ڕێزگرتن لە دوکتور قاسملوو، سی ساڵ پاش تێرۆرەکەی

  • Post category:وتار

خانمان و پیاوانی بەڕێز، ئەم کاتەتان باش!


سەرەتا پێم خۆشە سپاسی ئەنستیتۆ کورد لە پاریس بکەم بۆ ئەو دەرفەتەی بە منیان داوە بۆ ئاخافتن لەم کۆڕەدا کە بۆ ڕێزگرتن لە دوکتور قاسملوو ڕێكخراوە. هۆی بەشداربوونم لێرەدا ئەوەیە کە من ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕۆحی – سیاسی گەلی کورد، مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی بووم. من زۆر جار وەکوو ڕاوێژکاری مامۆستا بە درێژایی ساڵانی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی گەلی کورد لە دژی ڕژیمی ئێران، دیدار و گفتوگۆم هەبووە لەگەڵ دوکتور قاسملوو.

مامۆستا شێخ عێزەدین لە ساڵانی گەنجییدا ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بووە و لە ڕێوڕەسمی هێنان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان لە ساڵی ١٩٤٦دا چالاکانە بەشداریی کردووە. بە درێژایی ساڵانی دواتر و هەتا سەردەمی ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران، دۆستایەتی نزیکی هەبووە لەگەڵ ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. مامۆستا شێخ عێزەدین ڕێزێکی زۆری بۆ دوکتور قاسملوو هەبوو وەکوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات، وەکوو ڕووناکبیرێک کە لە ئورووپا خوێندبووی و هەروەها شارەزایەکی سیاسەتی نێودەوڵەتیی.

پێوەندیی نێوان مامۆستا و دوکتور قاسملوو نزیک و دۆستانە بوو. مامۆستا لەسەر ئەو باوەڕە بوو هەر ڕژیمێک کە لەسەر بناغەی ئایدیولۆژی دامەزرابێت سەرەنجام دەبێتە حکوومەتێکی دیکتاتۆری، چ دینیی بێت یان هی دیکە. لە ئاکامی ئەو بیرکردنەوەیەدا و وەکوو کەسایەتییەکی ئایینی، مامۆستا هیچ خواست و مەبەستێکی نەبوو کە ببێتە سەرۆکی دامەزراوەیەکی سیاسی. بۆ مامۆستا شێخ عێزەدین هەبوونی پێوەندیی تاکەکەسیی لەگەڵ ڕێبەرانی سیاسی لە ڕیزی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستاندا گرینگییەکی تایبەتی هەبوو. لەم بوارەدا مامۆستا بە هیچ لەونێک دوکتور قاسملووی وەکوو ڕکابەری خۆی نەدەبینی و پێوەندێکی باشی هەم لەگەڵ خۆی و هەم لەگەڵ حیزبی دیموکراتدا هەبوو.

مامۆستا شێخ عێزەدین، هاوکات کە ڕێزی لە دوکتور قاسملوو دەگرت، بیروبۆچوونی سیاسی و ڕوانگەی تایبەتی خۆی هەبوو سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردستان و داهاتووی بزووتنەوەی گەلی کورد. مامۆستا لایەنگری دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی، مافی ژنان و هەروەها بە شێوەیەکی لێبڕاوانە دژ بەوە بوو کە ئایین دەست تێوەردان بکات لە کاروباری سیاسیدا.

سەرهەڵدانی شارەکان لە کوردستان دژ بە ڕژیمی شای ئێران، مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٨ لە شاری مەهابادەوە دەستی پێ کرد. لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی عەزیز یووسفی، یەکێک لە ڕێبەران و تێکۆشەرانی دێرینی حیزبی دیموکراتدا کە تازە لە زیندان ئازاد ببوو. مامۆستا بە وتارێکی پڕ لە هەستی خەباتکارانە ڕێزی گرت لە کەسایەتی بەڕێز عەزیز یووسفی بە چەشنێک کە خەڵکەکەی وروژاند و بە گوتنەوەی سروودی شۆڕشگێرانە دەستیان کرد بە خۆپیشاندان. ئەو کاتە دوکتور قاسملوو هێشتا لە دەرەوەی وڵات بوو. هەفتە و مانگەکانی دواتر مامۆستا شێخ عێزەدین بوو بە پێشەنگی خەبات و خۆپیشاندان لە سەرانسەری کوردستان.

نزیکەی هەشت ڕۆژ پاش ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران، دەستەیەک لە نوێنەرانی دەوڵەتی کاتیی لە تارانەوە هاتنە مەهاباد بە مەبەستی دانیشتن و گفتوگۆ کردن لەگەڵ نوێنەری شارەکانی کوردستان سەبارەت بە پرسی گەلی کورد. نوینەرانی دەوڵەت یەکڕاست چوون بۆ ماڵی مامۆستا شێخ عێزەدین.

مامۆستا وەکوو سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی کوردستان پێداگریی کرد لەسەر بەشداربوونی دوکتور قاسملوو لە نێو ئەوانەدا کە دەبوو داخوازییەکانی گەلی کورد گەڵاڵە بکەن. ئەوان لە دانیشتنی خۆیاندا گەڵاڵەیەکی هەشت خاڵییان نووسی کە بریتی بوو لە داخوازییە سەرەکییەکانی گەلی کورد لە حکوومەتی تازە دامەزراویی ئێران. “گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد” لە لایەن هەمووانەوە پەسند کرا و بە دەستنووسی دوکتور قاسملوو درایە دەست نوێنەرانی دەوڵەت.

دوکتور قاسملوو و مامۆستا شێخ عێزەدین هەر دووکیان لە دوو کاتی جیادا سەردانی خومەینی‌یان کرد لە شاری قوم. لەو دیدارانەدا داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد درانە بەر باس و لێکدانەوە. دوکتور قاسملوو لە دیدارەکەیدا دەستەیەک لە بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی لەگەڵدا بوو و مامۆستا شێخ عێزەدین ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی شارەکانی کوردستان هاوڕێیەتییان دەکرد.

وەڵامی خومەینی بۆ هەر دوو کەسایەتییە بەڕێزە کوردەکە یەک بوو؛ بە واتای ئەو، لە کۆماری ئیسلامی داهاتوودا لە ئێران هەموو کەس وەکوو یەک مافیان دەبێت!

هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی نوێنەرانی سیاسی و ئایینی گەلی کورد نەیان توانی پێش بەوە بگرن کە خومەینی فەرمانی هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر کوردستان ڕانەگەیەنێت. بە پلان و دەسیسەی زۆر لە تاران و لە قوم، پرسی کورد و ڕووداوەکانی کوردستان شێوێندران و بوون بە کەرەستەی کێشە ناوخۆییەکانی کاربەدەستانی ئێران و ڕێبەرانی توندڕەو بۆ بەرەو پێش بردنی مەبەستەکانی خۆیان لە شەڕی دەسەڵاتدا لە تاران، بەکاریان هێنان.

خومەینی بەرامبەر بە مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملوو بە یەک شێوە هەڵوێستی دەگرت: تاوێک بە هێرش بردنە سەریان و تاوێک بە سووکایەتی کردن.

لە کاتێکدا کە پێشتر وەکوو ڕێبەرانی سیاسی و ئایینی بەڕێزی کوردستان ناوی هێنابوون، ڕۆژی ١٨ی مانگی هەشتی ساڵی ١٩٧٩ لە وتارێکدا بۆ نوێنەرانی مەجلیسی خیبرەگان ڕایگەیاندبوو:

” . . عێزەدین حوسەینی گەندەڵ و قاسملووی گەندەڵ، کە وابزانم ئێستا لێرە نییە، [دوکتور قاسملوو تاقە نوێنەری هەڵبژێردراوی سێکولاری مەجلیسی خیبرەگان بوو]، ئەوانە سەری خەڵکیان بڕیوە . . لەگەڵ ئەمانە ناکرێ بە ئاشتی و بە سازان و ئەم چەشنە ڕەفتار بکرێت. لەگەڵ ئەمانە دەبێ بە توندی ڕەفتار بکرێت و ئینشائەڵڵا بە توندی ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکەین.”

