ئەحمەد ئەسکەندەری: ڕەفسەنجانی نابێتە سەرکۆمار و حیزبەکانی ئێمەش حیزبی کاردانەوەن!

NNSROJ: لە درێژەی دیدارەکانماندا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماری لە ئێران، سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسیی کورد ئەحمەد ئەسکەدەری‌مان دواندووە.

اوبراو کە یەکێک لە سیاسەتمەدارە زۆر کۆنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەو وتووێژەیدا لەگەڵ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ، ڕای دەگەیەنێ کە مەسەلەی جیاوازیی بیروڕای باڵەکانی ناو کۆماری ئیسلامیی ئێران “لەوە دەرچووە” لێکۆڵەر و توێژەران بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەبێ و وەک ئەو دەڵێ ” ئەوان لەگەڵ یەکترا شمشێریان لە ڕووەوە بەستووەتەوە”.

ئەو پێشی وایە کە ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە دەرەوەی وڵات، لە باس و گفتوگۆکانی سەبارەت بە هەڵبژاردن درەنگ کەوتووە و وەک ئەو دەڵێ “، ئەوان دەبوو سێ چوار مانگ پێش ئێستا دەستیان کردبا بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر، لە جیاتی ئەم هەموو کۆبوونەوە لەسەر شتێکی نادیار ـ کە بەرە پێک بێنین و نازانم چی بکەین و چی نەکەین ـ دەبوو دابنیشن و بە چەند خاڵی کۆنکرێتەوە بکەونە کار کردن”.

سازدانی: کەریم مەرەسەنە

ـ ئەورۆ کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ رۆژی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ئێران کە  وێدەچێ، بە بەراورد دەگەڵ ئەوانی پێش خۆی، بە سفتوسۆتر بێ، وەک دەبینین تەنانەت ڕیزبەندییەکانیش بە شێوەیەکی سەیر دەگەڵ ئەوانەی ڕابردوو جیاوازن، ئایا من لە هەڵە دام؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: نا، منیش پێم وایە ئەو هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی تایبەتە و لەگەڵ ئەوانی پێشوو جیاوازیی هەیە، جیاوازییەکەشی لەناو خودی بەرەی کۆنخوازەکاندا [کۆنسێرڤاتیڤ، کۆنەپارێز] بۆ یەکەم جار کێشەیەک دروست بووە کە تەقیوەتەوە. لەوە دەرچووە لێکۆڵەرێکی سیاسی یان توێژەرێک بێ دابنیشێت و بڵی بە بۆچوونی من مەسەلەن ئەحمەدی نەژاد جیاوازیی بیروباوەڕی هەیە لە گەڵ خامنەیی ـ لەوە دەرچووە، ئەوان لەگەڵ یەکترا شمشێریان لە ڕووەوە بەستووەتەوە. ئەوە جیاوازییە گەورەکە بوو، وە بەم جیاوازییەوە هاتوون بەرەو هەڵبژاردنەکە. هەتا پێش ئەوەی بگاتە دوایین ساتەکانی ناونووسینی کاندیدەکان [بەرئەندام] بۆ سەرۆک کۆماریی ئەم جارە، بە تەواوی دیار نەبوو داخوا هەڵبژاردنەکان لە چ کەش و هەوایەکدا ئەچێتە پێش، بەڵام ئەو نیو سەعاتەی دوایی ـ لە پێنج و نیو تا شەشی ئێوارە ـ لە بەردەم “وەزارەتی کیشوەر”دا، بە تەواوی ڕواڵەتێکی تازەی داوە بە هەڵبژاردنەکان. ئەمە بە بۆچوونی من وای کردووە کە هەڵبژاردنی ئەم جارە بە تەواوی جیاوازە، هەم لە باری ناوەرۆکەوە، هەم لە باری فۆڕمەوە جیاوازە لەوانی پێشوو.

ـ بەڵام زۆر کەس لەناو ئۆپۆزیسیۆندا ئەو هەڵبژاردنانە وەک شانۆیەک چاو لێ دەکەن، ئەوە لە کاتێک دایە کە باڵەکانی ناو سیستەم خەریکە شیر وتیر لە یەکتر دەسوون، هەڕەشە لە یەکتر دەکەن و تەنانەت هێندێک رووداوی فیزیکیش هاتوونە گۆڕێ، ئەمن هەرچەند دەکەم چۆنیەتی و چیەتیی ئەو شانۆیەم بۆ ناچێتەوە سەر یەک!

ئەحمەد ئەسکەندەری: پێم وایە ئەگەر مقایەسەیەکی [بەراورد] بکەین لەگەڵ دوو شوێندا، یەکیان لەگەڵ سەدام حوسێن کە ساڵەکانی ئاخر هەڵبژاردنی ئەکرد و ٩٩%ی خەڵک دەنگیان ئەدا بە سەدام، لە میسریش حوسنی موبارەک هەڵبژاردنی ئەکرد، ئەویش نزیکەی ٩٦% تا ٩٧%ی ئەهێناوە. بەڵام بینیمان وەزعەکە چیی لێ هات. من ئەتوانم بەوانە بڵێم شانۆگەریی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر لە ئێران بەو مەعنایە بڵێین شانۆگەریی هەڵبژاردن بە هەڵەدا دەچین، لەبەر ئەوە تۆ ناتوانی ئەو ڕاستییە لەبەر چاو نەگری کە لایەنەکان ـ جا چ لە بەرەی کۆنخواز یان ڕیفۆرمیست، کە جاران هەر ئەم دوو باڵە بوون بەڵام ئێستا بوون بە سێ بەرە ـ ناکۆکییان لەناو یەک دایە. بەڵام لەلایەکی‌ترەوە ئەتوانین بڵێین کە ئەو هەڵبژاردنە هیچ نییە، بۆ؟ چونکوو سەرۆک کۆمار هیچ نییە لە ئێراندا، ئەوەی بڕیاردەرە “ڕەهبەر”ە، من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ناکرێ هیچکەس بەبێ ڕەزامەندیی “ڕەهبەر” ببێ بە سەرکۆمار لە ئێران. جا لەو روانگەوە ئەگەر بڵێی شانۆ ڕێی تێدەچێت ـ تازە ئەمن بەوەش ناڵێم شانۆ، چوونکا شانۆگەری ئەوەیە کە بڵێی هیچ ناقەومێت و کەسەکان هەر بۆ شانۆ ڕازاندنەوە دێن. بەڵام ئێستە وا نییە، ئێستە خەریکە زگی یەکتر هەڵدەدڕن. ئێستە لەوانەیە ئەحمەدی نەژاد شەوانە خەوی نەبێ، بیر لەوە ئەکاتەوە کە ئەگەر هاتوو سەڵاحیەتی [شیاوەتی] رحیم مەشایی  ڕەتکرایەوە چیی بکا، چوون کەسێکی تری بە دەستەوە نەماوە لە ناو کاندیداکاندا. بۆیە من پێم وایە هاتنی کەسێکی وەک ڕەفسەنجانیش ناتوانی بە شانۆیەک دابنێی. بەڵام هەڵەی جەماعەتێک لەوە دایە کە پێیان وایە هەڵبژاردن لە ئێران مەعنای ئەوەیە کە ئەو نێوەی لە سندووقی دەنگدانەوە دێتە دەرەوە، ئەتوانێ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە کۆماری ئیسلامیدا پێک بێنێ ـ من پێم وایە ئەوە هەڵەیە.

