وەرگێڕانی وتارێکی کاک ئەمیر حەسەنپوور سەبارەت بە گۆرانی ‘کەدەڵێن ئەوڕؤ دەشت و کێو شینە’
Wanderings in Adalar Sahilinde, by Amir Hassanpour
لە سەردەمی منداڵیمدا لە کۆتایی دەیەی ١٩٤٠ و سەرەتای دیەی ١٩٥٠دا لە مەهاباد کە شارێکی کوردستانە لە ئێران، من زۆر حەزم لە گۆرانییەك بوو کە بە گرامافۆن لە چایخانەکان سەریان دەخست. چایخانە کە زیاتر بە قاوەخانە ناودەبرا، شوێنێك بوو بۆ پیاوانی گەورەساڵ. منداڵ تەنها دەیتوانی لەگەڵ گەورەیەك بچێتە ئەوێ. لەو شارە چایخانەی زۆری لێبوو. من وەکوو ڕێبوارێك گوێم لەو گۆرانییە دەبوو بەتایبەت هاوینان کاتێک درگا و پەنجەرەکان دەکرانەوە. دووکانی باوکم کە من زۆر دەچوومە ئەوێ، نزیکی دوو چایخانە بوو لە مەیدانی ئاردی کە لەوێ گەنم و شیرەمەنی و زۆر کەل و پەلی دیکە لە لادێکانی نزیکەوە دەهێندران بۆ فرۆشتن.
گۆرانیبێژەکە ناوی مەلا کەریم بوو و ناوی گۆرانییەکە دوو وشەی شێعری سەرەتاکەی بوو “کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە”. من ئەو گۆرانییەم خۆش دەویست بە مێلۆدییەکەیەوە، شێعرەکانی و ئەو ئامێرەی کە زۆر چاك لێدەدرا واتە قانوون[1] کە گیانی بە بەر گۆرانییەکەدا دەکرد.
ئەودەم تەنها سەرچاوەکانی مۆسیقای تۆمارکراو گرامافۆن و ڕادیۆ بوون. هەرچەند بنەماڵەی ئێمە، ئەگەر بە شێوەیەکی نادەقیق بڵێم، لە توێژی باڵای چینی مامناوەندی بوو، هەتا ساڵی ١٩٥٤ گرامافۆن و هەتا سەرەتای دەیەی ١٩٦٠ ڕادیۆمان نەبوو. ئەمە ئەو کاتە باو بوو. ئێمە لە چایخانە، لە شایی، کۆبوونەوەکانی بنەماڵە، لە سەیران یان ئەوەی لە کاتێکی لەباردا بکەوتاییتە ناو گۆرانی گوتنەوە، گوێمان لە گۆرانی دەبوو. خوێندنگەکانی سەرەتایی و ناوەندی دەرسی مۆسیقایان نەبوو هەرچەند فێریان دەکردین چۆن سروودی میللی و باقی گۆرانییە ڕەسمییەکان بخوێنین. دوای ئەوەی ڕادیۆمان کڕی دەست ڕاگەیشتن بە گۆرانی کوردی زۆر نەچووە پێشەوە چونکوو لە ئێران و تورکیا و سووریا ڕیگا بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەی کوردی لە ڕادیۆ نەدەدرا. بەرنامەی کوردی ڕادیۆ بەغدا تاقە ئێزگەیەک بوو کە لە ساڵی ١٩٥٤دا بۆ ماوەی دوو کاژێر مۆسیقای کوردی بڵاو دەکردەوە. بەرنامەیەکی زۆر کورتتری ڕادیۆ یێرەڤانی دراوسێ لە کۆماری سۆڤییەتی ئەرمەنستان سەرچاوەیەکی تری بڵاوکردنەوەی مووسیقا بوو.
ڕادیۆ بەغدا گۆڕانییە دڵخوازەکەی منی بڵاو نەدەکردەوە چونکوو بەوجۆرەی دواتر بۆم دەرکەوت ئەم گۆرانییە نەک لە لایەن ئەو ئیزگەوە بەڵکوو لەلایەن یەکێك لە کۆمپانیەکانی تۆمارکردن لە بەغدا لە دەیەی ١٩٣٠دا تۆمار کرابوو. ئەمە بەشێكیشی بە هۆی قانوونی کۆپی ڕایتەوە بوو. لە ڕاستیدا ئەم ئیزگەیە تەنها دوو دانە لە گۆرانییەکانی ئەم گۆرانیبێژەی هەبوو کە هەژدە گۆرانی تۆمار کردبوو. گۆرانیبێژەکە ساڵی ١٨٥٥ لە شارەکەی من واتە مەهاباد (کە پێشتر ساوجبولاق یان سابڵاغ بوو) لەدایک ببوو و دیسانەوە ساڵی ١٩٠١ لە سلێمانی نیشتەجێ ببوو کە ئەو سەردەمە لە سەر بەشی عوسمانی یان ڕۆژئاوای کوردستان بوو. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٨ – ١٩٢٧ دا دوو جار سەردانی بەغدای کردبوو بە مەبەستی گۆرانی وتن بۆ کۆمپانیایەکی ڕۆژئاوایی تۆمارکردن و گرامافۆن کە خوازیاری ئەوە بوون چالاکی خۆیان لە بازاری ڕوو لە گەشەی مۆسیقای ئەو ناوچەیەدا پەرەپێبدەن. گۆرانییەکە لە لایەنHis Master’s Voice [بە عەرەبی ابوکلب] لە بەغدا تۆمار کرابوو. گۆرانییەکە بریتی بوو لە مەقامێك ‘ئەتۆ بووی لەیلەکەی ئەسڵی’ و بەستەیەك ‘کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە [2]. ..’ سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە من قەت نەمبیستبوو کەس هەروا بەبێ ئامادەیی ئەوە بڵێتەوە. دیارە شێوازی گۆرانییەکە بۆ کاتی زەماوەند نەدەبوو کە تێیدا گۆرانی هەڵپەڕکێ دەوری هەبوو. زۆر دواتر لە کۆتایی دەیەی١٩٧٠دا مەزهەری خالقی کە گۆرانیبێژێکی خەڵکی سەقزە [خەڵکی سنەیە] لە کوردستانی ئێران و هەروەها گرووهی مۆسیقای کامکار ئەو گۆرانییەیان گوتەوە.[3]
مەهاباد شارێکی کوردییە کە لەلایەن پاشایەتی قاجارەوە کرا بە بەشێك لە پارێزگای ئازەربایجان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە سەدەی نۆزدەهەمدا. ئەم شارە کە بەشی هەرە زۆری کورد بوون، پێش شەڕی یەکمی جیهانی چەند سەد کەس لە دانیشتوانی تورک، ئازەری، ئەرمەنی، ئاسووری و جوولەکە بوون. خەڵکانی ئەرمەنی و ئاسووری زۆر زیاتر بوون و هێندێکیان لە گوندەکان دەژیان. هەرچەند ئەرمەنییەکان و جوولەکەکان لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠دا ئەو شارەیان بەجێهێشت، ‘گەڕەکی هەرمەنیان’ و ‘گەڕەکی جوولەکان’ نێوەکەیان هەر مانەوە. کاتێك کە ئەو ناوچەیە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بوو بە مەیدانی شەڕی نێوان لەشکری عوسمانی و ڕووسەکان کلیسای ئەرمەنی ڕووخێندرا. سەرەڕای ئەم فرەچەشنیی زەمانیی و قەومییە، ئاسان نەبوو کە مۆسیقای غەیرە کوردی ببیسترێت بێجگە لە مۆسیقای فارسی کە لە ڕادیۆ تارانەوە بڵاو دەکرایەوە. من قەت ئەو گۆرانییەم بە زمانێك جگە لە کوردی نەبیست و دڵنیا بووم کە ئەمە هەوایەکی کوردییە.
