Convention on the Elemination of All forms of Discrimination against Women (CEDAW)
Kurdish translation
پێشه‌کییه‌ک بۆ وه‌ڕگێڕانی کوردی:
کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له سەد و حەوتە‌مین کۆبوونه‌وه‌ی خۆی له ڕۆژی ١٨/١٢/١٩٧٩دا به په‌سەند کردنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه هه‌نگاوێکی گرینگی هه‌ڵگرت به‌ره‌و وه‌دیهێنانی مافی یه‌کسان بۆ ژنان و پیاوان و هه‌روه‌ها بۆ به‌گژداچوونی هه‌موو چه‌شنه سته‌مێک له دژی ژنان. ئه‌م په‌یماننامه‌یه هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و فه‌رهه‌نگی ده‌گرێته‌وه و زۆر به وردی چووه‌ته ناو هه‌موو که‌لێن و قوژبنی کۆمه‌ڵگاوه و ده‌ستی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی وا په‌یوه‌ستن به مافی ژنانه‌وه، یان باشتره بگوترێت ئه‌و شوێنانه‌ی وا بێمافیی ژنانی تێدا شاردراوه‌ته‌وه.
له ڕوانگەی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و دیارده نگریسانه‌ی که دونیای ئه‌وڕۆ له‌گه‌ڵیان ده‌سته‌ویه‌خه‌یه، کاردانه‌وه‌یان به پله‌ی یه‌که‌م له‌سه‌ر ژنانه. شه‌ڕ، کوشتار، هه‌ژاری، نه‌خوێنده‌واری، دواکه‌وتوویی، ئاواره‌یی و بێ خانه‌ولانه‌یی، له‌شفرۆشی و کاری تاقه‌ت پڕووکێنی منداڵان، نه‌خۆشییه کوشنده‌کان و له‌وانه ئه‌یدز، ئیلفلیج بوون و مردنی منداڵانی ساوا، ته‌نانه‌ت په‌ککه‌وته‌یی و بێ ده‌ره‌تانیی پیاوانیش قورساییه‌که‌ی له‌سه‌ر شانی ژنانه.
به‌ڵام که‌م نین ئه‌و بڕیارنامه، به‌ڵگه‌نامه، ڕێککه‌وتننامه و هی‌تریش که له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و یان ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌یی و جیهانییه‌کانی دیکه‌وه ده‌رچوون و لێواولێون له وشه‌ی بریقه‌دار و مزگێنیده‌ر کە ئاسۆی گه‌ش و ڕووناک بۆ داهاتووی مرۆڤایه‌تی ده‌ستنیشان ده‌که‌ن! ئه‌ی کوا ئەو به‌هه‌شته و ئه‌ی بۆچی ئه‌م هه‌موو ده‌رد و مه‌ینه‌تی و هه‌ژاریی و ماڵوێرانییه؟
دانانی یاسا، په‌یماننامه و له‌م چه‌شنه بڕیارانه هه‌نگاوی یه‌که‌مه. گرینگ‌ترین هه‌نگاو ڕێگا خۆشکردنه بۆ جێبه‌جێ بوون و به کرده‌وه به‌ڕێوه بردنییان. هه‌ر بۆیه زۆر سه‌رنجڕاکێش ده‌بێت بزانین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م په‌یماننامەیە له وڵاتانی جۆراوجۆر و به تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی کوردی تێدا ده‌ژین، چۆن بووه. ئه‌مه‌ش پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی تایبه‌تیه که له‌م سه‌ره‌تایه‌دا ناگونجێت. هه‌ر ئه‌وه‌نده بڵێم که وڵاتانی سوید و کووبا له مانگی سێی ساڵی ١٩٨٠دا یه‌که‌مین و به‌حره‌ین له مانگی شه‌شی ٢٠٠٢دا دوایین ده‌وڵه‌ته که به‌م په‌یماننامه‌وه په‌یوه‌ست بوون.(هەتا ساڵی ٢٠٢٢ ئەم وڵاتانە پەیوەست نەبوون: سۆمالی، سوودان، ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران، ڤاتیکان!)
ئه‌م وه‌رگێڕانه له ده‌قه ئینگلیزییه‌که‌یه‌وه کراوه به کوردی و له‌گه‌ڵ ده‌قی فه‌رانسه، سویدی و دوو وه‌رگێڕانی فارسییدا به‌راورد کراوه. کاتێک که خه‌ریکی ئه‌م وه‌رگێڕانه بووم، گۆڤاری «ژنان» ژماره ۲ی زستانی ٢٠٠٢م بینی که ده‌قی په‌یماننامه‌که‌ی به کوردی تێدا بوو. وه‌رگێڕانه‌که له ده‌قی فارسییه‌که‌یه‌وه کراوه به کوردی و سه‌ره‌ڕای خۆماندوو کردنی زۆر به‌داخه‌وه که‌موکووڕی زۆری تێدایه، چ له ناوه‌رۆکدا و چ له‌باری زمانه‌وانییه‌وه. هه‌ڵبه‌ت خودی سه‌رچاوه فارسییه‌که‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌قه ئینگلیزییه‌که‌ی بێ هه‌ڵه نییه. سپاس بۆ به‌ڕێز مه‌هاباد قه‌ره‌داغی که به‌سه‌ر وه‌رگێڕانه‌که‌دا چووه‌وه و سه‌رنج و پێشنیار و تێبینی به نرخی هه‌بوو.
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری پاییزی 2002
Convention on the Elemination of All forms of Discrimination against Women (CEDAW)
په‌یماننامه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژبه ژنان
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئه‌م په‌یماننامه‌یه،
به سه‌رنجدان له‌وه‌ی که به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان جارێکی دیکه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر باوه‌ڕی خۆی به مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ، به که‌رامه‌ت وبایه‌خی هه‌ر ئینسانێکی تاکه‌که‌س، به مافی یه‌کسان بۆ پیاوان و ژنان ده‌کات،
به سه‌رنجدان له‌وه‌ی که جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ جه‌خت له‌سه‌ر سه‌ره‌تای ناڕه‌وا بوونی هه‌ڵاواردن ده‌کات و ڕاده‌گه‌یه‌نێت که هه‌موو مرۆڤێک به که‌رامه‌ت و مافی یه‌کسانه‌وه و به ئازادی له‌دایک ده‌بێت و هه‌موو که‌سێک بۆی هه‌یه له هه‌موو مافه‌کان و ئازادییه‌کانی که له په‌یماننامه‌که‌دا هاتووه، به‌بێ هیچ جیاوازیه‌ک و له‌وانه‌ش جیاواز بوون له‌سه‌ر بناغه‌ی جنس (ڕەگەز، زایەند) به‌هره‌مه‌ند بێت،
به سه‌رنجدان له‌وه‌ی که وڵاتانی گرێ‌دراو به بڕیارنامه‌کانی مافی مرۆڤ ئه‌رکی سه‌رشانیانه که مافی یه‌کسان بۆ ژنان و پیاوان دابین بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو مافه ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کان به‌هره‌مه‌ند بن،
به ڕه‌چاوکردنی ئه‌و په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی که له ژێر چاوه‌دێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ناوه‌نده پسپۆڕه‌کانیدا بۆ پێشخستنی یه‌کسانیی ماف له نێوان ژنان و پیاوان گه‌ڵاڵه کراوه،
هه‌روه‌ها به سه‌رنجدانی بڕیارنامه‌کان، بانگه‌وازه‌کان و ڕاسپێری په‌سەندکراو له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ناوه‌نده پسپۆڕه‌کانی بۆ به‌ره‌وپێش بردنی یه‌کسانیی مافی پیاوان و ژنان،
نیگه‌ران له‌وه‌ی که سه‌ره‌ڕای ئه‌م به‌ڵگه‌نامه جۆراوجۆرانه، هه‌ڵاواردنی به‌ربڵاو دژ به ژنان هێشتاش هه‌ر به‌رده‌وامه،
به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که هه‌ڵاواردن دژ به ژنان پێشێل کردنی سه‌ره‌تاکانی یه‌کسانیی ماف و ڕێزگرتن له که‌رامه‌تی ئینسانه، کۆسپێکه له سه‌ر ڕێگای به‌شداریی کردنی ژنان شانبه‌شانی پیاوان له ژیانی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و فه‌رهه‌نگیدا له وڵاته‌که‌یان، ڕێگا ده‌گرێت له گه‌شه‌کردنی به‌ختیاریی کۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه و هه‌روه‌ها ئاسته‌نگ ده‌خاته سه‌ر ڕێگای ژنان که به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ناتوانن پڕاوپڕ و به‌هه‌موو تواناییه‌کانیانه‌وه له خزمه‌تی وڵاته‌که‌یان و مرۆڤایه‌تییدا بن،
به نیگه‌رانیی له‌وه‌ی که له کاتی هه‌ژاریدا، ئه‌وه ژنه که به که‌مترین ڕاده ده‌ستی ده‌گات به بژیویی، ته‌ندروستی، خوێندن و فێربوون، خۆئاماده کردن و ده‌رفه‌ت بۆ کارکردن و هه‌روه‌ها پێداویستی دیکه،
به هاتنه‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی نوێی ئابووری نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، به شێوه‌یه‌کی زۆر به‌رچاو یارمه‌تیی به‌ره‌وپێشچوونی یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان ده‌دات،
به سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که خاشه‌بڕ کردنی ئاپارتاید، هه‌موو شێوه‌کانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی، هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی، کۆلۆنیالیسم، کۆلۆنیالیسمی نوێ، ده‌ستدرێژی، داگیرکردن له‌لایه‌ن بێگانه‌وه و خۆ زاڵکردن و ده‌ست تێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی وڵاتاندا بۆ دابین کردنی پڕاوپڕی مافه‌کانی پیاوان و ژنان ئێجگار پێویسته،
به داکۆکی کردن له‌وه‌ی که پته‌وکردنی ئاسایش و ئاشتی نێونه‌ته‌وه‌یی، خاوکردنه‌وه‌ی بارگرژییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، چه‌کداماڵینی گشتی و یه‌کجاره‌کی، بە تایبەت چه‌کداماڵینی ئه‌تۆمیی له ژێر چاوه‌دێری توندوتۆڵ و کارامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، داکۆکی له سه‌ره‌تاکانی دادپه‌روه‌ری، به‌رابه‌ری و به‌رژەوەندیی دوولایه‌نه له په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتاندا و دابین کردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆلۆنیالی و داگیرکه‌رانی بێگانه، هه‌روه‌ها ڕێزگرتن له ده‌سه‌ڵاتداره‌تی میللی و ته‌واوه‌تیی خاک، پاڵ پێوه‌نه‌ری گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاوه‌دانی و له ئاکامدا یاریده‌ده‌ری به‌دیهێنانی یه‌کسانیی نێوان پیاوان و ژنانه به‌ته‌واوی،
به هاتنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ئاوه‌دان بوونه‌وه‌ی ته‌واو و پڕاوپڕی هه‌ر وڵاتێک، خۆشبژیێتی جیهان و ئامانجی ئاشتی پێویستی به زۆرترین به‌شداریی ژنانه له هه‌لومه‌رجی یه‌کساندا له‌گه‌ڵ پیاوان و له هه‌موو بواره‌کاندا،
به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که ژنان به ڕاده‌یه‌کی ئێجگار زۆر یاریده‌ده‌ری خۆشبژیێتی بنه‌ماڵه و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵن، هه‌رچه‌ند به ته‌واوییش به ڕه‌سمی نه‌ناسراوه، گرینگ بوونی کۆمه‌ڵایه‌تیی دایکایه‌تیی و ده‌وری دایک و باوک له بنه‌ماڵه و له به‌خێوکردنی منداڵاندا،
هه‌روه‌ها به ئاگاداری له‌وه‌ی که ده‌وری ژنان له منداڵبووندا نابێ بکرێته بناغه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵاواردن، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی که به‌خێوکردنی منداڵ پێویستی به دابه‌ش کردنی به‌رپرسیارێتییه له نێوان پیاوان، ژنان و کۆمه‌ڵکادا به‌گشتیی،
به هۆشیاربوون له‌وه‌ی که ئاڵ‌وگۆڕ له ڕۆڵی نه‌ریتیی پیاوان و هه‌روه‌ها ڕۆڵی ژنان له کۆمه‌ڵگا و له بنه‌ماڵه‌دا بۆ گه‌یشتن به یه‌کسانیی ته‌واوی ژنان و پیاوان پێویسته،
شێلگیر له به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و بنەمایانه‌ی له «په‌یماننامه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژ به ژنان»دا گونجێندراوه و هه‌ر به‌و مه‌به‌سته و بۆ په‌سەند کردنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که پێویسته بۆ نه‌هێشتنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک هه‌ڵبگیرێن،
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ی خواره‌وه ڕێککه‌وتوون:
بە‌شی یه‌که‌م
بڕگه‌ی 1
مه‌به‌ستی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ی ئێستا له ده‌سته‌واژەی «هه‌ڵاواردن دژ به ژنان» به مانای هه‌ر چه‌شنه جیاوازی دانان، ده‌رهاویشتن یان دانانی سنووره له‌سه‌ر بناغه‌ی جنس (زایەند، ڕەگەز) که ئاکامه‌که‌ی و یان مه‌به‌سته‌که‌ی لاوازکردن یان پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی سەلماندن، به‌هره‌مه‌ند بوون یان جێبەجێکردنی له‌لایه‌ن ژنانه‌وه ـ به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌وه‌ی که هاوسه‌رداره یان نه، له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانیی ژن و پیاو، مافی مرۆڤ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان له بواری سیاسی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی، مه‌ده‌نی و یان هه‌ر بوارێکی دیکه‌دا.