ـ بەو حاڵەش هاتنی ڕەحیم مەشایی و ڕەفسەنجانی لە دوا ساتەکانی ناونووسکردندا و بەو جۆرەی کە دیمان، هێندێک شانۆ و شانۆگەریی تێدا دەفامرێتەوە، رەنگە ئەو بازاڕگەرمییە بەو هۆیەوە بێ کە سیستەم، بەهۆی ئەوەی لە دەورەی ڕابردوو و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەشێکی زۆر لە مەشرووعیەتی خۆی لە دەست دا، بیهەوێ بەو دراماتریزەکردنە جارێکی دیکەش خەڵک پەلکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکا و تا ڕادەیەک ئەو مەشرووعیەتە لەدەست چووە‌ی وەدەست بێنێتەوە!

ئەحمەد ئەسکەندەری: دەزانی چۆنە، ئێمە دەتوانین بە دوو جۆر چاوی لێ بکەین، بۆخۆت ئەزانی لە سیاسەتدا شتێک هەیە پێی دەڵێن “تیۆریی تەوتەئە” [پیلانگێڕی] جا ئەگەر لە دیدی “تیۆریی تەوتەئە”وە لە مەسەلەکە بڕوانین دەبێ وا ساغ بینەوە کە تا سەعات پێنج و نیوی ئێوارەی رۆژی ئاخر، خامنەیی فەرمانی دابوو کە ئەو چەند کەسە نەچن، لە پێنج و نیودا بچن و ئەو بەرنامە دەست پێ بکەن. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ترەوە لە مەسەلەکە بڕوانین، دەزانین کە مەشایی، حەتتا ئەگەر دوو دەقیقەشی مابا بۆ تەواو بوونی وەختی ناونووس کردنەکە، هەر دەبوو هاتبا و ناونووسیی کردبا، چوونکا لەلایەن ئەحمەدی نەژادەوە ئامادە کرابوو. ئەوی کە وەزعەکەی ناڕوون بوو ڕەفسەنجانی بوو کە خۆی گوتبووی نایەم. بەڵام یەک شت لێرەدا هەیە کە من ئەوە قبووڵ ئەکەم، ئەویش ئەوەیە کە بە بۆچوونی من ڕەفسەنجانی بە نەوعێک هاندانی خامنەیی هات، لەبەر چی؟ نە لەبەر ئەوە کە ڕەفسەنجانی بێت و ئێران لەم وەزعە نەجات بدا، وەکوو خۆی ئیدیعا [بانگەشە] دەکات، چوونکا خامنەیی خۆ پێی وا نییە کە ئێران وەزعێکی خراپی هەیە هەتا کەسێکی پێویست بێ نەجاتی بدا، بەڵکوو لەبەر ئەوە تەنیا بە هاتنی ڕەفسەنجانی ئەکرا ـ وەک خۆیان ئەڵێن ـ تەنووری هەڵبژاردن گەرم ڕابگرن و خەڵکێکی یەکجار زۆر بکێشنە سەر سندووقی دەنگدان. ئەوە کە دەبینی ئێستا، نەک هەر بەرەی ڕیفۆرمخوازەکان و جماعەتی دیکەی ڕیفۆرم خواز، بەڵکوو رووناکبیرانی ئەو بەشەیش، کەسانێک کە نوخبەی بەرەی ئیسڵاحاتن دەڵین هاتنی ڕەفسەنجانی بۆ نەجاتی ئێرانە، بۆ عەزەمەتی ئێرانە، جا ئەم قسە لە زاویەی ڕەحیم مەشاییەوە نا کە ئەڵێ ئێرانی ئیسلامی یان ئیسلامی ئێرانی! ئەوە نا، ئەمان پێیان وایە جەماعەتێک ـ هەم لە ڕیفۆرم خواز و هەم ئەوانە کە لایەنگری هاتنی ڕەفسەنجانین ـ ئەگەر ئەم وەزعە درێژە پەیدا بکا ئێران ئەخاتە خەتەرەوە، یانی چوارچێوەی بوونی ئەو جوغرافیایە ئەخاتە خەتەرەوە، جا بۆ ڕزگاربوون لەوە پێویست بوو ڕەفسەنجانی بێت.