لە کۆتایی دەیەی ١٩٦٠دا ژمارەیەک گۆڤاری گەلاوێژ م دەستکەوت کە گۆڤارێکی بەناوبانگی ئەدەبی کوردیی بوو لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٩ و ١٩٤٩ لە عێراق بڵاودەکرایەوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی پاشایەتی پەهلەویدا هەلگرتن یان خوێندەوەی هەر بەرهەمێکی نووسراو یان چاپکراوی کوردی قەدەغە بوو بەڵام ئێمە جاروبار دەمانتوانی کتێبێك یان گۆڤارێك بە نهێنی لای هاوڕێیەك یان ئاشنایەك دەست بخەین. لە کاتی خوێندەوەدا چاوم کەوت بە هەڵبەستی ئەو گۆرانییە کە بە پێی گوتەی گۆڤارەکە پیرەمێرد [١٩٥٠ – ١٨٦٧] شاعیر و ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی کورد نووسیبووی کە لە کوردستانی عێراق دەژیا. یادداشتێکی کورت لە سەرەوەی شێعرەکە بەمجۆرە نووسرابوو: “لە سەر هەوای گۆرانی عوسمانییەکان ئادەلەر ساهیلیندە Adeler Sahilinde” (‘لە کەناری دوورگەکان’ کە نێوی تورکی گۆرانییەکەیە). ئەمە بۆ من هیچ کەمتر لە شۆکێك نەبوو: چۆن ئەم گۆرانییە کە بە ڕوونی دیارە کوردییە، دەبێ تورکیی عوسمانی بێت؟ ئەو کاتە لە ڕێگای خوێندنەوەی دوو کتێبی کوردییەوە ‘مێژووی ئەدەبی کوردی’ و هەروەها ‘یادی پیرەمێرد’ بۆم دەرکەوتبوو کە شاعیرەکە شارۆمەندێکی ئیمپراتوری عوسمانی بوو پێش هەڵوەشانەوەی لە ڕەوتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا. ساڵی ١٩١٨ شاری لەدایکبوونی ئەو کەوتە ناو سنوورەکانی دەوڵەتێکی نوێ عێراق کە بریتانیا پاش سەرکەوتنی لە ساڵی ١٩١٧دا لە سێ پارێزگای باشووری عوسمانییەکان پێکی هێنابوو. کەوابوو هیچ جێگای سەرسووڕمان نییە کە پیرەمێرد هەڵبەستی گۆرانی ئادالار ساهیلیندەی بە کوردی نووسیوەتەوە.
دەوروبەری ساڵی ١٩٦٦ ئاشنایەك لە مەهاباد کۆپییەکی بە ڕواڵەت تازەی قەوانە کۆنەکەی (١٢ئینچ/٣٠سانتیمەتر) نیشاندام کە بە نرخی پەنجا تمەن (نزیکەی ٧ دۆلار) دەست دەکەوت. هەرچەند ئەوکات داهاتێکم هەبوو بەڵام لەودەمەدا نەمدەتوانی بیکڕم. نزیکەی ساڵێك دواتر گوێم لە گۆرانییەکەی مەلا کەریم بوو کە لە چایخانەیەكی نزیك شوێنی کارەکەم لێدەدرا. بە هەڵاتن چووم بۆ چایخانەکە بزانم چۆن قەوانەکەیان دەستکەوتووە. قەوانێکی ٧ ئینچ/١٧،٥ سانتیمەتر بوو لە ئێران بەرهەم هێنرابوو و ئێستا لە بازاڕ دەفرۆشرا.
کاتێك نزیکەی بیست ساڵ دواتر من و هاوسەرەکەم گواستمانەوە بۆ کانادا، لە شاری تۆرەنتۆ هاوڕێی تازەمان پەیداکرد. لەوانە ژن و پیاوێك بوون بەنێوی جۆرج ساوا [4] کە مۆسیقا ژەنێکی میسرییە و تێزی دوکتوراکەی لە ساڵی ١٩٨٣دا سەبارەت بە مۆسیقای کلاسیکی عەرەبی نووسیووە و چەندین سازی لێدەدا لەوانە سازە دڵخوازەکەی من، قانوون. ئەوی تریان سووزان کە ئەویش خوێندکار بوو کە گۆرانی عەرەبیشی دەگوتەوە. کاتێك بانگهێشتی خواردنی ئێوارە بوون لە ماڵی ئێمە، دوکتور ساوا گوتی قانوونـەکەیشم لەگەڵ خۆم دێنم و لێی دەدەم. کاتێك کە من دەستم لەسەر دووگمەی ڕادیۆ کاسێتەکە دانا و گۆرانییەکە بە قانوون دەستی پێکرد، تەنها چەند چرکەیەکی برد کە ئەو [دوکتور ساوا] هەڵبەزییەوە و هاواری کرد “ئەڵڵا، ئەڵڵا! ئەمە گۆرانییە عەرەبییە دڵخوازەکەی منە!” وادیار بوو مێلۆدییەکە زۆر زیاتر لەو ئامێرەی لەگەڵی لێدەدرا سەرنجی ڕاکێشابوو. ئێستا تێدەگەم کە ئەم گۆرانییە کوردییە نەك هەر تورکییش بەڵکوو عەرەبییشە!
من کە هاوینی ساڵی ٢٠١٢ م لە ئیستانبوول تێپەڕ کرد، ئەم بەسەرهاتەم باسکرد بۆ ژمارەیەك دۆست و خوێندکار و ئەندامانی کۆلێج لە زانکۆی بۆغازچی و کەسانی تریش کە تازە لەگەڵیان ئاشنا ببووم. مەبەستم ئەوە بوو بزانم ژیانی سەردەمی ئەم گۆرانییە چۆن بووە. پاش ئەوەی بەشێك لە گۆرانییەکەم بە کوردی دەگوتەوە پرسیارم لێدەکردن ئایا ئەوان ئەو ئاهەنگە دەناسنەوە. گوتیان بەڵێ و دووکەس دەستبەجێ گۆرانییەکەیان گوتەوە. زۆربەیان ئەو گۆرانییەیان بە ناوی ‘ئادا ساهیللەرندە’ ‘لە کەنارەکانی دوورگەدا’ دەناسی. کاتێک سەرچاوەکانی ئینتێرنێت و سیدییەکانم پشکنی، بۆم ڕوون بووەوە کە نزیکەی سەدەیەك پاش بەرهەم هاتنی گۆرانییەکە بە کوردی، ئەم گۆرانییە بە تورکی بەردەوام لەلایەن کەسانێكی زۆرەوە لەوانە گۆرانیبێژە کوردەکانی تورکیا ئەحمەد کایا (٢٠٠٠ – ١٩٥٧) و ئیبراهیم تاتلیسس دەگوترێتەوە. [5] یەکێك لە خوێندکارەکانی زانکۆی بوغازچی لە بەدوادا گەڕانێکدا بۆی دەرکەوت کە لەوانەیە دانەری گۆرانییەکە یان یەساری ئاسم ئارسۆی (١٩٩٢ – ١٩٠٠) لەدایکبووی دراما کە ئێستا بەشێكە لە یۆنان بێت یان حافز شاشی عوسمان ئەفەندی (١٩٣٢ – ١٨٦٧) خەڵکی مووسڵ کە ئێستا بەشێكە لە عێراق.[6]
گەڕانی من لە ئینترنێتدا شتگەلێكی زۆری ئاشکراکرد سەبارەت بە گۆرانییەکە و شێوازی وەرگرتن و بەکارهێنانی ئەو گۆرانییە لە لایەن گوێگرەکانییەوە، بە پێشینەی جیاوازی نەتەوەیی و ئێتنیکییەوە. ئاشکرایشە کە هەڵوەشانەوەی ئیمپڕاتوری عوسمانی و بە دوای ئەوەیشدا پارچەپارچە بوونی دانیشتوانی فرە زمان و فرە قەومیی بە دەوڵەت (میللەت)ـانی جۆراوجۆر و هەروەها جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە ١٩١٥دا، تەشەنەکردن و پێناسەی گۆرانییەکەی نەخشاندووە.
