کلیلەکەی ڕووحانی و دەرگاکانی رۆژئاوا

سەرکۆماری مەیلەو “ئیسلاحتەڵەب”ی ئێران حەسەن ڕووحانی، لە یەکەم رۆژەکانی هاتنە سەر کاریەوە ڕایگەیاند کە “هەڵسوکەوتێکی بنیادنەرانە”ی دەبێ دەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕوونیشی کردەوە، کە کابینەکەی “دەستەڵاتی تەواو”ی هەیە لە دیاریکردنی سیاسەتی ناوکیدا.
ناوه‌ندی نووچه‌ و شڕۆڤه‌ی رۆژ NNS ROJ

ڕووحانی، کە سەر بە توێژی کۆنەپارێزی ئێلیتی دەستەڵاتداری ناو کۆماری ئیسلامییە، لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بە کەسێکی “ئیسلاحتەڵەب” دەناسێنرێ.

ناوبراو، لە ماوەی چەند مانگی دەستەڵاتی خۆیدا، کۆمەڵێک ژێستی سیاسی ـ حقووقیی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی لە خۆی نیشان داوە کە وێدەچێ بووبێتنە جێی ڕەزامەندیی سیاسەتمەدارانی رۆژئاوا.

لەو چوارچێوەیەدا، بێجگە لە ئازادکردنی ژمارەیەک گیراوی سیاسی و کەمکردنەوەی سزای بڕێکی دیکە لە گیراون، هەروەها دەکرێ ئاماژە بە دانی پۆستی گرینگ بە ژنان، بایەخدان بە “ئەندامە یەهوودییەکەی مەجلیسی ئێران” و کۆمەڵێک هەنگاوی دیکەش بکرێ کە لە رۆژئاوا دەنگیان داوەتەوە. ناوبراو هەر لەو چوارچێوەیەدا و لە وتووێژێکدا دەگەڵ کەناڵی “ئێن بی سی”ی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە “چەکی ناوکی لە دۆکترینی ئێمەدا جێگەی نییە”.

وێدەچێ ئەو هەوڵانەی ڕووحانی توێشووی ئەو سەفەرە دیپلۆماسییە بن کە ناوبراو هەوڵی دەستپێکردنی دەدا و رۆژئاواش بە باوەشی ئاوەڵاوە پێشوازیی لێ دەکا. لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ [دووشەممە ٢٣ی سێپتامبر] وەزیری دەرەوەی ئێران محمەد جەواد زەریف، دەگەڵ بەرپرسی یەکەمی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا کاترین ئەشتۆن کۆبۆوە.

زەریف، کە بە پێچەوانەی هاوپیشە ئێرانییەکانی پێش خۆی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕاستەوخۆ دەگەڵ هاووڵاتیان دەدوێ، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا دیدارەکەی دەگەڵ ئەشتۆن بە “ئەرێنی” وەسف کرد و دەستنیشانی کرد کە دەگەڵ ئەو دیپلۆماتە رۆژئاواییە، باسی لە “ئیرادەیەکی سیاسی” بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی “ڕۆنراو لەسەر مافی خەڵکی ئێران” کردووە.

ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردەوە کە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، دەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی 5+1 کۆدەبێتەوە. وڵاتانی 5+1 بریتین لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئەولەکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان ـ ئەمریکا، چین، ڕووسیا، بریتانیا، فەڕانسە ـ و ئەڵمانیا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکە نییە.

هاوکات کۆشکی سپیی ئەمریکاش سەرلە ئێواری رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە “ڕەنگە دیدارێک لە نیوان پرێزیدێنت ئۆباما و ڕووحانیدا پێک بێ”. لە ئەگەری دیدارێکی وادا، ئەمە یەکەم جار دەبێ کە ئەو دوو ولاتە لە ئاستێکی وا بەرزدا دیدار ئەنجام دەدەن. 

ئەم دیدارانە لە کاتێکدا مەیسەر دەبن کە وڵاتانی رۆژئاوا، لە رۆژانی یەکەمی هاتنە سەرکاری ڕووحانییەوە، بە دار و دمبەگەوە پێشوازییان لە هاتنی “پیاوە کلیل بە دەستەکە” و “هەنگاوە ئەرێنییەکان”ی کرد. بەڵام بەو حاڵەش، کەم نین ئەو سیاسەتمەدارانەی بە چاوی گومانەوە لە نییەتی ڕووحانی و کابینەکەی دەڕوانن.

دوو کەس لە ئەندامانی سێنای ئەمریکا، پێشتر داوایان لە پرێزیدێنت ئۆباما کردووە کە “هێڵێکی توندوتۆڵتر” لە بەرامبەر ئێراندا بگرێتە بەر و لە گوتارەکەی خۆیدا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، خەتە سوورەکان بۆ ئێران دیاری بکا.