ـ ئایا بە ڕاستی ڕەفسەنجانی ئەو ئەسپە توندوتۆڵەیە کە هەموو لایەک بتوانن گرەوی لەسەر بکەن و هاتنەکەی ئەو ئەنجامە دڵخوازەی هەبێ کە ئەوانە پێیان وایە؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: لەم پەیوەندییەدا جیابوونەوەیەک هەیە لە بۆچوونەکاندا، لایەنی خامنەیی ـ واتە سوپای پاسداران و ئەوانە ـ هاتنی ڕەفسەنجانییان پێ خۆشە، بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر بێنە سەر سندووقی دەنگدان و تەنوورەکە بەو مەعنای ئەوان گەرم بێ. بەڵام لایەنی خەڵک پێیان خۆشە کەسێک بێت کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕەخنەی ئاشکرای ئاراستەی خامنەیی کردووە، وە ڕەخنەگرە لە سیستەمەکە. ئەمان ـ ئەوکەسانەی کە دەنگ دەدەن ـ حەز ئەکەن لە داخی خامنەیی دەنگ بدەن بە ڕەفسەنجانی، جەماعەتێکی تریش ـ ئیسڵاح خواز و ئەوانە ـ بەین و بەینەڵڵا پێیان وایە ئەگەر کارێک نەکەن کە رەفسەنجانی هەڵبژێردرێ و ببێتە سەرکۆمار، وە ئەگەر هەموو پێکەوە هاودەنگ نەبن، ئەڵین کەشتییەکەمان غەرق ئەبێ ـ چوونکا ئەوانە هەموویان لە کەشتییەکدا دانیشتوون، جا ئەمە بۆ نەجاتی کەشتییەکە ـ کە عیبارەت بێ لە نیزامی جومهوریی ئیسلامی ـ بۆ پارێزگاری لە نیزام. هەر ئەو فکرە کە وەختی خۆی کەروبی و مووسەوی بوویان. جا هەمووی ئەمانە پێش هەڵبژاردنەکەیە، هەتا رۆژی هەڵبژاردنەکەیە، دوای ئەوە تەبعەن جیاواز دەبێ.

ـ ئەمن ئەو ڕیزبەندییەم بڕێک بۆ مەسەلەیە، دەبینی کە کەسێکی وەک ڕەفسەنجانی دێتە ناو مەیدانی هەڵبژاردن و لەناکاو، لە ڕیفۆرمخوازی ناوخۆوە بگرە تا ئەوانەی دەرەوە، هێندێک لایەنی وەک “موجاهیدینی ئینقلاب” و “جەبهەی موشارەکەت” و تەنانەت لەناو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەشدا، ئەگەر بە ئاشکراش نەبێ، لەبن لێوانەوە جۆرێک لە ڕەزامەندییان سەبارەت بە هاتنی ئەو کابرایە تێدایە! مەسەلەی من لێرەدا ئەوەیە کە داخوا چۆن چۆنی ئەو هەموو گرووپ و تاقمە جیاواز و لێک دوورە ئاوا بەکۆمەڵ لە دەوری وی کۆ بوونەتەوە؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: ئەمە یەکێک لە گرێ ئاڵۆزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لەبەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ٣٤ ساڵی ڕابردوودا، نە بە شۆڕش توانیویەتی بڕووخێ، نە شۆڕشی کوردستان توانیویەتی چۆکی پێ دابدا و نە گەمارۆکانیش تا ئێستا توانیویانە ئەو کارە بکەن، وە هیچ هێزێکی دەرەکیش ئامادە نییە بە شەڕ ئەو رژیمە لەسەر کار لابەرێت، جا بۆیە هەموو ئەو هێزانە کە جەنابت ڕیزت کردن، هەموویان ئومێدیان بەستووە بە کەسێکەوە بەناوی ڕەفسەنجانی، کە سیاسەتمەدارە، لە کاروباری دەرەوە شارەزایە، لە کاروباری ئابووری شارەزایە، چەندین ساڵ یەکێک لە ستراتیژی داڕێژەکانی کۆماری ئیسلامی بووە، وە ئەوان ئەزانن کە ئەوە ئەو کەسە گونجاوەیە کە نە سیاسەتی چەوت و سەیر و سەمەرەی ئەحمەدی نەژاد ئەگرێتە بەر، نە کەسێکی وایشە ـ کە ئەگەر ببێتە سەرەک کۆمارـ بەردەستە بێت، وەک خاتەمی گوتبووی “تەداروکاتچی” بێ، ئەگەر بێتوو ڕەفسەنجانی ببێ بە سەرۆک کۆمار تەئسیر دادەنێ لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەش، وە ئەزانێ چۆنی هەڵسووڕێنێ، وە ئەزانێ هێندێ ڕیگا خۆش بکا کە ئێران لەم وەزعە زۆر دشوارە کە تێی کەوتووە ڕزگاری بێ و بکەوێتە دۆخێکی بڕێک باشترەوە، ئەمە تەسەوری ئەوان، وە ئومێدی ئەوانە، جا ئەوە تا رۆژی هەڵبژاردنە ـ ئەمن پێم وا نییە کە ڕەفسەنجانی هەڵئەبژێردرێ ـ دوایە خامنەیی بڕیار ئەدا…