بڕگه‌ی 2
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژ به ژنان له هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ، مه‌حکووم ده‌که‌ن و یه‌کده‌نگ به هه‌موو شێوه‌یه‌کی گونجاو و به‌بێ وه‌دواخستن سیاسه‌تێک په‌یڕه‌و ده‌که‌ن بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن دژ به ژنان و بۆ ئه‌م ئامانجه به ئه‌رکی خۆیانی داده‌نێن که:
ئا ـ بنەمای یه‌کسانیی نێوان پیاوان و ژنان له ده‌ستووری وڵات (یاسای بنەڕەتی) یان له یاساکانی دیکه‌دا به‌پێی پێویست، ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا نه‌کرابێت، بگونجێنن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگای یاسا و به هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه دڵنیایی بدرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م بنەمایه به کرده‌وه؛
ب ـ پەسەندکردنی یاسای شیاو و هه‌نگاوه‌کانی دیکه، له‌وانه ئه‌گه‌ر گونجاو بێت سزادان و قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژ به ژنان؛
پ ـ دامه‌زراندنی پارێزگاریی یاسایی له مافه‌کانی ژنان له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاواندا و دڵنیاکردن لە پاراستنی کاریگه‌رانه‌ی ژنان دژ به هه‌ر چه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی هه‌ڵاواردنانە، به‌هۆی دادگای لێهاتووی سه‌رانسه‌ری وڵات و داموده‌زگا گشتییه‌کانی دیکه‌وه؛
ت ـ خۆپاراستن له هه‌ر چه‌شنه ڕەفتار یان هه‌نگاوی هه‌ڵاواردنانە دژ به ژنان و دڵنیاکردن له‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان شانبه‌شانی ئه‌م ئه‌رکانه ده‌چنه پێشه‌وه؛
ج ـ هه‌ڵگرتنی هه‌موو هه‌نگاوێکی گونجاو بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن دژبه ژنان له‌لایه‌ن هه‌ر تاکه‌که‌س، ڕێکخراوه و یان کۆمپانیایه‌که‌وه بێت؛
چ ـ هه‌ڵگرتنی هه‌موو هه‌نگاوێکی گونجاو و له‌وانه دانانی یاسا بۆ گۆڕین یان نه‌هێشتنی ئه‌و یاسا و بڕیار و دابونه‌ریتانه و یان ئه‌و کرده‌وانه‌ی که هه‌ڵاواردنی دژ به ژنانیان تێدایه؛
ح ـ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو بڕیارێکی سزادان له وڵات‌دا که هه‌ڵاواردنی دژ به ژنانیان تێدایه.
بڕگه‌ی 3
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ له هه‌موو بواره‌کان، بە تایبەت بواره سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و فه‌رهه‌نگییه‌کاندا هه‌نگاوی گونجاو، له‌وانه هه‌نگاوی یاسادانه‌رانه هه‌ڵگرن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی گه‌شە و پێشکه‌وتنی ژنان بەتەواوەتی، به مه‌به‌ستی مسۆگه‌رکردنی به‌کارهێنان و به‌هره‌مه‌ندبوونیان له مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان.
بڕگه‌ی 4
١- هێنانه‌کایه‌ی چاره‌سه‌ری کاتی و تایبه‌تی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه بۆ به‌کرده‌وه خێراکردنی یه‌کسانیی نێوان پیاوان و ژنان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌یماننامه‌یه، نابێ وه‌کوو هه‌ڵاواردنێک بکه‌وێته به‌ر چاو. هه‌روه‌ها ناشبێت به‌هیچ چه‌شنێک ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه بێت که له‌گه‌ڵ خۆیدا هێشتنه‌وه‌ی شێوه‌ی جیاواز و نابه‌رابه‌ر به‌دی بهێنێت؛ ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌ر که ئامانجی یه‌کسانیی ده‌رفه‌ت و ڕه‌فتار به‌دی هات، ده‌بێ هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه؛
٢- هێنانه‌کایه‌ی چاره‌سه‌ریی تایبه‌تی له دووتوێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا هاتوون و ئامانجیان به‌رگری کردنه له دایکایه‌تی، نابێ به هه‌نگاو بۆ هه‌ڵاواردن دابنرێن.
بڕگه‌ی 5
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی گونجاو هه‌ڵگرن بۆ:
ئا ـ گۆڕینی ئاکاره کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی پیاوان و ژنان له پێناوی نه‌هێشتنی پێشداوه‌ری و دابونه‌ریت و هه‌موو ئه‌و ئاکارانه‌ی که له‌سه‌ر بناغه‌ی نزم تێڕوانین و یان به به‌رز تێڕوانینی یه‌کێک له جنسه‌کانه و یان به نموونه‌یی کردنی ڕۆڵی ژنان و پیاوان دامه‌زراون؛
ب ـ دڵنیابوون له‌وه‌ی که په‌روه‌رده‌ی بنه‌ماڵه تێگه‌یشتنێکی باشتر له دایکایه‌تی ده‌گرێته‌وه که ده‌بێته کرده‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناسینی به‌رپرسارێتی هاوبه‌شی پیاوان و ژنان له به‌خێوکردن و گه‌شه‌کردنی منداڵه‌کانیان. ئه‌مه‌ش ئه‌و تێگه‌یشتنه دەهێنێت که به‌رژەوەندیی منداڵان له هه‌موو بوارێک‌دا له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه ده‌بێت.
بڕگه‌ی 6
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو، لە دووتوێی یاساداناندا، هه‌ڵ ده‌گرن بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو شێوه‌کانی کڕین و فرۆشتنی ژنان و هه‌روه‌ها که‌ڵکوه‌رگرتن له له‌شفرۆشی ژنان.
