ئەو ژنانەی کۆیلەی سێکسی بوون لای داعش، ئێستا لەگەڵ منداڵەکانیان یەکدەگرنەوە

Yazidiska före detta sexslavar hos IS återförenas med sina barn.
Yazidiska före detta sexslavar hos IS återförenas med sina barn. Foto: Cecilia Uddén/Sveriges Radio

دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو کاتەی دوایین پێگەی داعش لە سووریا گیرا، سەدان کۆیلەی سێکسی ئێزیدی ڕزگار کران. زۆربەی ئەوانە لە کاتی ئەسیرییدا دەستدرێژی کرابووە سەریان و منداڵیان بووبوو. ئەم دایکانە ناچارکران منداڵەکان لە خۆیان دووربخەنەوە چونکوو لای ئێزیدییەکان ئەمانە بە منداڵی ئەو بکوژانە دەژمێردران کە ئێزیدییەکانیان کۆمەڵکوژ کردبوو.

زۆرێک لەو دایکانە خەباتیان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەکانیان یەکتر بگرنەوە. ئێستا لە دۆخێکی زۆر هەستیار و نهێنییدا ئەو کارە کراوە. بەڵام هەم دایکەکان و هەم منداڵەکان لە مەترسییدان. ڕادیو سوید ئەمڕۆ لەگەڵ ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و گاردەین پێکەوە ئەم بەسەرهاتە دەگێڕنەوە.

پێکەنین، قیژە و پووشەک گۆڕینی منداڵان لە شوێنێکی نهێنی پارێزراو لە عێراق کە دایکەکان و منداڵەکانیان دیسانەوە یەکتر دەبیننەوە.

یەکێک لە دایکەکان دەڵێ؛ من زۆر خۆشحاڵم، باوەڕم نەدەکرد جارێکی تر منداڵەکەم دەبینمەوە.

ئەم یەکگرتنەوەیە، کە لە نەوعی خۆیدا جاری یەکەمە ڕوودەدات، بەختەوەرانەیە بەلام هاوکات دژوار و هەژێنەریشە. دایکەکان و منداڵەکانینان ساڵ و نیوێکە یەکتریان نەبینییوە و زۆرێک لە دایکەکان بەشێوەیەکی بێ ئامان دەگرین. منداڵەکان لە بەردەم ئەم ژنانە دانیشتوون و هیچ بیرەوەرییەکیان لەوان نییە!

ئەم دایکە گەنجانە کە بە ناو تۆقین و دەستدرێژی سێکسی و کۆیلایەتییدا تێپەڕیون، ئێستا خەریکن ئەو پەیوەندییە دابڕاوەیە لەگەڵ منداڵەکانیان چاک دەکەنەوە، لە کاتێکدا کە هەموو کۆمەڵگای ئێزیدییەکان دژ بەوانن! لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی منداڵی ساوا بڵاو دەکرێتەوە کە لە ئاڵای ڕەشی داعشەوە پێچراونەتەوە و دەڵێن چۆن کەسێک دەتوانێت منداڵی ئەو بکوژانە بە خۆوە بگرێت، منداڵی ئەو پیاوانەی کە ئێزیدییەکانیان کوشتووە و بە کۆیلەیان گرتوون.

ڕێبەرێکی سیاسی ئێزیدییەکان ئەوە دەسەلمێنێت بۆ ڕادیو سوید کە ئەم دایک و منداڵانە لە مەترسییدان، کەسانێک هەن دەیانهەوێت بیانکوژن.

دووکەس، واتە پیتر گالبرەیت دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکایی و نەمام غەفووری کە دوکتورێکی کورد – سویدییە، بۆ ماوەی ساڵێک زۆر بە وریایی و بە ئەسپایی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی کوردەکانی سووریا و عێراق دانووستاندنیان کرد هەتا ئەم یەکگرتنەوەیان ڕێکخست.

نەمام غەفووری تووڕەیە لەوەی کە پەیماننامەی ناونەتەوەیی منداڵان کە دەڵێ منداڵ نابێ لە دایکان جیا بکرێنەوە، ئەم ژنانە ناگرێتەوە، ئەمانە قوربانیی دەسەڵاتی تۆقێنەری داعشن.

دوکتور نەمام غەفووری دەڵێت؛ کاتێک وڵاتانی دەرەوە دەچن منداڵەکانی داعشییەکان بهێننەوە، دەگوترێ، بەپێی پەیماننامەی نێونەتەوەیی منداڵان ‘نا نابێت ئەمانە لە دایکەکانیان جیا بکرێنەوە’، کەچی کاتێک قسە لە سەر ئەم قوربانییە قوڕبەسەرانە دەکرێت، دەڵێن نا ئەوە ئەمان ناگرێتەوە. ئەمە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دووڕوویی و ساختەبازییە. لەبەر چی منداڵانی داعش و دایکەکانیان بە پێی یاسا و ڕێسای نەتەوە یەکگرتووەکان دەپارێزرێن، بەڵام ئەم قوربانییانەی کە ئەو هەموو ئازارەیان چێشتووە ناگرێتەوە؟

سێسیلیا ئیودێن – ڕادیو سوید