ـ باشە گوتمان لە ناوخۆ هەموویان لە ناو کەشتییەک دان و ئینسان دەتوانێ بڵێ دەی باشە ئەو یەکگرتنە لە بەرژەوەندیی هەموویان دایە، بەڵام ئەمن لە هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە تێناگەم، ئەمن زانیومە کە تەنانەت لەناو حیزبی کوردیشدا باسی ئەوە کراوە کە ئەگەر بێتوو نەتەوە یەکگرتووەکان یان لایەنێکی سێهەم چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا بکا بۆی هەیە کورد بتوانێ تێیاندا بەشدار بێ ـ تەنانەت باس لە کەسایەتیی ڕەفسەنجانی کراوە کە لەوانەیە بتوانێ لەو ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵێنێتەوە، لە کاتێکدا رەفسەنجانی سەرکۆماری سەردەمی تیرۆری سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنە! دەمەوێ بزانم داخوا ئەو گۆڕانکارییە لە جیهانبینیی رەفسەنجانیدا پێک هاتووە یان لە ئی ئۆپۆزیسیۆندا؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: ئەمن بیرەوەرییەکانی رەفسەنجانیم خوێندۆتەوە، ڕاست ئەو بەشەی کە باسی سەردەمی تیرۆری د. قاسملوو دەکا، باسی ئەوە دەکا کە چۆن خەبەریان بۆ هێناوە و تێرۆریستەکان چۆن رزگارکراون بەناوی دیپلۆمات. ئینسان لەو کتێبەدا رەفسەنجانی دەبینێ کە چۆن خامنەیی دادەمەزرێنێ و هەموو شتێک لەژێر دەستەڵاتی خۆی دایە ـ لانیکەم ئەگەر بە تەنیاش لەدەست خۆیدا نەبێ بەڵام بە بەشداری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو کراوە. ئەو ڕەفسەنجانییە پێی وایە کە ئەگەر ئێستا بەو سیاسەتەی ئەوکاتەیانەوە بچنە پێشەوە ڕژیمەکە دەکەوێتە مەترسییەوە. جا لەبەر ئەوە ڕژیمەکە نەڕووخێ، هاتووتە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ ڕێگایەکی تر بگرنە پێش، یانی دەبێ خەتی سیاسییەکە بگۆڕن، ئا لێرە دایە کە من پێم وایە رێگاکان لەیەک جیا دەبێتەوە. کوردێکی ـ من ناڵێم هەرە شۆڕشگێڕیش ـ کوردێکی کە چاوی لە رابردوو و لە داهاتووش بێ، دەبێ لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی قووڵی نەتەوەییەوە چاو لە مەسەلەکە بکات. ڕەفسەنجانی کابرایەکی ئاخوندی سیاسەتمەداری ناسیۆنالیستی مەزنخوازی ئێرانییە، لە باشترین حاڵەتیدا ـ یانی ئەگەر ڕەفسەنجانی ئەو هەڵبژاردنە بباتەوە و حەفتەی دواتریشی خامنەیی بمرێ و دەستەڵاتێکی زۆرتر بکەوێتە دەست ئەو ـ من لەسەر ئەو باوەڕەم کە گەلی کورد مافێکی پێ نادرێ، لەبەر ئەوە ئەو کابرایە خۆی بە درێژەدەری ڕێبازی ئەمیر کەبیر و بە ڕێبازی گەورەیی و عەزەمەتی ئێران ئەزانێ. ئەیەوێت ئێران وەک هەمیشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەورەترین دەستەڵات بێت، بەڵام گەورەترین دەستەڵاتێک نەبێت کە ئەم مافە پچکووکانەی خەڵکی پێشێل ئەکا و شەلم کوێرم ناپارێزم خەڵک ئێعدام ئەکات. بە جۆرێک کە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هەڵس‌وکەوت دەکەن کە لە روویان هەڵنەیە لەگەڵ هیچ کەسێکدا دابنیشن، بۆیە من بە هەڵەی ئەزانم کە کەسانێک پێیان وابێ ڕەفسەنجانی بووە بە ئینسانێکی شۆڕشگێڕ، بەڵام خۆیشم پێم وایە کە هەر وەکوو ئێمە هیچ کاممان کەسی پانزە ـ بیست ساڵی بەر لە ئێستە نین، ئینسان ئاڵوگۆڕی فکریی بەسەردا دێ، ڕەفسەنجانیش هەم ئاڵوگۆڕی فکریی بەسەردا هاتووە و وەزعەکەش باشتر ئەبینێ و ئەزانێ چارەسەری وەزعەکە ـ لە دیدی خۆیەوە ـ چییە. هەتا ئێستەش کە ئێمە قسە دەکەین هێشتا شتێکی وای نەگوتووە کە تۆ بتوانی دەستی پێوە بگری و بڵێی لەبەر ئەم هەڵوێستەی بەسەرچاو ئەگەر ڕەفسەنجانی هات دەنگی پێ ئەدەم. کەسانێک لە کوردستان بە داخەوە جاری وابووە هەڵەیان کردووە لەوەدا کە وتوویانە با فلانە کاندید بێتە سەر کار ئینشاڵا باش ئەبێ …

ـ ئەدی کورد چیی بکا لەو بەینەدا، لە ڕابردوودا خەتی بایکۆت گیراوەتە بەر ـ هەرچەند ڕەنگە هێندێک لایەن لە بن لێوانەوە ڕەزامەندییەکیان بە نیسبەت ئەم یان ئەو باڵەوە نیشان دابێ، هەتا لەوانەیە ئەو جارەش ئەو ڕەزامەندییەیان تێدا بێ ـ بە جۆرێک لە جۆرەکان ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە دوو حاڵەتی “یان بایکۆتی تەواو یان بەشداریی تەواو”ی لە دەست خۆیدا نەهێشتۆتەوە! بڵێی وابێ کە ڕێگایەکی سێهەم بەو جۆرە نامومکین بێ کە لە هەڵوێستەکان دەفامرێتەوە؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: جارێ با ئەمن یەک شتت عەرز کەم، خەڵکی کوردستان بە تەجرەبەی ٢٠ ـ ٢٥ ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە کە بە تەواوی گوێ لە حیزبە سیاسییەکان ناگرن. خۆشت ئەزانی کە بۆ هەڵبژاردنی خاتەمی حیزبە سیاسییەکان هەموویان داوایان نەکردبوو خەڵک بچن دەنگ بدەن، بەڵام ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا یەکجار لە سەرەوە بوو، چەندین جار پای کەوتووە کە حیزبەکان وتوویانە بایکۆتی کەن بەڵام خەڵک بەو ئەندازە کە حیزبەکان ویستوویانە بایکۆتیان نەکردووە، هەر وەکوو پێچەوانەکەشی بووە. ئێمە بینیمان کە لە ئێعدامی فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێکانیدا چ کۆدەنگییەک هەبوو ـ هەم لە ناو حیزبە سیاسییەکانا و هەمیش لەناو خەڵکا، بۆ ئەو مانگرتنە مێژووییە کە کردیان ـ بۆیە هەمیشەیش وا نییە کە خەڵک بە دەنگ حیزبەکانەوە نەیەن. بەڵام حەز ئەکەم نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە، یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی کە لە ئێران کرا، ئەو دەم هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد هەبوو ـ کە بریتی بوو لە مامۆستا شێخ عیزەدین، حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و لقی کوردستانی چریکە فیداییەکان ـ ئەو دەم گەڵاڵەیەکی ٢٦ خاڵییان دابووە دەرەوە و هەر چوار لا قبووڵ و ئیمزایان کردبوو. لە پرسی هەڵبژاردنەکەدا، وتیان هەر کاندیدێک ئەم ٢٦ خاڵەی قبووڵ کرد ئێمە پشتگیریی لێ ئەکەین، بەنی سەدر کە تەبعەن قبووڵی نەکرد، مەسعوود ڕەجەوی کە ئەودەم کاندیدی موجاهیدین بوو، دوای ماوەیەکی زۆر دانوستاندن و گفتوگۆ، ڕەجەوی گوتی بە هێندێک مولاحەزاتەوە ـ هەرچەند من هەموویشیم قبووڵ نییە ـ بەڵام بە گشتی ئەم ٢٦ خاڵەم لەلا پەسەندە و ئەمە دەتوانێ بناغەیەک بێ، بۆیە هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کورد بڕیاری دا کە پشتیوانی لە ڕەجەوی بکا. بەڵام ئەوە بوو کە مەسعوودی ڕەجەوییان لابرد،  دیارە ئەو وەختە ئەم شورای نیگابان و شتە نەبوو، بەڵام بە جۆرێک لایان برد. جا مەبەستم چییە لەو قسەیەم، دەمەوێ بڵێم کە حیزبە سیاسییەکان وەکوو ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن خاڵی دیاری کراو دابنێن، چوار، پێنج، شەش خاڵی دیاری کراو دابنێن و بڵێن هەر کاندیدێک لەم خاڵانە سەبارت بە مافی گەلی کورد پشتیوانیی کرد دەنگی پێ بدەن، ئەگەر نەیکرد دەنگی پێ مەدەن …