با لەوەوە دەستپێبکەین کە کوردەکان ئیتر ئاگادار نین گۆرانییە کوردییەکە لە تورکییەوە وەرگیراوە و هێندێکیش لەو باوەڕەدان کە نوسخە کوردییەکەی لە عەرەبییەوە وەرگیراوە. بۆ نموونە محەمەد حاجۆ کە خۆی بە “عوودژەنێکی” کوردی سووریا دەناسێنێت، مێلۆدییەکەی بە سازەوە داناوە و وەها پێناسەی دەکات: ‘کە دەڵێن ئەمڕۆ’ گۆرانییەکی باوی کوردییە کە لەسەر بناغەی شێوەیەکی عەرەبی . . قدك المیاس (خەرامان و شکۆدار هەنگاونانی تۆ”) دانراوە.[7] ئەم بانگەشە بنچینەناسانەیە وادیارە ڕیشەکەی دەگەڕیتەوە بۆ پێگەی زاڵی مۆسیقای عەرەبی لە عێراق و لە سووریا. ئەمە تەنانەت لە سەردەمی ئینترنێت و زیاتر خاوبوونەوەی سنووربەزاندن دا مەودای جیابوونەوەی کوردەکان و عەرەبەکانی سووریا لە تورکیای دراوسێ دەردەخات. پێدەچێت کە هەشتا ساڵ گۆڕانی پاشماوەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی بۆ ناو کۆماری تورکیا، پێکهێنانی قەومیی میللەتی توركیا و ئاڵۆزکردنی پێوەندیی زمانی و فەرهەنگیی لە نێوان گەلانی ناو ئیمپڕاتۆرییە ڕووخاوەکە دا، پلەبەندی دەسەڵاتی مۆسیقای هەمیسان داڕشتووەتەوە. لە ئێران و تورکیا کە مۆسیقای کوردی لە ئاکامی سیاسەتی دەوڵەتدا سەرکوت کراوە، پێوەندییەکانی نێوان فەرهەنگە موسیقییەکان تەنانەت ئاڵۆزتریش بوون. سەیرەکە لەوەدایە کە هیچکام لە گورانییەکانی مەلا کەریم لە سەر ئینترنێت یان یووتیووب یان لە ماڵپەڕە کوردییەکانی تایبەت بە مووسیقا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەری ڕابردوو و ئێستا دەگرنە خۆ، دەست ناکەوێت. haseraka40 کە وادیارە ڕاڤەکارێکی کوردە بۆ گۆرانییە تورکییەکانی ئیبراهیم تاتلیساس لای وایە “ئەمە گۆرانییەکی کوردییە و هی مەزهەری خالقی.”[8] خالقی گورانیبێژێکی کوردی ئێرانە.
لەسەر یووتیوب زیاتر لە دوازدە دانەی بە عەرەبی لە شێوازی جیاواز هەیە، تازە و کۆن و لە وڵاتانی جۆراوجۆری زۆرینە عەرەب کە بە نێوی قدك المیاس [قەدوك ئەلمەییاس] ناسراوە و ووشەکانی لە یەکەم دێڕی شێعرەکە وەرگیراوە.[9] زانیاری سەبارەت بە سەرچاوەی تورکی ئەم گۆرانییە هەر ڕێك وەکوو پێکهاتە کوردییەکە زۆر سنووردارە، هەرچەند شێوازێكی عەرەبی گورانییەکە لە سەر یووتیووب کە اصالة نصري خوێندوویەتی و پێدەچێت لە لایەن لایەنگرێکی تورکەوە بارکرابێت، ئەم سەردێڕەی هەیە، “Arapça Ada Sahilleri” واتە ئادا ساهیللەری بە زمانی عەرەبی.[10]
لەکاتێکدا هیچ گومانێك نییە سەبارەت بە سەرچاوەی تورکیی گورانییە کوردییەکە، کاتێك کە شێوازە یۆنانییەکەی دێتە مەیدان پێناسە تورکییەکەی دەبێتە جێگای مشتومڕ. مانگی پێنجی ٢٠٠٨ دانەرێکی یۆنانی لەسەر یووتیووب بە نێوی romeikos2 هەر دوو شێوازی تورکی و یۆنانییەکەی داناوە لەو قەوانانەی کە لە دەیەکانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا بەرهەم هێنراون و گۆرانییەکە (کە هەتا ١٥ی سێپتامبر ٢٠١٢ زیاتر لە ٣٤٥٠٠ جار بیستراوە) بەمجۆرە پێناسە دەکات:
هەوایەکی بەناوبانگ لە تورکیا و هەروەها ناسراو لە یۆنان و سووریا – گوایە سەرچاوەکەی لە حەڵەبە. ئەم شێوازە تورکییەی لەلایەن ‘ئاشیلێئاس پوولۆس’ کە لەدایکبووی بورسای یۆنانە لە ئەمریکا تۆمارکراوە؛ لە کاتێکدا کە پێشکەشکردنەکەی ‘ئەدۆنیس دالگاس’ی یۆنانی ئیستانبوولی و ‘ئیورگۆس ڤیدالیس’ی لەدایکبووی ئیزمیر، لە زۆمڕەی جۆرە یۆنانییە یەکەمەکانی ئەم گۆرانییەن. ئەم هەوایە لە [دوورگەی] کرێتا زۆر ناوبانگی دەرکردووە کە لە بنەڕەتدا پەیوەند دەدرێت بە جۆرێک لە گۆرانی شارستانیی سەر بە شاری ‘رێتیمنۆن’ کە گرینگترین ژەنیارەکەی ‘ستێلیوس فووستالێریس’ بووە.[11]
ڕاڤەکارانی ئەم بارکراوە (کە تا ڕۆژی ١٥ سێپتامبری ٢٠١٢ بیست کەسن) زۆربەیان بە تورکی دەنووسن و گۆرانییەکان زۆر بەرز دەنرخێنن. یەکێك لەوانە واتە dontfascisizeme دەڵێت “ئەم گۆرانییە سەلماندنێكی ترە بۆ برایەتیمان (یۆنانی و تورک) و ئیتر هیچی تر بۆ گوتن ناهێڵێتەوە . . .” دوایە anadolulu دەنووسێت: “ئاخۆ بۆچی هیچ کوردێك ناڵێت ئەم گۆرانییە لە بنەڕەتدا کوردییە، ههههههه خەڵکی گەمژە.”
شێوازێکی تر ڕۆژی ٣١ی مانگی یەکی ٢٠٠٨ بارکراوە و گۆرانیبێژی تورك ‘هامیت یوجەسەس’ خوێندوویەتی گوێگری زیاتری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە (هەتا ١٥ سێپتامبری ٢٠١٢ بووە بە ١٦٨٢٨٩) و ڕاڤەی زۆرتری لەسەر کراوە (٤٦ دانە).[12] یەك لەوانە کە بە ئاڵمانی و ئینگلیسی دەنووسێت ئەو بیرۆکەیە ڕەت دەکاتەوە کە لە بنەڕەتدا پێیوابێت ئەم گۆرانییە “بەشێکە لە فەرهەنگی تورکی”:
هیچ شتێکی وا نییە کە پێی بڵێیت “ڕەسەن” . . . شێوازی بە زمانی جۆراوجۆر هەن، بەڵام ئاشکرایە کە دەنگ و هەواکەی عەرەبییە (!!!)، هەر لە سەردەمی عوسمانییەوە پێی دەگوترێت “حیجاز” . . nichtsdestotrotz: es ist teil der türkischen kultur, wir sehen darin nichts aber rein gar nichtsgrie chisches… (‘سەرەڕای ئەوەیش، ئەمە شتێکە هی فەرهەنگی تورکییە؛ ئێمە هیچ شتێکی تێدا نابینین کە یۆنانی بێت، هەر بەڕاستی بەشێوەیەکی ڕەها هیچ . . .’)
یەکی دیکە، Varangian1915، کە وادیارە ناوێکی ئەرمەنی بێت دەڵێت: “ئێوە دەبێ مەمنوونی مەسیحییەکان بن بۆ دانانی ئەو ئاوازە.” ئەمەیش ڕێ دەبڕێت بەرەو کێشەی پێوەندی نێوان مەسیحییەکان و تورکەکان. ڕاڤەکارێك akilvarmantikvar ، جواب دەداتەوە: “زۆر سپاس بۆ مەسیحییەکان کە ئاوازەکەیان داناوە. ئێستا ئەو تێڵایە لە قوونت دەربێنە و چێژ لە مۆسیقاکە وەربگرە.” Shocktauma13 دەنووسێت: “من دەزانم matia mou also . . ئەم گۆرانییە لە قوستەنتەنییەوە هاتووە . . عوسمانییەکان خوێندوویانە، شێوازی یۆنانی، تورك، بۆسنیایی، ئالبانیایی هەیە، هەر بۆیە . . .(کۆتایی ڕاڤەکە)” یەکی دیکە ahmetepik، کە بە تورکی دەنووسێت، دەڵێت کە ئەم گۆرانییە ” ئەسڵەکەی هی سووریایە. . . لانی کەم هەزار ساڵ کۆنە.” جاروبار ڕاڤەکان ڕەوتێکی نەژادپەرستانەیان هەیە و ئاساییانە دژ بە تورکەکان یان دژ بە یۆنانییەکانن.
