وتاری گرینگی ئامینە کاکەباوە ئەندام پارلەمانی سەربەخۆی سۆسیالیست لە پارلەمانی سوید ڕۆژی ٧ی مانگی حەوت ٢٠٢١

Amineh Kakabaveh: Därför lade jag ned min röst | Proletären
Amineh Kakebaveh Sveriges Riksdag den 7 juli 2021

لەم دانیشتنەی پارلەماندا کە بۆ دیاریی کردنی سەرەکوەزیران بەڕێوە دەچوو، دەنگی ئامینە ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو. ئاخێوەران تەنها بەرپرسانی حیزبەکان یان سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارلەمان بوون. ———

سپاس جەنابی سەرۆکی پارلەمان، ئەندامانی بەڕێزی پارلەمان، خەڵکی سوید، بەشداربووان و ژوورنالیستە بەڕێزەکان،پاش ئەوەی کە لە سەر پێشنیاری حیزبی دیموکراتەکانی سوید متمانە لە دەوڵەتی ستێفان لۆڤێن ئەستێندرایەوە، هیچکەس نەیتوانیوە حکوومەتێکی تازە پێک بهێنێت. هاوکات سوید لە سەردەمی پاندێمیی کۆڕۆنادا دەژی. ئێمە هەموومان بەرپرسیارەتییمان لەسەر شانە بۆ ئەوەی ڕێگا چارەیەک بدۆزینەوە. من لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە ئەندامی پارلەمانی سویدم. بەڵام لە پاییزی ساڵی ٢٠١٩ بەملاوە وەکوو کەسێکی سەربەخۆی سۆسیالیست بەبێ هیچ گرێدراوییەکی حیزبییەوە لەم پارلەمانەدا هەڵدەسووڕم. جگەلەوە من بەرامبەر بەوانەی منیان هەڵبژاردووە هەست بە بەرپرسیارەتیی دەکەم. بەتایبەت بەرامبەر بەو زیاد لە ٣٥٠٠ کەسەی لە لیستی بەربژێرەکاندا ناوی منیان هەڵبژارد.بە درێژایی ئەم ماوەیە من هەوڵم داوە بە شێوەیەکی بنیادنەرانە چالاک بم. چەندین جار بە نووسین و بە وتار، لە ناو ئەم پارلەمانەدا پرسیاری ڕەخنەگرانەم لە سەر بوارە جۆراوجۆرەکان ئاراستەی وەزیرانی کابینە کردووە. هەروەها چەندین پێشنیارم ئاراستەی پارلەمان کردووە. بۆ نموونە سەبارەت بە کێشەی نامووسی و داڤید ئیساک (ژوورنالیستێکی سویدی – ئێریترەیی کە ساڵانێکە لە زیندانی ئێریترەدایە) و هەروەها چەندین پێشنیاری دیکە لەگەڵ ئەندامانی شەش لە حیزبەکەی ناو پارلەمان.خۆشحاڵم کە لەگەڵ سەرۆکی پارلەمان و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پارلەماندا شێوەیەکی کارکردنمان دەست نیشان کرد کە بتوانم تێیدا لە کاروباری پارلەماندا چالاک بم. بەتایبەت لەم سەردەمی پەتای کۆڕۆنادا کە ژمارەی بەشداران لە پارلەمان سنووردار بووە. من سیاسەتمەدارێکی ئۆپۆزیسیۆنم کە هەوڵ دەدات لە چەندین بوار و بابەتی گرینگ لەم هەل و مەرجە دژوارەدا هاوکاری و پێکەوە سازان بکەم. لە دانیشتنی پێشوودا گوتم دەنگی من دەتوانێت بەتایبەتی بڕیاردەربێت و هەروایش دەرچوو!