چاودێران: ڕێگای دووهەم یان سێهەم لە بەردەم دەنگدەراندا نییە

دۆسیەی هەڵبژاردن
ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ

مانگی مارسی داهاتوو هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران و “خوبڕەگان” بەڕیوە دەچێ. لەم هەڵبژاردنانەدا، دەنگدەران مافی دەنگدان بە کۆمەڵێک بەربژێریان پێ دەدرێ کە پێشتر لەلایەن دامودەزگا حقووقی و بانحقووقییەکانی دەوڵەتەوە دەستنیشان کراون. 

لەم دۆسیەیەدا، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی زیاتری ماهیەتی هەڵبژاردنەکان، هەروەتر بۆ نیشاندانی هەڵوێستی کەس و لایەنە سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، زنجیرەیەک بابەت و وتووێژی تایبەتی ئامادە کردووە کە تا ڕۆژی هەڵبژاردنەکان بەرە بەرە بڵاو دەکرێنەوە.

لەم بەشەی دۆسیەکەدا، بەفراو نووری و ئەحمەد ئەسکەندەری، لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان دواندووە. هەردوو ناوبراو، هەر کامەیان بە ئارگومێنتی تایبەت بە خۆیانەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەرفەت و مەجالی بەشداریکردنی دێموکراسیانە لە هەڵبژاردنەکاندا نییە و ڕوونیشی دەکەنەوە کە دامودەزگا چاودێرییەکانی سیستەم، ئاستەنگی سەرەکین لەبەردەم گەشەسەندنی پڕۆسەی دێموکراسیدا.

شیاوی ئاماژەیە کە ئەم پرسیارانە، هەروەها ئاراستەی ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئەکادیمیک، سیاسی و فەرهەنگییەکان و هەروەها  هەندێ لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتیش کراونەتەوە و وەڵامەکانی ئەوانیش، لە درێژەی ئەم باسانەدا و لە چوارچێوەی وتووێژ یانیش وتاری سەربەخۆدا بڵاو دەکرێنەوە.

ئا: کەریم مەرەسەنە

ـ هەڵبژاردن، کە لە وڵاتانی دێموکراتیکدا بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی کایەی دێمۆکراسی دێتە ئەژمار، لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێ چەندە کارا بێ؟


ئەحمەد ئەسکەندەری: کاتێک دەتوانین باس لە کارابوونی هەڵبژاردن لە وڵاتێک بکەین کە کەشوهەوایەکی ئازاد لەو وڵاتە هەبێت و هەڵبژاردن لە چوارچێوەیەکی دێمۆکراتیکدا بەڕێوە چووبێت. بەڵام خودی دیاردەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی جیاواز شێوەی زۆر جیاوازی بە خۆوە گرتووە. بەگوێرەی ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک ڕێز لە ماف و ئازادییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگەکە دەگیرێت و بە کردەوەیش تا چ ئاستێك شارۆمەندان بۆیان هەیە و ڕێگایان دەدرێت لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان کارتێکردنیان هەبێت، هەڵبژاردن و ئاکامەکانی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی‌ تر بەتەواوی جیاوازە. ئەگەر لە وڵاتێکی دێمۆکراتیکی بۆ نموونە وەکوو ژاپۆن یان کانادا یان لە ئەورووپا، جاری وایە بەپێچەوانەی ڕاپرسییەکان حیزبێك یان سەرۆکێك دەنگەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، لە وڵاتانی بەڕواڵەت دێمۆکراتیک یان دیکتاتۆری، هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی دیاریکراوی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە و گۆڕانکارییەکان زۆر لاوەکی دەبن. ئەگەریش ڕاچڵەکانێك لە هەڵبژاردنێکدا بێتە پێش، ئەوە هەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکەدایە بەڵام لایەنێكی کەمتر چاوەڕوانەکراوی ناو دەسەڵات براوە دەبێت. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە دەسەڵاتی بڕیاردەر لە بواری سیاسی و ئابووریدا، بەبێ ڕەچاوکردنی ئامانج و ویستی دەنگدەران، کاری خۆی درێژە پێدەدات و ئاڵوگۆڕەکان تەنانەت ئەگەر لە شێوەی ئەم یان ئەو کەسایەتی سیاسیدا خۆی بنوێنێت و وادە و بەڵێنیی بریقەداریشی پێشکەشی دەنگدەران کردبێت، بەکردەوە ڕەوتی ڕووداوەکان هەر ئەوەیە کە دەسەڵات دەیهەوێت. ئەمە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەر بەو چەشنەیە. 

باشترین نموونە لە ئێران بۆ ئەوەی بزانین هەڵبژاردن چەندە دەتوانێ کارا بێت، هەڵبژاردنی خاتەمی‌یە بۆ سەرەککۆمار لە دووی جۆزەردانی [دوم خرداد] ساڵی ١٣٧٦دا [واتە هەڵبژاردنی ٢٣/٥/١٩٩٧]. ئەم هەڵبژاردنە هەرچەند بوو بەهۆی چەشنێك لە کرانەوەی سیاسی لە ناوەوەی وڵات و تەنانەت لە سیاسەتی دەرەوەیشدا، هەر زوو دەرکەوت کە بڕیاردەری سیاسی و ئەو کەسانەی کە جەمسەری کارەکانیان بەدەستەوە بوو هەر ئەوانەبوون کە پێش خاتەمی و دوای ئەویش هێڵی سەرەکیی ڕەوتی سیاسی و ئابوورییان دیاری دەکرد. ئەوە خودی خامنەیی بوو کە دوای ئەو هەڵبژاردنە گوتی “دەورانێکی نوێ لە مێژووی درەوشاوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەستی پێکردووە” (ڕۆژنامەی همشهری ٤ خرداد ١٣٧٦) هەشت ساڵ سەرەککۆمار بوونی خاتەمی ئاکامەکەی ئەوەبوو کە بینیمان. ئەگەر هەر باسی کوردستان بکەین، گومان لەوەدا نییە کە هەر هەڵوێستێك لەلایەن دەوڵەتەوە گیرابێت، بە ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی و ڕیگادان بە چالاکی هونەری و ئەدەبی و هی‌ تریش، هەمووی بە ڕەزامەندیی هەموو دەسەڵاتی ئێران بووە نەك هەر ڕێفۆرمخوازەکان. کەوابوو ئێران و زۆر وڵاتی تریش مەبەستی سەرەکییان لە هەڵبژاردن ڕاکێشانی کۆمەڵی دەنگدەرانە بۆ سەر سندووقەکان بۆ ئەوەی دواتر بڵێن ئەوەتا دێمۆکراسی و ئەوەش بەشداری خەڵک و گوێڕایەڵبوونی دەسەڵات بۆ خواست و ویستی خەڵک! بەداخەوە کەم نین ئەو کەس و لایەنانەیش کە باوەڕیان بەو چەشنە هەڵسوکەوتە هەیە. ئایا ئەمە بە واتای ئەوەیە کە کێشە و ململانێی زۆر لە نێوان ڕیفۆرمخوازەکان و توندڕەوەکان لە ئێراندا نییە؟ نەخێر! ئەوە نییە دەبینین ماوەیەکە تەنانەت ڕێگا نادرێت وێنە و دەنگی خاتەمی سەرەککۆماری پێشوو لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێراندا بڵاوبکرێتەوە! ئەم خاتەمی‌یە کە باوەڕی قووڵی بە هەموو یاسا و ڕیسای کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرایەتی خامنەیی هەیە. بەڵام هیچکام لەم کێشە و ململانێ ناوخۆییانە ئێران ناکاتە وڵاتێک کە ڕێز لە خواست و بژارەی دەنگدەران بگرێت.