به‌شی دووهه‌م
بڕگه‌ی 7
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن له دژی ژنان له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی وڵاته‌که‌یان هه‌ڵده‌گرن و به تایبه‌ت ژنان دڵنیا ده‌که‌ن له‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ پیاواندا مافی یه‌کسانیان ده‌بێت له:
ئا ـ ده‌نگدان له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کان و ڕاپرسییه گشتییه‌کاندا و هه‌روه‌ها مافی خۆپاڵاوتنیان ده‌بێت له هه‌موو ئۆرگانه هه‌ڵبژێردراوه‌کاندا؛
ب ـ به‌شداری کردن له گه‌ڵاڵه کردنی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت و له جێبه‌جێکردنیاندا، هه‌روه‌ها به‌ده‌سته‌وه گرتنی کاروباری ده‌وڵه‌تی و ئه‌نجام دانی هه‌موو ئه‌رکێکی ده‌وڵه‌تی له هه‌موو ئاستێک‌دا؛
پ ـ به‌شداریی کردن له ڕێکخراوه ناحکوومییه‌کان (NGO) و ئه‌و کۆمه‌ڵانه‌ی به خه‌می ژیانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی وڵاته‌که‌وه‌ن.
بڕگه‌ی 8
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو هه‌ڵ ده‌گرن بۆ دڵنیاکردنی ژنان له‌وه‌ی که به مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان و به بێ هیچ چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک، ده‌رفه‌تیان ده‌درێتێ بۆ نوێنه‌رایه‌تی کردنی حکوومه‌ته‌که‌ی خۆیان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا و بۆ به‌شداری کردن له کاروباری ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا.
بڕگه‌ی 9
١- وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ مافی یه‌کسان وه‌کوو پیاوان بده‌ن به ژنان بۆ وه‌ده‌ستهێنان، گۆڕین و یان هێشتنه‌وه‌ی شارۆمه‌ندێتیی خۆیان. به تایبه‌ت ده‌بێ دڵنیا بکرێن که نه هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ بێگانه‌یه‌ک و نه گۆڕینی شارۆمه‌ندێتی له‌لایه‌ن مێرده‌وه له‌کاتی هاوسه‌رێتیدا، نابێ ئۆتۆماتیکیی شارۆمه‌ندێتی ژنه‌که بگۆرێت، بیکات به که‌سێکی بێ ده‌وڵه‌ت و یان به زۆر شارۆمه‌ندێتیی مێرده‌که‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.
٢- وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ به ڕه‌چاوکردنی شارۆمه‌ندێتیی منداڵه‌کانیان، مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان بۆ ژنان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن.
به‌شی سێهه‌م
بڕگه‌ی 10
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن له دژی ژنان هه‌ڵگرن بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایان بکه‌ن که مافی یه‌کسانی وه‌ک پیاوانیان ده‌درێتێ له بواری په‌روه‌رده‌دا و بە تایبەت بۆ دڵنیایی دان به‌وان له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانیی پیاوان و ژنان له:
ئا ـ هه‌لومه‌رجی وه‌ک یه‌ک بۆ فێربوون له بواری پسپۆڕێتیدا که ڕێگه خۆشکه‌رن بۆ په‌یدا کردنی کار، ده‌ست ڕاگه‌یشتن به فێربوون و وه‌رگرتنی بڕوانامه له داموده‌زگاکانی په‌روه‌رده له‌هه‌موو ئاستێک‌دا چ له شار و چ له گونده‌کان. ئه‌م یه‌کسانییه ده‌بێت له فێرکردنی پێش قوتابخانه، خوێندنی گشتی، تێکنیکی، پسپۆڕێتی و په‌روه‌رده‌ی پیشه‌سازیی باڵا و هه‌روه‌ها له هه‌موو جۆره‌کانی فێرکردنی پسپۆڕانه ده‌سته‌به‌ر بکرێت؛
ب ـ ده‌ست ڕاگه‌یشتن به هه‌مان خولی فێرکردن و خوێندن، هه‌مان تاقیکردنه‌وه و دەسته‌ی مامۆستایان به هه‌مان ئاستی لێوه‌شاوه‌ییه‌وه و جێوشوێنی خوێندنگای وه‌ک یه‌ک به که‌ره‌سته و پێداویستیی چوون یه‌ک له باری چۆنایه‌تییه‌وه؛
پ ـ بنبڕ کردنی هه‌ر چه‌شنه چه‌مکێکی نموونه‌یی سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ژنان و پیاوان له هه‌موو ئاستێک‌دا و له هه‌موو شێوه‌کانی فێرکردن له ڕێگای هاندان بۆ فێربوونی شانبه‌شان و هه‌روه‌ها جۆره‌کانی دیکه‌ی فێرکردن که یارمه‌تیده‌رن بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته و بە تایبەت به چاوخشاندنه‌وه به سه‌ر ده‌قی کتێبه‌کان و به‌رنامه‌ی خوێندنگه‌کان و هه‌روه‌ها به گونجاندنی شێوازه‌کانی وانه‌گوتنه‌وه (ده‌رس دان)؛
ت ـ هه‌بوونی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌رماڵه‌ی خوێندکاران و هه‌روه‌ها کۆمه‌کی دیکه‌ی خوێندن؛
ج ـ هه‌بوونی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ سوود وه‌رگرتن له به‌رنامه‌کانی درێژەدان به خوێندن، له‌وانه به‌رنامه‌ی خوێنده‌وارکردنی گه‌وره ساڵان و بە تایبەت ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی ئامانجیان که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه که‌لێنێکه وا له نێوان ژنان و پیاواندا به‌دی ده‌کرێت، به زووترین کاتی گونجاو؛
چ ـ که‌م کردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی ده‌ستهه‌ڵگرتنی کچانی خوێندکار له خوێندن و داڕشتنی به‌رنامه بۆ ئه‌و کچ و ژنانه‌ی که پێشوه‌خت خوێندنگه‌یان به‌جێ هێشتووه؛
ح ـ دابین کردنی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ به‌شداری چالاکانه له وه‌رزش و ڕاهێنانی جه‌سته‌یی؛
خ ـ ده‌ست ڕاگه‌یشتن به زانیاریی له‌سه‌ر ڕاهێنانی تایبه‌ت بۆ یارمه‌تیدان و دڵنیاکردن له ته‌ندروستی و خۆشبژیێتی بنه‌ماڵه‌کان و له‌وانه، زانیاری و ئامۆژگاری سه‌باره‌ت به پلان داڕشتن بۆ منداڵبوون.