سێناتۆری دێموکرات ڕۆبێرت مەنەندێز و لیندسی گراهام کە لە کۆماریخوازە دیارەکانی سێنای ئەمریکایە، داوایان لە ئۆباما کردووە “بەڕوونی دەستنیشانی بکات کە ئەمریکا ڕێگە نادا ئێران چەکی ناوکی بەرهەم بێنێ”. ئەوان هەروەها داوایان کردووە کە “پێویستە هەنگاوەکانی ئێران لەژێر چاودێریی نێونەتەوەییدا بن”.

ئەمانە لە کاتێک دایە کە سەرکۆماری ئێران، رۆژ لەگەڵ رۆژ هەوڵەکانی خۆی چڕتر دەکاتەوە بۆ دەستپێکردنی دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ رۆژئاوا. ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە کابینەکەی “دەستەڵاتی تەواوی هەیە” لە پەیوەندیی دەگەڵ دانوستانەکاندا لەگەڵ رۆژئاوا.

بەڵام داخوا ڕووحانی ئەو پشتیوانییە نێوخۆییەی لەناو دەستەڵاتدا هەیە کە بتوانێ بە ویستی خۆی لەو دیدارانەدا مانۆڕ بدا؟

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە “نیشانە و هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە ئەرێنی بێت” و لەو چوارچێوەیەشدا، ئاماژە بە هەڵوێستی ڕێبەری دینیی ئێران عەلی خامنەیی دەکەن لە پەیوەندیی دەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە کە لە سیاسەتی ناوخۆیی ئێراندا هاتوونە ئاراوە.

ئەحمەد ئەسکەندەری، لە چاودێرانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەو بارەوە بە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژی گوت “بە پێی هەڵوێست و ئاخافتنەکانی ئەم دواییانەی خامنەیی، کە دیارە بڕیاردەری سەرەکییە لەسەر سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا، هەروەها ئەوەی کە گوتی سپای پاسداران خۆیان دوور ڕابگرن لە دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆ لە سیاسەت دا، درگا ئاوەڵایە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا.”

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “دانوستاندن لەگەڵ رۆژئاوا دراوەتەوە دەست وەزارەتی دەرەوە”، کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سەرکۆمار و ئەمەشی بە “کارئاسانی بۆ ڕووحانی” لە قەڵەمدا.

ـ بە بڕوای من زیاتر لەوە کە ڕووحانی ئاڵ و گۆڕ پێک بێنێت، ئەوە خامنەییە کە دەیهەوێت ئاڵ‌وگۆڕەکان لە رێگای هاتنەسەرکاری ڕووحانییەوە بباتە پێش! ئەوەشمان لەبیر بێت کە ڕووحانی کەسێکی نزیک لە خامنەیی و بەشێک لە کۆنخوازەکان و لە هەمان کاتیشدا نزیک لە رەفسەنجانی‌یە. واتە دەستی ئاوەڵاتر دەبێت لە بەڕێوەبردنی کارەکانیدا و هاوکات هەموو هێڵە سوورەکانیش دەناسێت و دەزانێت چۆن لەگەڵ سپای پاسداراندا بجووڵێتەوە؛ ئەحمەد ئەسکەندەری وای گوت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرایل بێنیامین ناتانیاهوو، کە بڕیارە لەو پەیوەندییەدا و لە کۆتایی ئەم حەفتەیەدا دەگەڵ پرێزیدێنت ئۆباما کۆ بێتەوە، بە گومانەوە لە هەوڵەکانی حەسەنی ڕووحانی دەڕوانێ و هەر چەشنە دیالۆگێک دەگەڵ ئێران، بە “هەڵەیەکی ستراتیژی” وەسف دەکا. ناتانیاهوو کە لێدوانەکەی ڕووحانی سەبارەت بە بەرهەم نەهێنانی چەکی ناوکی بە “قسەی بێ ناوەرۆک” لە قەڵەم داوە، بە نیازە نیگەرانییەکانی خۆی لەو بوارەوە بە ئەمریکا ڕابگەیەنێ.

هەر لەو پەیوەندییەدا، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسراییل “دان شاپیرۆ”، بە رۆژنامەی “ماریڤ”ی ئیسراییلی گوتووە کە واشنگتن، هەبوونی چەکی ناووکی لەدەست ئێراندا، بە “زۆر مەترسیدارتر” لە چەکە کیمیاییەکانی سووریا دەزانێ و وەزیری کاروبارە ستراتیژییەکانی ئیسراییل “یووڤاڵ شتاینیتز”یش، بە هەمان رۆژنامەی گوتووە کە “لەوە زیاتر کاتمان نییە بۆ دیالۆگ دەگەڵ ئێرانییەکان” و وشیاریی ئەوەشی داوە کە “ئێران لە شەش مانگی داهاتوودا بۆمبی ئەتۆم دروست دەکا.”