ـ ئاخر بۆ ئەوەی ئەو خاڵانە دیاری بکەن پێوستیان بە کۆدەنگییەک هەیە کە لەناو ئەوانەی ئێمەدا نییە …

ئەحمەد ئەسکەندەری: وایە، هەڵبەت کۆدەنگییەکە ئەگەر مەبەستت هەموو حیزبەکان بێ کە تەبعەن نییە، بەڵام ئەگەر دوو، سێ، چوار حیزب پێکەوە دادەنیشن نابێ دانیشتنەکە ببێ بە وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی وێنەکان، بەڵکوو دەبێ خاڵی دیاری کراو هەبێت، وە خاڵەکان یەک، دوو، سێ، چوار نووسرابنەوە و بدرێنە ڕای گشتی. ئەگەر دوو حیزب وەختێک پێکەوە دادەنیشن گەڵاڵەیەک دیاری بکەن و بیبەن بۆ لای حیزبەکانی تر، بڵێن ئەوەتا با ئیمزای کەین، هەر کەس پێی خۆش بوو ئیمزای ئەکا یان دەنا لەوانەیە ئاڵوگۆڕێکی بچووکی تیا پێک بێنێ و ئیمزای بکات. ئەمن پێم وایە ئەو کارە نەکراوە و ئەوە هەڵەیە.

ـ یەک مەسەلەی دیکە کە کەس باسی لێ ناکا، ئەوەیە کە تا ئەو ساتەوەختە کە ئێمە قسەی تێدا دەکەین و کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن، سیاسەت بە تەواوی بێ ناوەرۆکە، کەس ناڵێ داخوا سیاسەتی فلانە بەرئەندام لەسەر فیسارە بابەتی سیاسی یان حقووقی و کۆمەڵایەتی چییە، قسە و باسەکان زیاتر لەسەر ئەوەیە کە داخوا جەبهەبەندییەکان چۆنن و کێ خۆی کاندید کردووە و کێ ڕەدی سەڵاحیەت دەکرێ و … یانی ناوەرۆکی هەڵبژاردن بە هێندێک شتی تێکنیکی ئاخنراوە و باسێک لە ماف و ئازادییەکان، لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئەو قەیرانانەی دیکە لە گۆڕیدا نییە! ئەوە دەتوانێ چ زیانێک بە پرۆسەی هەڵبژاردن و بە تایبەتیش بە دەنگدەران بگەیەنێ؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: ئەمن پێم وایە ئەوە زیانێکی زۆر قورس ئەگەیەنێت. لەبەر ئەوە کە خۆی کاندید بوون بۆ هەڵبژاردن، ڕێگایەکی ئەوەیە کە تۆ بەرنامەیەکی سیاسیت هەیە و چەندین مانگ پێش ئەوە و لە کەناڵی ئاشکراوە ـ نەک وەک ئێستا لە کەناڵی بە دزییەوە ـ خاڵەکانی بەرنامەی خۆت ئاشكرا ئەکەی، رۆژنامەنووس دەورەت ئەدەن، پرسیارت لێ ئەکەن، ئەڵین ئەمە بۆ وایە، ئەی ئەمەیان بۆ وا نییە، مەبەستت لە فڵان و فیسارە خاڵی بەرنامەکەت چییە؟ خولاسە تۆ دیفاع لە بەرنامەکەت ئەکەی و … وە خەڵک گوێیان لەم گفتوگۆیانەیە دەبێت. کە گوێیان لێ بوو ئەتوانن هەڵبژێرن، ئەتوانن بڕیار بدەن داخوا فڵانە کاندید چەندە ڕاست ئەکا و چەندە ڕاست ناکا … ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ جەوهەری هەڵبژاردن لە ئێراندا، لەو هەڵبژاردنەدا کە زۆر نادێموکراتیکە، خۆ قەرار وا نییە کە سەرۆک کۆمارێک بێتە سەر کار کە سیاسەتەکانی دابڕێژێ! سیاسەتەکان لەلای ڕەهبەر دائەڕێژرێت، لە جێگایەتی تر دیاری دەکرێت، سەرکۆمار هەرکەسێک بێت، بەڕێوەبەری ئەو سیاسەتە ئەبێ! یانی خۆی دەخاڵەتێکی ئەوتۆی نییە. ئەمە لایەنێکی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، نموونەکەشی ئەوەیە کە هەر ئا ئێستە کە ئێمە قسە دەکەین، مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکە و هێشتا هیچ کاندیدێک بەرنامەیەکی ڕانەگەیاندووە. ئەی کەی بچێتە سەر تەلەفیزیۆنی ئێران و تەبلیغ [بانگەشە]ی بۆ بکات؟ خۆ نابێ لە دەنگی ئەمریکا و بی بی سی و ساتەلایتەکانەوە بڵاوی بکەیتەوە. وەک گوتم ئەمە لە جەوهەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە کە ڕێگا بەو شتە نادا، بەڵکوو ئەڵێ مادام ویلایەتی فەقیهـ هەیە، لەسەرەوە دیاری دەکا کە کێ بچێتە پێشەوە و ببێ بە سەرەک کۆمار.