بەفراو نووری: په‌یوه‌ندیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و دێموكراسی په‌یوه‌ندییه‌كی پڕکێشەیە. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌وڵاتگه‌لی دیكه‌دا ئاماژه‌ بێ بۆ سیسته‌م و ژیانی دێموكراتییانه‌، ئه‌وه‌ له‌ ئێراندا هه‌ڵبژاردن ناتوانێ ئه‌و ئامانجه‌ بپێكێ. كێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئێران بەتەنها ناگەڕێتەوە بۆ  سیسته‌می هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ستی یه‌ك ئاڕاسته‌یی و یه‌ك ئایدۆلۆژیكی ده‌وڵه‌ته‌. دێمۆکراسی راسته‌قینه،‌ ده‌وڵه‌ت له‌ شوناسگه‌لی دیاریكراوی ئایدۆلۆژی داده‌ماڵێ، چونكه‌ پێویستی ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجی چونیه‌ك و یه‌كسان دایه‌ بۆ هه‌موو فره‌ره‌نگییه‌كانی پێكهاته‌ی كۆمه‌لایه‌تی، سیاسی، ئایدۆلۆژی و ڕەگەزی و نەتەوەیی. پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌: له‌ئێراندا ره‌گه‌زه‌كانی دێمۆکراسی تاچه‌نده‌ ئاماده‌ییان هه‌یه‌، كه‌ گه‌ره‌نتی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و به‌شداری ئازادانه‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌ن؟ رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد، میدیای ئازاد، ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی هاونیشتمانیان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌كوێی ژیان و سیسته‌می ئێراندان؟ لێره‌دا ئه‌و راستییه‌ تاڵه‌ له‌هه‌مبه‌ر حه‌قیقه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ نه‌ك نه‌یانتوانیوه‌ ده‌ربڕی به‌ ته‌واو مانای ژیان و به‌رژه‌وه‌ندیی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی ئێران بن، به‌ڵكو بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكردنی پێوستی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی به‌ سیسته‌م و ژیانێكی دێمۆکراتیانه‌. 

ئه‌كرێ بڵێین هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ له‌ نەبوونی پایه‌كانی دێمۆکراسیدا ئه‌نجام ده‌درێن، له‌راستیدا ده‌مامكی سیسته‌مێكی تۆتالیتێرن، كه‌ نایه‌وێ به‌ ڕوخساره‌ حه‌قیقییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێ. هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران ته‌نها له‌وه‌ختێكدا كارا ده‌بن و رۆڵی بونیادی له‌ بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی كۆمه‌ڵی ئێرانیدا ده‌گێڕن، كه‌ ده‌زگاگه‌لێكی هه‌ڵبژاردنی ئه‌وتۆ بێنه‌ ئاراوه‌ كه‌ جه‌وهه‌ری دێمۆکراتیانه‌ی سیسته‌می سیاسی دروستی كردبن و زه‌مینه‌ی له‌بار و به‌رابه‌ر بڕه‌خسێنن، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ هێز و پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران له ‌ده‌ره‌وه‌ی ململانێی سیاسی و ده‌رفه‌تی یه‌كسانی ململانێی سیاسییه‌وه‌ خۆی نه‌بینێته‌وه‌. هه‌تاكو ئه‌م فۆرمه‌ی سیسته‌می سیاسی حاكمیه‌تی هه‌بێت، دێمۆکراسی و هه‌ڵبژاردنی ئازادیش وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ئه‌و سیسته‌مه‌ ناتوانن كاراییه‌كی ته‌واویان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراندا بۆ دروست ببێت. لە ئێراندا ئەوەی دەبینرێت خەڵک بۆیان نییە لە نێوان کاندیدی جیاواز و بیری جیاواز و مەیلی سیاسی جیاوازدا هەڵبژێرن، دێمۆکراتی هەڵبژاردنە لە نێوان چەند ڕێگەیەکی جیاوازدا، ئەوەی دەوڵەت فەرزی کردووە خەڵک هەموو یەک ڕەنگ هەڵبژێرێت، لەگەڵ سەرەتاییترین پرەنسیپەکانی دیموکراسیدا ناکۆکە.

