا [دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ و.] له شاری مه‌هاباد ڕاگەیه‌ندرا [2]. هه‌ردوو ڕژیمی خودموختار بوون به مه‌یدانی کێشمه‌کێشی نێوان ڕۆژاوا به ڕێبه‌رایه‌تی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا و پاشایه‌تی ئێران له لایه‌که‌وه و سۆڤیه‌ت و کورده‌کان و ئازه‌ربایجانییه‌کان، له لایه‌کی دیکه‌وه. ئێران به یارمه‌تی ڕۆژاوا پرسی خۆدزینه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له بردنه‌ده‌رێی هێزه‌کانی له وڵات برده به‌رده‌م ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که تازه دامه‌زرابوو. دوا هێزه‌کانی سۆڤیه‌ت له مانگی پێنجی ساڵی ١٩٤٦دا خاکی ئێرانیان به‌جێ هێشت و شه‌ش مانگ پاش ئه‌وه‌ش ئه‌رته‌شی ئێران به ناوی ئه‌وه‌ی که ده‌یهه‌وێت هێمنایه‌تی بپارێزێت، له کاتی بەڕێوهچوونی هه‌ڵبژاردنی پارله‌ماندا که قه‌رار وابوو له‌و نزیکانه‌دا بکرێت، هێرشی برده سه‌ر هه‌ر دوو حکوومه‌ته‌که. سۆڤییه‌ت هه‌ر دوو ڕژیمه خودموختاره‌که‌ی وا لێ کرد که به‌رگریی نه‌که‌ن و له ئاکامدا له دیسامبری ١٩٤٦دا به چالاکیی چه‌کداریی و هه‌روه‌ها به ئێعدام کردنی سه‌دان که‌س له ڕێبەران و به‌شداربووانی بزووتنه‌وه‌که، ئه‌م دوو ڕژیمه ڕووخان.
ژنانی میلله‌ت
کۆماری کوردستان له لایه‌ن حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ـه‌وه دامه‌زرا که خۆی له مانگی هه‌شتی ساڵی ١٩٤٥دا به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حیزبی ناسیۆنالیستی «کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد» که به کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک ده‌ناسرا، دامه‌زرا بوو. ئه‌م ڕێکخراوه‌یه نهێنی بوو و بانگه‌وازی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی ده‌کرد که هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستانی گه‌وره بگرێته‌وه. کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک ڕاگه‌یه‌ندراوی زۆری بڵاو ده‌کرده‌وه و هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی له سه‌ر بابه‌ته سیاسییه‌کان ڕاده‌گه‌یاند. هه‌روه‌ها کاری چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی نهێنیشی ده‌کرد. بۆ نموونه بڵاوکردنه‌وه‌ی شێعری میللی، ڕۆژ ژمێری کوردی و گۆڤارێکی زۆر خۆشه‌ویست به ناوی نیشتمان. زۆرجار کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک وه‌کوو یه‌که‌مین حیزبی کوردی به ڕوانگه‌ی مۆدێڕنه‌وه داده‌نرێت. دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه ئه‌ندامانی پیاوی ورده بۆرژوازی و بۆرژوازی ناوشار بوون. له ڕوانگه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌وه عه‌شیره‌گه‌ری و فیئۆدالیسم یان به واتایه‌کی باشتر خاوه‌ن مڵکه ده‌ره‌به‌گ و عه‌شیره نامیللیهکان کۆسپی سه‌ر رێگای گه‌شه‌کردنی میلله‌تی کورد و بزووتنه‌وه سیاسییه‌که‌ی بوون. ئه‌مان هه‌رچه‌ند داوای ڕیفۆرمی زه‌ویوزاریان نه‌ده‌هێنایه گۆڕ، له هه‌مان کاتدا یه‌که‌مین ڕێکخراوی کوردی بوون که له‌سه‌ر پێداویستیی باشترکردنی باری ژیانی جووتیاران پێیان داده‌گرت.
چوار دوژمنی سه‌ره‌کی ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک بریتی بوون له چوار حکوومه‌تی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا که له کوردستان ده‌سه‌ڵاتدار بوون و مافی میللی کورده‌کانیان پێشێل ده‌کرد. دوژمنه سه‌ره‌کییه‌کانی ناوخۆ بریتی بوون له عه‌شیره‌گه‌ری، نه‌خوێنده‌واری، گه‌شه‌نه‌کردنی ئابووری و پیشه‌سازی. له‌م چوارچێوه‌دا ژنان هه‌ر تاوێ نه تاوێک بانگهێشت ده‌کران بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاواندا ڕێکبکه‌ون و له ڕزگارکردنی دایکی نیشتماندا به‌شدار بن. له شێعرێکدا له ژێر سه‌ردێڕی «ئاخافتنی خوشک و برایان» که له گۆڤاری نیشتماندا (٤-٢٣ ،١٩٤٤- ١٩٤٣) بڵاو کراوه‌ته‌وه، خوشکێک به براکه‌ی ده‌ڵێت که ئیتر نابێت ژێرده‌سته‌یی قبووڵ بکات و لەبەر ئەوەی که هه‌موو گه‌لانی دیکه ڕزگاربوون، ئه‌ویش پێویسته ژیان و ماڵی خۆی بۆ ئامانجی دایکی نیشتمان به‌خت بکات. براکه‌ی ده‌ڵێت:
«دێده»گیان: کچه کوردی ژیکه‌ڵه
داوێنی پاکت دووری له په‌ڵه
«لێنین» هه‌ڵستا زوڵمی «چار» شێوا
تۆ هێشتا حه‌بسی له ژێر چارشێوا
کچی هه‌موو که‌س ئیمڕۆ سه‌ربه‌سته
هه‌ر حه‌قی کچی کورده پێپه‌سته
بپسێنه له پێت تۆ زنجیر و کۆت
«دێده» گیان به یاریی برای خۆت
له ڕێی نیشتمان به هیوای خودا
خه‌ریکی کار بین با خوشک و برا
له‌گوێن «ژاندارک» هه‌سته وه‌ک مه‌ردان
دوژمن وه‌ده‌رنێ له خاکی کوردان!
ئه‌م ناوه‌رۆکه به درێژایی سه‌ده‌یه‌ک له شێعری ناسیۆنالیستی کوردییدا دووباره کراوه‌ته‌وه. ژنی کورد شۆخ و داوێن پاکه، به‌ڵام وه‌کوو پیاوان له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه سته‌می لێ ده‌کرێت. ئه‌و ده‌توانێت به یارمه‌تی پیاوان هه‌ر وه‌کوو ژاندارک دایکی نیشتمان ڕزگاربکات. هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌ی نیشتماندا (٣٠-٢٩ ،١٩٤٤- ١٩٤٣) وتارێکی کورت سه‌باره‌ت به «حه‌یران خانمی دونبلی، ژنی شاعیری کورد» هاتووه. شێعره‌که به زمانی فارسییه و له‌وه ده‌چێت نووسینه‌که‌ی هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه که ده‌سکه‌وته‌کانی ژنانی کورد له مه‌یدانی شێعردا نیشان بدرێت.
دوایین ژماره‌ی نیشتمان (٩-٨-٧- بەهاری ١٩٤٤ ژمارە ١٠) وێنه‌ی دوو ژنی کوردی تێدایه که له تورکیا ئێعدام کراون. شێعره‌کانی ژێر وێنه‌کان نموونه‌ی چۆنییه‌تی ناساندنی سیمای ژنه له‌لایه‌ن ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه.
هه‌رکه‌س جنێو بدا به که‌سێک پێی ده‌ڵێ بڕۆ،
بێ غیره‌تیت، وه‌کوو ژنی، ده‌رپێت ژنانە بێ
کوانێ له گیتیا وه‌کوو ئه‌و دوو کچه کوڕێک،
بۆ نیشتمان له داری سیاسه‌ت نیشانه بێ!
ئه‌و دوو نه‌مامه بوون به فیدای نیشتمانی کورد،
ئه‌ی خۆزگه به‌و کوڕه‌ی وه‌کوو ئه‌و دوو کچانه بێ!
ئه‌م شێعره به‌و ژنانه‌دا هه‌ڵده‌ڵێت که له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا شەڕ ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌موو ژنان ده‌خاته به‌ر توندوتیژیی سیمبولیکی پیاوسالارانه‌وه، خۆیان و ته‌نانه‌ت جله‌کانیشیان وه‌کوو `خوێڕی` له قاو ده‌دات. ژنان و پیاوان هه‌ر له کاتی خه‌باتکردندا بۆ ڕزگاری میلله‌ت ده‌توانن له ئاستێکی یه‌کساندا جێگایان بێته‌وه: به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گەڕێته‌وه سه‌ر ژنه‌کان خۆیان، جنسییه‌تی ژنانه‌یان جیا ناکرێنه‌وه له پڕۆژەی دروستکردنی میلله‌تدا. پاک‌بوونی میلله‌ت و تواناییه‌کانی له داوێن‌پاکی ژنه‌کانیان جیا ناکرێته‌وه. ئه‌گه‌ر قه‌رار وایه که دایکی نیشتمان له زاڵبوونی ده‌ره‌کی پاک بکرێته‌وه، ژنی دڵخوازیش هه‌ر به‌م چه‌شنه ده‌بێت کچێنیه‌که‌ی بمێنێته‌وه و به شێوه‌ی یاسایی داگیر بکرێت.
ئامانجی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک پێک هێنانی یه‌ک میلله‌ت بوو له ڕێگای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکه‌وه بۆ فه‌رمه‌نڕه‌وایی به‌سه‌ر کوردستانی گه‌وره‌دا. جه‌وهه‌ری ئه‌م ده‌وڵه‌ته ڕوون نه‌کرابووه‌وه، هه‌رچه‌ند که ڕێکخستنی ’دیموکراسی’ وه‌کوو بڕگه‌یه‌کی مهرامنامهکهیان ڕاگەیه‌ندرا بوو.[3] هەرچۆنێک بێت، سه‌رقاڵیی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک ڕێک وه‌کوو بزووتنه‌وه میللیه‌کانی دیکه، ته‌نها یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی دیموکراسی واته سه‌ربه‌خۆبوون له ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌کی بوو. کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک له پێداویستییه‌کانی دیکه‌ی ژیانی دیموکراتیک واته یه‌کسانی ژن و پیاو، پشتگیری سه‌رزاره‌کی ده‌کرد و بیری له نه‌هێشتنی په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌به‌گایه‌تی نه‌ده‌کرده‌وه. ژنان مڵک و دایکی داوێن‌پاکی میلله‌ت بوون.
کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک جگه له پڕوپاگه‌نده له ڕێگای ده‌زگای چاپه‌مه‌نی و شێعره‌وه، به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه که‌ڵکی له شانۆگه‌ری وه‌رده‌گرت بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئامانجی میللی. یه‌که‌مین به‌ڕێوه‌بردنی شانۆ له بەشی باکووری کوردستانی ئێران که له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه نووسرا و چووه سه‌رشانۆ، «دایکی نیشتمان» بوو. له‌م شانۆیه‌دا دایکی نیشتمان له زنجیردایه، جلی ڕه‌شی له‌به‌ردایه و قژه‌کانی سپی بووه و له‌به‌ر داماویی داوا ده‌کات له «کوڕه‌کانی» که له ژێر کۆتوبه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی، تورک و عێراقی ڕزگاری بکه‌ن. له‌م په‌رده‌یه‌دا فرمێسک له چاوی بینه‌ران دێته خوار. له په‌رده‌ی دواتردا کوڕه‌کانی دایکی نیشتمان وه‌ڵامی ئه‌م داخوازییه ده‌ده‌نه‌وه، چه‌ک هه‌ڵده‌گرن و داگیرکه‌ران ڕاو ده‌نێن و ئه‌ویش ڕزگار ده‌که‌ن. دوایین په‌رده‌ی شانۆکه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی دایکی نیشتمانه – دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. پێنج به‌شی شانۆکه و پشووه‌کان به شێعری حاجی قادری کۆیی وسروودی میللی ڕازابوونه‌وه. ئه‌م شانۆیه که په‌یتا په‌یتا له ساڵۆنی پڕله بینه‌ردا له مه‌هاباد و شاره‌کانی دیکه نیشان ده‌درا، کاریگه‌رییه‌کی قووڵی هه‌بوو. ئه‌م شانۆیه وه‌کوو یه‌کێک له ساته شکۆمه‌نده‌کان له بیری خه‌ڵکی ناوچه‌که‌دا ماوه‌ته‌وه. جێگای سه‌رسووڕمان نییه، کۆمه‌ڵه که به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌م شانۆیه بوو، نه هه‌وڵی ده‌دا و نه ده‌شیتوانی شانۆگه‌رێکی ژن بۆ گێڕانی ڕۆڵی دایکی نیشتمان بدۆزێته‌وه. ته‌نانه‌ت به‌شێک له پیاوانی گه‌نجی شانۆگه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر له‌لایه‌ن باوکه ساماندارهکانیانهوه تووشی کۆسپ ده‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به چاوی سووکه‌وه سه‌یری شانۆیان ده‌کرد، ئه‌م چه‌شنه شانۆگه‌رییه‌یان بۆ چینه‌کانی خواره‌وه داده‌نا و لایان وابوو ئه‌م شتانه لەگه‌ڵ شه‌رافه‌ت و متمانه‌ی چینایه‌تی ئه‌واندا نایه‌ته‌وە.[4]
پێکه‌وه‌نانی میلله‌ت له کۆماری کوردستاندا
کۆمار، که یه‌که‌مین ئه‌زموونی دامه‌زراندنی حکوومه‌تی خودموختار له چه‌شنی مۆدێڕن بوو، به کرده‌وه له ده‌وڵه‌تی ئێران سه‌ربه‌خۆ بوو. دامه‌زرێنه‌ری کۆمار، نه‌ک سه‌رۆکایه‌تییه‌کی عه‌شیره‌تی و ده‌ره‌به‌گانه، به‌ڵکوو ڕێبەری حیزبێکی نوێ بوو له چه‌شنی ڕێکخراوی ئاڵوگۆڕپێکراوی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ئاڵوگۆڕی سه‌ره‌کی له کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک دا لابردنی خواستی پێکهێنانی کوردستانی گه‌وره بوو. ئه‌مه‌ش زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌بوونی سۆڤیه‌ت له ناوچه‌که‌دا که حکوومه‌ته‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستانی ده‌سته‌به‌ر کردبوو ته‌واوه‌تیی خاکی ده‌وڵه‌تی ئێران بپارێزن.
له باری خهڵکناسییهوه [دێمۆگرافی] شاری پایته‌خت واته مه‌هاباد، که‌وتبووه ژێر سێبه‌ری ناوچه لادێنشینه‌کان که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گه خاوه‌ن زه‌وییه‌کاندا بوون. ح د ک به کرده‌وه بۆ له‌ناوبردن و یان لانی که‌م چاکسازی په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌به‌گایه‌تیی زه‌ویوزار، که جووتیارانی کردبووه کۆیله‌ی زه‌وی، هیچی نه‌کرد. ئاکامه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتن له نه‌هێشتنی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌به‌گایه‌تییدا، کاره‌ساتئامێز بوون. له باری سیاسییه‌وه زۆربه‌ی خه‌ڵک له ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و دهرهبهگهکاندا بوون. هه‌ر بۆیه جووتیاران شارۆمه‌ندانی(citizen) کۆمار، به مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ دانیشتووانی شاری پایته‌ختدا نه‌بوون. سەرەڕای ئه‌وه‌ش سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گه‌کان له داموده‌زگا له‌شکری و مه‌ده‌نییه‌کاندا بوونه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی گرینگ. هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی ئه‌مانه له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ڕه‌زا شاوه (١٩٤١- ١٩٢٥) تووشی گوشاری زۆر ببوون، به‌ڵام به بێ مه‌یلییه‌وه چووبوونه پاڵ کۆمار و چاوه‌ڕوانی ڕووخانی کۆمار و گه‌ڕانه‌وه‌ی حکوومه‌تی ناوه‌ندیی بوون. ئه‌وان له هه‌بوونی سۆڤیه‌ت، هه‌ڕه‌شه‌ی کۆمۆنیسم و سه‌ربه‌رزکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی کوردی ناو شاره‌کان و ده‌ست تێوه‌ردانه ناو کاروباره‌کانیان ده‌ترسان. ناسیۆنالیسته‌کانی ناوشار هه‌رچه‌ند خوازیاری نه‌مانی عه‌شیره‌گه‌ری و ده‌ره‌به‌گایه‌تی نه‌بوون، ڕه‌خنه‌یان هه‌بوو له هه‌لومه‌رجی سته‌مکارانه‌ی لادێکان و دڵگرانی خه‌یانه‌تی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان بوون به بزووتنه‌وه‌ی میللی.
کۆمار ئه‌و سیسته‌مه ئیدارییه‌ی پێ گه‌یشتبوو که له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئێرانه‌وه له شاری مه‌هاباد و له ناوچه‌که دامه‌زرابوو. حیزب، بوورۆکراسی ئیداری کورداندبوو، له کاتێکدا که ئه‌رته‌ش و ژاندارمری چه‌ک کرابوون و له‌باتی ئه‌وانه `ئه‌رته‌شی میللی` دانرابوو که به زۆری له ژێر فه‌رمانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره کوردانه‌دا بوون که له ناو هێزه چه‌کداره‌کانی ئێران و عێراقه‌وه ڕایانکردبوو. کابینه و شورایه‌ک پێکهاتبوو، دامه‌زراوی فه‌رهه‌نگی وه‌کوو کتێبخانه، ئیزگه‌یه‌کی ڕادیۆ، سینه‌ما، چاپخانه و ڕۆژنامه به‌رپا کران. حیزب به پێکهێنانی به‌شی لاوان و ڕێکخراوێکی ژنان، په‌ره‌ی دا به چالاکییه‌کانی خۆی. به مه‌به‌ستی باشترکردنی بارودۆخی دوکانداره پچووک و دهستتهنگهکان، چه‌ند هه‌نگاوێک هه‌ڵگیرا. به‌ڵام سەرەڕای به‌ڵێنی خۆ تێوه‌ردان له په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و زه‌ویوزار به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژەوەندی هه‌ر دوولا، واته خاوهنمڵکهکان و جووتیاران، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه هه‌ر وه‌کوو خۆیان مانه‌وه.[5]
دایکی میلله‌ت
خاکی کۆمار هه‌ر به‌شه‌کانی باکووری کوردستانی ئێرانی ده‌گرته‌وه. دانیشتووانی پایته‌خته‌که‌ی واته شاری مه‌هاباد نزیکه‌ی ١٦٠٠٠ که‌س بوون و گرینگ‌ترین شاره‌کانی بۆکان، نه‌غه‌ده و شنۆ بوون. به پێی ئاماری حکوومه‌ت دانیشتووانی مه‌هاباد له کۆتایی ساڵی ١٩٤٨دا نزیکه‌ی ١٦٤٥٥ که‌س بوون که ٨١٨٩ که‌سیان ژنان و ٨٢٦٦ که‌سیان، پیاوانیان پێک ده‌هێنا.[6] ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م شاره که ساڵی ١٩٥١ له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شی ئێرانه‌وه ڕاگەیه‌ندراوه، ١٥٩٧١ که‌س بوون.[7] هه‌ر هه‌مان سه‌رچاوه دانیشتووانی بۆکان به ٣٠٧٤ که‌س و هی شنۆ ٢٢١٢ که‌س داده‌نێت.
له نه‌بوونی زانیاری سه‌باره‌ت به سه‌رژمێری ئه‌و سه‌رده‌مه، زه‌حمه‌ته له‌سه‌ر باری ژیانی ژنان بکرێت به دڵنیایییه‌وه ئاگاداری بدرێت. یه‌که‌مین سه‌رژمێری گشتی له ئێران که له مانگی یازده‌ی ساڵی ١٩٥٦، واته ڕێک دە ساڵ پاش ڕووخانی کۆمار به‌ڕێوه چووه، ئامارێکی زیندوومان له سه‌ر شاری مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ده‌خاته به‌رده‌ست (سرشماری منطقه مهاباد).