لە مانگی هەشتی ٢٠١٢دا بە گەشتێکی زۆر دووری فڕۆکە ئیستانبووڵم بەرەو تۆرەنتۆ بەجێهێشت. زۆربەی کاتەکەم لەو دە کاتژمێرەدا خەریکی گوێگرتن لەو مۆسیقایە بووم کە شیرکەتی هەوایی تورکیا واتە تورکیش ئەیرلاینز بە بۆنەی ٧٥ـەمین ساڵییەوە بۆ موسافیرەکان تەرخان کردبوو. بەشێك لە سەرجەمی ئەم گۆرانییانە ئەوانە بوون کە لە سیدیـیەک دا لەلایەن ‘فیکرەت ئەرکایا’ و ‘سووئات سایین’ـەوە کۆکرابوونەوە [لە ژێر ناوی] ‘گۆرانییەکانی ئیستانبوول / İstanbul Şarkıları, Vol. I’. یەکێك لە گۆرانییەکان ‘ئادا ساهیللەریندە’ لەگەڵ یادداشتێك، “ Söz & Müsik: Anonim” (‘شێعر و مۆسیقا: نەناسراو’). بەڵام ئەوانەی کە ئەم مۆسیقایان بۆ کۆمپانیای هێڵی هەوایی ڕێكخستووە، هیچ بەشێك لە مۆسیقای غەیرە تورکیان تێنەخستووە. من کە بیری ئەو سەردەمە کەوتبوومەوە کە تەنها ئەو کاتە دەمتوانی گوێ لە گۆرانییە دڵخوازەکەم بگرم بە ڕێکەوت لە نزیکی چایخانەیەک بام و تەنها ئەو کاتەی کە بەڕێکەوت گرامافۆنەکە ئەو گورانییەی لێدابایە، کاتێك کە خەریکی فڕین بووم لە نێوان دوو کیشوەردا، ئەم دەستڕاگەیشتنە بێ سنوورەم بە گۆرانییە تورکییەکە بەرز دەنرخاند. بەڵام وێدەچێت کە گەشەی شۆڕشگێرانە لە بەرهەمهێنان، بڵاوکردنەوە و وەرگرتنی مۆسیقا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ڕیشەیی سیاسەتەکانی بگۆڕێت. زۆری پێنەچوو بۆم دەرکەوت کە ‘ئادالار ساهیلیندە’ ئێستا وەکوو هەوایەکی عەرەبی بە شێعری تازەوە و بەبێ هیچ ئیشارەیەک بە ‘قەددوك ئەلمەییاس’ دەردەکەوێت. مارسێل خەلیفە گۆرانیبێژی لوبنانی یەکێك لە شێعرەکانی مەحموود دەروێش شاعیری فەلەستینی خوێندوە و لەلایەن گۆرانیبێژانی دیکەیشەوە خوێندراوە.[13]
ڕێک بە پێچەوانەی هەوڵی ناسیۆنالیستەکان بۆ ڕەسەنایەتیی، گۆرانیبێژان و ئاهەنگدانێرەنانی سەردەمی پێش ناسیۆنالیسم نەک تەنها لە فەرهەنگی مۆسیقای جیاواز شتیان وەردەگرت بەڵکوو بە زمانێکی جیاواز لە زمانی زکماکی خۆیان بەرهەمیان دەخولقاند.
لە ڕاستیدا بەشێکی بەرچاوی ئەدەبی زارەکی کوردی و مۆسیقای فولکلۆر کە لە یەکێتی سۆڤییەت کۆکراونەتەوە و بڵاوبوونەتەوە لە زاری هونەرمەندانی ئەرمەنییەوە هاتوونەتە دەر[14]. جوولەکەکانی کوردستان (عێراق) چ هی شار و چ ئەوانەی لادێیش زمانی ئارامی نوێی خۆیان و کوردی و عەرەبییان بەکاردەهێنا.[15] لەوەیش گرینگتر هەبوونی گۆرانی کوردییە سەبارەت بە “چەوساندنەوەی ئەرمەنییەکان لە ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا” و هەروەها “خەباتی ئاسوورییەکان” دژ بە حکوومەت.[16] لە کاتێکدا ڕوونە کە ئەرمەنییەکان و کوردەکان لە زمان و ئاییندا جیاوازن، زەحمەتە دیاری بکرێت کە ئایا بۆ نموونە بەیتی خەج و سیامەند ئەرمەنییە یان کوردییە.[17] با نموونەیەکی تر بێنینەوە. بەسەرهاتێك هەیە سەبارەت بە هێرشی لەشکری شا عەبباس پادشای ئێران لە خانەدانی سەفەوی بۆ سەر قەڵای دم دم و قەڵاچۆکردنی کوردەکانی میرنشینی برادۆست و بەکۆیلەگرتنی ژنەکانیان. چیرۆکبێژی فەرمی پادشا وەکوو شایەتحاڵێك باسی گەمارۆدان و شەڕەکە دەکات کە لە مانگی یازدەی ١٦٠٩ـوە هەتا هاوینی ١٦١٠ی خایاندووە و بە ئەنجامی یاخی بوونی کوردان و خەیانەتی دەزانێت. بەپێچەوانە نەریتی زارەکی، ئەدەب و مێژووی کورد ئەمە وەکوو خەباتی کوردان لە دژی دەسەڵاتدارانی بێگانە باس دەکات.[18] هەروەها گێڕانەوەیەکی ئەرمەنییانە سەبارەت بەم ئەزموونە بەرچاوە کوردییە لەبەردستدایە.[19]
بەهەرحاڵ دەست بەسەرداگرتنی ناسیۆنالیستییانەی مۆسیقا لە هەموو شوێنێك هەیە. نەك هەر گۆرانی و شێعرەکەی و مێلۆدییەکەی بەڵکوو هەروەها ئامێرەکان و گۆرانیبێژەکانیش لە هەلومەرجی نەبوونی دەوڵەتدا دەبنە مەیدانێک بۆ پێکهێنانی میللەت. سەبارەت بە ئامێرەکان، ناسیۆنالیستەکان هەوڵدەدەن بانگەشەی ئەوە بکەن کە یەك یان چەند ئامێرێك هی ئەوانە و یان تەنانەت سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ میللەتی ئەوان لە کاتێکدا کە ئەو ئامێرە ناڕۆژئاواییانەی ئێستا لە ناوچەکەدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت زۆر پێش پێکهاتنی میللەتان دروست بوون. بۆ هێنانەوەی نموونەیەك لای کوردەکان، ئەو ئامێرانەی کە بۆ لێدانی مۆسیقای خوو و نەریتی ئایینی کوردی بەکار دەهێندرێن، یەزیدییەکان (دەف و نەی یان شەببابە) و ئەهلی حەق (تەمبوور) بە کوردی دەژمێردرێن.[20]