بڕگه‌ی 11
١- وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن له دژی ژنان له بواری دابین کردنی کار هه‌ڵ ده‌گرن بۆ دڵنیا کردن له هاومافی له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانیی پیاوان و ژنان و بە تایبەت:
ئا ـ مافی کارکردن وه‌کوو مافێکی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای هه‌موو مرۆڤێک؛
ب ـ مافی به‌هره‌مه‌ند بوون له ده‌رفه‌تی وەک یەک له بازاری کاردا، له‌وانه به‌کارهێنانی پێوانه‌ی یه‌کسان له هه‌ڵبژاردندا بۆ ده‌ست به کاربوون؛
پ ـ مافی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌ست بۆ هه‌ر چه‌شنه کار و فرمانێک، مافی گه‌شه‌کردن، هێمنایه‌تی لەسه‌ر کار و هه‌موو چه‌شنه ده‌رماڵه و هه‌لومه‌رجی خزمه‌تگوزاری و مافی بەشداریکردن له خولی فێرکردنی پیشه‌یی و دیسانه‌وه فێرکردنه‌وه، و له‌وانه فێربوونی کار و ڕاهێنانی پێشکه‌وتووی کار و فێرکردنی ناوبه‌ناو و به‌دوای یه‌کدا؛
ت ـ مافی وه‌رگرتنی پاره‌ی یه‌کسان له‌وانه ده‌رماڵه، ڕه‌فتاری یه‌کسان به ڕه‌چاوکردنی ئه‌و کارانه‌ی که هاوسه‌نگن و هه‌روه‌ها ڕەفتاری یه‌کسان له کاتی هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنایه‌تیی کاره‌که؛
ج ـ مافی دابین کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی، بە تایبەت له کاتی خانه‌نشینی، بێکار بوون، نه‌خۆشی، که‌متوانایی و پیری و جۆره‌کانی دیکه‌ی ناکارامه‌یی له کاردا و هه‌روه‌ها مافی پشوو به مووچه وه‌رگرتنه‌وه؛
چ ـ مافی پارێزگاریی ته‌ندروستی و هێمنایه‌تی له هه‌لومه‌رجی کارکردن‌دا و له‌وانه پاراستنی فرمانی ئاسایی منداڵبوون.
٢- به مه‌به‌ستی پێش‌گرتن له هه‌ڵاواردنی دژ به ژنان له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوسه‌رگیری یان منداڵبوون و بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر مافی ئه‌وان بۆ کارکردن ده‌سته‌به‌ر بکرێت، وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌نگاوی شیاو هه‌ڵگرن بۆ:
ئا ـ قه‌ده‌غه کردن و دانانی سزای یاسایی بۆ له کار ده‌رکردنیی ژنان به هۆی دووگیانی و یان پشوو وه‌رگرتن بۆ منداڵبوون و یان هه‌ڵاواردن و ده‌رکردن له سه‌ر بناغه‌ی هاوسه‌رگیری؛
ب ـ دابین کردنی مۆڵه‌ت له کاتی منداڵبووندا به مووچه‌وه یان به ده‌رماڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌وه و به بێ له‌کیسچوونی کاره‌که‌ی پێشوویان و پله‌ی پێشکه‌وتن له کاره‌که و ده‌رماڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی؛
پ ـ هاندان بۆ دابین کردنی خزمه‌تگوزاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێویست بۆ پشتگیری و توانا پێدانی دایک و باوک به مه‌به‌ستی تێکه‌ڵ کردنی ئه‌رکه بنه‌ماڵه‌ییه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسیارێتی له‌سه‌ر کار و به‌شداربوون له ژیانی گشتیی‌دا. به تایبه‌ت له ڕێگای هه‌وڵدان بۆ پێکهێنان و گه‌شه پێدانی تۆڕێک بۆ داموده‌زگاکانی چاوه‌دێریی منداڵان؛
د ـ دابین کردنی پاراستنی تایبه‌تی بۆ ژنان له کاتی دووگیانییدا له‌سه‌ر ئه‌و کارانه‌ی وا ده‌رکه‌وتووه که زیانبه‌خشن بۆ ئەوان.
٣- یاسای پارێزه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی له‌م بڕگه‌یه‌دا هاتوون، ده‌بێ ناوبه‌ناو و له‌به‌ر تیشکی زانیاریی ته‌کنیکی و زانستییانه‌دا پێداچوونه‌وه‌یان له سه‌ر بکرێت و به‌گوێره‌ی پێویست هه‌ڵ بوه‌شێندرێنه‌وه و یان په‌ره‌یان پێ بدرێت.
بڕگه‌ی 12
١- وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی گونجاو هه‌ڵگرن بۆ بنبڕ کردنی هه‌ڵاواردن دژ به ژنان له بواری ته‌ندروستی و چاوه‌دێریدا. ئه‌مه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ی دڵنیا بن که له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان ده‌ستیان ڕابگات به خزمه‌تگوزارییه‌کانی ته‌ندروستی و چاوه‌دێری و له‌وانه ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی که په‌یوه‌ستن به پلان داڕشتنی منداڵبوونه‌وه.
٢- به بێ پێش‌گرتن له ئه‌رکه‌کانی به‌شی یه‌که‌می ئه‌م بڕگه‌یه، وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ خزمه‌تگوزاریی شایسته له کاتی دووگیانی، منداڵبوون و ماوه‌ی پاش منداڵبوونیشدا بۆ ژنان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن و به‌پێی پێویست خزمه‌تکاریی به خۆڕایی و هه‌روه‌ها خوارده‌مه‌نیش له کاتی دووگیانی و شیرداندا بۆیان دابین بکه‌ن.
بڕگه‌ی 13
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی گونجاو هه‌ڵ بگرن بۆ بنبڕ کردنی هه‌ڵاواردن دژ به ژنان له بواره‌کانی دیکه‌ی ژیانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، به مه‌به‌ستی دابین کردنیی مافی وه‌ک یه‌ک له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان بە تایبەتی:
ئا ـ مافی وه‌رگرتنی ده‌رماڵه‌ی خێزان؛
ب ـ مافی وه‌رگرتنی وام له بانک، بارمته‌ی خانووبەرە و شێوه‌کانی دیکه‌ی متمانه‌ی دارایی؛
پ ـ مافی بەشداری کردن له چالاکیی بۆ شاد ڕاگرتنی له‌ش، وه‌رزش و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی فه‌رهه‌نگی.
بڕگه‌ی 14
١- وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ ئه‌و گیروگرفته تایبه‌تیانه بده‌نه به‌ر سه‌رنج که ژنانی لادێ له‌گه‌ڵی به‌ره‌و ڕوون و ئه‌و ده‌وره گرینگه‌ی ئه‌م ژنانه ده‌یگێڕن له درێژەپێدان به ژیانی ئابووریی بنه‌ماڵه و له دووتوێی کاری بێ قه‌ره‌بوودا، ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو هه‌ڵ بگیرێت بۆ دڵنیا بوون له به‌کارهێنانی بڕیاره‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه بۆ ژنانی لادێ.