سەرەڕای تێپه‌ڕبوونی ده ساڵ، سیمای ڕوو به ده‌ره‌وه‌ی مه‌هاباد ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاوی به خۆوه نه‌دیوه. ژماره‌ی دانیشتووانی شار گه‌یشتووه‌ته ٢٠٣٢٢ که‌س. به‌پێی ئه‌م زانیارییانه، ده ساڵ پاش کۆمار ته‌نها ١٠٪ی ئه‌و ژنانه‌ی که ته‌مه‌نیان له ده ساڵ زیاتره خوێنده‌وارن، واته ‘ده‌توانن بنووسن و بخوێنن’. به که‌ڵکوه‌رگرتن له زانیاریییه‌کانی ئه‌م سه‌رژمێرییه، ده‌کرێت بڕوانینه ناوه‌رۆکی ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واریی ژنانی گه‌وره ساڵ (١٥ساڵ و گه‌وره‌تر) له ساڵی ١٩٤٦دا. بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی له سه‌رژمێری ساڵی ١٩٥٦دا ته‌مه‌نیان له نێوان ٢٥ تا ٣٤ ساڵدا بووه، ساڵی ١٩٤٦ له نێوان ١٥ تا ٢٤ ساڵ بوون. هیچ له‌وه ناچێت که کارامه‌یی خوێندنی ئه‌م ده‌سته له ژنان له ماوه‌ی ده ساڵدا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتبێت. له ساڵی ١٩٥٦دا ته‌نها ٦،٤٪ی ژنان و کچان (٨٥ که‌س له ١٣٢١ که‌س) له نێوان ته‌مه‌نی ٢٥ تا ٣٤ ساڵ خوێنده‌وار بوون. ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واریی له ساڵی ١٩٥٦دا بۆ ته‌مه‌نی نێوان ٣٥ تا ٤٤ ساڵ به توندی گه‌یشتووه‌ته ٣،٧٪ (٢٧ که‌س له ٧٣٨ که‌س) و به ٠،٨٪(٦ که‌س له ٧٦٥ که‌س) بۆ که‌سانی نێوان ته‌مه‌نی ٤٥ تا ٥٤ ده‌که‌وێته خواره‌وه.[8] ئه‌م ژمارانه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واریی بۆ گه‌وره‌ساڵانی ژن (١٥ ساڵ و گه‌وره‌تر) له ساڵی ١٩٤٦دا زیاتر له ٤٪ نه‌بووه. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌کانی دیکه ده‌ری ده‌خه‌ن که زۆربه‌ی خوێنده‌واران له‌و خوێندنگا مۆدێڕنانه‌ی که پاش ساڵه‌کانی ١٩٣٠ دامه‌زرابوون، فێری خوێندن ببوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان له په‌یڕه‌وی خۆیدا که مانگی دوازده‌ی ١٩٤٥ واته دوو مانگ پێش دامه‌زرانی کۆمار بڵاوی کردووه‌ته‌وه، ڕاده‌گه‌یه‌نێت که له کوردستان و هه‌روه‌ها له‌و ئوستانانه‌ی دیکه‌ی ئێران که کوردیان تێدایه، ‘بهرژەوهندییهکانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌بێ له سه‌ر بناغه‌ی دیموکراسی ڕه‌چاو بکرێت’ (به‌شی دووهه‌م، بڕگه‌ی چواره‌م). ئه‌م به‌ڵگه‌یه هه‌روه‌ها هه‌ر به‌و زمانه‌ی که له مه‌رامنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک دا هاتووه، ڕاده‌گه‌یه‌نێت که `ئامانجی حیزب په‌ره‌ئه‌ستاندنی دیموکراسی و به‌پێی ئه‌وه‌ش خه‌باته بۆ خۆشبژیێتی هه‌موو مرۆڤێک `(بڕگه‌ی پێنجه‌م). یه‌کسانیی نێوان ژن و پیاو تا ڕاده‌یه‌ک به ڕوونی ڕاگه‌یه‌ندراوه: ‘ژنان ده‌بێ له هه‌موو بوارێکی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییدا مافی به‌رامبه‌ری وه‌کوو پیاوانیان هه‌بێت.'(به‌شی چواره‌م بڕگه‌ی ٢١).[9]
حیزب له ماوه‌ی ژیانی کورت و پڕ له گێژاوه‌ی خۆیدا نه‌یتوانی ئه‌و جۆره‌ی که له په‌یڕه‌وی خۆیدا به‌ڵێنی دابوو کۆنگره بگرێت. نه‌شیتوانی هیچ چه‌شنه میکانیسمێک بۆ هه‌ڵبژاردن و دیموکراسی پارله‌مانی دابنێت. حیزب ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، به‌ڕێوه‌به‌ریی و دادوه‌ریی هەبوو. به‌رابه‌ریی جنسییهکهشی گرێ درابوو به ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیستیی ڕێبه‌رایه‌تیی پیاوانه‌وه و ئه‌و سیاسه‌تی شێوه‌یه‌ی که ڕێبه‌ران و ژنان تێ ده‌کۆشان له چوارچێوه‌ی هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و سیاسی ئه‌و کاته‌دا ئاڵوگۆڕ پێک بهێنن.
حیزبی ژنان
ئه‌گه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی کۆمار زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که واته جووتیارانی له مافه دیموکراتیکه‌کان بێ به‌ش ده‌کرد، نیوه‌که‌ی دیکه‌ی خه‌ڵک، واته ژنان له ژیانی پایته‌ختدا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو گرینگی‌یان پێ درابوو. له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگی ‘سه‌ربه‌خۆیی کوردستان’ له ٢٢ی مانگی یه‌کی ١٩٤٦دا که له چه‌ندین ژمارەی ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’دا باس کراوه، ٢٣ که‌س له که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمار وتار پێشکه‌ش ده‌که‌ن. له‌و شازده که‌سه‌ی که قسه ده‌که‌ن دوانیان ژن بوون.[10] وتاربێژانی ژن که هه‌ردووکیان مامۆستای خوێندنگه‌ی کچان بوون، ڕێزیان گرت له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و له سه‌ر پێداویستیی به‌شداریی چالاکانه‌ی ژنان له خه‌باتدا پێ داده‌گرن. خه‌جیجه‌ی مه‌جدی یه‌کێک له مامۆستایان گوتی:
ئه‌لئان ئه‌ی خوشکه خۆشه‌ویسته‌کان با ئێمه‌ش چاو له برا خۆشه‌ویسته‌کانمان بکه‌ین و دەستی ئیتیحاد بۆ یه‌کتر درێژ بکه‌ین. چون ده‌بینم دایکی نیشتمان چاوه‌ڕێی کچه‌کانی خۆیه‌تی که ده‌ست به فه‌عالیه‌ت و خوێندن بکه‌ن به‌ڵکوو تا ئێمه‌ش بگه‌ینه برا خۆشه‌ویسته‌کانی خۆمان؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دونیای ئه‌وڕۆ موحتاجی کچ و کوڕه که به خوشک و برایه‌تی ده‌ست بده‌ینه ده‌ستی یه‌ک بۆ ڕزگارکردنی دایکی نیشتمان.[11]
ئه‌م هێڵه سیاسییه که پێشتر له بڵاوکراوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک دا به‌ڕوونی باس کرابوو، په‌یتا په‌یتا له وتارخوێندنه‌وه‌ی ژنان و پیاواندا و له ڕۆژنامه‌کان و له شێعردا ده‌گوترایه‌وه.[12]
نزیکه‌ی دوو هه‌فته پاشتر مامۆستاکانی خوێندنگه‌ی کچان بۆ ده‌ربڕینی شادیی خۆیان له ‘سه‌ربه‌خۆیی و ناساندنی ڕێبەری کوردستان’ کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ڕێک خست.[13] به‌پێی ڕاپورتی ڕۆژنامه (که پاش پێکهاتنی حیزبی ژنان بڵاوکراوه‌ته‌وه)، ‘یای پیشه‌وای کوردستان’، ژماره‌یه‌کی زۆر له ژنانی ئه‌ندامی ح.د.ک و خه‌ڵک له هه‌موو چین و توێژەکان له‌م کۆڕه‌دا به‌شدار بوون. خانمی یه‌که‌می کوردستان سه‌باره‌ت به «پێشکه‌وتن و ڕێنوێنی کردنی ژنان» قسه‌ی کرد. دواتر جووتێک گۆشهوارهی زێڕی پێشکه‌ش کرد به ‘ویلما صیادیان’ بەڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که. ئەم خانمە له قسه‌کانی خۆیدا وه‌بیری هه‌مووانی هێنایه‌وه که ژنان پێویسته له ژنانی بێگانه‌وه فێربن که `له‌و شه‌ڕه گه‌وره‌دا کۆمه‌کی گه‌وره‌ی مێردی خۆیان بوون`. هه‌روه‌ها گوتی:
نابێ هه‌ر چاوه‌نۆڕی پووڵ و لیباس و زێڕ بین له مێردی خۆمان. یایانی [خانمانی] خۆشه‌ویست! منداڵانی خۆتان له چوار دیواری ماڵێ‌دا به‌دبه‌خت مه‌که‌ن و بیاننێرنه مه‌دره‌سه که وه‌کوو پیاو و ژنه نه‌خوێنده‌واره‌کانیان به‌سه‌ر نه‌یه‌ت و بتوانن دیفاع له حقووقی میللی خۆیان بکەن و به تایبه‌تی ژنانی کورد لە ڕیزی ژنانی خارجهی موتهمهدیندا ڕاوه‌ستن.
وتاربێژی دواتر به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌ی کچانه بوو که پێی داگرت له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌کردنی ژنان و یه‌کگرتنی ئه‌وان له‌گه‌ڵ پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌که‌یان بتوانێت پێش که‌وێت. سێهه‌مین وتاربێژ عیسمه‌تی قازی ‘کچی ڕێبه‌ری کوردستان’ بوو که گوتی ئێمه ژنان ده‌بوو چه‌ندین جار جێژنی ڕزگاربوونمان بگرین به چه‌شنێک که `هه‌موو دونیا تێگهییبان که ژنی کوردی له پیاوان ئازادییان پێ خۆشتره`. چواره‌مین وتاربێژ کوبرا عەزیمی که مامۆستا بوو، زۆر به توندی ڕه‌خنه‌ی له ژنانی مه‌هاباد گرت:
چونکه ئێمه زۆر له پاشین کارمان گرانتر و کۆڵمان قورس‌تر ده‌بێ. ئه‌مما ده‌بێ بزانین که ئه‌و بار و کۆڵه گرانه چلۆن له‌سه‌ر شانی ئێمه لا ده‌چێ. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و باره سه‌نگینه به قووه‌ی عه‌قڵ و عیلم لا ده‌چێ. ئه‌مما داخه‌که‌م خه‌ڵکی مه‌هاباد وا نازانن. مه‌سه‌له‌ن ئه‌و کچه نه‌وجه‌وانانه‌ی خۆیان به‌دبه‌خت و بێ سه‌واد ده‌که‌ن. ده‌ڵێن ڕۆڵه جووتێ گۆره‌وی بچنه یا کڵاوێ بدروو، یا خه‌یر ده‌ڵێن: `ئه‌من کچی خۆم بۆ مه‌دره‌سه نابه‌م بێ ئه‌ده‌ب ده‌بێ. خانمانی عه‌زیز، ده‌بێ بێ ئه‌ده‌بیی ئێمه چ بێ؟ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و فکره‌یان کردووه‌ته‌وه له ڕێگای ڕاستی دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه و لێیان حاڵی نه‌بووه. مه‌سه‌له‌ن من شه‌خسی خۆم زۆر له مه‌جلیسان گوێم لێ بووه هه‌ر وه‌خت که ئێمه ده‌بینن ده‌ڵێن ئه‌وه موعه‌لیمه‌کانن و به‌چاوێکی زۆر که‌م ته‌ماشای ئێمه ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئێمه چاو له زمان و کیتابانی خارجییه‌کان بکه‌ین، زۆرغه‌مگین ده‌بین و ده‌ڵێین خودایا ئێمه‌ش وه‌کوو ئه‌وانه عه‌بدین؟ بۆ ده‌بێ ئه‌لئان له شارێکی وه‌کوو مه‌هاباددا له قیسمه‌تی ژناندا نه جه‌رراحێک، نه حه‌کیم و نه ددانسازێک یا مامانێکی ڕه‌سمی نه‌بێ؟