ـ مەسەلەیەکی دیکەش مەسەلەی چاوەڕوانییەکانە لە دوای هەڵبژاردن، بە باوەڕی تۆ، وەک چاودێرێکی سیاسی کە ساڵانێکە لە ناو سیاسەتی کوردی و ئێرانیدا هەی، دوای ئەو هەڵبژاردنە چیی ڕوو دەدا؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: بۆچوونی من ئەوەیە کە ڕەفسەنجانی هەڵنابژێردرێت. ڕاستییەکەی من لەسەر ئەوە نیم کە بزانین داخوا کێ چەند لە سەدی هێناوە و کێ نەیهێناوە، ئەزانین چەند لەسەد بەشدارییان کردووە ـ کە هەڵبەت لەوەشدا ئەتوانن فێڵ بکەن ـ بەڵام دوایی ئەوان پێمان ئەڵێن کە کێ چەند لە سەدی هێناوە و کێ زیاتر و کەمتری هێناوە، ئەوە یەک. دووهەم ئەوەیە کە من پێم وایە، ئەگەر هاتوو ڕەفسەنجانی هەڵبژێردرا، مەعنای ئەوەیە کە خامنەیی هاتووەتە سەر ئەو باوەڕە کە بارودۆخەکە زۆر ناسک و هەستیارە، وەزعەکە زۆر شپرزەیە و کەسێکی وەکوو ڕەفسەنجانی پێویستە بۆ ئەوە کە سەرنجی دەرەوە و ناوەوە ڕابکێشێ و دووبارە وەزعێک بێنێتە پێشەوە وەکوو بۆ نموونە هەشت ساڵ لەمەو بەر. بەلام تا ئێستە کە ئێمە قسە ئەکەین، هیچ نیشانەیەک نییە، نە لە لایەن خامنەیی یان لە لایەن هیچکام لە سەرانی توندڕەوی ئێرانەوە، کە بڵێ ئەو شتە وای لێ دێت. بەلام سەرەڕای ئەوەش من پێم وایە هەڵبژاردن دوو کار ئەتوانێ بکا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ خامنەیی. یەکەم: بە دەرەوە ئەڵێ کە ئەمە بە پێچەوانەی ئەوە کە ئێوە ئەڵێن دیکتاتۆرییە و فلان و فیسار، فەرموو ئەوە خەڵکێکی ئێجگار زۆر هاتن و تەنووری هەڵبژاردن گەرم بوو و ئەوە هەڵبژاردن هەیە، کەوابوو ئەمە حکوومەتێکی دیکتاتۆری نییە. دووهەمیان: بەهۆی هەڵبژاردنەکەوە، لەبەر ئەوە کەسێکیان هێناوە کە ئەم کەسە ئەحمەدی نەژاد نییە ـ وە بەبۆچوونی من لە بەرەی ئەحمەدی نەژادیش نابێ ـ هێندێک کاری پێ جێبەجێ ئەکەن کە دوای ئەوە بڵێن ئەوە ئەحمەدی نەژاد و ئەو جەماعەتە بوون کە نەیاندەهێشت ئەو کارانە بچێتە پێشەوە. دەنا ڕەهبەر خۆی هەر پێی خۆش بووە، فەرموو ئەوەتا کە ئەم هاتووەتە ژوورەوە کارەکە ئەکەن! بە ئەحمەدی نەژاد و بەم تیمەوە کە بوویانە ئیمکانی ئەوەیان نەبوو، دەنا ئەبوو بە پاشگەز بوونەوە لە قسەکانی خۆیان. بەڵام کە تۆ سەرۆک کۆمارێکی تازەت هێنا، لە ڕێگای ئەوەوە ئەتوانی سیاسەتێکی تازە بێنیتە ژوورەوە، بۆ نموونە هێندێک تەسلیم بی لە بەرامبەر داخوازییەکانی پێنج+  یەک، وە هێندێک پاشەکشە بکەی لە شتەکانی خۆتدا و بگەی بە تەوافوقێک کە ئەمانە گەمارۆکان هەڵگرن. بە لابردنی گەمارۆکان خەڵک دەتوانن لەم بارودۆخە ئابوورییە زۆر دژوارەدا هەناسەیەک بکێشن و هەتا ماوەیەکی تر دەرگایەکی تازە بکرێتەوە. بەڵام چەندە ئەتوانن ئەمە بەڕێوە ببەن دەکەوێتەوە سەر ئەوە کە بزانین ئاکامی هەڵبژاردنەکە چۆنە، بەڵام بەپێی ئەو شتانە کە لە ئێراندا بینیومانە، بە تایبەت لەدوای یەکەم هەڵبژاردنی خاتەمی بەملاوە، من پێم وانییە جوابێکی وەها لەم سندووقانە بێتە دەرەوە کە رۆژی دوای هەڵبژاردن شۆکەمان بکا. کە شتێکی زۆر چآوەڕوان نەکراو بێت، چوونکوو ئەمە لە دۆخی ئێستادا لە حکوومەتێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوەشێتەوە.

ـ دەتوانین بڵێین کە گۆڕانکارییەکانی دوای هەڵبژاردن زیاتر روویەکی ناونەتەوەییان دەبێ تا ناوخۆیی!

ئەحمەد ئەسکەندەری: دەزانی چۆنە، من لە خەڵکی عادیشم بیستووە و ئەوەش کە لە رۆژنامە و رادیۆ و لەملا و لەولا سەرنجم داوە ـ دوای ئەوەی ڕەفسەنجانی هاتووەتە مەیدان ـ خەڵک ئومێدێکی یەکجار زۆریان لا پەیدا بووە، لەبەر ئەوە باری ئابووری و سیاسیی ناوخۆ زۆر زۆر خراپە، خەڵک زۆر فەقیر و هەژارن و ئومێدیان ئەوەیە کە بە هاتنی ڕەفسەنجانی ـ هەڵبەت ئەگەر ڕەفسەنجانی بێ ـ ئەم بارودۆخە باشتر دەبێ. من پێم وایە ئەگەر لە باری نێونەتەوەییەوە بارودۆخەکە باشتر بێ، یەکێک لە ئاکامە ڕاستەوخۆکانی ئەوە ئەبێ کە بارودۆخی ئابووریی  خەڵکیش لە ناوخۆ باشتر ئەبێ، تۆزێک پشوویان دێتەوە بەر. جا ئەوە لەم ڕووەوەیە کە ئەوان [دەستەڵات] ئەیانەوێت روو بە دەرەوە سازشێک بکەن کە وەزعیان باش بێت و بتوانن نەفت بفرۆشن و بتوانن هەناردە و هاوردەکردن بخەنەوە گەڕ و جێبەجێ بکەن کە لەو ڕێگەیەوە ژیانی خەڵک کەمێ باشتر بێ.