ـ ئایا بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردندا، لەکاتێکدا دەبێ بەربژێرەکان بە فیلتێری ناوەندگەلی هەڵنەبژێردراودا تێپەڕن، دەتوانێ ڕەوایەتی بدات بەو دامەزراوەیە کە “هەڵبژاردن”ی بۆ دەکرێت؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: دیارە هەموو هەوڵی ڕژیمە نادیمۆکرات و دیکتاتۆرەکان ئەوەیە کە هەڵبژاردن وەکوو ئامرازێک بەکاربێنن بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بە سیستمی سیاسی و دەسەلاتەکەی خۆیان. زۆرینەی خەڵکیش نەك بە مەبەستی ئەو ڕەوایەتیدانە، بەڵکوو بەهۆکاری‌ترەوە بەشداری هەڵبژاردن دەبن. بەشداربوون و نەبوونی دەنگدەران دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەوەی کە ئەو خەڵکە تا چ ڕادەیەک لە کەشوهەوایەکی دێمۆکراتیکدا دەچنە ناو پرۆسەی دەنگدانەوە. لە ئێران میدیای ئازاد و سەربەخۆ نییە هەتا بتوانێت سەبارەت بە کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەشیوەیەکی جیاواز لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکوومەت لەگەڵ خەڵكدا بدوێت. هەروەتر سەبارەت بە پاڵێوراوەکان هیچ دەزگایەکی بێلایەن نییە کە بە شەفافییەتەوە بکەوێتە هەڵسەنگاندن، ڕەخنەلێگرتن و بژارکردنی بەرنامە و دەربڕین و بۆچوونەکانیان. لەلایەکی تریشەوە خەڵکێك هەن کە پێیانوایە بەشداربوون لە هەڵبژاردندا لەوانەیە ئاڵوگۆڕ لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پێک بێنێت و دۆخی دژواری ژیان و گوزەرانیان بخاتە بارێکی باشترەوە. دیارە زۆر کەسیش لەوە دەترسن کە ئەگەر بەشداری نەکەن لەوانەیە تووشی کێشەبن. 

تێپەڕبوونی پاڵێوراوان بە فیلتێری “شوورای نیگەهبان”دا، هەر ئەوە نییە کە لە ئێران دەزگایەك هەیە بۆ ئەو کارە کە هەتا سەرئێسقان نادێمۆکراتیکە، بەڵکوو کاتێك کەسێک تۆزێك بە زەحمەت قبووڵ دەکرێت و یان لە قۆناخێکی درەنگتردا دیسانەوە وەردەگیرێتەوە، چەشنێك ڕەوایەتی پەیدا دەکات لەناو خەلکدا. بە یارمەتی هێندێك ناوەندی ڕاگەیاندن لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات وا لێکدەدرێتەوە کە گوایە ئەو کەسانە دەکەونە بەرەی دژایەتیکردنی توندڕەوەکان و دەبنە هۆکاری چاکسازی و باشتربوونی دۆخەکە. ئاشکرایشە ئەوانەی کە دەچنە سەر سندووقی دەنگدان بریتین لە شارۆمەندانی ئاسایی وڵات و هەموویان لێکۆڵەر و چالاکی سیاسی نین هەتا بتوانن بەپێی لێکدانەوەی قووڵ لە بارودۆخی سیاسی دەنگی خۆیان بە ئەم یان ئەو کاندیدا بدەن.  

بەفراو نووری:  به‌ربژێره‌كان له‌هه‌موو ولاتانی دێمۆکراتیدا پێویسته‌ تایبه‌تمه‌ندی و مه‌رجگه‌لێكیان له‌پشت بێ بۆ به‌ربژێربوونیان، به‌ڵام مه‌رجگه‌لی سیاسی، ئایدۆلۆژی و مه‌زهه‌بی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌چوارچێوه‌ی دێمۆکراتیكدا شوێنیان نابێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ئێراندا ده‌گوزه‌رێ له‌په‌یوه‌ند به‌ دیاریكردن و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه،‌ وایكردووه‌ هه‌لبژاردنه‌كان زیاتر له شوناسی  دێمۆکراتی دووربكه‌ونه‌وه‌، به‌و حوكمه‌ی پێشمه‌رجه‌كان گه‌یشتوون به‌ئاستێكی زۆر مه‌ترسیدار و نادێمۆکراتیانه‌، كه‌  پابه‌ندبوونە به‌ ته‌نیا ئاراسته‌یه‌كی سیاسی و ئایدۆلۆژیای ناو سیسته‌می ئێرانی. ئەو مەرجە بووەته‌ فیلته‌ری كۆتایی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ شیاوبوون و نه‌شیاوبوونی کاندیدەکان. دەوڵەت لەو ڕێگایەوە پەرلەمانێک هەڵدەبژێرێت کە تەواوی ئەندامانی لە بری ئەوەی نوێنەری خەڵک بن، نوێنەری دەوڵەتن. لەم گەمەدا دەوڵەت پێش هەڵبژاردن کاندیدەکانی لە سنووری چەند کەسێکی وەفادار بە سیستمدا هێشتۆتەوە. 