وتاربێژ دواتر داوا ده‌کات له ژنان که خۆشحاڵ بن له ڕووخانی دیکتاتۆری ڕه‌زا شا و ‘له ناردنی کچی خۆیان بۆ مه‌دره‌سه ته‌قسیر نه‌که‌ن’ ئه‌و جێگایه‌ی که به زمانی دایکی خۆیان فێری خوێندن ده‌بن. پاشان به‌شداربووان یارمه‌تیی ماڵی ده‌ده‌ن به ح د ک[14] ڕۆژنامه نێوی چل و یەک ژنی نووسیوه که پاره و زێڕیان داوه به حیزب. سه‌مه‌ره ئه‌وه‌یه که هه‌موو ئه‌م ژنانه به ناوی مێرده‌کانیانه‌وه ناسێندراون. بۆ نموونه خانمی ئاغای ‘صالح شاطری’. هه‌فته‌یه‌ک پێش ئه‌وه، ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕاپۆرتێکی له‌سه‌ر دانیشتنێکی کۆنفرانسی خانمان له مه‌هاباد نووسیوه:
کونفرانسی یایان له ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگیی کورد و شوڕه‌وی[سۆڤیه‌ت]
ڕۆژی جومعه ١٧/١٢/١٣٢٤ (هه‌شتی مارسی ١٩٤٦) له‌لایه‌ن یای پێشه‌وای کوردستان کونفرانسێک بۆ بیرئاچغ بوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژنانی کوردستان له یانه‌ی فه‌رهه‌نگیی کورد و شوڕه‌وی گیرا. له‌م کونفرانسه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر له یایه‌کانی [خانمه‌کانی هاوسه‌ری] ئه‌ندامه‌کانی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی و ئامۆژگاران [مامۆستایان] و شاگردانی مه‌دره‌سه‌ی کچان و کارگه‌رانی حیزبی دیموکرات و ئیداراتی حکوومه‌تی و توججار و که‌سه‌به، به پێی بانگهێشتنێ که له پێشدا کرابوون، حازربوون. ده‌پێشدا یای پێشه‌وای کوردستان له بابه‌ت ئه‌همییه‌تی خوێندنی ژن و کچ و پێشکه‌وتنی ئیتیحادیه‌ی ژنانی شوڕه‌وی و پێویستی شناسایی ده‌گه‌ڵ وان ئیراد کرد. دوایه عیدده‌یه‌کی زۆر له ئامۆژگاران و شاگردان و یایانی دی ‘نطق’ و ‘خطابه’یان خوێنده‌وه و کۆنفرانس که له ساتی دووی پاش نیوه‌ڕۆ گیرابوو، له ساتی پێنج دوایی هات.[15]
هیچ ناوێک له هه‌شتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن که له یه‌کێتی سۆڤیه‌ت به‌رده‌وام به‌ڕێوه چووه، نه‌براوه. هه‌فته‌ی دواتر ڕێکخراوی ژنان پێک هات. ڕاپۆرتێکی کورت له ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا هاتووه:
سازکردنی حیزبی دیموکرات (له‌لایه‌ن ژنانی کوردستان)
ڕۆژی جومعه ٢٤/١٢/١٣٢٤ (١٥ مارسی ١٩٤٦) له لایه‌ن یای پێشه‌وای کوردستانه‌وه له ژماره‌یه‌کی زۆر له یایانی تێگه‌یشتووی کوردستان گێڕدرایه‌وه و له ساتی ٣ی پاش نیوه‌ڕۆ له ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی کۆبوونه‌وه و به سه‌رۆکایه‌تیی یای پێشه‌وای کوردستان (مینا خانم…[وشه‌یه‌ک ناخوێندرێته‌وه]) حیزبی دیموکراتی ژنانی کوردستان دامه‌زرا و ژماره‌یه‌کی زۆر له یایان نێونووسیان کرد و مانگانه‌ی ئه‌ندامه‌تیان له تمه‌نێک تا ده تمه‌ن وه‌ئه‌ستۆ گرت.[16]
ناوی ڕێکخراوه‌که له ژماره جۆراوجۆره‌کانی ڕۆژنامه‌که‌دا جیاوازه. بۆ نموونه، یه‌کێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان [17] و حیزبی یایان.[18]
ئه‌م ڕێکخراوەیە باڵی ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. حیزبی ژنان که به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رهه‌می بزووتنه‌وه‌یه‌کی فێمینیستی نه‌بوو، له‌لایه‌ن ڕێکخراوێکی سیاسییه‌وه دامه‌زرا که پیاوان ده‌سه‌ڵاتی زاڵیان به‌سه‌ریدا هه‌بوو. سیمای به‌ڕێوه‌به‌ر ‘یای مینا’ هاوسه‌ری سەرۆککۆمارمار بوو.
حیزبی ژنان له ڕوواڵه‌تدا ڕێکخستنێکی شلوشهوێڵی هه‌بوو. پاش یای مینا که ڕێبەری ڕێکخراوه‌که بوو، سه‌رۆکی ده گه‌ڕه‌کی مه‌هاباد هەبوون. له ڕاپۆرتێکدا سه‌باره‌ت به داهات و مه‌سره‌فی حیزبی ژنان له سێهه‌مین مانگی به‌هاردا (جۆزه‌ردان)، ناوی ڕێبه‌ران و داهاته‌کانی (مافی ئه‌ندامه‌تی) هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کان نووسراوە:[19]
١- کلثوم سلطانیان هه‌رمه‌نیان ١٣٠٥،٠٠
٢- خورشید شاطری بازار ٢٨٢،٥
٣- خدیجه قاضی چۆمێ ٢٢٧،٥
٤- سید عایشه شاطری حاجیحهسهن ٨٢٢،٥
٥- صدیقه ولیزاده خڕێ ٩٣٦،٥
٦- زیبا خانم قوڵه‌قه‌بران ٢٣٠،٠
٧- آمینه داودی قیبله ٢١٠،٠
٨- زارای مه‌وله‌وی ڕزگه‌یان ٢٠٠،٠
٩- پیروزه موشیری جامیعا ١٢٠،٠
١٠- ماوزه‌ر بله‌زاده یه‌هوودیان ٩٥،٠
تێکڕا ٤٤٢٩،٠ قڕان
داهاتی دوو مانگی هه‌وه‌ڵی به‌هار ٩٢٩١ قڕان بوو. مه‌سره‌فه‌کان بریتی بوون له کرێ(١٢٠٠ قڕان)، گۆڕینی که‌لوپه‌ل و ڕوومێزییه‌کان (٥٢٠٠ قڕان)، مانگانه‌ی دوو مانگی کارمه‌ندێکی ژن (٤٠٠ قڕان)، مانگانه‌ی سێ مانگی کارمه‌ندێکی دیکه (٦٠٠ قڕان)، هاتوچوو و خه‌ڵووز (٨٠ قڕان) و جاڕچی شار (٦٠ قڕان) که سه‌رجه‌م ده‌بێته ٧٥٤٠ قڕان.[20] حیزب سه‌ره‌تا له خوێندنگه‌یه‌کی سه‌ره‌تاییدا نیشته‌جێ ببوو، به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو که گواستیانه‌وه خانوویه‌کی به‌کرێ. له ئاگادارییه‌کی کورت‌دا داوا ده‌کرێت له `یایانی خوێنده‌وار` که هه‌ر که‌س پێی خۆشه بۆ ئه‌م کارانه‌ی خواره‌وه، داوای خۆی بنێرێت:’حیسابدار، خهزانهدار، مونشی و سندووقدار.’[21]
یه‌که‌مین ئامانجی حیزبی ژنان وه‌گه‌ڕخستنی ژنانی گه‌وره‌ساڵ بوو بۆ پشتگیری له کۆمار و له میلله‌ت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی ئه‌م ژنانه نه‌خوێنده‌وار بوون، حیزب کلاسی فێرکردنیخوێندن و هه‌روه‌ها کۆڕوکۆمه‌ڵی ناڕه‌سمی بۆ ڕێک ده‌خستن. چالاکیی دیکه بریتی بوون له کۆکردنه‌وه‌ی یارمه‌تیی ماڵی بۆ ئه‌رته‌شی میللی، به‌شداری له خۆپیشاندانه‌کان، ڕێپێوانه‌کان و نووسین له ڕۆژنامه‌کاندا. یارمه‌تی دان به ئه‌رته‌شی میللی بریتی بوو له چنینی جلوبه‌رگ و گۆره‌وی بۆ پێشمه‌رگه‌کان. ڕێکخراوی ژنان له کۆمار سیمای حکوومه‌تێکی مۆدێڕنی نیشان ده‌دا که لایه‌نگری پێشکه‌وتنی ژنان بوو.
ناسیۆنالیسته‌کان له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که په‌روه‌رده کردن گرینگ‌ترین مه‌رجی ڕزگاری میللییه. به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م زۆرێک له ڕووناکبیرانی هه‌ر دوو جنسه‌که، خوازیاری ئه‌وه بوون که په‌روه‌رده ئاماده بکرێت بۆ ژنان. سەرەڕای ئه‌وه‌ش هێندێک له دایک و باوکه‌کان، له‌وانه دایکانی مه‌هاباد به‌رامبه‌ر به شاڵاوی ناردنی کچان بۆ خوێندنگه‌دا ڕاده‌وه‌ستان. ڕه‌خنه‌ی کوبرا عه‌زیمی له‌و دایک و باوکانه‌ی که ئاماده نه‌بوون کچه‌کانیان بنێرنه خوێندنگه هه‌ر وه‌کوو پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، ململانێیه‌ک نیشان ده‌دا له نێوان ناسیۆنالیسته‌کانی لایه‌نگری بهشدارییدانی ژنان له ناو میلله‌تدا و ئه‌و بۆچوونه نه‌ریتییه‌ی که تێیدا سازگاری کۆمه‌ڵایه‌تی پێش سه‌رمایه‌داری و په‌یوه‌ندی دوو جنس دووباره دێته‌وه به‌رهه‌م. له ڕاستیدا ڕێبه‌رایه‌تیی ته‌واو پیاوانه‌ی کۆمار و به‌تایبه‌ت خودی سەرۆککۆمارمار زیاتر له زۆرێک له ژنه‌کان لایه‌نگری په‌ره‌پێدانی فێرکردن بوون له ناو ژناندا. بۆ نموونه به‌رپرسی ح د ک له شنۆ، یه‌که‌مین خوێندنگه‌ی کچانه‌ی ئه‌م شاره‌ی کرده‌وه. له ڕاپۆرتێکدا سه‌باره‌ت به‌م خوێندنگه‌یه که له لایه‌ن حه‌سه‌ن کازمی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که‌وه نووسراوه، هاتووه که ‘پێویسته هه‌موو خه‌ڵکی شار سپاسی ڕێبه‌ری ح د ک بکه‌ن بۆ ئه‌م خزمه‌ته گه‌وره‌یه و به خۆشی و مه‌یله‌وه کچه‌کانیان بنێرن بۆ ئه‌م خوێندنگه‌یه.’[22] جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێت که کوردستانێکی ڕزگارکراو پێویستی به ژنانی په‌روه‌رده‌کراو هه‌یه. ئازادی، ڕزگاری و په‌روه‌ده لێک جیا ناکرێنه‌وه. گه‌وره‌ترین ده ستکهوت ئه‌وه‌یه که وه‌کوو پیاو بن. ژنێکی نه‌خوێنده‌وار بارێکه به سه‌ر شانی میلله‌ت و مێرده خوێندهوارهکهیهوه. پیاوێک له وتارێکدا سه‌باره‌ت به ‘حاملاندنی[فێرکردنی] ژنان’ نووسی:
ڕۆژێک له ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگه‌وه بۆ ماڵێ ده‌چوومه‌وه. دیتم ژنێک له به‌رده‌رکی کانگای حیزبی دیموکرات‌دا ڕاوه‌ستاوه. ڕووی تێ کردم و به له‌هجه‌یه‌کی ژنانه که مه‌خسووسی ژنی نه‌خوێنده‌وار و ساده‌ی وڵاتی ئێمه‌یه لێی پرسیم ‘ئه‌رێ براله، ئێره کوێیه؟’ دیتم ئه‌گه‌ر بڵێم کانگای حیزبی دیموکراته، نه له کانگا ده‌گا و نه له حیزب و نه له دیموکرات. ناچار سه‌رم به‌رداوه و له پاش که‌مێک بیرکردنه‌وه گوتم:’ لێره چه‌ن که‌س له گه‌وره گه‌ورانی کوردی که له‌کن یه‌که‌وه خڕدهبن و له کاروباری نیشتمان بیر ده‌که‌نه‌وه.’