ئەو وەزیرە ئیسراییلییە جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە “دیالۆگەکان هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بە دەستەوە نادەن” و داواش دەکا دەرگا بەسەر وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێراندا دانەخرێت.

ئەحمەد ئەسکەندەری بەڵام پێی وایە کە “هەموو ئاماژەکانی ئەمڕۆ بەرەو ئەوەیە کە کرانەوەیەک بەڕێوەیە و درگای ئاشتبوونەوەیەک لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕۆژئاوا لەسەر پشتە” و دەستنیشانی دەکا کە هەم ئێران و هەمیش ڕۆژئاوا، پێویستیان بە ئاشتبوونەوە هەیە.

ئەسکەندەری لەو بارەوە گوتی: “هەم کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ناڕازی بوونی خەلک و گەمارۆکانەوە کەوتووەتە دۆخێکی دژواری سیاسی و ئابووری، هەم رۆژئاوا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا بە هەبوونی کێشە لە ئەفغانستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی و هەروەها ئەو دۆخە ئاڵۆزەی سووریاوە، بەرامبەر بە ئێران خوازیاری سیاسەتێکی دوور لە شەڕ و بارگرژین. بەڵام هەڵبەت لە هەردوولا هێزی توندڕە هەن کە پێیان خۆش نییە دۆخەکە هێور بێتەوە و لایەنگری بارگرژی و زمانی زبر و چەک لە یەکتر کێشانن. ئەمەش شکێنەر بوونی دۆخەکە دەگەیەنێت.”

ـ پێتان وایە کۆماری ئیسلامی لەو دەورە نوێیەی پەیوەندییەکانیدا دەگەڵ رۆژئاوا ئامانجگەلێکی جیاوازتری هەبێ دەگەڵ رابردوو؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: ئامانجە کورت مەوداکانی ئێران هەڵبەت لە ئێستادا جیاوازن. باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک وایان کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕووحانی ڕازی بێت! بەڵام ئامانجی درێژخایەن و ستراتێژیکیان لەوانەیە هەر ئەوانەی پێشوو بێت. کۆماری ئیسلامی ئێران لەو چوار ساڵە پڕ لە قەیران و ئاڵۆزییەی خولی دووهەمی سەرەک کۆماری ئەحمەدی نەژاددا ئەو ئەزموونەی وەرگرتووە کە درێژەدان بەو هێڵەی پێشوو لەوانەیە بەرەو ڕووخان و یان پێکدادانی چەکدارانەی دەرەکییان ببات. وا دەردەکەوێت کە ڕێبەرانی ئێران لەوە تێگەشتوون کە لەبەر ئامانجی درێژ خایەن، بۆیان هەیە هێندێک سازش بکەن و مەودای هەناسەکێشان و خۆتەیارکردن پەیدا بکەن. هەڵبەت هێندێک تێکچوونی تەرازووی هێزە گەورەکان لە ناوچەکەدا و هەروەها گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی سووریایش هاندەر بوون بۆ ئەم پێداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئامانجەکانیدا.

ـ وەک زۆر کەسی دیکەش ئاماژەیان پێداوە، کێشەی ناوکیی ئێران بووەتە هۆی ئەوە کە کەمتر بایەخ بە پرسەکانی مافی مرۆڤ، پرسی نەتەوەکان و کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بدرێ، داخوا دەکرێ کۆتایی هاتنی ئەو کێشەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ بە رۆژەڤ بوونی ئەو پرسانە؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: لە ئێستادا زیاتر لە هەمیشە کێشەکانی ناوخۆی ئێران ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەریی کێشەی ناوکی و پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ ڕۆژئاوادایە. هەر بۆیەش خەڵکی ئێران دڵیان بەوە خۆشە کە ئەم کرانەوەیە بەرامبەر بە ئەمریکا و ڕۆژئاوا ببێتە هۆی باشتر بوونی دۆخی ژیانی ڕۆژانە و هەروەها پێشکەوتنی مافی مرۆڤ و کێشەکانی تر. لە لایەکی ترەوە ئەزموونی ڕابردووی خودی ئێران و هەروەها وڵاتانی دیکتاتۆری دیکەیش دەری خستووە کە ئەگەر بەرژەوەندی ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ نەکەوێتە مەترسییەوە، یان ئەوەی بۆ قازانجێکی تایبەتی لە بەشێکی دیکەی جیهان پێویستیان بە فشارهێنان بۆ سەر حکوومەتێکی دیاریکراو نەبێت، زۆر دەربەست نین بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لە باشترین حاڵەتدا ئەو چالاکیانە بۆ رێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و مافی میللەتان و ئەوانە بەجێ دەهێڵن. 

ـ هەبوونی بزووتنەوەی چالاک و گەش و هاتنە مەیدانی کۆمەڵانی خەڵک دەتوانێ ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت و وڵاتانی دەرەوە ناچار بکات کە بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤدا؛ ئەحمەد ئەسکەندەری بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا.