پەیام بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو ئاگنێتا شێخمووس هاوسەری بەڕێز کاک عومەر شێخمووس

  • Post category:وتار
Kurdische Gemeinde Deutschland ☀ en Twitter: "Wir trauern um Peschmerga  Veteranin Agneta Sheikhmous. Die Schwedin, die sich in ihrer Jugend den  Peschmerga anschloss und in Kurdistan eine neue Heimat fand, hat uns

لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی مانگەوە کە ئاگنێتا ماڵاوایی لە ژیان کرد و سەردانی کاک عومەر شێخمووسم کردووە، هەستم کردووە خەمێکی  قووڵ سیمای داگرتووە و هەر کات دۆستێک یان ناسیاوێی نزیکی ئاگنێتادا دەهات ژوور یان بە تەلەفۆن پەیوەندیی دەگرت، کاک عومەر خەم و پەژارەی دەردەبڕی. هەموو جارێک بیری ئەو شێعرەی وەفایی دەکەومەوە کە مەزهەر خالقی بە گۆرانی خوێندوویەتی:

ستۆکهۆلم ٢٤/١١/٢٠١٩

هێند نەخۆشی دەردی دووریم وەختە گیان و دڵ دەرێ
کوا نەسیمی سوبحدەمێ بێت، عەرزوحاڵی من بەڕێ

من یەکەم جار زستانی ساڵی ١٩٨٠ لە مەهاباد ئاگنێتام ناسیی. لە ماڵێک بووین و لای یەکەوە دانیشتبووین، کەوتمە قسەکردن لەگەڵی و گوتم ئاگنێتا کوردی دەزانی؟ گوتی زمانی کوردی زۆر سەختە، منیش خێرا گوتم ئەوە ژیانی کوردە کە سەخت و دژوارە!

ئەو ساڵەی ئەو لە شاخ مایەوە، من لە دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی بووم و زۆرجار لەگەڵ کاک عومەر یەکترمان دەدیت. دواتر سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ من وەکوو نوێنەری مامۆستا سەفەری دەرەوەی وڵاتم کرد. لە مانگی دوودا سەردانی لەندەنم کرد و لە ماڵی کاک عومەر دەبابە و سوورەیا خان چاوم کەوتەوە بە کاک عومەر و ئاگنێتا. ئیتر لەوێوە سەفەری پاریس و ژنێڤ و لۆزان و دواتر ئیتالیایشمان پێکەوە کرد. کاک عومەر وەکوو بەرپرسی یەکێتی نیشتمانی لە دەروەی وڵات و منیش وەکوو نوێنەری مامۆستا شێخ عێزەدین لە دەروە سەردانی زۆر شوێنمان کرد بە مەبەستی زانیاریی دان سەبارەت بە پرسی کورد و شەڕ لە کوردستان و داوای پشتگیریی مان دەکرد بۆ خەباتی ڕەوای میللەتی کورد.

دواتر کە هاتمە سوید لێرە هاتوچووی بنەماڵەڵەییشمان هەبوو و زیاتر لە نزیکەوە ئاگنێتام ناسی، ئەوەی کە چەندە ژیر و تێکۆشەر و مەندە و چەندە دڵی لای کاک عومەرە و هۆگری خەباتی گەلی کورد و بزووتنەوەی کوردستانە. ئاگنێتا ئەوین و خۆشەویستیی خۆی بۆ کاک عومەر کرد بە پردێک بۆ پەڕییەوە بەرەو خۆشەویستی و پشتیوانیی بۆ گەلی کورد و شۆڕشی کوردستان. هەرئەوەش بوو وایکرد فیداکاریی زۆر بکات و ١٢ ساڵ پاش ئاشنابوون و ژینی هاوبەش لەگەڵ کاک عومەر سەفەری کرد بۆ کوردستان و ژیانی ئاسوودەی ئەم وڵاتە ئاوەدانی گۆڕییەوە لەگەڵ ژیانی دژوار و پڕ مەترسیی لە شاخەکانی کوردستان.

لە دیدارێکدا کە دوو مانگ پێش ئێستا بەشیر کاڤاک لە بەشی کوردی ڕادیۆ سوئێد لەگەڵ ئاگنێتای کردووە دەڵێ کاتێک لەگەڵ عومەر ئاشنا بووم، تەنانەت وشەی کورد و کوردستانیشم نەبیستبوو. ئەو گفتوگۆیە زۆر سەرنجڕاکێشە و هیوادارم هەمووتان گوێبیستی ببن.

من پێم وایە چوونی ئاگنێتا بۆ کوردستان سێ پەیامی پێ بوو:

پەیامی ئەوین و فیداکاری؛ ژنێکی گەنجی سەر بە بنەماڵەیەکی ئاریستۆکرات، لەبەر ئەوەی کاک عومەری خۆش ویستووە، ئەم وڵاتە ئارام و خۆشەی خۆی بەجێدێڵێت، دەست هەڵدەگرێت لە ئاواتی خۆی وەکوو هەر ژنێکی ئەم وڵاتە کە هاوسەرێکی خۆشەویست و پێکەوە نانی ماڵ و ژیان و دواڕۆژێکی ئاسوودەیە.