با لە مێلۆدییەکان و ئامێرەکانەوە بچین بەرەو گۆرانیبێژەکان و من بەسەرهاتێکی دیکەی خۆم بگێڕمەوە کە لەگەڵ ناسیۆنالیسم و مۆسیقای کوردیدا تووشی بووم. ماوەیەکی کورت پێش ئەوەی ماڵاوایی لە بۆچوونی سیاسی ناسیۆنالیستی خۆم بکەم (١٩٦٣) لە هاوڕێیەکم بیست کە سکاڵای هەبوو لەوەی چۆن گۆرانیبێژی بە ناوبانگی کوردی هاوشاری من محەممەدی ماملێ [21] ، گۆرانییە تازەکانی دادەنێت: بەپێی گێڕانەوەی ئەو هاوڕێیەم، ماملێ سەرەتا گوێ دەگرێت لە ڕادیۆی باکۆ، هەوایەکی ئازەربایجانی فێردەبێت، شێعری کوردی لەسەر دادەنێت و وەکوو گۆرانی کوردی پێشکەشی دەکات. ماملێ وابوو کە هەموو ساڵێك لە کاتی وەرزی شایی و گۆڤەند لە هاویناندا یەک دوو گۆرانی تازەی دەگوت. لەو سەردەمەدا پەخشی ئیزگەی ڕادیۆی کۆماری سۆڤییەتی ئازەربایجان سەرچاوەیەکی گرینگی مۆسیقای تورکی ئازەری بوو. لە شاییەکدا من لە ماملێم پرسی هۆی چییە مێلۆدی تورکی وەردەگرێت لەباتی ئەوەی گۆرانی کوردی دابنێت. وەڵامی دامەوە “دەزانی چۆنە، من زۆرێك لە گۆرانییە کۆنە کوردییەکانم زیندوو کردووەتەوە، قەیدێ چ دەکا ئەگەر هەوای تورکی قەرز بکەم؟” من کە ئەو کات وەڵامەکەیم بەدڵ نەبوو، دواتر بۆم دەرکەوت کە هەرچەند ماملێیش کوردێکی ناسیۆنالیست بوو، ڕوانگەی ئەو بەتایبەت وەکوو موزیکڤان زۆر لە هی من بەرینتر بوو. لە ڕاستیدا لە دەیەکانی ١٩٦٠و ١٩٧٠دا سەرەکی ترین ژەنیارێك کە لەگەڵ ماملێ لێیدەدا ئەسکەر تارزان بوو کە کەسێکی تورکی ئازەری بوو و تاری دەژەند.[22]
ئەم شەیدا بوونە بۆ پەتیگەری یان ڕەسەنایەتییە لەگەڵ ژیانی مۆسیقایی کوردەکان و گەلانی دراوسێیان نایەتەوە و ناکۆکی هەیە هەم لەگەڵ ڕابردووی پێش ناسیۆنالیسم و هەم لەگەڵ ئێستای ناسیۆنالیسمدا. من ئاماژە بە دوو ساتەوەختی ئەم مێژوووە دەکەم. هاوکات لەگەڵ ئەم سەردەمەدا واتە لە سەرەتای دەیەی ١٩٦٠دا، ئارام تیگران (٢٠٠٩ – ١٩٣٤) کە گەنجێکی گۆرانیبێژی ئەرمەنی و لەدایکبووی شاری قامیشلی لە کوردستانی سووریا بوو کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا و سووریا، بڕیاریدا لە ئەرمەنستان نیشتەجێ بێت. لە کاتی ڕۆیشتندا باوکی پێیگوت کە قەت کوردەکانی لەبیر نەچێتەوە.[23] ئارام لە ڕادیۆی یێریڤان کاری دەکرد و زۆربەی چالاکیی گۆرانیبێژیی خۆی تەرخان کرد بۆ سترانی کوردی. ئارام بە کوردی و ئەرمەنی و عەرەبی گۆرانی دەگوت. پێش کۆچی دواییەکەی لە ٢٠٠٩دا، ئاواتی خواست لە دیاربەکر بنێژرێت کە گەورەترین شاری کوردستانی تورکیایە. ئەم داواکارییەی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە ڕەت کرایەوە. دیاربەکر بە درێژایی مێژووی خۆی ماڵی خەڵکانێکی زۆر بووە، لەوانە ئەرمەنییەکان، ئاشوورییەکان، جوولەکەکان، کوردەکان و تورکەکان. شارەکە پڕە لە مزگەوت و هەروەها وێرانەی بەجێماوی کلێسەی ئەرمەنی و ئاسووری.
لەکاتێکدا کە سترانبێژیی و گۆرانییەکان سەرچاوەی جیاوازیان هەبوو، پێشکەشکردن و پێشوازی لێکردن و هەروەها تێڕوانینی مۆسیقا هیچ جیاوازییەکی نەبوو. لێکۆڵینەوەی مۆسیقای کوردی کە هێشتا ئەمڕۆیش ساوایە، لەلایەن قەشەیەکی ئەرمەنییەوە دەستی پێکرد بە نێوی کۆمیتاس (Komitas, Gomidas, Comitas) ڤارتابێد (١٩٣٥ – ١٨٦٥). یەکەم بەرهەمی ئەو، بەپێی وتارێکی The New Grove Dictionary of Music and Musicians، نامەی دوکتۆرایەك بوو لە ژێر سەردێڕی “Kurdische Musik (diss., U of Berlin, 1899)”.[24] بەرهەمێکی دیکە، Mélodies kurdes (1903) بوو وەکوو یەکەم وتاری بڵاوکراوە کە بەتەواوی بۆ مۆسیقای کوردی تەرخان کرابوو.[25] جگە لەوەیش، کۆمیتاس نزیکەی ٣٠٠٠ گۆرانی ئەرمەنی، کوردی، تورکی، فارسی و گورجی کۆکردەوە. بەپێی بەراوردێك ئەو “هەرچەشنە دابەشبوونێك لە نێوان مۆسیقای فۆلکۆری تورکیا و ئەرمەنستانی ڕەت دەکردەوە” و “ڕێگایەکی بۆ هەڵوەشاندنەەی ناکۆکی نێوان ئەو دوانەی دەست نیشانکرد.” [26] کۆمیتاس لە جینۆسایدی ١٩١٥ ئەرمەنییەکان دا کرایە ئامانج. هەرچەند کە ئەو هەتا ١٩٣٥ بە زیندوویی مایەوە، بەڵام تەندروستی مێشکی لەدەست دابوو.[27] بەپێی سەرچاوەیەکی تر، ڤڕێژ نێرسێسیان، “تڕاژێدیای ڕاستەقینەی کۆمیتاس لەکیس چوونی توێژینەوەکانی بوو. ئیرادەی تێکشکێندرابوو.” [28]
جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی نەخشەی دێمۆگرافی و فەرهەنگی مۆسیقایی وڵاتەکەی تێکدا. ئەرمەنییەکان و ئاسوورییەکان کە لە نیشتمانی کۆنی خۆیاندا لەگەڵ کوردەکان، تورکەکان و جووەکان پێکەوە ژیابوون، بەتەواوی ڕاماڵدران. زۆری پێنەچوو جێگرەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی واتە کۆماری تورکیا، مۆسیقای گەلانی ناتورکی قەدەغە کرد. مۆسیقای تورکی بوو بە مەیدانی گەڵاڵەی پێکەوەنانی میللەت و دەوڵەت لە لایەن ناسیۆنالیسمی کەمالیستەوە. خاشەبڕکردنی گەلانی ئاسووری و ئەرمەنی، پێوەندی فەرهەنگیی ئەوانی لەگەڵ پاشماوەی خەڵکی کورد و تورکەکاندا سنووردار کرد. هەروەها بەتاوان دانانی فەرهەنگی کوردی بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان گەلانی کورد و تورک و فەرهەنگەکانیان. کوردەکان بە زۆر لە ناو زمان و فەرهەنگی ڕەسمیی دا توێندرانەوە. بەڵام وێنەکە لەوە ئاڵۆزترە.
بەم دواییانە، بە شێوەیەکی ڕۆمانتیکییانە وا دەنوێندرێت کە ئێمپڕاتۆری عوسمانی دەوڵەتێک بوو لەگەڵ فرەچەشنی ئایین، قەوم و فەرهەنگ و هەروەها خۆبەڕێوەبەریی هەڵیدەکرد. بەرژەوەندییەکی ئێجگار زۆر هەیە لەوەدا کە ڕابردووی عوسمانی و ئێستای کۆماریی لە شێوازی پێکەوە ڕێکخستنی عوسمانی – ئیسلامی و تورکی – عوسمانی، تێکەڵ بکرێن ئەویش بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی وەکوو نموونەیەك بۆ پێکەوەنانی وێنەی هەمەچەشنی گەلان و فەرهەنگەکانی ناوچەکە.