من لە کۆمەڵگادا پشتیوانییەکی بەرفراوانم هەبووە. لە ناو میتڕۆدا لە خیابان و گۆڕەپانی شار کەسانێکی زۆر لەگەڵم دەدوێن. ژنان و پیاوان و لاوانێک لە ناوشار و گەڕەکە پەراوێزەکانی شار. لە لایەن خانەنشینانەوە ئیمەیلم بۆ دێت کە دەڵێن پارەی خانەنشینی بۆ ژیانی ئاساییمان بەش ناکات. من بەڵێنم پێ داون و هەوڵیان بۆ دەدەم. هەروەها بەو پیاوە سویدی – سۆمالیاییە کە لە وێستگەی میتڕۆی شەرهۆلمێن کار دەکات، یان ئەو خوێندکاری زانکۆ کە لە سووپەر مارکێت کاردەکات، بەڵێنیم پێداون. من بە هەست بە بەرپرسیارییەتییەوە بەڵێنم داوە بە ژنان و کچان و منداڵانێک کە بەرکەوتووی توندوتیژی نامووسین و هەموو ڕۆژێک لەگەڵ فەرهەنگی نامووسی لە ململانێدان. من لە ڕێکخراوەکەی خۆیشم دا، “ڕێکخراوی نە لەشفرۆش و نە فەرشی بەر درگا” یارمەتیی ئەوانە دەکەم.من کچێکی کوردم کە لە دیکتاتۆرییەکی ئایینییدا گەورە بووم. من نەمتوانی بە زمانی دایکی خۆم بخوێنم. بە پێی شەریعەتی ئیسلام لە ئێران من کە ژنم وەکوو مرۆڤێکی کامڵ حیسابم بۆ ناکرێت! من بۆ ئازادی خۆم و خەڵک خەباتم کردووە. لە کوردستان ئێمە ناچار کراین دەست بدەینە چەک. سیاسەت بۆ من وەکوو ئەرکێک نییە بەڵکو مەیدانی نەبەردێکە بۆ پارێزگاری کردن لە مافی مرۆڤەکان، یەکسانی جەندەریی و ئازادی. من ڤیلدە Vilde نیم! (لە پارەلەمانی سوید بەو کەسانەی لە حیزبەکەیان دەچنە دەر و هەر وەکوو ئەندام لە پارلەمان دەمێننەوە دەگوترێ ڤیلدە واتە وەحشی، سەرکەش!) بەڵکوو بە پێچەوانە، من کەسێکی بەتەواویی شارستانییم و هیچ کاتێک دەست لە خەبات کردن بۆ گەیشتن بە دەستەبەرکردنی بەهای یەکسان بۆ هەموو مرۆڤەکان هەڵناگرم.لە سیاسەتدا دەبێ متمانە بە یەکتر بکەین، دانوستاندن بکەین و لە هەل و مەرجی دژواردا هەوڵ بدەین کاروباری وڵات بە باشی بچێتە پێش. من لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ چەندین بەر پرسی حیزبی لە پارلەمان گفتوگۆی بنیادنەرانە و ئاوێتەی ڕێزمان پێکەوە هەبووە. من خواستەکانی خۆمم پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بتوانم لە سەرۆکوەزیر بوونی ستێفان لۆڤێن پشتیوانیی بکەم. بۆ من گرینگە ئەو سیاسەتە بگرمە بەر کە دژ بە کەڵکوەرگرتن بێت لە دام و دەزگای باشبژییەتیی وڵات. هەروەها دژ بە گوشار بە ناوی نامووس و توندوتیژی پیاوان دژ بە ژنان بووم. هەموو ساڵێک سەدان ملیۆن کڕۆن لە پارەی باجدەران لە ڕێگای کۆمپانیای جۆراوجۆرەوە کە بەرپرسی خوێندکاران و کەرتی تەندروستی و دەرمانیی هاووڵاتییانن، بەرەو دوورگەکانی بەهەشتی ئەوانەی لە باچ ڕادەکەن سەرەوخوار دەبنەوە.