نووسه‌ر پاشان وای لێک ده‌داته‌وه که تا ئه‌وکاته‌ی ژنان خوێنده‌وار نه‌بن و سه‌باره‌ت به مافی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خۆیان وشیار نه‌بنه‌وه، کوردان نابێ پێیان وابێت که ههنگاوێکی گه‌وره‌یان له ڕێبازی ئازادی و شارستانییه‌تدا هه‌ڵگرتووه.(میکائیلی ٤: ١٩٤٦)
ئه‌ندامانی حیزب له ڕێگای یارمه‌تیی ماڵیی و کۆکردنه‌وه‌ی پاره له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌ندام نه‌بوون، پشتیوانی‌یان له حکوومه‌ت ده‌کرد. جارێکیان سه‌رۆککۆمار به یای مینای گوت که ‘شاژنی فه‌رانسه ئه‌نگوستیله‌که‌ی خۆی به‌خشی به خه‌ڵکی فه‌ڕانسه. ئه‌ی تۆ بۆ وا ناکه‌یت. من دڵنیام که ئه‌م کاره ژنانی دیکه‌ش هان ده‌دات که یارمه‌تی ماڵی بده‌ن به‌کۆمار.’
ڕێوشوێن دانان بۆ پێکهاته‌ی هاوسه‌ریێتی
ڕێکخستنی حیزبی ژنان وادیاره به‌رچاوترین هه‌نگاوه که له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی حیزبه‌وه بۆ وه‌گه‌ڕخستنی ژنان له پرۆسه‌ی پێکهێنانی میلله‌تدا هه‌ڵگیراوه. هه‌نگاوه‌کانی دیکه به‌ئاراسته‌ی ده‌ست تێوه‌ردان له په‌یوه‌ندییه نه‌ریتییه‌کانی دوو جنسهکهدا، هه‌ڵگیراون. یه‌کێک له‌وانه سیاسه‌تی نایاسایی کردن و سزادانی هێندێک له شێوه‌کانی ڕه‌دووکه‌وتنی [ژنانوکچان]ـە. یه‌ک له‌و بڕیارانه‌ی که په‌یتا په‌یتا له‌لایه‌ن «هه‌یئه‌تی میللی کوردستان»ـەوه له چه‌ندین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌دا چاپ کرا، ئه‌مه بوو:
ئاگاداری
ڕه‌دووکه‌وتنی کچان و ژنان قه‌ده‌غه‌یه
له‌سه‌ر قه‌راردادی هه‌یئه‌تی میللی کوردستان هه‌ر پیاوێک به زۆر ژنی به‌مێرد، گوێزرابێته‌وه یا نهگوێزرابێتهوه راکێشێ، ده‌بێ بکوژرێ و ئه‌گه‌ر کچێکیش به زۆر رابکێشێ، ده‌بێ ئه‌و پیاوه بکوژرێ. ئه‌مما [ئه‌گه‌ر پیاوه‌که] کچێ خوازبێنی بکا و نه‌یده‌نێ و مانیعی شه‌رعیش نه‌بێ و به‌مێرد نه‌بێ و کچه‌که ڕه‌زای ببێ، جه‌زای نییه. وه‌گه‌رنا له سێ مانگه‌وه تا سێ ساڵ حه‌بس ده‌کرێ. ٢٤ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤ (١٣/١/١٩٤٦)
ڕه‌ئیسی هه‌یئه‌تی میللی کوردستان حاجی سه‌ید بابه‌شێخ[23]
ئه‌م بڕیاره له‌گه‌ڵ چه‌ند بڕیارێکی دیکه سه‌ربه‌خۆبوونی کۆمار له سیسته‌می دادوه‌ری ده‌وڵه‌تی ئێران نیشان ده‌دات. ئه‌م یاسایه زۆرتر چاوی له ناوچه عه‌شایری و لادێکانه که تێیدا ڕه‌دووکه‌وتن به‌ڕێوه ده‌چوو. ئه‌م بڕیاره که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینیه‌وه له پایته‌خت ده‌رچووبوو، لە ڕاستییدا درێژەی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند/ شار بوو به‌ره‌و ناوچه ناشارییهکان که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێبه‌ره فیئۆداڵ – عه‌شیره‌کاندا بوون. هه‌روه‌ها ئه‌م کاره داسه‌پاندنی سه‌ره‌تاکانی ئیسلام بوو بۆ سه‌ر سیسته‌می په‌یوه‌ندیی نێوان دوو جنس که له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئاییندا ڕاوه‌ستابوون. زمانی ئه‌م ده‌قه‌ش به ته‌واویی پیاوسالارانه‌یه. له سه‌ردێڕی ئاگادارییه‌که‌دا ژنهه‌ڵگرتن که چه‌مکی لایه‌نی پیاوانه بۆ ئه‌م کارەیە به‌کار نه‌هێندراوه. جێگای سه‌رنجیشه که ڕێبەرایه‌تیی کۆمار، ده‌ست تێوه‌ردانێکی له‌م چه‌شنه‌ی نه‌کرد له سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی زه‌ویوزار له ناوچه لادێنشینه‌کان و له‌و گوندانه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی باو بوو و تێیدا مافی ژنان بۆ مڵکداریی زه‌وی ڕه‌چاو نه‌ده‌کرا. نه‌ریتی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی مافی ژنان بۆ به میرات وه‌رگرتنی زه‌وی کشتوکاڵی، ده‌ست درێژیی کردن بوو بۆ سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلام که نیوه‌ی به‌شی پیاوانی ده‌به‌خشی به ژنان. به‌ڵام ته‌نانه‌ت نه‌هێشتنی ڕه‌دووکه‌وتنیش به ته‌واویی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو.
محه‌ممه‌د ئه‌مینی مه‌نگوڕی، یه‌کێک له ئه‌ندامانی ئیداره‌ی ئاسایشی کۆمار، له لێکدانه‌وه‌یه‌کی زۆر ده‌گمه‌ندا گوتی که دانانی یاسا بۆ ڕه‌دووکه‌وتن دژبه‌ری کردنه له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی عه‌شیره‌ی بڵباس له ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌هاباد. بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ئه‌مه به کارێکی ‘داپڵوسێنهرانه و ناخۆش’ ئه‌ژمێردرێت، لەبەر ئەوەی رێگا نادات به ‘سه‌ربه‌ستی ئه‌وینداریی، ده‌ستبازیی، ئه‌وینداریی کردن، هه‌ڵپه‌ڕکێی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک و ڕه‌دووکه‌وتن. ئه‌مه‌ش گه‌نجه‌کان ده‌کات به وشکه سۆفی و دونیای ئه‌ویندارییان له‌سه‌ر داده‌خات.’ به باوه‌ڕی مه‌نگوڕی، ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر ئاراسته‌ی دانانی یاسای به‌رگری له ڕه‌دووکه‌وتن کرا، چونکوو ئه‌م کاره وه‌کوو ئاکارێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه مه‌زه‌نده ده‌کرا. ئه‌گه‌ر ژنێک ڕه‌دوو نه‌که‌وتبایه، ڕێزی بۆ دانه‌ده‌نرا. ئه‌مه بۆ پیاوانیش هه‌ر وابوو. ئه‌گه‌ر پیاوێک ژنێکی ڕه‌دوو نه‌خستبایه پێیان ده‌گوت «تۆ پیاو نیت؛ ئه‌گه‌ر پیاو بایهیت ژنێکت ڕه‌دوو ده‌خست!» مه‌نگوڕی ده‌ڵێ که ‘ته‌نها خۆشبه‌ختییه‌ک که مێژوو به کوردانی داوه «دڵداری و عه‌لاقه‌ی جنسییه» و ئه‌وه‌یه که کورده‌کان له چێژ وه‌رگرتن له‌م ئازادییانه‌دا له ئورووپایییهکانیش له پێشترن.’ ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت که ئه‌م کاره کارکردێکی ئابووریشی له‌گه‌ڵدایه. مل پێوه‌نانی ڕه‌دووکه‌وتن هه‌رده‌م تێکه‌ڵه له‌گه‌ڵ مه‌ترسی، به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌م کاره ده‌زانن که چۆن ئه‌م ململانێیه کۆتایی پێ بێنن. ژن و پیاوه‌که خۆ ده‌خه‌نه شوێنێک (لای سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک یان ئاغایه‌ک و یان ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی، یان هه‌رکه‌سێکی بێ لایه‌ن و جێگای ڕێز) و هه‌تا ئه‌وکاته‌ی سازانێک ده‌کرێت، وازیان لێ دێنن؛ عاده‌ت وایه که به باوکی کچه‌که شیربایی ده‌ده‌ن و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش له باری ماڵییه‌وه قازانج ده‌که‌ن.[24]
له ناو ئه‌و چاکسازییانه‌ی که به ده‌ست پێشخه‌ری ڕێبەرایه‌تی بەڕێوە چوو، بڕیارێکی سەرۆککۆمارمار بوو سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی خوتبه‌ی نوێژی جومعه بۆ یه‌که‌م جار به زمانی کوردیی. له ناو ئه‌و بابه‌ته جۆراوجۆرانه‌ی که له‌م خوتبانهدا به‌رجه‌سته ده‌کرانه‌وه، یه‌کیشیان ئه‌وه بوو که: ‘ژنان له ناو کۆمه‌ڵگادا چۆن بن.’ بابه‌ته‌کانی دیکه بریتی بوون له: خه‌بات له دژی خورافات، ڕێزگرتن له یاسا ئایینیه‌کان، ته‌ندروستی و دروست کردنی نه‌خۆشخانه، کارتێکردنی هێمنایه‌تی له گه‌شه‌کردنی نیشتمان و شارستانییه‌تی کۆنی کوردستان.[25]
له ده‌وڵه‌تی خودموختاری ئازەربایجانی دراوسێدا، ژنان بۆ یه‌که‌م جار مافی ده‌نگدانی گشتییان وه‌رگرت. له کۆماری کوردستان هه‌رچه‌ند که باسی ده‌نگدان نه‌هاته ئاراوه، به‌ڵام سەرۆککۆمارمار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو که مافی ده‌نگدانی گشتیی بدرێت. له کونفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانییدا له قازی محه‌ممه‌د پرسیار کرا ‘حیزبی دیموکراتی ئازه‌ربایجان مافی ده‌نگدانی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا داوه به‌ژنان، ئایا ئێوه‌ش ئه‌م کاره‌تان کردووه؟’ وه‌ڵامه‌که ئاوا بوو، ‘هه‌ر چه‌ند ئێمه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئازه‌ربایجان به ئه‌رێنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنین به‌ڵام ده‌بێ ئاگادارتان بکه‌مه‌وه که ئێمه نه‌مانتوانیوه ئه‌م سه‌رکه‌وتنه به ده‌ست بێنین’.[26]
پرسی وشیاریی فێمینیستی