له‌ سیسته‌می دێمۆکراتیكدا خه‌ڵك له‌به‌شداربوونێكی ئازادانه‌دا بڕیار له‌وه‌ ده‌ده‌ن چی کەسانێک شایانی نوێنەربوونیان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ته‌نها بۆ شه‌رعییه‌تدان به‌ خودی به‌ربژێره‌كان گرینگ نییه‌، به‌ڵكو ڕه‌وایه‌تی و شه‌رعیبوونی خودی ده‌زگای ته‌شریعییەکە هەر لەو ئازادییەوە دێت. هەر دەزگایەکی تەشریعی کە لە هەڵبژاردنێکی ئازادەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، ره‌وایه‌تی نییە. میكانیزمی ناڕه‌وا و نادێمۆکراتیانه‌ له‌ دیاریكردنی به‌ربژێره‌كاندا، ڕه‌وایه‌تی له‌ خودی دامه‌زراوه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ش وه‌رده‌گرێته‌وه‌. له‌ئێراندا، دامه‌زراوه‌ی ته‌شریعی ناتوانی سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ت بێت، له‌كاتێكدا میكانیزمی دیاریكردنی به‌ربژێره‌كانی ناشه‌رعین.

ـ هەموو جارێک کە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوە دەچێت، توێژ و چینە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، بەسەر دوو دەستەی “بایکۆت” یان “بەشداری”دا دابەش دەبن. ئەمەش وا دەکات کە جۆرێک لە “خۆ دووبارەکردنەوە” و وەستان لە خاڵێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەدا فەڕز بکرێت. بەلام هەندێ کەس و لایەنیش هەن کە باس لە ڕێگەی سێهەم دەکەن: نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕێگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەربوونی مافی زیاتر. گەلۆ ئەمە دەتوانێ ئەو ڕێگەیە بێت کە گەلانی ئێران بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری پێیدا بڕۆن؟ چۆن؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: بایکۆتکردن دەبێ هەم زەمینەی هەبێت و هەم ئەو کەس و لایەنەی کە داوا لە خەڵك دەکات نەچنە سەر سندووقی دەنگدان تا ڕادەیەك دڵنیا بێت کە ڕێژەیەکی دیاریکراوی دەنگدەران پێشوازی لە بانگەوازەکەی دەکەن. ئەمەش پێویستی بە دوو مەرج هەیە: یەکەم چالاکبوونی حیزب یان ڕێکخراوێک کە ڕادەیەکی دیاریکراو ڕێکخستن ولایەنگری لەناو خەڵکدا هەبێت، دووهەم لەباری سیاسییەوە تاڕادەیەک کەشوهەوای لەبار بۆ ئەو چالاکییە هەبێت. لە نەبوونی ئەو پێشمەرجانەدا، بایکۆتکردن ناتوانێت ئاکامێکی ئەوتۆی هەبێت.