من دەمهەوێت بۆ دامەزراندنی هەل و مەرجێکی باشتر بۆ چینە لاوازەکان و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، هەروەها بۆ توێژە کەم دەرامەدەکان، خانەنشینانی لاواز و بەرکەوتووانی توندوتیژی نامووسی خەبات بکەم. ئاشکرایە کە من وەڵامی هەموو خواستەکانی خۆمم بە ئەرێنی وەر نەگرتووەتەوە. بەڵام خۆشحاڵم کە دەوڵەت و حیزبی سۆسیال دیموکرات گوێیان لێ گرتووم و توانییومانە پێکەوە لەسەر هێندێک خاڵی گرینگ بەرەو سیاسەتێکی هاوبەش هەنگاو بنێین. من دەستەبەر نەبووم کە پشتگیری لە خاڵەکانی ڕێكەوتنی ژانڤییە (مانگی یەکی ٢٠١٩) بکەم.هەر دوو ساڵ لەمەو بەر بوو کە من بە ئاشکرا لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبەوە [حیزبی چەپ] سووکایەتیم پێ کرا چونکە ڕێگایان پێ نەدەدام شوێنی خۆمم هەبێت لە سیاسەتدا و بۆ خۆم بتوانم بیروبۆچوونی خۆم و ئەوەی بەلامەوە گرینگ بوو دەری بڕم. خۆشحاڵم کە سەرم بۆیان دانەنەواند. مرۆڤ ناتوانێ بەردەوام سەردانەوێنێت بەڵام گرینگ ئەوەیە کەرامەتی ئەوانی تر ڕابگیرێت. ئەو کاتەی من وەکوو کچێکی تازەلاو چوومە شاخ و بوومە پێشمەرگە، قەت بیرم لەوە نەکردبووەوە سەردەمێک بێت لە ژیانمدا کە ببمە ئەندامی پارلەمانی سوید و لەوێیش ڕۆڵی شەپۆلی باڵانسڕاگرم هەبێت! لە لایەکی دیکەشەوە کاتێک کە یاسای بنەڕەتیی سویدیان دادەڕشت، کەس بیری لەوە نەکردبووەوە کە ئەندامێکی سەربەخۆی چەپ و سۆسیالیست کە پێشتر پێشمەرگە بووە و تەنانەت لە وڵاتی خۆی نەچووەتە مەدرەسەیش دێتە سوید و لە کاتێکی دیارییکراودا دەبێتە شەپۆلسوارێکی باڵانسڕاگر!بەڵام جەنابی سەرۆکی پارلەمان، سوید وڵاتێکی خەیاڵیی و لەباوەڕ بەدەرە کە هەموو ئیمکانێک بە مرۆڤەکان دەبەخشێت! سوید ئیمکانی زۆر ناوەتە بەر دەستی هەموومان.ئێمە ناتوانین ئەو گیروگرفتانەی بەرەوڕوومان بوونەتەوە بەکەم سەیر بکەین. تاوان و کەتن، پێکهاتەیەکی عەشیرەیی، بنەماخوازیی، توندوتیژی نامووسی، بێکاری و نایەکسانی دەبینرێت. بەڵام ئێمە بەوەی کە لەم وڵاتەدا دەژین شانازیی دەکەین. ئێمە ئەوانەی کە شانازیی ئەندام بوون لەم پارلەمانەمان پێ بڕاوە، بەرپرسین و پێویستە پێکەوە دابنیشین گفتوگۆ بکەین و پێکەوە بسازێین. من پێزانینی خۆم ڕادەگەیەنم بەرامبەر بەوەی کە دەتوانم نوێنەرایەتی کەسانێک بکەم کە دەنگیان نابیسترێت و هەست بە شانازیی دەکەم. خۆشحاڵم لەوەی هەوڵ دەدەم ئەم وڵاتە باشە بەرەو هەل و مەرجێکی باشتریش بچێت.سپاستان دەکەم جەنابی سەرۆکی پارلەمانئامینە کاکە باوە پارلمان سوئد دانیشتن بۆ دەنگدانی چارنووسساز بە سەرەکوەزیران ستێفان لۆڤێن٧ی مانگی حەوت ٢٠٢١