ـ ئەدی بە باوەڕی ئێوە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی تا ئێستا هەڵسوکەوتی چۆن بووە و لەوە دوا دەبێ چیی بکا؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ـ وەک لە بەشێ لە قسەکانیشا باس کرا ـ بە روونی نەچوونەتە پێش، ئەوان دەبوو سێ چوار مانگ پێش ئێستا دەستیان کردبا بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر، لە جیاتی ئەم هەموو کۆبوونەوە لەسەر شتێکی نادیار ـ کە بەرە پێک بێنین و نازانم چی بکەین و چی نەکەین ـ دەبوو دابنیشن و بە چەند خاڵی کۆنکرێتەوە بکەونە کار کردن، بێن هەم لە مێدیای خۆیانەوە و هەم لە دانیشتن لەگەڵ ئەوانی تردا بە پلاتفۆڕمێکی هاوبەشەوە بەرەو هەڵبژاردنەکان بڕۆن. بۆ ئەوە کە داوای ئەم خاڵانە بکەن کە بۆ کورد گرینگە و بەو خاڵانەوە ڕووبەڕووی خەڵک ببینەوە. ئەمە بەشی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام من باوەڕم وایە کە خەڵکی ناوەوەی کوردستان وەکوو خەڵکی ئێران ئەکەن، ئەویش ئەوەیە کە ڕەنگە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، لە ڕقی خامنەیی و لە خۆشیی ئەوە کە ڕەفسەنجانی رەخنەگری خامنەیی و سیستەم بووە بچنە هەڵبژاردنەوە. بە دووری نازانم بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان، یەکەم: بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنا و دووهەم: دەنگ بدەن بە ڕەفسەنجانی، وەک گوتم نە لەبەر خۆشەویستیی ئەو و بۆ پشتیوانی کردن لەو، بەڵکوو بۆ دژایەتی لەگەڵ سیستەمەکە.

ـ ئەمن دووـ سێ مانگ بەر لەوەی هەڵبژاردنەکان دەست پێ بکەن، لەگەڵ سەرۆکی هەموو حیزبە کوردییەکان پەیوەندیم گرت و گوتم کە ئێستە وەختی ئەوەیە ئێمەش وەک کورد کاری خۆمان سەبارەت بە هەڵبژاردن دەست پێ بکەین، ئەوکاتی نزیک بە هەموویان گوتیان زووە، هەڵبەت بەشێکیان گوتیان ئێمە هەر کاتی وتووێژ و شتی وامان نییە، بەڵام ئەو بەشە کە دەیانگوت زووە ئێستە دەڵین کارمان زۆرە و بۆمان ناکرێ! دەمەێ بڵێم کە ئەوە هەر چەند لەوانەیە کاریگەرییەکی وای نەبێ بە سەر ڕای گشتیی خەڵکی کوردستانەوە ـ چوونکا وەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا خەڵک کەمتر گوێ لەوانە دەگرن ـ بەڵام بەو حاڵەش ئەوە ڕەنگە سەرەگێژەیەک دروست کات لەناو خەڵکدا، چوونکا سیاسەتی کوردی روون نییە، چوونکا حیزبی کوردی لە رۆژەڤەکە بەجێ ماوە!

ئەحمەد ئەسکەندەری: حیزبەکانی ئێمە بە تەجروبە سەلماندوویانە کە لە زۆربەی کاتەکاندا حیزبی کاردانەوەن، یانی دایمە کاردانەوەیان هەیە بەرامبەر بە رووداوەکان. حیزبی ئەوە نەبوون کە پێشبینیی ڕووداوەکان بکەن و بەرنامەی بۆ دابڕێژن. بۆ حیزبێکی سیاسی و تەنانەت بۆ ئینسانێکی سیاسیش یەکجار گرینگە کە بتوانێ پێشبینیی رووداوە سیاسییەکان بکات ـ دیارە لەبەر ئەوەی سیاسەت هێندێک پێچەڵاوپێچە ناڵێم لە سەداسەد پێشبینی بکات، بەڵام دەبێ خۆی ئامادە بکا بۆ ئەو ئاڵتەرناتیڤانەی کە لەوانەیە بێنە پێشەوە. نموونەیەکیان هەر ئا ئەم هەڵبژاردنەیە کە جەنابت وەکوو رۆژنامەنووس پێشدەستیت کردووە کە با بزانم حیزبەکان لە ئێستەوە خۆیان ئامادە کردووە یان نا، لە حاڵێکدا حیزبێکی سیاسی دەبوو بەرەو پیری پرسیارەکانتەوە بێ و لە ڕێگای ئەوەوە بانگەوزاێکیش بوو بۆ جەماوەری دەنگدەرانیش کە ئێمە ئامادەین، ئەوە بەرچاو ڕوونییەکیش دەبوو، بەڵام بە داخەوە ئێمە تەنیا کاردانەوەمان هەیە، لە جیاتی ئەوەی لە پێش ڕووداوەکاندا دابنیشین و بیریان لێ بکەینەوە.

ـ پێت وایە کەمپ نشینی و چاوەڕوان بوونی قەزاو قەدەر دەتوانێ چ رۆڵێکی لەو سیاسەتی کاردانەوەیەدا هەبووبێ کە ئێوە باسی دەکەن؟

ئەحمەد ئەسکەندەری: کەمپ نشینییەکە بۆخۆی دیاردەیەکە، بەڵام تۆ دەتوانی نەک لە کەمپ بەڵکوو لە ئەورووپاش بی یان لە ناو شارەکانیشدا دانیشتبی و هەر ئەو بۆچوونەی ئەوانت هەبێ. بە باوەڕی من کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە “ڤیژونەر” [خاوەن خەون و خولیا بۆ داهاتوو]مان نییە، ئەزانی، کەسێک کە زۆر دوورتر لە ئێستە ببینێ، پێمخۆش نییە هەر ناوی شەهیدەکان ببەین و بڵێین ئەوانەی زیندوون هیچ نین، بەڵام بە داخەوە لەو چەشنە لێکدانەوە و سیاسەت داڕشتنانە زۆر دەگمەنن. کە چوارچێوەیەکی فکری و ستروکتوورێکی دیاریکراو نەبێت لە بیر کردنەوەکەدا  تۆ ناتوانی هەڵسەنگاندنێکی دروستت هەبێ لەسەری. جاری وایشە سەرۆکی حیزبەکە شتێک ئەڵێ کە بەتەواوی لەگەڵ دەربڕینی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسییەکەی لەولاترەوە نایەتەوە …

