ئەو ڕۆژەی نەیانهێشت شێرکۆ بێکەسی مەزن پەخشانە شێعرەکەی بخوێنێتەوە! ئێستا کچێك نیشتمانمە

Sherko Bekas Ahmad Eskandari

ئێستا کچێك نیشتمانمە، دەقێکی درێژی واڵا

ڕێک دە ساڵ لەمەوبەر، ڕۆژی ٢٠١١/٤/٢٣ بڕیار بوو شێرکۆ بێکەس دەقێکی درێژی واڵا (( ئێستا کچێک نیشتمانمە)) لە تەلاری هونەری سلێمانی بخوێنێتەوە بۆ یەکەم جار! بەڵام نەکرا!

من بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی بانگهێشت کرابووم. ڕۆژی ٤/٢١ کاک شێرکۆ هات بۆ کونفرانسەکە، پێکەوە دانیشتین و زۆرمان قسەکرد. دڵی پڕ بوو لە قسە سەبارەت بە بارودۆخی ئاڵۆزکاوی ئەو ڕۆژانەی کوردستان. وتی مام جەلالم بینیووە و زۆر بە کراوەیی لەگەڵی قسەم کردووە. وتم کارێکی باشت کردووە و پێویستە کەسانی وەکوو جەنابت ئەو شتانە راستەوخۆ رابگەیەنن. هەر لەوێ کارتێکی پێدام و دەعوەتی کردم بۆ کۆڕی شێعر خوێندنەوەی خۆی: “ئێستا کچێک نیشتمانمە، دەقێکی درێژی واڵا” لە تەلاری هونەر رۆژی شەممە ٢٠١١/٤/٢٣ چواری پاشنیوەڕۆ. گوتی ژمارەی بەشدارانی کۆڕەکە سنووردارە و تەنها ئەو کەسانە دەتوانن لە کۆڕەکەدا ئامادە بن کە کارتی تایبەتیان پێ بێت. زۆر سپاسم کرد و وتم بە خۆشییەوە بەشدار دەبم.

پێش نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٣ی چوار، خۆمم ئامادە کردبوو کە بچم بۆ کۆڕەکە و دەمزانی ئەم شێوە بانگهیشت کردنەی کاک شێرکۆ بێکەس واتای ئەوەیە کارێکی گەورە و گرینگی کردووە و دەیهەوێت بەو شێوەیە بۆ یەکەم جار بیخوێنێتەوە. پێش دەرچوون لە ماڵ خەریکی خوێندنەوەی دەنگوباس بووم لە سەر ماڵپەڕی ڕۆژنامەکان کە لە پڕێکدا ئەم هەواڵەم لە سەر سایتی هاووڵاتی خوێندەوە:

کۆڕەکەی ئەمڕۆی شێرکۆ بێکەس بەڕێوە ناچێت! خێرا تەلەفونم بۆ خۆی کرد. وتی کاکە زۆر بەداخەوە وتوویانە لە بەر بارودۆخی ئاسایشی هەرێم، بەباشی نازانین ئەم کۆڕە بگیرێت! . من کە داچڵەکابووم، باوەڕکردنی زۆر قورس بوو بۆم. هێشتا نەمدەزانی ناوەرۆکی ئەوەی دەیخوێنێتەوە چییە بۆیە پێم سەیر بوو، دەبێ شێعرێکی واڵای شێرکۆی مەزن چی بێت کە نەتوانێت لەگەڵ ‘بارودۆخی ئاسایشی هەرێم’ دا هەڵبکات!

لە کتێبی ‘دەقی واڵا، ئێستا کچێک نیشتمانمە’دا کە ساڵی ٢٠١١ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی کردووەتەوە، کاک شێرکۆ لە کۆتایی کتێبەکەدا لە ژێر سەردێڕی ‘دوا وتەی خۆیشم…’ سەبارەت بەو دەقە واڵایە دەنووسێت:دەقەکە لە دوو بەش پێکهاتووە:

بەشی یەکەم دنیاکەی، دنیایەکی تاریکە و پڕپڕ لە بێزاریی و ورەسبوون. لە بەشی دووەمدا ڕووناکییەک لە ڕێی “ڕۆزانا”وە ئەکەوێتە ناو دەقەکەوە. لە کۆتایی بەشی یەکەمدا “کامەران” دەسبەرداری نیشتمان و باوکە گەوجەکەی ئەبێت و چوون چاویلکەیەکی شکاو و کۆن فڕێێ ئەدات و لە بەشی دووەمدا “ڕۆزانا” ئەکات بە نیشتمانی خۆی.