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژەمان پێ کردن، ئاشکرایه که وشیاریی فێمینیستی هێشتا له ناو ژنانی کۆماری کوردستاندا ده‌رنه‌که‌وتبوو. ژنانی خوێنده‌وار باوه‌ڕیان به په‌روه‌رده‌ی ژنان و یه‌کسانیی ڕه‌سمی هه‌بوو له‌گه‌ڵ پیاوان. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش به شێوه‌یه‌کی لێبڕاوانه له‌گه‌ڵ سیسته‌می په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو جنسه‌که نه‌ده‌که‌وتنه ململانێ. ڕادیکالترین ڕه‌خنه له لایه‌ن کوبرا عەزیمییهوه ده‌گیرێت که بوو به هۆی ناڕه‌زایی هێندێک له ژنان. له ڕێگای لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’ـەوه ده‌توانین به‌ڵگه بێنینه‌وه بۆ نه‌بوونی وشیاریی فێمینیستیی لیبراڵ. یه‌کێک له مامۆستایان که ‘ئامۆژگاری بۆ ژنان’ی نووسیبوو، بۆ وێنه ده‌ڵێت:
هه‌موو ڕۆژێ له پێش ڕۆێشتنی پیاو بۆ بازار، ده‌بێ ژن له پیاو بپرسێ ‘ئایا هیچ فرمانت نییه؟’ ژنی چاک و ڕاست، تانجی سه‌ری مێردی خۆیه‌تی. کارێکی مێردت پێی خۆش نییه ئه‌تۆش پێت خۆش نه‌بێ و قه‌ره‌ی مه‌که‌وه. تاریفی پیاوی بێگانه مه‌که‌ن ده‌نا مێرد لێتان دڕدونگ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر زۆریش دڵته‌نگ بوویت دیسان ئه‌گه‌ر پیاو[ه‌که]ت هاته‌وه ڕووی خۆت ترش مه‌که هه‌وڵ بده‌ن خووی مێرده‌کانتان بناسن تا به‌و جوره ده‌گه‌ڵیان ڕه‌فتار بکەن.[27]
زۆربه‌ی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی سه‌باره‌ت به به‌شداریی ژنان له ژیانی میلله‌تدا ده‌یاننووسی، ژنانی ‘وڵاتانی بێگانه’یان (هه‌م ئورووپا و هه‌م یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت) وه‌کوو مودێلێک ده‌ناساند که ده‌بوو ببنه نموونه‌یه‌ک بۆ چاو لێ کردن. به‌پێی ئه‌م نووسراوانه ژنی بێگانه له بووارەکانی زانست، ته‌کنولوژی و هونه‌ردا په‌روه‌رده کراون؛ له‌گه‌ڵ پیاوان یه‌کسانن و هه‌ر وه‌ک پیاوان یارمه‌تیده‌ری پێکهاتنی میلله‌تن. جاری وایه ئامۆژگاری حه‌زره‌تی محەممەدیش بۆ په‌روه‌رده‌ی ژنان و پیاوان هه‌ر دووکیان باس کراوه. هه‌روه‌ها یه‌ک له وتاربێژان به ناوی خانمی شاسوڵتانی فه‌تتاحی له وتاره‌که‌ی خۆیدا له‌سه‌ر پشتگیری سه‌رۆککۆمار بۆ په‌روه‌رده‌ی ژنان له ڕێگای ناردنی کچه‌کانیانه‌وه بۆ خوێندنگه پێ داده‌گرێت.[28]
بابه‌تی دیکه، توانایییه‌کانی ژن بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته شەڕکهرێکی چاک. له وتارێکدا سه‌باره‌ت به ژنانی ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌ت (که له سه‌رچاوه‌کانی سۆڤیه‌ته‌وه وه‌رگیرابوو)، له‌سه‌ر ستانداردی باڵای په‌روه‌رده‌ی ژنان و هه‌روه‌ها یارمه‌تییه‌کانی ئه‌وان له شه‌ڕی نیشتمانی دژی فاشیستییدا جه‌خت کراوە.[29] له وتارێکی دیکه‌دا که سه‌باره‌ت به ‘ئازادی ئایین له ڕووسیه‌ی سوسیالیستی’دا نووسراوه، له‌سه‌ر ئازاد بوونی ژنانی سۆڤیه‌ت بۆ کارکردن له ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه و له هه‌موو بووارەکاندا جه‌خت کراوه. سه‌رنج بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشرێت که ژنانی ڕووس شانبه‌شانی پیاوان کار ده‌که‌ن. نه‌بوونی هه‌ڵاواردن له نێۆان ژنان و پیاوانی بێگانه‌دا هاوتای خۆی له ناو میلله‌تدا ده‌دۆزێته‌وه. ‘بڕواننه بارودۆخی ژنانی عه‌شایری کوردستان، ئه‌وکات ده‌زانن که ژنان و پیاوان وێڕای یه‌ک کار ده‌که‌ن (له خه‌رمان هه‌ڵگرتن، له تۆ‌و چاندن و له گێرهکردندا) یارمه‌تی یه‌کتر ده‌ده‌ن، جگه له‌وه‌ش ژنان ئاگایان له منداڵه‌کان و ماڵه‌وه‌ش ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ژنانی ڕووس ده‌یکه‌ن زۆر پڕ بایه‌خه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان زانیاری‌یان هه‌یه و په‌روه‌رده‌یان دیوه؛ ژنانی ئێمه زۆر هیچ نه‌زانن’.[30]
ئه‌نجام
بابه‌تی لێکدانه‌وه‌که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وتانه ده‌کاته‌وه که لێکۆڵه‌رانی دیکه له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه میللییه‌کان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ڕه‌چاویان کردووه. له کوردستانی ساڵی ١٩٤٦دا بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی له‌چاو بزووتنه‌وه‌ی میللی له پاش بوو. وشیاریی ناسیۆنالیستی زۆر به‌ربڵاوتر و کۆنتر بوو. له کاتێکدا که ئازادیی ژنان، مافی یه‌کسان و به‌شداریی کردن له خه‌باتدا چوبووه ناو ڕۆژەڤی ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه، وشیاربوونه‌وه، له داخوازییه‌کانی پلاتفۆرمێکی فێمینیستیی کاڵی لیبراڵی به‌ولاوه نه‌چوو.
یه‌که‌م ڕێکخراوی ژنانی کورد له ساڵی ١٩١٩دا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی نوخبه‌ی ناسیۆنالیستی دوورخراو له ئه‌سته‌مووڵ دامه‌زرا. ئه‌م ڕێکخراوەیەش هه‌ر وه‌کوو تاقمه سیاسی و فه‌رهه‌نگییه کوردییه‌کانی دیکه، پاش دامه‌زرانی کۆماری تورکیا که له سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی کورد له ساڵی ١٩٢٥دا هه‌موو چالاکییه‌کی ناسیۆنالیستی داپڵۆسی، له‌ناو چوو. پێ ده‌چێت که حیزبی ژنان دووهه‌مین ڕێکخراوی ژنانی کورد بێت. یه‌کێک له ئه‌ندامانی ئاریستۆکراتی خاوه‌ن زه‌وی به ناوی حه‌پسه خانم له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی خودموختاری شێخ مه‌حموود له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٢٠دا هه‌ڵسووڕاو بوو. به‌ڵام کاره‌کانی ئه‌و ئاماژە ناکه‌ن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی وشیاریی یان ڕێکخستنی فێمینیستی. ئه‌و خانمه پشتگیری ده‌کرد له ئامانجی ناسیۆنالیسته‌کان و به‌شوێن ڕۆژەڤێکدا ده‌چوو که بریتی بوو له گه‌شه‌کردنی ژنان و به‌تایبه‌ت وه‌ده‌ستهێنانی خوێنده‌واری و پهروەرده.
بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی ساڵی ١٩٤٦ ژنانی هان ده‌دا که به‌شدار بن له چالاکیی ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا، به‌ڵام سنوورێکی زۆری داده‌نا بۆ هه‌بوونی ئاشکرای ئه‌وان؛ ژنان ته‌نها ئه‌وکاته به‌راورد ده‌کران که بتوانن یارمه‌تی پیاوان بده‌ن بۆ ئامانجی میللی. کۆمار یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی کوردی بوو که خواستی دیموکراتیک و مودێڕن بوونی هه‌بوو. پێکهێنانی حیزبێکی ژنان ئه‌م سیمایه‌ی برده سه‌ره‌وه: ژنان هه‌ر له سه‌ره‌تای حکوومه‌تی خودموختاره‌وه له مه‌یدانه گشتییه‌کاندا دیار بوون. بوونی حیزبی ژنان، ئاماده بوونی ژنانی له ژیانی سیاسیی کۆمار‌دا به شێوه‌یه‌کی فۆرمی ڕاگەیاند، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا پاکانه کردنێک بوو بۆ وه‌لانانی ئه‌وان له ئاسته‌کانی بڕیاردانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. ئه‌م حیزبه وه‌کوو ڕێکخراوی ژنانی ‘ح د ک’ هه‌روه‌ها ره‌سمییه‌تی دا به جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی حیزب به‌پێی جنس و ئه‌وه‌ی که هه‌رکامه‌یان ڕێکخراوی خۆیان هه‌بوو. ئاشکرایه که ئه‌م دووانه له بارودۆخێکی یه‌کساندا نه‌بوون.
ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’ که هه‌ر دوو ڕۆژ جارێک ده‌رده‌چوو، له‌گه‌ڵ چه‌ندین گۆڤار و دواتریش ئیزگه‌یه‌کی ڕادیۆ، هەموویان نیشانده‌ری سیمای بواری گشتییەک (Public Sphere) بوو که خه‌ریکی پێکهاتن بوو. به‌ڵام له کاتێکدا که نوخبه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ڕادیۆیان له به‌رده‌ستدا بوو، باقی خه‌ڵکی پایته‌خت ده‌یانتوانی گوێڕایه‌ڵی ئه‌و بڵیندگۆیانه بن که له‌سه‌ر چوارڕێانهکان دامه‌زرا بوون. هه‌رچۆنێک بێت گرینگه سه‌رنجی ئه‌م خاڵه بدرێت که ته‌واوی بڵاوکراوه‌کان و ئیزگه‌ی ڕادیۆکه‌ش هی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بەڕێوه ده‌چوون. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌لومه‌رجه نییه که له ‘بواری گشتی’ بچێت که تێیدا وێژەران/گوێ‌گران و نووسه‌ران/ خوێنه‌رانی جۆراوجۆر له ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌ربه‌خۆن. سەرەڕای ئه‌وه‌ش، که‌شوهه‌وایه‌ک بۆ باس کردنی چالاکیی ژنان و سیاسه‌تی ڕه‌سمی سه‌باره‌ت به دوو جنسه‌که ده‌سته‌به‌ر کرا.