لەلایەکی ‌ترەوە، داوای بەشداریکردن لەهەڵبژاردندا واتای ئەوەیە کە ئەو کەس و لایەنانەی ئەو بانگەوازە دەکەن، بەرپرسیارەتییەکی زۆر دەخەنە سەر ئەستۆی خۆیان؛ یەکەم چاوپۆشی دەکەن لەوەی “شوورای نیگەهبان” ڕیگا نادات بە کەسانی دەرەوەی بازنەی زۆر نزیکی حکوومەت خۆیان بپاڵێون. لێرەدا گرینگە بگوترێت کە لە ڕیزی ئەوانەی کە داخوازەکەیان قبووڵ ناکرێت لایەنگرانی ‘قانون اساسی’ و ئەوانەیش هەن کە باوەڕی قووڵیان بە ویلایەتی فەقیهـ هەیە. دووهەم، دەبێ پشتیوانی تەواو بکەن لە بەرنامەی پاڵێوراوانێك کە لەو فیلتێرەوە تێپەڕێون. سێهەم ئەم کارە بەتایبەت لەم هەڵبژاردنەدا و بە پێی قسەی خودی خامنەیی داواکردنە بۆ قەرەباڵخکردنی هەڵبژاردن. خامنەیی گوتی “تەنانەت ئەوانەیش کە نیزام و ڕێبەرایەتیی منیشیان قبووڵ نییە با بێن و دەنگ بدەن!” دواتریش ئەڵێ: “بەڵام … نابێ دەنگ بە کەسانێك بدەن کە دژ بە کۆماری ئیسلامین!” سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئاکامی دەنگدانەکانی پیشوو، با گۆڕانکارییەکی کورتخایەنیشی لێکەوتبێتەوە، نەبووەتە هۆی کرانەوەیەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەوام.

ڕێگای سێهەم دەبێ چی بێت؟ لە نەبوونی ئەو ڕێگاچارانەدا بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، زەحمەتە بۆ چۆنییەتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پڕۆسەی دەنگدان لە ئێراندا پێشنیارێکی گونجاو بخرێتە پێش چاو. شکستهێنانی یەک لە دوای یەکی ڕاپەڕینەکانی خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕەوتی “بەهاری عەرەبیدا”، ترسی ئەوەی خستووەتە ناو دڵی خەڵکەوە کە چوونەناو ڕاپەڕین و سەرهەڵدان لەوانەیە ئاکامی میسر و لیبی و یەمەن و سووریای لێبکەوتەوە. بەتایبەت کە هیچ بەدیلێکی ئامادە و دیاریکراو بۆ جێگیربوونی ئەم ڕژیمە بەدی ناکرێت و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر پرژوبڵاون و دوای ڕێکەوتنی ئێران و شەش وڵاتی گەورەی جیهانیش حیسابێکی تازە بۆ ئەم دەسەڵاتەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئۆمێدبەخشین بەوەی کە دەنگدەران دەتوانن لە ڕێگای سندووقی دەنگدانەوە لانیکەمی ئاواتەکانی خۆیان وەدیبێنن ناتوانێت چارەسەری ئەو دۆخە زۆر ناهەموارە بێت کە ئێستا لە ئێراندا زاڵە. 

کەوابوو لە چاوەڕوانی هە‌ومەرجێکدا کە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستیان بە کۆمەڵانی خەڵک ڕابگات و بتوانن بەدیلێك بۆ ئەم ڕژیمە پێکەوە بنێن و ڕژیم لەناوەوە بەهۆکاری سیاسی و ئابووری لاوازبێت و ژێرپێی خاڵی بێتەوە، دەنگدەران با خۆیان سەرپشك بن کە چۆن دەچنە ناو پرۆسەی دەنگدانەوە. 

بەفراو نووری: سه‌باره‌ت به‌و دابه‌شبوونانه‌ی چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی ده‌گرێته‌وه‌، له‌نێوان به‌شداریكردن و بایكۆتدا، به‌بڕوای من حاڵه‌تێكی ئاسایی و سروشتییه‌؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی خودی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن ته‌نها ئه‌و دوو بژارده‌یه‌ی له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌راندا هێشتۆته‌وه‌. سیسته‌می هه‌ڵبژاردن ڕێگه‌ی سێهه‌می نه‌هێشتووه‌، نه‌ بایكۆتی ته‌واو و نه‌ به‌شداریی ته‌واو ناتواتن ببنە ڕێگه‌ی سێهه‌م. ئه‌گه‌ر گرینگ بێت ڕێگه‌ی سێهه‌م باس بكه‌ین، پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ گۆڕینی خودی سیسته‌می باڵاده‌ست به‌گشتی و سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان بده‌ین، وه‌ك ته‌نها ده‌روازه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی زیاتر. به‌و پێیه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ وزه‌ به‌ گۆڕانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی كۆمه‌ڵگه‌ ببه‌خشن، پرسی به‌شداریكردنیش ڕووبه‌ڕووی چه‌قبه‌ستوویی و وه‌ستان بووه‌ته‌وه‌. دەوڵەت هەڵبژاردن بۆ ئەوە سازناکات تا شتی نوێ بێتە مەیدانی سیاسی، بەڵکو دەیەوێت ئەوەی هەیە لە ڕێگای یاسا و تەشریعاتێکەوە کە بە حساب کۆمەڵانی خەڵک هەڵیان بژاردوون، درێژبکاتەوە. 