٢- وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو هه‌ڵگرن بۆ بنبڕ کردنی هه‌ڵاواردن لە دژی ژنانی لادێ به‌و مه‌به‌سته‌ی دڵنیا بن، که له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانیی نێوان پیاوان و ژنان، به‌شداری ده‌که‌ن و که‌ڵک له گه‌شه‌کردنی لادێکان وه‌رده‌گرن، بە تایبەت ده‌بێ دڵنیابن له‌وه‌ی که ئه‌م ژنانه مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه که:
ئا ـ به‌شداری بکه‌ن له داڕشتن و جێبه‌جێ کردنی گه‌ڵاڵه‌ی ئاوه‌دان کردنه‌وه له هه‌موو ئاستێک‌دا؛
ب ـ ده‌ستیان ڕابگات به داموده‌زگاکانی سه‌رپه‌رشتیی ته‌ندروستی، به تێروته‌سه‌لی و له‌وانه زانیاری، ڕاوێژکاری و خزمه‌تگوزاری له پلانداڕشتنی منداڵبووندا؛
پ ـ ڕاسته‌وخۆ که‌ڵک وه‌ربگرن له به‌رنامه‌کانی دابین کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی؛
ت ـ به‌ده‌ست هێنانی هه‌موو چه‌شنه فێرکاری و په‌روه‌رده، ڕه‌سمی یان ناڕه‌سمی و له‌وانه ئه‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌سته به فێرکردنی خوێندن و نووسین و هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و هه‌ڵسووڕانی ڕاوێژکارانه به مه‌به‌ستی زیادکردنی شایسته‌یی ته‌کنیکی خۆیان؛
ج ـ ڕێک خستنی ده‌سته و تاقمی خۆ- یارمه‌تیده‌ر و کۆڕه هه‌ره‌وه‌زییه‌کان به مه‌به‌ستی ده‌ست ڕاگه‌یشتنی یه‌کسان به سه‌رچاوه ئابوورییه‌کان له ڕێگای دامه‌زران له‌سه‌ر کار، یان خۆ- دامه‌زراندنه‌وه؛
چ ـ بەشداری کردن له هه‌موو چالاکییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا؛
ح ـ دەست ڕاگەیشتن به وام و متمانه‌ی دارایی کشت‌وکاڵی، ئاسانکارییه‌کانی بازاڕ په‌یدا کردن، ته‌کنۆلۆژی له‌بار و ڕه‌فتاری یه‌کسان لە چاکسازیی زه‌وی و زار، دابه‌شکردنی زه‌وی کشتوکاڵ، هه‌روه‌ها له گه‌ڵاله‌کانی سه‌رله‌نوێی نیشتەجێ کردنی زه‌وی؛
خ ـ به‌هره‌مه‌ند بوونی تێر و ته‌سه‌ل له مه‌رجه‌کانی ژیان، بە تایبەت ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته به خانووبه‌ره، پاک‌وخاوێنی، ئاو و کاره‌با، هاتوچۆ و په‌یوه‌ندییه‌کان.
به‌شی چواره‌م
بڕگه‌ی 15
١- ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ ژنان له به‌رانبه‌ر یاسادا یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان دابنێن.
٢- ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ له بابه‌ته مه‌ده‌نییه‌کاندا هاوتا له‌گه‌ڵ پیاوان تواناکارییه یاساییه‌کان بۆ ژنان دابین بکه‌ن و هه‌مان هه‌لومه‌رجیان بۆ بخولقێنن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن که‌ڵک له‌و تواناکارییانه وه‌ربگرن. به تایبه‌ت ده‌بێ مافی یه‌کسان به ژنان بدرێت بۆ به‌ستنی ڕێکه‌وتننامه و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و سامان و هه‌روه‌ها ده‌بێ له‌گه‌ڵ ژنان له هه‌موو قۆناخه‌کان و کاروباری دادگاکان و مه‌حکه‌مه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان ڕه‌فتار بکرێت.
٣- ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌یسه‌لمێنن که هه‌موو ڕێکه‌وتننامه‌کان و هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی دیکه‌ی تایبه‌ت به تاکه‌که‌س له هه‌ر چه‌شنێک که لایه‌نی یاساییان هه‌یه و بۆ سنووردارکردنی تواناییه یاساییه‌کانی ژنان ئاراسته کراون، ده‌بێ به ته‌واوی هه‌ڵ بوه‌شێندرێنه‌وه.
٤- ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ مافی یه‌کسان بده‌ن به پیاوان و ژنان له‌و بواره یاساییانه‌دا که ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هاتوچۆی که‌سه‌کان و ئازادیی هه‌ڵبژاردنی خانوو و شوێنی ژیان.