بەهەرحاڵ ئیمپڕاتۆری عوسمانی لەوەدا لە نێو ئیمپڕاتۆرییەکانی تردا تاقانە بوو کە ئەوانی تر هەموویان لە ناوەندیی کردنی دەسەڵاتی دەوڵەت دا بێ توانا بوون. ئەم دەوڵەتانە کە لە سەر بناغەی سیستەمی کۆمەڵایەتی – ئابووری دەرەبەگایەتی سەریان هەڵهێنابوو و درێژەیان بە ژیان دەدا، بۆیان نەدەلوا لە دەرەوەی پایتەخت و دەوروبەری گەشە بە حکوومەتێکی مەدەنی و سەربازی بدەن. هەر لە چینـەوە هەتا ژاپۆن و ئینگلستان و ئیسپانیا، “ناتەبایی” دەرەبەگایەتی و “پارچە پارچە بوون” هەموو لایەنەکانی ژیانی دەنەخشاند. ئەم ناتەباییە بەهۆی ئابوورییەکی کشتوکاڵی هاوتا لەگەڵ دانیشتووانێك خۆی ڕادەگرت کە بەشێوەیەکی زاڵ جووتیاری گرێدراوی زەوی بوون. هەر ڕێك وەکوو دەسەڵاتی سیاسی، ژیانی فەرهەنگیی و لەوانەش مۆسیقا، بەش بەش بوون، هەرچەند مۆسیقا و شێوازەکانی تری فەرهەنگ سنوورە ناوچەییەکانیانی دەبەزاند. ئەمە دەریدەخات کە بۆچی هەتا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم دەوڵەتی عوسمانی نەیدەتوانی میرنشینە کوردەکان لە کوردستان یان نیمچە دوورگەی عەرەبستان بڕووخێنێت هەرچەند کە سوڵتانەکان بە درێژایی چەندین سەدە بەو مەبەستە هەوڵیاندابوو. بە پێچەوانەی کۆماری تورکیا کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئایدیۆلۆژی بەکارهێنانی مۆسیقا و زمانە نا تورکییەکانی بە تاوان دادەنا، دەوڵەتی عوسمانی پێش سەردەمی تەنزیمات (نوێکردنەوەی پێکهاتەی دەوڵەتی فیۆداڵ لە ساڵی ١٨٣٩ تا ١٨٧٨) تەنانەت نەیدەتوانی بیریشی لێبکاتەوە کە مۆسیقا، زمان و داب و نەریت لە کوردستان قەدەغە بکات. تەنانەت ئەگەر توانیبایان بیر لە وەها سیاسەتێك بکەنەوە، دەوڵەت هیچ شتێکی بەدەستەوە نەبوو کە بتوانێت ئەم کارە لە ناو هەموو هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتیدا جێبەجێ بکات. تاڵانکردنی کتێبخانە زۆر باشەکەی میرنشینی بدلیس لە ساڵی ١٦٥٥دا، کە بە نەخشەوە لە لایەن ئەولیا چەلەبییەوە وەکوو شایەتحاڵ گێڕدراوەتەوە، کردەوەیەکی بەتاڵان بردن بووە نەك ئەوەی کە بە هۆکاری سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە تێکشکاندنی نەریتی ئەدەب و فەرهەنگی کوردەکان بێت.[29]
بەم چەشنە “دڵفراوانی” دەوڵەتی فیۆداڵ هیچ فڕێکی بەسەر فرەفەرهەنگیی، هاوخەباتی نێونەتەوەیی، یان دیارنەبوونی پێشداوەری ئێتنیکییەوە نییە. هەرکاتێك چینی دەسەڵاتداری خاوەن زەوی و دەوڵەتەکەی لە کۆڵ خەڵکی ئاسایی دەبوونەوە، بە دەگمەن لە نێوان ئەوانەی کە بەهۆی قەڵەشتی فەرهەنگی، ئێتنیکی و ئایینییەوە لێکدابڕابوون، هیچ شەڕێك دەکەوتەوە. من هێندێك بەسەرهاتم بیستووە سەبارەت بە گوندنشینە کوردە موسوڵمانەکان لە ساڵەکانی پێش شەڕی یەکەمی جیهانی کە لە کاتی ئازاردیتن دا لە شوێنە ئایینییەکانی مەسیحی دۆعایان دەکرد. سەرەڕای ئەوەیش مێژووی ناوچەکە لێوانلێوە لە بەسەرهاتی هێرش بردنە سەر ئێزیدییەکان، جووەکان، مەسیحییەکان و باقی کەمایەتییەکان. پێشداوەری ئێتنیکی کۆنترە لە ناسیۆنالیسم، بەڵام حیزبە ناسیۆنالیستەکان جیاوازییە ئێتنیکییەکان دەکەنە گەڵاڵەی سیاسی، تیۆریک و ئایدیۆلۆژیک بۆ پێکهێنانی میللەت و ئەو دەوڵەتەی لەسەر ئەم پڕۆژەگەلە دامەزرابێت، ڕۆڵی پاسەوان و جێبەجێکاری پێ دەسپێردرێت. بێگومان ناسیۆنالیسمی خاوەن دەسەڵات لەگەڵ ناسیۆنالیسمی گەلێکی بێدەوڵەت و سەرکوتکراو لە ئاستێکدا نین.[30] دەوڵەت – نەتەوە لە ڕۆژئاوای ئاسیا بە شێوەیەکی توندوتیژ مۆسیقا و زمانی کوردییان سەرکوت کردووە لە کاتێکدا کە کوردەکان بە پەرەپێدانی مۆسیقا و زمانی خۆیان بەرەنگاری ئەم زەبروزەنگە بوونەتەوە.[31]
من نامەوێ بڵێم کە میللەتان، گەلان، عەشیرەکان، ناوچەکان، ئایینەکان و جنسەکان/ ڕەگەزەکان، نابێ مێلۆدی، هەوا، شێواز، قاڵب، چەشن، ئامێر و هیتریش تایبەت بە خۆیان بەرهەم بهێنن یان بەرهەمی نەهێنن.[32] ئاشکرایە کە کەلەپووری مۆسیقای جیهان ڕەنگاوڕەنگە هەروەکوو موزاییکی گەلان. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەیەکی مۆسیقای کوردی ئاماژە بە جیاوازبوونی ئەم مۆسیقایە دەکات لەناو فەرهەنگە مۆسیقاییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دا.[33] لە ناو ئەم میللەتە بێ دەوڵەتەدا کە لەباری سیاسی و جوگرافیاوە دابەشکراوە، کەسانێکی تر تەنانەت “قاڵبی مۆسیقای پان کوردیی “یان پێناسە کردووە.[34] من گومانم نییە کە جیهانیبوونی مۆسیقا واتە ئەو ڕاستییەی کە هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤ خاوەن مۆسیقان تەنها کاتێك قابیلی تێگەیشتنە کە تایبەتمەندییەکانی بسەلمێنرێت. ئەگەر بە زمانێکی دیالێکتیكی بدوێین، جیهانییەکان و تایبەتەکان، یەکبوون و کێشمەکێشی دژبەرەکان پێکدەهێنن. ئەو کێشەیەی من بەرجەستەم کردووەتەوە بریتییە لەو ڕێگایە کە ناسیۆنالیسم هەم وەکوو ئایدیۆلۆژی و هەم وەکوو بزووتنەوەی کۆمەلایەتی، دەست بەسەر هۆنەردا دەگرێت و دەیکاتە گۆڕەپانێك بۆ ناکۆکییە نەتەوەییەکان. تایبەتمەندی مۆسیقا دەکرێتە پرسێك بۆ نەتەوە بوون و پڕۆژەکانی هەر لە زیندوومانەوە دەگرێتەوە هەتا پەلاماردان، قەومکوژی یان زۆر وردتر بڵێین مۆسیقاکوژی. من تێکۆشاوم نیشان بدەم کە هیچ بناغەیەك بێجگە لە ناسیۆنالیسم نییە بۆ ئەو دژبەرییە لە نێوان مۆسیقا و جەماوەری گوێگری تورك و باقی گەلانی (عوسمانی) لە تورکیا. لەڕاستیدا لێك نزیکبوون و لەیەکچوونەکە تا ئەو ڕادەیە بەرچاو بوو کە جەماوەری گوێگر ئاگادار نەبوون لە سەرچاوەی ئێتنیکی یان نەتەوەیی ئەو مۆسیقایەی کە بەرزیان دەنرخاند. ناسیۆنالیسم هەوڵدەدا فوو بکاتە ئەم جیاوازییانە و جەماوەری گوێگر بەپێی هێڵی ئێتنیکی دابەش بکات. کێشەکە باشترە بڵێین ناسیۆنالیستییە هەتا مۆسیقای میللی.