ڕۆژی دواتر، واتە ١٩ی مانگی هەشت، لەسەر هەواڵێکی درۆ و بێ بناغە، خومەینی فەرمانی جیهادی دەرکرد دژ بە گەلی کورد. هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەت چەندین ساڵ دواتر و لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕاگەیەندنەکانی ئێراندا ئەمەیان پشتڕاست کردەوە.

گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە زۆر قارەمانانە بەرەنگاری هێزەکانی ئێران بوونەوە و سەرەنجام دەسەڵاتدارانی ئێرانیان ناچار کرد لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.

پاش چەندین خولی گفتوگۆ، هاتوچوو و دانوستاندن لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستاندا سەرەنجام لەسەر بڕیاری هەموو لایەک “دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد” لە مانگی یازدەی ساڵی ١٩٨٠دا پێک هێندرا. لەو دەستەی نوێنەرایەتییەدا، مامۆستا شێخ عێزەدین سەرۆک، دوکتور قاسملوو گوتەبێژ و کۆمەڵە و چریکی فیدایی وەکوو ئەندام دیاری کران.

لەم دۆخەدا بوو کە خومەینی پەیامێکی ئاشتی نارد بۆ “برایان و خوشکانی کورد و ڕێبەرانی سیاسی و ئایینی کوردستان.”!

سەرەڕای ئەوانە، هەموو هەوڵ و تێکۆشانی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد و دواتر هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی دوکتور قاسملوو و حیزبی دیموکرات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ نەبێتەوە، شکستیان هێنا.

ڕێبەرانی ئێران بەردەوام باسی قورعان و شەرعیان دەکرد. هەر بۆیە مامۆستا شێخ عێزەدین تێ دەکۆشا بە هێنانەوەی ئەو ئایەتانەی قورعان کە باسی برایەتی و ئاشتی نێوان گەلان و هەروەها تەبایی و پێکەوەهەڵکردن دەکات، حکومەت هان بدات بەرەو ئاشتی و ئاوەدانی هەنگاو بنێن. دوکتور قاسملوو لە لای خۆیەوە و لە وەڵامی پەیامی بەناو ئاشتیخوازانەی خومەینیدا وشەی عەرەبی ‘لبیک’ی بە کار هێنا بە واتای ئەوەی کە ئێمە بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی ئێوە دەدەینەوە. هەموو ئەمانە بێ فایدە بوون.

هەشت مانگ دواتر، واتە لە ٢٠ی مانگی حەوتی ١٩٨٠دا خومەینی ئاوای گوت:

“میللەتی ئێمە شۆڕشگێر بوون و ئێمە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەمان نەبوو. ئێمە تاوانبارین. . ئەو ڕۆژەی ویستیان بچن بۆ کوردستان بۆ گفتوگۆ، پێم گوتبوون بە هەڵوێستێکی بەهێزەوە بچن، سەرەتا پاسدار و ئەرتەش گەمارۆیان بدەن، دوایە ئێوە بچن و قسەیان لەگەڵدا بکەن. ئیهمالیان کرد.”

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە هەموو لایەک ئێمەی کوردیان تاوانبار دەکرد بەوەی کە شەڕخوازین.

دوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە سەر خاکی ئورووپا تێرۆر کران. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و ڕێبەرانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە کوردستانی عێراق و ئێران تێرۆر کراون و تاوانی گەورەی جەنگیی و هەروەها ئێعدامی بە کۆمەڵیان ئەنجام داوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پیشمەرگەی کورد قەت هێرشیان نەبردووەتە سەر شوێنێک لە دەرەوەی کوردستان. ئەوان بەردەوام لە سەر خاکی کوردستان بەرگرییان لە گەلی کورد کردووە.

نزیکەی ٢٣ ساڵ دوای گفتوگۆکان، ئەو نوێنەرانەی دەوڵەت کە بەناو بۆ دانوستاندن هاتبوونە کوردستان و لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملوو گفتوگۆیان کردبوو، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی گۆڤارێکدا لە ئێران ئاشکرای دەکەن کە ئامانج و ڕاسپاردەی ئەوان ئەوە بووە کات بکڕن و تەسلیمی هیچ کام لە داخوازییەکانی کوردەکان نەبن.

یەکێک لەو نوێنەرانە کەسایەتی ناسراو ئاغای سەحابی بوو کە لەو وتووێژەدا دەڵێ من پێم باشترە هەر دوو دەستم ببڕن هەتا ئەوەی کە ڕێکەوتنی خودموختاری بۆ کوردەکان ئیمزا بکەم! پاش بڵاو بوونەوەی گۆڤارەکە، من لە وتارێکدا بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی، زۆر بە وردی هەموو لایەنەکانی ئەو وتووێژانەم شی کردەوە و ڕاستییەکانم خستە پیش چاو.

ئەو بەناو نوێنەرانی ئاشتییەی کە ساڵی ١٩٨٩ دوکتور قاسملوویان لە ڤییەنا تێرۆر کرد، پێشتر و لە ساڵی ١٩٨٠دا هەوڵیان دابوو لە ژێر ناوی دیداری دۆستانە لەگەڵ خومەینیدا، مامۆستا شێخ عێزەدین ڕاکێشی قوم بکەن و لەوێ دەستبەسەری بکەن و ژیانی بخەنە مەترسییەوە.

وەبیرهێنانەوە و بەرز نرخاندنی ژیان و خەباتی دوکتور قاسملوو و تێکۆشانی ئەو لە پێناوی ئاشتی، مافی ڕەوای گەلی کورد و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، شایانی ئەوەیە کە ڕێز و پێزانین ئاراستەی ئەویش و سەرجەم بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان بگیرێت. سەرەڕای ئەو ڕاستییە، جێگای داخە کە دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوی سیاسی و کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، هەر کە باسی مافی ڕەوای گەلی کورد دێتە پێش، دەستبەجێ باسی مەترسی لەسەر تەواوەتی خاک و یەکێتی وڵاتی ئێران دەکەن. ئەوانە وایان پێ باشترە کە ئەم بەناو مەترسییانە بێننە پێشەوە نەک ئەوەی ڕێز بگرن لە مافی مرۆڤ و مافی نەتەواویەتی گەلی کورد و باقی ئەو نەتەوانەی لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا دەژین.

سی ساڵ پاش تێرۆری دوکتور قاسملوو و نۆ ساڵ پاش کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی، چارەنووسی ڕژیمی ئێران و ئامانجی ڕەوای گەلی کورد زیاتر لە هەموو کاتێک هاتووەتە ناو ڕۆژەڤەوە. لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، کوردەکان چی دی نەک بەشێک لە کێشەکان، بەڵکوو بوونەتە فاکتەرێک بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتییانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

مخابن، دوکتور قاسملوو لە ژیاندا نەماوە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی گرینگی خۆی لەم بارودۆخە دژوارە و لەناو ڕووداوە ئالۆزەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت. ئەگەر وا بوایە، ئەو دەیتوانی هەموو ئەزموون و لێهاتووییەکانی خۆی بخاتە خزمەت ژیانی سیاسی گەلەکەیەوە.

زۆر سپاس، ئەحمەد ئەسکەندەری

١٧ی مانگی دوو ٢٠٢٠