ده‌وڵه‌تی میللی ئازه‌ربایجانی دراوسێ له کۆماری کوردستان ڕادیکاڵتر بوو. له ئازه‌ربایجان به پێچه‌وانه‌ی کوردستان چاکسازی زه‌ویوزار هه‌رچه‌ند سنوورداریش، بەڕێوەچوو و مافی ژنان بۆ به‌شدار بوون له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌کاندا به ڕه‌سمی ناسرا. پایته‌ختی ئازه‌ربایجان واته ته‌ورێز دووهه‌مین شاری گه‌وره‌ی ئێران بوو و تا کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی شاری له وڵات ده‌ژمێردرا. ئێره هه‌روه‌ها ناوه‌ندی شۆڕشی رادیکاڵی مه‌شرووتییه‌تی ئێران له ساڵه‌کانی ١٩١١ – ١٩٠٦ بوو. ‘میرجهعفهر پیشه‌وه‌ری’ سه‌رۆکی حیزبی دیموکراتی ئازه‌ربایجان و سه‌رۆک وه‌زیری حکوومه‌تی میللی به یه‌کێک له سیما ناسراوه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی وڵات داده‌نرا. هه‌بوونی هێزه‌کانی سۆڤیه‌تیش له ناوچه‌که‌دا فاکته‌رێکی دیکه بوو. بارودۆخی پێشکه‌وتووی ژنان له کۆمه‌ڵگای سۆڤیه‌ت یه‌کێک له‌و بابه‌تانه بوو که په‌یتا په‌یتا له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن چ به گوتن و چ به نووسین ده‌هاتنه گۆڕ. له بڵاوکراوه‌کانی کوردستان و ئازه‌ربایجاندا به‌شداریی ژنانی سۆڤیه‌ت له شه‌ڕی دژی فاشیسمدا به‌رده‌وام وه‌کوو به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ ئازادی ئه‌وان نیشان ده‌درا. گرینگه بزانین که مافی ژنانی فه‌رانسه بۆ به‌شداری کردن له هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌کاندا ته‌نها له ساڵی ١٩٤٤دا واته دوو ساڵ پێش ئازه‌ربایجان به ڕه‌سمی ناسرا.
نیو سه‌ده پاش پێکهاتنی حیزبی ژنان، وا ده‌رده‌که‌وێت که بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی له کوردستان هێشتاش هه‌ر وه‌دوای بزووتنه‌وه‌ی میللی ده‌که‌وێت. سه‌رکوتی توندوتیژی میللی، سێبه‌ری خستووه‌ته سه‌ر سه‌رکوتی جنسی و چینایه‌تی؛ ته‌نانه‌ت جه‌خت کردنی ڕێبەرانی ناسیۆنالیست له‌سه‌ر خه‌باتی میللی له‌وه‌ش ڕێگر تره؛ ئه‌وان به ئاشکرا پێشترییه‌تی ده‌ده‌ن به خه‌باتی میللی تا به خه‌باتی چینایه‌تی و هه‌روه‌ها یه‌کسانیی دوو جنسه‌که. زۆر له حیزبه ناسیۆنالیسته‌کان، که‌م بایه‌خ ده‌ده‌ن به پێشترییه‌تی چینه‌کان و جنس و ئه‌م بابه‌تانه ده‌هێڵنه‌وه بۆ داهاتوو. دوو حیزبی سیاسی واته کۆمه‌ڵه (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و حیزبی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) له خه‌باتی چه‌کداریی و ڕێکخستنی سیاسیی‌دا مه‌ودایه‌کی زیاتریان به‌خشیوه به ژنان. ده‌وری ژنان له پ‌ک‌ک دا ساڵی ١٩٤٦مان وه‌بیر دێنێته‌وه. له کاتێکدا که ژماره‌یه‌کی زۆری ژنان خۆیان خه‌ریک کردووه به هه‌ڵسووڕانی نانه‌ریتی (وه‌کوو چالاکیی چه‌کداری له شه‌ڕدا و له ده‌ره‌وه‌ی شه‌ڕیش، ڕۆژنامه‌گه‌ری حیزبی و کاری به کۆمه‌ڵ)، هیچکامیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته پله‌ی باڵای ڕێبەرایه‌تی. هێندێک له حیزبه سیاسیه‌کان، وه‌کوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان، ئه‌ویان زیاتر و ئه‌میان که‌متر، له ڕاستییدا پێشیان به گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی ژنان گرتووه. بۆ نموونه پارتی وا نیشان ده‌دات که کۆمه‌ڵگای کوردستان ئیسلامی و نه‌ریتییه و هه‌ر به‌و پێیه‌ش ژنان ده‌بێ فۆرمه نه‌ریتیی و ئایینییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری په‌یڕه‌و بکه‌ن. ئه‌م تاقمه له ناسیۆنالیسته‌کان به جه‌خت کردن له‌سه‌ر دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگای کوردستان، زیاتر دڵ له‌دوا بوونی خۆیان بۆ پیاوسالاری ده‌رده‌بڕن تاوه‌کوو به‌رژەوەندیی ژنان له نهریتگرایی.[31]
سه‌رهه‌ڵدانی شارنشینی، پێک هاتنی چینی ناوه‌ڕاست و چینی کرێکار، گه‌شه‌ی په‌روه‌رده و ده‌رکه‌وتنی دیاسپۆرا Diaspora(کۆمه‌ڵی دوورخراو و کوچکردوو)ی کورده‌کان له ڕۆژاوا، هه‌موویان یارمه‌تیده‌رن بۆ گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی و په‌یوه‌ندیی ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر له‌گه‌ڵ فێمینسمی ڕادیکاڵ و سوسیالیست. ڕه‌خنه گرتن له سیسته‌می پیاوسالاری له‌لایه‌ن ئه‌و فێمینیسته کوردانه‌وه که سه‌ر به هیچ حیزبێک نین، ماوه‌یه‌که ده‌ستی پێ کردووه. نووسه‌رانی کورد، به ژن و پیاوه‌وه توندوتیژی پیاوسالارانه‌یان چ له کوردستان و چ له‌ناو دیاسپۆرادا، خستووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه.
مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنانی کوردستان هه‌ر وه‌کوو خودی خه‌ڵکی کوردستان سه‌رکوت کراوه. زانیاری له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کان و شکسته‌کانی زۆر که‌مه. ده‌رخستنی ئه‌م مێژووه له گره‌وی پێشکه‌وتنی خودی بزووتنه‌وه‌که‌دایه.
جیاوازییه‌ک له نێوان کوردستان و ڕۆژاوادا، سه‌رکه‌وتنی ناسیۆنالیسمه له ‘دیموکراسییه ڕۆژاواییه‌کان’دا. له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه ناسیۆنالیسمی ڕۆژاوایی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی له ده‌ستدایه، میلله‌ت و ده‌وڵه‌تی میللی خۆی پێک هێناوه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ‘میلله‌ت’ ژنانی له ناو سه‌رچاوه‌گه‌لێکی ڕوو له زیادبووندا ده‌رهاویشته ده‌ر. بڕوانه نێلسۆنNelson 1998).) لە هیچ شوێنێک ژنان به شارۆمه‌ندی ته‌واو نهژمێردران و زیاتر له یه‌ک سه‌ده خه‌باتی فێمینیستی پێویست بوو تا ڕێگایان پێ درا که بتوانن که‌ڵک له مافه‌کانی شارۆمه‌ندێتی خۆیان، وه‌کوو مافی ده‌نگدان وه‌رگرن. ژنان لە ڕاستییدا له ڕێگای خه‌باتی سیاسیی ڕێکخراو و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی به‌ربڵاوی تیۆریک له‌گه‌ڵ پیاوسالاریدا توانیویانه له زۆربه‌ی ‘دیموکراسییه ڕۆژاوایییه‌کاندا’ یه‌کسانیی یاسایی وه‌ده‌ست بهێنن. به‌ڵام نابه‌رابه‌ر بوون ڕیشه‌که‌ی له خودی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارییدایه.
ململانێی نێوان ناسیۆنالیسم و فێمینیسم هه‌ر وا به چاره‌سه‌رنه‌کراویی ماوه‌ته‌وه. دژبه‌ریی له ناو بزووتنه‌وه میللیه‌کان له جیهانی ڕوو له‌گه‌شه‌دا، ته‌نانه‌ت به‌رجه‌سته‌تره. ناسیۆنالیسمی تورک و عه‌ره‌ب و ئێرانییش له ساڵه‌کانی پاش شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌مدا ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. تۆماری ئه‌وان له سه‌ر مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی دوو جنسه‌که له هیچ ڕوویه‌که‌وه له هی هاوتا ڕۆژاوایییهکانییان باشتر نییه. ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی میللی له کوردستان به پێچه‌وانه گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی. ئه‌وه‌نده‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌زموونی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆیان له ئێران ساڵی ١٩٤٦ و له عێراق پاش ١٩٩٢، ناسیۆنالیسمی کوردی له‌و ڕه‌وته‌ی که له ڕۆژاواوه ده‌ستی پێ کردبوو، لایان نه‌داوه.
ئه‌م ململانێیه له کوردستان به‌رده‌وام له ڕێگای گفتوگۆ و سازانێکهوه که به هۆی دڕنده‌یی قه‌ومکوژی و جینۆساید به ده‌ستی چوار ده‌وڵه‌تی میللییه‌وه به‌سه‌ر هه‌ر دوولادا ده‌سه‌پێندرێت، یه‌کلا ده‌بێته‌وه. ماوه‌ته‌وه بزانین ئایا فێمینیسته کورده‌کان ڕێگا ده‌ده‌ن به ناسیۆنالیسم که به‌رده‌وام هه‌ر وه‌کوو پاسه‌وانی پیاوسالاری بمێنێته‌وه. به‌ڵام زۆر ساویلکه‌یییه ئه‌گه‌ر پێمان وا بێت که ناسیۆنالیسم تاقه کۆسپه له‌سه‌ر ڕێگای ڕزگاری ژناندا. فێمینیسم وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی وشیار بۆ له‌ناوبردنی پیاوسالاری، له ناو خۆیه‌وه له‌لایه‌ن هێندێک هه‌ڵوێستی تیۆریکه‌وه که داواکاری سازشکارییه، به‌زێندراوه. ئه‌و بانگه‌وازه‌ی که له ڕۆژاواوه له‌لایه‌ن فێمینیسته پۆست مۆدێڕنه‌کان و تیۆریسیه‌نه‌کانی سیاسه‌تی پێناسه (هه‌ویه‌ت)ـه‌وه بۆ ‘فێمینیسته خۆجێیه‌کان’ ده‌کرێت، هان دانه بۆ سازان له‌گه‌ڵ پیاوسالاریی ئایینی، قه‌ومی و میللی. به‌ڵام سیاسه‌تی ناسیۆنالیستیی کورده‌کان سەبارهت به ‘پرسی ژنان’ له‌چاو ئه‌و ڕێوشوێنه‌ی پۆست مۆدێڕنه‌کان دای ده‌نێن، ده‌یان ساڵ له پاشه. (بڕوانه نووسراوه‌که‌ی Klein له‌م کتێبه‌دا) له کاتێکدا که ناسیۆنالیسمی کورد له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتووه که ڕۆڵی پاسه‌وانی پیاوسالاری بگێڕێت، خۆجێیخوازیی و تیۆرییه‌کانی خۆجێی بوون، بانگهێشتنی فێمینیسم ده‌کات ببێته ده‌سته‌مۆی ناسیۆنالیسم. سه‌ره‌ڕای سه‌رکوتکردنی دڕندانه‌ی میللی که دژ به خه‌ڵکی کورد به‌ڕێوه ده‌چێت، زۆرتر له‌وه ده‌چێت که فێمینیسته کورده‌کان له‌به‌ر خاتری ئایین و میلله‌ت و بێ خه‌وشیی قه‌ومی، ناکه‌ونه پاڕانه‌وه له‌به‌رده‌م پیاوسالاریدا.