بڕگه‌ی 16
١- ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی گونجاو هه‌ڵگرن بۆ بنبڕ کردنیی هه‌ڵاواردن له دژی ژنان له هه‌موو بابه‌تێکدا که په‌یوه‌ندی به هاوسه‌رێتی و بنه‌ماڵه‌وه هه‌یه، بە تایبەت ده‌بێ له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانیی نێوان پیاوان و ژنان دڵنیا بکرێن له:
ئا ـ مافی وەک یەک بۆ پێکه‌وه‌نانی ئازادانه‌ی ژیانی هاوسه‌رێتی؛
ب ـ مافی وەک یەک بۆ هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر و مافی ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر خواستی ئازادانه و ته‌واوی خۆیان بچنه ناو ژیانی هاوسه‌رێتییه‌وه؛
پ ـ ماف و ئه‌رکه‌کانی وەک یەک له‌کاتی ژیانی هاوسه‌رێتی و هه‌روه‌ها له کاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یدا؛
ت ـ ماف و ئه‌رکه‌کانی وەک یەک بۆ دایک و باوک به بێ ڕه‌چاوکردنی ئاستی په‌یوه‌ندیی هاوسه‌رێتیی له‌و بابه‌تانه‌دا که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر منداڵه‌کانیان، له هه‌موو کاتێکدا ده‌بێ به‌رژەوەندیی منداڵان له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌وه بێت؛
ج ـ مافی وەک یەک بۆ بڕیاردانی ئازادانه و به‌رپرسانه له‌سه‌ر ژماره‌ی منداڵ و ماوه‌ی نێوان له‌دایکبوونیان و ده‌ست ڕاگه‌یشتن به زانیاری، په‌روه‌رده و ئامرازی پێویست بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م مافانه‌ی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن؛
چ ـ ماف و ئه‌رکه‌کانی وەک یەک سه‌باره‌ت به به‌خێوکردن، سه‌رپه‌رشتی کردن و چاوه‌دێریی منداڵان و منداڵی به‌خۆوه‌گیراو، یان شتی دیکه‌ی له‌م چه‌شنه ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م چه‌مکانه هه‌بێت و یاسای وڵات بیانگرێته‌وه، له هه‌موو کاتێکدا ده‌بێ به‌رژەوەندیی منداڵان له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌وه بێت؛
ح ـ مافی تاکه‌که‌سی وەک یەک بۆ ژن و مێرد و له‌وانه مافی هه‌ڵبژاردنی ناوی بنه‌ماڵه، کار و پیشه؛
خ ـ مافی یه‌کسان بۆ هه‌ردووک هاوسه‌ر سه‌باره‌ت به خاوه‌ندارێتی، وه‌ده‌ستهێنان، به‌ڕێوه‌بردن، ڕاپه‌ڕاندن، له‌به‌رده‌ستدا بوون و که‌ڵک وه‌رگرتن له مڵک و سامان چ به‌خۆڕایی بێت و یان پاره‌ی تێ بچێت؛
٢- ده‌ستنیشان کردن و ماره‌کردنی منداڵ هیچ چه‌شنه کاریگه‌رگەرییەکی یاسایی نابێت و هه‌موو کارێکی پێویست و له‌وانه هه‌نگاوی یاسایی ده‌بێ هه‌لبگیرێت بۆ دیاریی کردنی لانی که‌می ته‌مه‌نی هاوسه‌رێتی و ئه‌وه‌ی که هاوسه‌رێتی ده‌بێ له تۆمارگه‌یه‌کی ڕه‌سمیدا تۆمار بکرێت.
به‌شی پێنجه‌م
بڕگه‌ی 17
١- به‌مه‌به‌ستی تاوتوێ کردنی ڕه‌وتی جێبه‌جێ کردن و چوونه پێشی ئه‌م په‌یماننامه‌یه، ده‌بێ ‘کۆمیته‌ی بنبڕ کردنی هه‌ڵاواردن دژ به ژنان‘ (که له‌مه‌ودوا به کۆمیته ناوده‌برێت) پێک بێت. کۆمیته له کاتی وه‌گه‌ڕکه‌وتنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا بریتی ده‌بێت له ١٨ شاره‌زا و پاش په‌سه‌ندکران و یان په‌یوه‌ست بوونی وڵاتی سی و پێنجه‌م، ده‌بنه ٢٣ شاره‌زا که له باری ڕه‌فتاره‌وه خۆشناون و خاوه‌نی لێهاتوویی زۆرن له بواره‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا. شاره‌زاکان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامه‌وه له نێو خه‌ڵکی وڵات‌دا هه‌ڵده‌بژێردرێن و به‌پێی توانایی تاکه‌که‌سی خۆیان خزمه‌ت ده‌که‌ن. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه ڕه‌چاو ده‌کرێت که له‌باری جوگرافییه‌وه دادوه‌رانه دابه‌ش کرابێت و له‌باری شێوه جیاوازه‌کانی شارستانییه‌ت و هه‌روه‌ها سیسته‌مه یاساییه سه‌ره‌کییه‌کانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی بکرێن.
٢- ئه‌ندامانی کۆمیته به شێوه‌ی ده‌نگدانی نهێنی له لیستی ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامه‌وه ده‌ستنیشان کراون، هه‌ڵده‌بژێردرێن.
٣- یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردن شه‌ش مانگ پاش وه‌گه‌ڕکه‌وتنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ڕێک ده‌خرێت. لانی که‌م سێ مانگ پێش ڕۆژی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی وڵاتانی به‌شدار ده‌کات و داوایان لێ ده‌کات له ماوه‌ی دوو مانگدا پاڵێوراوانی خۆیان بناسێنن.
٤- هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی کۆمیته له یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامدا به بانگهێشتنی سکرتێری گشتی له ناوه‌ندی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا به‌ڕێوه ده‌چێت. له‌و کۆبوونه‌وه‌دا که لانی که‌م ده‌بێ دوو له سێی ئه‌ندامان به‌شدارییان تێدا کردبێت، ئه‌و که‌سانه له ناو پاڵێوراواندا هه‌لده‌بژێردرێن، که زۆرترین ده‌نگیان هێنابێت و هه‌ره‌ها زۆربه‌ی ڕه‌های نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له کۆبوونه‌وه‌که‌دا ده‌نگیان پێ بده‌ن.
٥- ئه‌ندامانی کۆمیته بۆماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ڵام خولی هه‌ڵبژاردنی نۆ ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراو له یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردندا له کۆتایی دوو ساڵدا ته‌واو ده‌بێت. ده‌ستبه‌جێ دوابه‌دوای یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردن ناوه‌کانی ئه‌م نۆ ئه‌ندامه له‌لایه‌ن سه‌رۆکی کۆمیته‌وه به شێوه‌ی پشک هاویشتن ده‌ستنیشان ده‌کرێن.
٦- هه‌ڵبژاردنی پێنج ئه‌ندامی دیکه‌ی کۆمیته به‌پێی بڕیاره‌کانی خاڵه‌کانی ٢ و ٣ و ٤ی ئه‌م بڕگه‌یه و به دوای په‌سه‌ند کران و یان په‌یوه‌ست بوونی وڵاتی سی و پێنجه‌مدا به‌ڕێوه ده‌چێت. خولی هه‌ڵبژاردنی دوو که‌س له‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌م کۆبوونه‌وه‌دا هه‌ڵبژێردراون پاش دوو ساڵ کۆتایی پێ دێت. ناوه‌کانی ئه‌م دوو ئه‌ندامه له‌لایه‌ن سه‌رۆکی کۆمیته‌وه به شێوه‌ی پشک هاویشتن ده‌ستنیشان ده‌کرێن.
٧- بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی که خاڵی ده‌بنه‌وه، ئه‌و ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامه‌ی که شاره‌زاکه‌ی ئیتر وه‌کوو ئه‌ندامی کۆمیته هه‌ڵسووڕانی نامێنێت، شاره‌زایه‌کی دیکه له خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی دیاری ده‌کات که ده‌بێ له‌لایه‌ن کۆمیته‌وه په‌سەند بکرێت.