ـ کاکە منیش و دەزانم تۆش لەو بارەوە قسەمان زۆر ماوە، بەڵام با جارێ لێرەدا نوختەیەک دانێین بەڵکوو وەختێکی دیکەدا قسەی لەسەر بکەین، سپاستان دەکەم کە کاتی خۆت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان تەرخان کرد …

ئەحمەد ئەسکەندەری: منیش سپاستان دەکەم و هیوی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم …


ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری کێیە: – ساڵی 1948 له‌ شاری سه‌قز له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ دایک بووه‌ و هه‌ر له‌وشاره‌ش خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی ته‌واوکردووه‌،  – ساڵی 1972 له‌ زانکۆی شیراز له‌ ئێران له‌ بواری جیۆلۆجی‌دا خوێندنی ته‌واوکردووه‌،  – له‌ کۆمپانیای نه‌وت له‌ باشووری ئێران، وه‌کوو پسپۆری سه‌رچاوه‌ نه‌وتییه‌کان، هه‌تا 1976 کاری کردووه‌،  – ساڵی 1978-1976 له‌ زانکۆی بۆردۆ له‌ فه‌رانسه‌ درێژه‌ی داوه‌ به‌ خوێندنی باڵا له‌ بواری هایدرۆجیۆلۆجی، زانستی ئاو،  – هاوینی ساڵی ١٩٧٨ لە گەرمەی خۆپیشاندان و راپەڕێن لە دژی رژیمی شا گەڕاوەتەوە کوردستان و چالاکانە لە شاری سەقز بەشداریی کردووە لە شوڕش بە دژی رژیمی شادا و لە کۆڕ و کۆمەڵی جیاوازدا بەشدار بووە و وتاری پێشکەشکردووە. دواتر لە دامەزرێنەرانی جەمعیەتی پارێزگاری لە زەحمەتکێشان و مافی نەتەوەیی گەلی کورد بووە لە شاری سەقز.  – لەگەڵ فەرمانی جیهاد بۆ کوردستان چووەتە شاخ و بەشداری بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان بووە.  – ساڵی ١٩٧٩ هەتا ١٩٨٣ لە بەرپرسانی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی بووە و زۆر لە نزیکەوە بەشداری هەبووە لە هاوکاری کردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها لە چالاکییەکانی ئەو سەردەمە و گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەت و دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد  – کۆتایی ساڵی ١٩٨١ وەکوو نوێنەری مامۆستا شێخ عێزەدین سەفەری وڵاتانی ئورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە. لەم سەفەرە دا کە چەندین وڵاتی گرتەخۆی، وێرای چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامە و رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی چەند وڵاتێکی ئەورووپا، لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕەوەندی کورد و هەروەها ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات وتاربێژ بووە.  – ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین سەفەری دەرەوەیان کردووە و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە پاریس، بەشێوەیەکی زۆر بەرین لەگەڵ میدیا جیهانییەکان و چالاکانی کورد و ئێرانی لە دەرەوەی وڵات پەیوەندییان گرتووە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی و سەرنجی نێونەتەوەیی بۆ کێشەی کورد.  – لە ١٩٨٣ هەتا ١٩٩٤ لە کۆمەڵەدا چالاک بووە؛ سەرەتا لە رادیۆ کۆمەڵە و دواتر لە نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات؛ لە پاریس و ستۆکهۆلم. لەم ماوەیەدا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا چالاکی نواندووە، بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوە بووە لە سەر پرسی کورد، خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت لەگەڵ میدیای ئەو وڵاتانە پەیوەندی هەبووە.  – بەشێوەیەکی زۆر تایبەت لەگەڵ رێکخراوە خێرخوازە نێونەتەوەییەکان وەکوو کۆمیتەی جیهانی خاجی سوور(ICRC) بنکە لە جنێڤ و هەروەها کۆمیساریای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران هەر لەو شارە. بەهۆی ئەم پەیوەندییانە و هەروەها پەیوەندی چڕوپڕ لەگەڵ خاجی سووری وڵاتانی سکاندیناڤی بەتایبەت سوید و نوڕوێژ، توانرا یارمەتییەکی باش بۆ پەنابەرانی کورد لە ناوچەسنوورییەکانی کوردستان بنێردرێت.   – چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ مافی ژنان وه‌گێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی؛ له‌وانه‌ “په‌یماننامه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو چه‌شنه‌ هه‌ڵاواردنێک دژ به‌ ژنان” کە بە سیداو ناسراوە CEDAW.   – وه‌رگێڕانی کۆمه‌ڵێک بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و مێژوویی سه‌باره‌ت به‌ کوردستان و پرسی یه‌کسانی بۆ سەر زمانی فارسی و کوردی.  – وەرگێڕانی بەشێك لە کتێبی “ژنانی میللەتێکی بێدەوڵەت؛ کوردەکان” بۆ سەر زمانی کوردی و فارسی لە نووسیاری دوکتور شەهرزاد موجاب مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا.  – دوایین کاری وەرگێڕانی کتێبێکە لە زمانی ئینگلیسییەوە بۆ کوردی، سەبارەت بە مێژووی نامووس و توندو تیژی نامووسی لە جیهاندا لە نووسینی ئوننی ڤیکان، Unni Wikan مامۆستای ئانترۆپۆلۆژی لە نوروێژ. ئەم کتێبە دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپی کردووە لە ژێر سەردێڕی: “لەسەر شەرەفی فادیمە، کوشتن و نامووس” – بەشداری چالاکانە لە مێزگرد و کۆڕ و کونفرانس سەبارەت بە کێشەی کورد و ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە میدیای کوردی و ئێرانی و وڵاتانی دەرەوەدا.