********************
سه‌رچاوه‌کان
– نه‌ناسراو. (٤-١٩٤٣) «ئاخافتنی برایان و خوشکان.»، نیشتمان ٤/٣ ( ١٣٢٢ دیسامبری ١٩٤٣ ژانڤییه ١٩٤٤)٤-٢٣.
– جه‌زا چه‌نگیانی (١٩٩٣) چاوپێکه‌وتنێک له‌گەڵ چوار ئافره‌تی سه‌ر به یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان. خه‌رمانه ١٠-٩: ١٢٢ ؛ ١٢٤
Eagleton Jr William (1963). The Kurdish Republic of 1946. London: Oxford University Press
Edmonds, C.J. (1957). Kurds, Turks and Arabs. London: Oxford University Press
– فرهنگ جغرافیایی ایران (١٩٥١). جلد ٤، تهران چاپخانهٔ ارتش، ١٣٣٠.
– برایم فه‌رشی (١٩٩٥) `کورته‌یه‌ک له سه‌ر شانۆی «دایکی نیشتمان»`. گزینگ ٧:٢٨-٢٣.
– گڕوگاڵی منداڵانی کورد (١٩٤٦) ١(١) (٢١ی مانگی سێ)
– دولت ایران (١٩٦١). وزارت کشور، آمارعمومی، آمار سرشماری منطقهای اولین سرشماری ملی در ایران، آبان ١٣٣٥(مانگی یازده‌ی ١٩٥٦)، جلد ٤٧، منطقه سرشماری مهاباد، ٥- ١٤ : مه ١٩٦١.
– کتاب اسامی دهات کشور (١٩٥٠) جلد ١ استانهای ١،٢،٣ و ٤، تهران وزارت کشور ادارهٔ کل آمار و ثبت احوال، فروردین ١٣٢٩، چاپ دوم: ٢٦.
– محەممەد ئەمین مه‌نگوری (١٩٥٨). به‌سه‌رهاتی سیاسی کورد له ١٩١٤وە هه‌تا ١٢ی ته‌مووزی ١٩٥٨، به‌رگی یه‌که‌م، ده‌ستنووس. له سوید له‌ژێر سه‌ردێڕی ‘به‌سه‌رهاتی سیاسی کورد له ١٩١٤ەوە هه‌تا ١٩٥٨’. به‌شی یه‌که‌م ١٩٩٩.
– مه‌رامنامه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. گۆڤاری توده ژماره ١٩، پووشپه‌ڕ ١٣٤٩/١٩٧٠ : ١-٣٠.
– ڕەسوول میکائیلی (١٩٤٦). ‘په‌روه‌رده‌ی ژنان’ کوردستان ٧٥ (١١ی مانگی هه‌شت):٤
Nelson, Dana (1998). National Manhood: Capitalist Citizenship and the imagined Fraternity of White Men. Durham: Duke University Press.
*****
ژێرنووسەکان:
[1] – ئه‌م به‌شه دووباره نووسینه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌کانی منن له ژێر ئه‌م سه‌ردێڕه‌دا. من له بڵاوکراوه‌کانی ‘کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک’، بڵاوکراوه‌کانی کۆماری کوردستان، ده‌ستنووسه‌کان، وتووێژەکان و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ، که‌ڵکم وەرگرتووه.
[2] – وشه‌ی ‘کۆمار’ له ڕۆژنامه‌ی ‘کوردستان’ بڵاوکراوه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا به‌کارهێندراوه و ڕێبەری حیزب و ده‌وڵه‌ت، واته قازی محه‌ممه‌دیش وه‌کوو `سه‌رۆککۆمار` ناسراوه. کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی ده‌رکرد و هه‌مووانی ئاگادار کرده‌وه کاتی ناردنی نامه بۆ قازی محه‌ممه‌د بنووسن `سه‌رۆککۆماری کوردستان`(کوردستان ژماره چواردە، ١٣ی مانگی دووی ١٩٤٦ ل٤). به‌ڵام له ژێر فشاری سۆڤیه‌تدا ئه‌م ناوه له چوارچێوه ڕه‌سمییه‌کاندا لابرا و به سه‌رۆککۆماریان گوت پێشه‌وا. کورده‌کان هێشتایش هه‌ر پێی ده‌ڵێن کۆمار.
[3] – ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. دیموکراسییه و بۆ به‌خته‌وه‌ریی ژیانی ئینسانه‌کان تێ ده‌کۆشێت.(بڕگه‌ی ٨ی پلاتفۆرمی بڵاوکراوه له نیشتمان ژمارە ٦؛ل ٦ی ١٩٤٢دا ته‌نها سێ بڕگه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی دوورودرێژتر بڵاوکراوه‌ته‌و).
[4] – ده‌قی شانۆنامه‌که نه‌ماوه‌ته‌وه. زۆرترین ڕوونکردنه‌وه له‌لایه‌ن فه‌رشی (١٩٩٥)ـه‌وه دراوه. لێکدانه‌وه‌یه‌کی کورت له کتێبه‌که‌ی Eagleton دا هاتووه (١٩٦٣).
[5] – ئه‌م به‌ڵێنه له مه‌رامنامه‌ی حیزب‌دا دراوه (بڕوانه ژێرنووسی ژماره ٩ له خواره‌وه)؛ هه‌روه‌ها بڕوانە: (٧٠-١؛١٩٦٣ Eagleton)
[6] – کتێبی اسامی دهات کشور(٢٦؛١٩٥٠)
[7] – فرهنگ جغرافیایی ایران (٥١٢؛١٩٥١)
[8] – به‌پێی زانیاری له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه (١٤-٥؛١٩٦١)
[9] – مه‌رامنامه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان (٣٠-١؛١٩٧٠)
[10] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ١٠(٦ی مانگیدوو): ل ١،٤
[11] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ١٣(١١ی مانگیدوو):ل ١
[12] – گۆڤاری `گڕوگاڵی منداڵانی کورد`. بۆ نموونه ئه‌م شێعره‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه:
بۆ کچان
ئه‌ی کیژی کورد! تۆیش هه‌روه‌ک برا گه‌وره‌که‌ت فێری خوێندن به
نووری دیده‌م قه‌ت ده‌ست له خوێندن هه‌ڵ مه‌گره.
براکه‌ت پێویستی به یارمه‌تی تۆیه،
ئه‌و زۆر موحتاجی بیری جوانی تۆیه.
کاکت به‌قوربانت بێت خوشکم فێری خوێندن به،
چونکوو ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واره حه‌یوانه (١٩٤٦:٧)
[13] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢٧ (٢٥ی مانگی سێ):ل ٣-٢
[14] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢٩ (٣٠ی مانگی سێ):ل ٤
[15] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢٤ (١٣ی مانگی سێ):ل ٧
[16] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢٤ (١٣ی مانگی سێ):ل ٣
[17] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٧٩ (٢٢ی مانگی هه‌شت [ده‌بێ ٢٠ی مانگی هه‌شت، واته ٢٩ی گه‌لاوێژ بێت]):ل ٤
[18] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٨٥ (٥ی مانگی نۆ [ده‌بێ ١٢ی مانگی نۆ واته ٢١ی خه‌رمانان بێت]):١
[19] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٧٧ (١٥ی مانگی هه‌شت):ل ٤
[20] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٧٧ (١٥ی مانگی هه‌شت):ل ٤
[21] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٨٥ (٥ی مانگی نۆ [ده‌بێ ١٢ی مانگی نۆ، واته ٢١ خه‌رمانان بێت]):ل ١
[22] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢٤ (١٣ مانگی سێ):ل ٥
[23] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ١٦ (١٨ی مانگی دوو):ل ٤
[24] – به که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌ستنووسه‌کانی محەممەدئەمین مه‌نگوڕی نووسراوه (٧- ١٩٥٨:١٧٦). نووسه‌ر خۆی له عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ له تایفه‌ی بڵباسه و سه‌باره‌ت به شوێنه‌واری ئه‌م یاسایه له سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که لێکۆڵینه‌وه‌ی ده‌کرد له کاتێکدا که ماوه‌یه‌کی کورت پاش ڕووخانی کۆمار به نهێنی ده‌ژیا. بڕوانه Edmonds(6-225:1957) سه‌باره‌ت به ڕه‌دووکه‌وتنی کچان له ناو بڵباسدا. لێره‌دا سپاسی به‌ڕێز مه‌حموودی مه‌لاعیزه‌ت ده‌که‌م که ئه‌م ده‌ستنووسانه‌ی پێ دام. ئه‌و خۆی ئه‌م ده‌ستنووسانه‌ی له‌سوید بڵاوکردوه‌ته‌وه.
[25] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ١٠ (٤ی مانگی دوو):ل ٣
[26] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢ (١٣ی مانگی یه‌ک):ل ٤
[27] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢٧ (٢٥ی مانگی سێ):ل٣
[28] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٢٨ (٢٧ مانگی سێ)
[29] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٧٣ (٤ مانگی هه‌شت):ل ٢
[30] – کوردستان (١٩٤٦) ژمارە ٧٢ (٣٠ی مانگی یه‌ک):ل ٤
[31] – بۆ نیشاندانی نموونه‌یه‌ک له‌م چه‌شنه بیرکردنه‌وەیە، وتووێژێک ده‌گێرینه‌وه که ساڵی ١٩٩٣ له‌گه‌ڵ چوار که‌س له ڕێبەرانی یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان که یه‌کێکه له ڕێکخراوه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق. یه‌کێک له‌م ژنانه کوشتنی به‌ربڵاوی ژنان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ که ته‌نها یه‌ک دوو ژن له سلێمانی کوژراون. له وه‌ڵامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌وان بەرانبەر به ڕه‌دووکه‌وتنی کچان وه‌کوو ڕێگایه‌ک بۆ ده‌ربازبوون له هاوسه‌رێتی ڕێکخراو له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه، ژن به ژنه و فرۆشتنی کچان، یه‌کێک له‌و ژنانه ده‌ڵێ ئه‌و دژ به‌و کارانه‌یه چونکوو ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه که ئه‌وانه دژ به نه‌ریتی خه‌ڵکی کوردستانه. یه‌کێکیتر له ڕێبەرانی ڕێکخراوی ژنان دژایه‌تی ڕه‌دووکه‌وتن دهکاتو ئه‌ڵێت:
من ناتوانم ڕاسته‌وخۆ بڵێم که ئه‌مکاره (ڕه‌دووکه‌وتن) شتێکی باشه. ئێمه به ڕوونی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ده‌ناسین که تێیدا ده‌ژین. ئێمه چ فه‌رهه‌نگێکمان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئێمه له چوارچێوه‌یه‌کی به‌ریندا باسی مافی ژنان بکه‌ین، خودی کۆمه‌ڵگا له بەرانبەرماندا ڕاده‌وه‌ستێ. ئێمه ده‌بێ هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌که‌ماندا بچینه پێش. فه‌رهه‌نگی ئیسلامی و کوردیی بوونه‌ته یاسای کۆمه‌ڵایه‌تی؛ ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌م سنووره تێپه‌ر که‌ین، سه‌رناکه‌وین.
ئه‌م چوار ژنه‌ی وتووێژەکهیان له‌گه‌ڵدا کراوه، ڕێبه‌ری یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان بوون و به سه‌ردان هاتبوون بۆ ئورووپا به‌مه‌به‌ستی ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ چالاکییه‌کانیان. (١٢٢،١٢٤:١٩٩٣ چه‌نگیانی).