نەمام غەفووری، پزیشکە سویدی – کوردەکە ماڵاوایی لە ژیان کرد

En kvinna med munskydd.
Mellan passen som stafettläkare, ägnade Nemam Ghafouri sina sista år i livet åt att hjälpa IS offer. Foto: Cecilia Uddén/Sveriges Radio.

نەمام غەفووری، پزیشکە سویدی – کوردەکە ماڵاوایی لە ژیان کرد

ئەو ژیانی خۆی بۆ یارمەتی قوربانییەکانی داعش تەرخان کردبوو.

پزیشکە ئەفسانەییە کورد – سویدییەکە واتە نەمام غەفووری بە هۆی کۆڤید ١٩ ـەوە لە تەمەنی پەنجا و دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەو لەم دواییانەدا دەستی دایە کارێک کە هیچکەس پێی وانەبوو جێبەجێ دەکرێت! ئەویش پێکەوە یەکخستنەوەی دایکە ئێزیدییەکان و ئەو منداڵانەی کاتی ڕزگارکردنی دایکەکان لە کۆیلایەتی سێکسی دەستی داعش، بەزۆر لێیان ئەستێندرابوونەوە.

لە وەسفی ئەم پزشکە ئاڵاهەڵگرەدا دەگوترا کە ئەو کەسێک بوو پەڕجووی (معجزە) دەخولقاند و کێوی دەجووڵاند. سێ هەفتە لەمەوبەر ئەو کارێکی کرد کە وەکوو نەگونجاو و مەحاڵ دەهاتە پێش چاو؛ ئەویش یەکگرتنەوەی نێوان دایکە ئێزیدییەکان و منداڵەکانی ئەوان کە ناچارکرابوون بەجێیان بهێڵن کاتێک لە ژێر کۆیلایەتی سێکسی داعش ڕزگار کران. کۆمەڵگای ئێزیدییەکان ئەو منداڵانەیان کە لە ژیانی ئەسیرییدا لەدایکبووبوون، وەکوو زوڕەتی بکوژانی داعش سەیر دەکرت و وەریان نەدەگرتن. بەڵام دایکەکان هیچ کاتێک هیوابڕاو نەبوون.

کاتێک سەرەنجام پاش دوو ساڵ یەکیان گرتەوە، ئەو منداڵە پچووکانە دایکەکانی خۆیان لەبیر چووبووەوە. بەڵام دوکتور نەمام‌یان دەناسی کە بەردەوام لە هەتیوخانەی سووریا سەردانی کردبوون و بە دزییەوە وێنەی ئەوانی ناردبوو بۆ دایکەکان لەو بەری سنووری عێراق.

“دوکتۆرە، دوکتۆرە!”، ئەمە کوڕێکی چوارساڵانە کە گوێم لێیە بانگی دەکات. ئەم منداڵە لە ناو ئەو هەموو ژنانەدا کە دەڵێن دایکانی ئەوانن، ئاخرەییەکەی سیمایەک دەبێنێت کە دەیناسێتەوە. نەمام غەفووری بووبووە هێمنایەتییەک هەم بۆ منداڵەکان و هەمیش بۆ دایکەکان. ئێستا ئەو ئیتر لە ژیاندا نەماوە و داهاتووی ئەم دایکانە و منداڵەکان نادیارە. ئەوان دەبێ خۆیان بشارنەوە و ئێستا لە شوێنێکی پارێزراون لە عێراق.

زۆرن ئەوانەی کە ئەمڕۆ تازیەباری ئەم پزشکە ئازا، بە وزە، هاودڵ و نەترسەن کە لە ئاوارەییدا و لە کوردستان کاتێک کە لە دەست ڕژیمی سەدام حوسەین ڕایان کردبوو، لە ئەشکەوتێکدا لەدایکبوو. ئەو لە نێوان کارەکانی خۆیدا وەکوو پزشکێکی ئاڵاهەڵگر، ژیانی ئەم ساڵانەی دوایی خۆی تەرخان کردبوو بۆ یارمەتییدانی قوربانییەکانی داعش.

سێسیلیا ئیوددێن –Cecilia Uddén Sveriges Radio ڕادیۆ سوید