هەرچۆنێك بێت، ناسیۆنالیسم هی میللەتی داپڵۆسێنەر بێت یان سەرکوتکراو، لەگەڵ کۆتاییپێهێنەرەکەی واتە ئەنترناسیۆنالیسم دەچێتە پێش. ئەم دوانە لە دۆخی کێشمەکێشێکی بەردەوام دا دەمێننەوە. لە کاتی ئێستادا ناسیۆنالیسم لە هەموو شوێنێك زاڵە. لەکاتێکدا تیۆرییەکانی بەجیهانی بوون، واتە “ترانسناسیۆنالیسم” [نەتەوەبڕی]، یان کۆسمۆپۆلیتانیسم [نێونەتەوەیی بوون]، یان پۆستناسیۆنالیسم [دوا ناسیۆنالیسم]، ڕووخانی سنوورەکان و هەرەسهێنانی میللەتان ڕادەگەیەنن، میللەت و ئایدیۆلۆژییەکانی لە بواری مۆسیقا و لە باقی مەوداکانی ژیاندا درێژە بە دووبارە وەبەرهێنانەوەی خۆیان دەدەن. گوڕوتینی بەهێزی ڕووخانی سنوورەکان ئەو شۆڕشە بێوچانەیە لە تەکنۆلۆجیای ڕاگەیاندن کە دەرفەتێکی زۆر دەداتە جەماوەری گوێگری مۆسیقا بۆ شادیگێڕان. هەروەکوو مارکس ١٦٠ ساڵ لەمەوبەر و لە کۆتایی شۆڕشی پیشەسازیی دا تێبینی کرد، ئێمە لە دۆخێکداین کە ” زەمان بۆشایی نێوان شوێنەکانی نەهێشتووەتەوە”.[35] سانسۆڕکردن لەو چەشنە کە تورکیا لە ڕێگای بە تاواندانانی خاوەندارێتی مۆسیقای تۆمارکراو بەڕێوەی دەبرد، چیدی سەر ناگرێت. بەڵام مۆسیقاکان، وەکوو تاکەکان، زمانەکان و فەرهەنگەکان یەکسان نین. دەوڵەت و بازار هەردووکیان وەکوو هێزی باڵادەست لە (دووبارەـ)بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی مۆسیقاکاندا چالاکن و هیچکامیان بە قازانجی مۆسیقای بێدەوڵەت کار ناکەن. تەنانەت مۆسیقاکان لەگەڵ دەوڵەتەکان یەکسان نین چونکوو دەوڵەت – میللەتەکان هەر وا بە نایەکسانی دەمێننەوە. لەم خاڵەدا، مۆسیقای کوردی لە ناو خۆڵەمێشی مۆسیقاکوژییدا هەڵدەستێتەوە. تەکنۆلۆجیای مۆسیقا و زمان ئەو میللەتەی کە بەهۆی سنووری نێودەوڵەتییەوە پارچە پارچە کراوە، یەكدەخەن و هەروەها دابەشیشی دەکەن. سەرەڕای ئەوەیش، مۆسیقای کوردی دەتوانێت هەم میللی بێت و هەم ئەنترناسیۆنالیست، بەڵام ئەمە خۆبەخۆ ڕوو نادات.
سەرەتاکانی ئەنترناسیۆنالیسم، وەکوو سیاسەت و شێوەی ژیان، لە بەردەست دان – ئابوورییەکی جیهانی، بەرتەسکبوونەوەی شوێن، بەرەوپێشچوونە تیۆرییەکان، ڕاهێنانی فراوان، پێکهاتنی چینێکی جیهانی کرێکاران و هەژارانی شاریی و ئارەزووی خەڵك بۆ بەزاندنی دابەشبوونە نەتەوەیی، ئێتنیکی و ئایینییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، لاوازکردنی ژێرپێی ناسیۆنالیسم ئەوە دەخوازێت کە شێوازی ڕێکخستنی بەسەرچووی کۆمەڵگا مرۆڤییەکان واتە میللەت(- دەوڵەت) بە شیوەیەکی جیددی جێبهێڵین. ئەم دادڕانە خوازیاری وەستانەوەیە لەدژی تەوژم. کەوابوو، هیچ جێگای سەرسووڕمان نییە کە ژمارەیەکی کەم لە ناسیۆنالیستە ئاسووری و کوردە توندئاژۆکان یووتیووبیان کردووە بە مەیدانی ڕق و کینی سەرسووڕمانە “مێژووییە”کانیان.[36] ئینترنێت هەڵبەت چەند نموونەیەکی کوردیی جیاوازی ئەنترناسیۆنالیستترینی گۆرانییەکان، سروودی ئەنترناسیۆنال پێشکەش دەکات هەرچەند قەت لە سەر ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنە سەرەکییەکانی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ لێ نادرێت.[37]
لەم کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە
Joyce Blau l’éternelle chez les Kurdes
Publisher: Institut français d’études anatoliennes
وەرگێڕ: ئەحمەد ئەسکەندەری September 2018
لینک بۆ خوێندنەوەی وتارەکە بە شێوەی پێ دێ ئێف
[1] لە چەشنی سەنتوور و لە بنەچەی ئامێرەکانی وەکوو چەنگە.
[2] Side A is OMD 249, N11007 & side B is DM252, بەپێی زانیاری کەماڵ محەممەد ‘قەوانەکانی مەلا کەریم… ‘ هاووڵاتی، ژمارە ٤٩٦ پازدەی ئوکتوبەر ١٩٧٩ لاپەڕە دوو
[3] www.kamkars.net/ بڕوانە ماڵپەڕی
[4] http://www.georgedimitrisawa.com/ هەروەها بڕوانە ماڵپەڕی د.جورج دیمیتری ساوا
[5] بۆ نموونە گوێ بگرن لە: İbrahim Tatlıses http://www.youtube.com/watch?v=rLi3p9WhnkA
Ahmet Kaya http://www.dailymotion.com/video/x4ka62_ahmet-kaya-ada-sahilleri_music
Sertab Erener http://www.dailymotion.com/video/xo56yl_cumhur-kaplan-ada-sahilleri-flash-tv_music
Necmi Rıza Ahıskan http://www.dailymotion.com/video/xikcw7_necmi-ryza-ahyskan-ada-sahilleri_music
Orhan Sandıkcı http://www.dailymotion.com/video/xjbm3c_ada-sahyllerynde-beklyyorum_music
[6] http://www.edebiyatkultur.com/turk-musikisi/59-turk-musikisi/276-hafiz-sasi-osman-efendi.htmlبڕوانە
[7] http://www.youtube.com/watch?v=bbWBegmppOk. هەموو سەرچاوەکانی ئیترنێت کە لە پازدەی سێپتامبری ٢٠١٢ دا لەبەردەستدا بوون. ئەو دەقە نووسراوانەی لە یووتووبدا وەرگیراون، لە دەقە ئۆریژیناڵەکەدا هاتووە لەگەڵ هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندییەکانەوە.
[8] ڕۆژی ١٤ی سپتامبری ٢٠١٢. http://www.youtube.com/watch?v=rLi3p9WhnkA بۆ گۆرانییەکانی مەزهەر خالقی بڕوانە: http://www.youtube.com/watch?v=9a4wONEYZPU&feature=related
[9] بۆ نموونە گوێ بگرە لە: http://www.youtube.com/watch?v=JrZN_fi9v7U&feature=related یان http://www.youtube.com/watch?v=JrZN_fi9v7U&feature=related . بۆ یادداشت، شێعر و دەنگنووسی بڕوانە http://www.forumalev.net/sarki-notalari/451328-ada-sahilleri-arapca-notasi.html و http://www.youtube.com/watch?v=8gS-eopkGco
[10] http://www.youtube.com/watch?v=FmU9E7vUI-w
[11] بڕوانە http://www.youtube.com/watch?v=wY9R9m6sz5o
[12] http://www.youtube.com/watch?v=Pw-2Ns0_RyY
[13] سەردێڕی گۆرانییەکە “لە شام”، لە سیدی مارسێل خەلیفە و مەحموود دەروێش، ‘ئاوابوونی مانگ’ کە ناگام ڕیکوردس ساڵی ٢٠١٢ بڵاوی کردووەتەوە. ژمارەیەکی زۆری بارکراوە هەیە لە ژێر سەردێڕی فی دەمیشق؛ یەکێكیان کە لەلایەن ‘ئێتاکۆ’وە بارکراوە، پێی دەڵێ ژانری “فۆلکلۆرە”(ألحان: فلکلور)،
http://www.youtube.com/watch?v=Sl0gXngMbrQ (accessed 31 October 2012).