ره‌نگه‌ باشترین هۆکار و ئالییەتی به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌ی به‌شداریكردنی هاونیشتمانیان له‌ سیاسه‌تی گشتیدا، تێگه‌یشتن بێت له‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ باو و زاڵه‌ی ئێستای ئێران ناتوانێ به‌خێری دێموکراسی و به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك له ‌بریاری سیاسیدا بشکێتەوە. خودی پرۆسەکە بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی خەڵکدایە لە بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیدا. كێشه‌ی گه‌وره‌ی خودی ئه‌و دابه‌شبوونه‌ له‌نێوان بایكۆت و به‌شداریكردندا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌ر دوو باردا، چ بایكۆت و چ به‌شداریكردن، ئاماژه‌ی نائه‌كتیڤێتی زیاترن، نیشانه‌ی جۆرێك له‌ ته‌سلیمبوونن به‌ سیسته‌م. بایکۆتیش خۆی چالاکییەکی سیاسی نییە، گەر نەبەسترێتەوە بە چالاکیی ترەوە، سیاسەتی نە بەشداری و نە بایکۆت، جۆرە سیاسەتێکی عەشایەرانەیە کە خەڵکانێک دەیگرنە بەر کە دەیانەوێت هەم دڵی دەوڵەت ڕازی بکەن و هەم دڵی ئۆپۆزسیونیش.

 ته‌نها رێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ ئه‌و ڕێگه‌ی سێهه‌مه‌ نییه‌ كه ‌له‌ پرسیاره‌كه‌تاناندا ئاماژه‌تان بۆ كردووه‌، به‌ڵكو چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی تەواوەتییە له‌و جۆره‌ ژیانه‌ سیاسییه‌، بەرەو جۆرە فەزایەکی سیاسیی تر کە بتوانێ ئه‌و ڕێگه‌ی سێهه‌مه‌ بهێنێته‌ گۆڕێ كه‌ شوێنی ڕه‌زامه‌ندیی خەلکانی دێمۆکرات بێت. رێگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێهه‌م بۆ به‌رقه‌راركردنی مافی راسته‌قینه‌ی به‌شداریی سیاسی هاونیشتمانیان، ته‌نها خودی دێموکراسییه‌، به‌جه‌وهه‌ره‌ حه‌قیقییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌. جگە لە دیموکراسی ڕاستەقینە کە لەسەر بڕوای کۆمەڵایەتی و یەکسانی و عەداڵەتی سیاسی و ئابووری دامەزرابێت، ڕێگا چارە و پێچکردنەوەی تاکتیکی بەدەوری دێمۆکراسیدا بوونی نییە. بۆیه‌ هه‌رجۆره‌ دابه‌شبوونێك له‌ناو سیسته‌مگه‌لی وه‌ك سیسته‌می ئێراندا، ناتوانێ فه‌زای دێموکراسی له‌وه‌ی هه‌یه زیاتر‌ فراوان بكات. دێمۆکراسی مافە و خەڵک نابێت یاری بەو مافە بکەن. لە ئێستادا خەڵکی ئێران ناتوانن ئەو مافەی خۆیان ئازادانە دەستەبەر بکەن، بۆیە چاکترە لە نەبوونی دێمۆکراسی زیاتر ئاگاداربکرێنەوە، لەوەی سەرقاڵ بکرێن بەوەی ئایا هەڵبژاردن هیچ دەگۆڕێت یان نا، یان دوودڵ بن لە شتێک کە ئەنجامی نییە.