پەیامی ئازادی: کەسێکی ئورووپایی، لە بنەماڵەیەکی چینی سەرەوە و پەروەردەی ژیانێکی خۆش و بەختەوەر ئامادەیە لە پێناویی ئەوین و خۆشەویستی بۆ هاوسەرەکەی و بۆ ئازادی و مافی گەلی کورد وڵات بەجێ بهێڵیت. لە گفتوگۆ ڕادیۆییەکەیدا دەڵێ لە شاخ خواردن کەم بوو، ڕۆژی یەک جار چێشت هەبوو، گۆشت دەگمەن بوو.

پەیامی یەکسانی: دەرکەوتنی ژنێکی خەڵکی کۆمەڵگایەکی یەکسان و سەربەست  لەو شاخوداخە کە هاوسەرەکەی ڕێزی لێ دەگرێت. ژنێک ئامادەیە بچێتە ناو کۆمەڵگایەکی پیاوسالارەوە کە ژمارەیەکی زۆر کەم ژنی تێکۆشەر و پێشمەرگە لە ڕیزی شۆڕشەکەدا هەبوو. لە گفتوگۆکەدا دەڵێ: ” لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگە دەڕۆیشتین، چەند پێشمەرگەیەک بەرەوڕوومان هاتن. سڵاوم کرد و دەستم درێژ کرد بۆ دەستلێدانەوە، بەڵام ئەوان دەستیان نەهێنایە پێشەوە.” لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ نەرمین خان لە کوردستانی نوێ دەڵێ: “بەڵام بۆم دەرکەوت کە ئەوێ جیاوازە . . هەندێک پیاوی موحافیزکار و ئایینیی هەبوون، ئامادە نەبوون تەوقە لەگەڵ ژندا بکەن، بە تایبەتی من لە کۆمەڵگایەکی یەکسانخوازەوە هاتبووم و ئەم رەفتارەم بەلاوە پەسەند نەبوو. هەرچەند عومەر هۆکارەکەی بۆ شیکردمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرامبەر برادەرە بەرپرسەکانی ناو یەکێتیی، رەتم کردەوە و بە جیاکاری و بەکەم سەیرکردنم پێناسە کرد.”
لێرەدا ئەوە گرینگە کە کاتی چوونەوە بۆ کوردستان کاک عومەر هیچ ڕێگرییەکی لێ نەکردووە و سەربەست هێشتوویەتەوە و پێشتر پێی نەگوتووە کە نابێ لەگەڵ پیاوان دەست لێ بەدەیتەوە!

لە ناو یادداشتەکانمدا ئەو ساڵەی کە وەکوو نوێنەری مامۆستا شێخ عێزەدین سەفەری دەروەی وڵاتم کرد، چەندین شوێن باسی ئاگنێتا و کاک عومەر شێخمووسم کردووە و لێرەدا کورتەیەک لە یادداشتەکان دەنووسمەوە:  

١٦/٢/١٩٨٢ – لەندەن

لەگەڵ کاک عومەر و ئاگنێتا چووین بۆ دیداری ڕێکخراوەیەک کە لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر منداڵانی وڵاتانی پاشکەوتوو. داوام کرد شتەکەی جمعیت مامۆستایانی کوردستان چاپ بکەن، خۆیان لێ نەدا. دواتر لەگەڵ کاک عومەر و ئاگنێتا لە کافەیەك دانیشتین و باسی چۆنییەتی ژیانی پێشمەرگایەتی و ژن و منداڵمان کرد. کە پێشمەرگایەتی بە سەڵتی – زگورتی ئاسانترە! وێنەکەی فایزەی هاوسەرم و هێرش کوڕەکەمانم نیشان دان و وتم زۆر لەوانەی شۆڕش دەکەن هەر وێنەکەیان دەمێنێتەوە . .

١٨/٢/١٩٨٢ – لەندەن

سەر لەبەیانی لای “مافی گرووپە کەمایەتییەکان” (Minority Rights Group) بووین کاک عومەر و ئەوانیش هاتن. گلەییمان کرد کە لە مێژە، لە ساڵی ١٩٧٥ بەدواوە لەسەر کورد هیچتان نەنووسیووە. وتیان ئێوە یەکەم کوردن کە هاتوون بۆ لامان و هیوادارین بەردەوام سەدانمان بکەن!

١١/٣/١٩٨٢ – پاریس

ئیوارە لەگەڵ دوکتور جەعفەری شەفیعی و کاک هۆمەر و ئاگنێتا ماوەیەك پێکەوە بووین و دەنگوباسی وڵاتمان لێک دایەوە.

١٦/٣/١٩٨٢ – ژنێڤ

چووم بۆ هۆتێلەکەی کاک هۆمەر و ئاگنێتا. . . پێکەوە نانمان خوارد و لێکدانەوەی دەنگوباس و قسەوباسی زۆر.