[14] بۆ نموونە بڕوانە نێوی دەنگبێژەکان، لە : O.C. Celîlov, Stranê K’urdaye T’arîqîyê, Sankt-Pêtêrbûrg, 2003, r. 783
[15] بۆ وێنە بڕوانە: یۆنا سابار “ئەدەبی فۆلکلۆری جوولەکەکانی کوردستان: گوڵچنێكی وێژەیی” New Haven, Yale University Press, 1982, p. xxxviii.
[16] O.C. Celîlov, Stranê K’urdaye T’arîqîyê, Sankt-Pêtêrbûrg, 2003, pp. 429-43 and 491-95.
[17] بۆ گێرانەوەی ئەرمەنی، بۆ نموونە بڕوانە :Hovannes Shiraz, Siamant’o ev Khjezare, Erevan, Sovetakan Grogh Hratarakch’ut’yun, 1979; Murat Manukean, Siamant’o ew Khĕchē-Zarē, Erusaghēm, Tp. Srbots‘ Hakobeants‘, 1970.
[18] بۆ باسێکی کورت و سەرچاوە بڕوانە Hassanpour, Amir, “Dimdim,” Encyclopaedia Iranica, Vol. VII, 1985, pp. 404-405; also, Thomas Bois, “La forteresse de Dimdim ou l’épopée héroïque de Khan-Au-Bras-d’or,” The Journal of Kurdish Studies, Vol. 5, 2003-2004, pp. 1-18.
[19] А. Джнди, “Армянские варианты курдского эпоса ‘Дым-Дым’,” Страны и Народы Ближнего и Среднего Востока, XIII, Курдоведение, Ереван, Издательство АН Армянской ССР, 1985, с. 174-82.
[20] لەو نێوانەدا بڕوانە دەرکەوتنی کێشەکە لە وتووێژێكدا لەگەڵ فەرهەنگ غەفوور، “ئایا مۆرکی کوردی لە مۆسیقای ئەمڕۆماندا هەیە؟”، Xebat, No. 2091, March 20, 2008, p. 8. بۆ سەرنجێکی زۆر کورت سەبارەت بە مۆسیقای یەزیدی و ئەهلی حەق، بڕوانە: Stephen Blum, Dieter Christensen and Amnon Shiloah, “Kurdish music,” The New Grove Dictionary of Music and Musicians, Second Edition, Vol. 14, 2000, p. 40. بۆ زانیاری سەبارەت بە ئامێرەکانی مۆسیقای یەزیدی بڕوانە Scheherezade Q. Hassan, “Les instruments de musique chez les Yezidi de l’Irak,” Yearbook of the International Folk Music Council, Vol. 8, 1976, pp. 53-72. سەبارەت بە مۆسیقای ئەهلی حەق، بڕوانە Partow Hooshmandrad, Performing the Belief: Sacred Musical Practice of the Kurdish Ahl-I Haqq of Gūrān, Ph.D thesis, University of California at Berkeley, 2004.
[21] بڕوانە, Hassanpour, Amir and Blum, Stephen, “Mamili, Mihammad,” The New Grove Dictionary of Music and Musicians, Second Edition, Vol. 15, 2000, p. 718.
[22] بڕوانەDieter Christensen’s notes in Folkway Records, Kurdish Folk Music from Western Iran, Ethnic Folkways Library PE 4103, 1965, pp. 8-9.
[23] ئەمن ئەو گفتوگۆیەم بە ڤیدیۆ تۆمار کردووە و لەلای خۆمە(هی کۆتایی نەوەدەکان). هەر وەها بڕوانە گفتوگۆیەك لەگەڵ وی لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠٠٦دا http://www.ezdixan.com/content/view/201/71/
[24] Amnon Shiloah, “Kurdish music,” The New Grove Dictionary of Music and Musicians, Vol. 10, 1980, pp. 314-18.
[25] Archimandrite Comitas, K’rdakan eghanakner/Mélodies kurdes recueillies par Archimandrite Comitas, Moscow, 1903, reprinted in 1982 (Venezia, Istituto per la diffusione delle conoscenze sulle cultur minoritarie).
[26] Michael Church, “Komitas Vardapet, forgotten folk hero,” The Guardian, April 21, 2011 http://www.guardian.co.uk/music/2011/apr/21/komitas-vardapet-folk-music-armenia
[27] Rita Soulahian Kuyumjian, Archeology of Madness: Komitas, Portrait of An Armenian Icon, Second edition, Princeton, NJ., Gomidas Institute, 2001; and Aram Andonian, Exile, Trauma and Death: On the Road to Chankiri with Komitas Vartabed, translated from Armenian by Rita Soulahian Kuyumijan, London, Tekeyan Cultural Association, printed at Taderon Press, 2010.
[28] هەمان سەرچاوە
[29] بڕوانەRobert Dankoff (ed.), Evliya Çelebi in Bıtlıs, Leiden, E.J. Brill, 1999, pp. 283-99. See, also, Arménag Sakisian, “Abdal Khan seigneur kurde de Bitlis au XVIIe siéclc et ses trésors,” Journal Asiatique, t. CCXXIX, avril-juin 1937, 252-70.
[30] سەبارەت بە پرسی مۆسیقا و بێدەوڵەت بوون بڕوانە:Stephen Blum and Amir Hassanpour, “’The morning of freedom rose up’: Kurdish popular song and the exigencies of cultural survival,” Popular Music, Vol. 15/3, 1996, pp. 325-43.
[31] مۆسیقای گەلانی ناتورك و لەوانە کوردەکان ئێستا لە تورکیا ڕێگاپێدراوە و ئەم دۆخەیش مەودای نوێ و زۆر ئاڵۆزتری کردووەتەوە لە پەیوەندی نێوان کوردەکان و دەوڵەتدا و هەروەها لە نێوان فەرهەنگە مۆسیقاییە جۆراوجۆرەکان لە وڵات و لە ناو ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەدا. بۆ خوێندنەوەیەکی زۆر نایاب بڕوانە: Clémence Scalbert Yücel, “The invention of a tradition: Diyarbakır’s Dengbêj Project,” European Journal of Turkish Studies,” No. 10, 2009, pp. 1-27.
[32] سەبارەت بە ئاڵۆزبوونی پێناسەکردنی توخمی ئێتنیکی لە قاڵبەکان و ژانڕەکانی مۆسیقادا بڕوانە: Dieter Christensen, “What is Kurdish about the makam kürdi,” Proceedings of International Musicological Symposium “Space and Mugham.” Baku, Şarq-Qarb, 2009, pp. 107-11.
[33] Ayako Tatsumura, “Music and culture of the Kurds,” Senri Ethnological Studies, 5, 1980, pp. 75-93.
[34] بڕوانە: Dieter Christensen, “Music in Kurdish identity formations,” in Conference on Music in the World of Islam, Asilah, 8-13 August 2007 in http://www.mcm.asso.fr/site02/music-w-islam/articles/ChristensenKurds-2007.pdf
[35] Karl Marx, Grundrisse: Foundations of the Critique of Political Economy, translated by Martin Nicolaus, New York, Vintage Books, 1973, p. 524.
[36] بۆ نموونە، بڕوانە: , http://www.youtube.com/watch?v=JRTJyEqBKCI, http://www.youtube.com/watch?v=9c662wUtyTI, http://www.youtube.com/watch?v=utA3sgec_Eo, http://www.youtube.com/watch?v=iDHbqf2JEow, http://www.youtube.com/watch?v=tRpbVUzSU9I&feature=related