٣/١٨/١٩٨٢ – لۆزان

لەگەڵ کاک هۆمەر و ئاگنێتا بۆ نانی نیوەڕۆ چووین بۆ لای صارم خان صادق وزیری و میوانی ماڵی ناصرخانی برای بووین لە دەرەوەی شاری لۆزان. سەبارەت بە کوردستان و شەڕی ئیران و عێراق و ئاکامەکانی قسەکرا. وتمان ئەگەر وای لێبێت سێ حکوومەتی شیعە گەمارۆمان بدەن وەزعەکە شپرزە دەبێت و پێویستە ئێمە خۆمانی بۆ حازر بکەین.

دوای نیوەڕۆ ئێمەیان هێنایەوە لۆزان. دواتر لەگەڵ کاک هۆمەر و ئاگنێتا چووین بۆ ماڵی عیسمەت شەریف ڤانلی کە هاوسەرەکەی خەڵکی فەرانسە‌یە و کوڕەکەیان لە زانکۆی ژێنێڤ دەخوێنیت. ماڵەکەیان لە شوێنێکی زۆر بەرز و خۆشە و دەڕوانێتە سەر دەریاچەکە. شەو دوکتور نورالدین زازا لەگەڵ ژیلبێرت هاوسەرکەی هاتن بۆ لامان. نوورەدین زازا کوردی تورکیایە کتێبێکی نووسیووە بەناوی Ma vie de kurde [ژیانی کوردانەی من] بە زمانی فەرانسە کە تازە لە لۆزان چاپ بووە. دواتر ڕۆژنامە نووسێکی سویسی هات بەناوی ئانتوان زۆزەی کە دەرکەوت هاتووەتە کوردستانی ئێران و سەردانی مامۆستا شێخ عێزەدینی کردووە.

ئەوانە دەقاودەق یادداشتەکانی ئەو ساڵەی من بوون.

لە چاوپێکەوتنی ئاگنێتا لەگەڵ نەرمین خان لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارەی ئەمڕۆ ٢٤/١١/٢٠١٩دا هاتووە:

” پرسیار: هەندێک لەو بیرەوەرییانەم بۆ باس بکە کە مەبەستتە بۆ مێژوو بمێنێتەوە و خوێنەری لێ ئاگاداربکەیتەوە؟
ئاگنێتا: وەک باسم کرد، سەرەتا ئەو راستییانە بۆ من نامۆ بوون، زۆرم دەربارەیان نەدەزانی، بەڵام دواتر و ئێستا هەموو شتێکم لا روونە، هەرگیز ئەو پێشمەرگانەم بیرناچنەوە کە لە کاتی بۆردومانی فڕۆکە عیراقییەکان لە مانگی حەوتی ١٩٨٠دا شەهید و بریندار بوون. هەروەها مامەڵەی پاسدارانی ئێران لەگەڵ کوردەکانی رۆژهەڵات.
بیرەوەرییەکی ترم هەیە کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە؛ لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨١، کاتی گەڕانەوەم لە کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا، لە دوای ناوچەی سەردەشت، لە بازگەیەکی پشکنینی ناو ئێران، کەوتنە پشکنینی لەشم و لەناو جلەکانم (جلی کوردیی پێشمەرگایەتی)، منیش دوو نامەی گرنگی ‘شێخ عێزەدین حوسەینی’م لە ناو جلەکانم شاردبووەوە، کە ئەو دوو نامەیە شێخ عێزەدین بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی نووسیبوو دەربارەی ئەو نەهامەتی و چەوساندنەوەیەی رژێمی ئێران دەرحەق بە میللەتی کورد دەیکات. نامەکان نەکەوتنە دەستی پاسدارەکان و نەیاندۆزینەوە. لە هەمان جۆری نامە درابوو بە هاوڕێیەک و دۆستێکی نزیکمان بە ناوی (قەرەنی کەریمی)[یادی هەمیشە بەرز و بەڕێز بێت] کە بەداخەوە بەهۆی ئەو نامانەوە، دەستگیرکرا و لەسێدارەیان دا.”

ئاگنێتا پاشناوی سویدییەکەی کلینگ بوو. پاش هاوسەرگیریی لەگەڵ کاک عومەر پاشناوی شێخمووس بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت. کاک عومەر پێی دەڵێت ئاگنێتا دەتوانی پاشناوەکەی خۆیشت هەر بهێڵیتەوە، ئەو دەڵێ نا پێم خۆشە ببمە شێخمووس. ئەم خانمە بەڕێزە سەرەڕای نزیکبوون لەو هەموو کەسایەتی و سیاسەتمەدارە ناسراوانەی کوردستان و دەرەوە، (سێ سەرەککۆماری عێراق، مام جەلال، دوکتور فوئاد و دوکتور بەرهەم لە دۆستانی زۆر نزیکی کاک عومەر شێخمووس)، سەرەڕای هەموو ئەوانە ڕیک هەروەکوو چل ساڵ لەمەوبەر کە من بۆ یەکەم جار بینیبووم، بەردەوام وەکوو خانمێکی ژیر، بەڕێز، زۆر سادە، بێدەمار و خۆبەزلنەزان هەڵسوکەوتی دەکرد.

ئەحمەد ئەسکەندەری – ستۆکهۆلم ٢٤/١١/٢٠١٩