٨- ئه‌ندامانی کۆمیته به ڕه‌زامه‌ندی کۆڕی گشتیی (نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان) له سه‌رچاوه‌ی دارایی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی که کۆڕ دیاریی ده‌کات، هه‌روه‌ها به ڕه‌چاوکردنی گرینگ بوونی به‌رپرسیاره‌تییه‌کانی کۆمیته، بڕی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان ده‌کرێت.
٩- سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، کارمه‌ند و ئاسانکاریی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کارای ئه‌رکه‌کانی کۆمیته به‌پێی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ئاماده ده‌کات.
بڕگه‌ی 18
١- ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام بەڵێن دەدەن که به مه‌به‌ستی به‌راوردکردن لەلایەن کۆمیتەوە، ڕاپۆرتی هه‌نگاوه‌کانی یاسایی، دادوه‌ری، کارگێڕی و هیتر، که بۆ وه‌گه‌ڕخستنی بڕیاره‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه په‌سەند کراون و هه‌روه‌ها پێشکه‌وتنه‌کان له‌و بوارانه‌دا، پێشکه‌شی سکرتێری گشتیی بکه‌ن:
ئا ـ له ماوه‌ی ساڵێکدا دوای بره‌و په‌یداکردنی بۆ ده‌وڵه‌تی دیارییکراو؛
ب ـ دوای ئه‌وه لانی که‌م هه‌ر چوار ساڵ جارێک و یان هه‌ر کات کۆمیته داوای بکات؛
٢- ڕاپۆڕته‌کان له‌وانه‌یه ئه‌و هۆکار و گیروگرفتانه ده‌ستنیشان بکه‌ن که له‌سه‌ر ڕادەی جێبه‌جێ بوونی به‌ڵێنییه‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه کاریگه‌ر ده‌بن.
بڕگه‌ی 19
١- کۆمیته بۆخۆی پێڕه‌وی ناوخۆ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کانی په‌سەند ده‌کات.
٢- کۆمیته به‌رپرسانی خۆی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ هه‌ڵده‌بژێرێت.
بڕگه‌ی 20
١- کۆمیته به شێوه‌ی ئاسایی هه‌موو ساڵێک بۆ ماوه‌ی که‌متر له دوو هه‌فته کۆ ده‌بێته‌وه به مه‌به‌ستی به‌راورد کردنی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که به‌پێی بڕگه‌ی ١٨ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه پێشکه‌ش کراون.
٢- کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌م کۆمیته‌یه به شێوه‌ی ئاسایی له ناوه‌ندی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و یان له هه‌ر شوێنێکی له‌باری تر که له‌لایه‌ن کۆمیته‌وه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، به‌ڕێوه ده‌چن.
بڕگه‌ی 21
١- کۆمیته له ڕێگای ئه‌نجومه‌نی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هه‌موو ساڵێک له‌سه‌ر چالاکییه‌کانی خۆی ڕاپۆرتێک پێشکه‌ش به کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌کات که ڕه‌نگه پێشنیار و ڕاسپێرییه گشتییه‌کانی له‌سه‌ر بناغه‌ی تاقی کردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌کان و ئه‌و زانیاریانه‌ی له ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامه‌وه به ده‌ستیان گه‌یشتووه، بخاته به‌رده‌میان. ئه‌م پێشنیار و ڕاسپێرییه گشتییانه له‌گه‌ڵ هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام، ئه‌گه‌ر هه‌یان بێ، له ڕاپۆرته‌که‌ی کۆمیته‌دا ده‌گونجێندرێت.
٢- سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕاپۆرته‌کانی کۆمیته بۆ ئاگاداری ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ستی کۆمیسیۆنی پێگه‌ی ژنان.
بڕگه‌ی 22
دامه‌زراوه پسپۆرییه‌کان ئه‌و مافه‌یان ده‌بێت که به هۆی نوێنه‌رانیانه‌وه له تاوتوێ کردنی به‌ڕێوه چوونی بڕیاره‌کانی ئه‌م په‌یماننامەیە که ده‌که‌وێته قه‌ڵه‌مڕه‌وی چالاکیی ئه‌وانه‌وه، به‌شداری‌بکه‌ن. کۆمیته له‌وانه‌یه بانگهێشتنی ئه‌م دامه‌زراوه پسپۆڕییانه بکات که ڕاپۆرتی خۆیان سه‌باره‌ت به جێبه‌جێ کردنی په‌یماننامه له‌و بوارانه‌دا که ده‌که‌وێته قه‌ڵه‌مڕه‌وی چالاکیی ئه‌وانه‌وه، پێشکه‌ش بکه‌ن.
به‌شی شه‌شه‌م
بڕگه‌ی 23
هیچ شتێکی ئه‌م په‌یماننامه‌یه کاردانه‌وه‌ی نابێت له‌سه‌ر هه‌ر چه‌شنه بڕیارێک که به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان به‌ره‌و پێش ده‌بات و له‌وانه‌یه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا خۆیان بنوێنن:
ئا – له دانانی یاسای وڵاتێکی ئه‌ندامدا؛ یان
ب – له هه‌ر په‌یماننامه، به‌ڵێننامه و یان ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی دیکه‌دا که له‌و وڵاتانه به‌ڕێوه ده‌چن.
بڕگه‌ی 24
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌ڵگرتنی هه‌موو هه‌نگاوی پێویست له ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرن به ئامانجی گه‌یشتن به جێبه‌جێ بوونی ته‌واوه‌تیی ئه‌و مافانه‌ی له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا به ڕە‌سمی ناسراون.
بڕگه‌ی 25
١- ئه‌م په‌یماننامەیە بۆ مۆرکردن له‌لایه‌ن هه‌موو وڵاتانه‌وه کراوه ده‌بێت.
٢- سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان وه‌کوو به ئامانه‌تهه‌ڵگری ئه‌م په‌یماننامه‌یه دیاری ده‌کرێت.
٣- ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی یاسایی په‌سەند بکرێت. به‌ڵگه‌نامه‌کانی له‌مه‌ڕ پەسەندکردنی یاسایی له لای سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌ڵده‌گیرێن.
٤- ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌بێ بۆ په‌یوه‌ستبوونی هه‌موو وڵاتان ئاوه‌ڵا بێت. په‌یوه‌ستبوون ئه‌و کاته به ئه‌نجام ده‌گات که به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی په‌یوه‌ستبوون له لای سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دابنرێت.
بڕگه‌ی 26
١- هه‌رکام له ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام بۆیان هه‌یه هه‌ر کاتێک بیانهه‌وێت داوای پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه بکه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت به نووسین داواکه پێشکه‌شی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بکه‌ن.
٢- کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌گه‌ر بە پێویست بزانرێت، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌دات که بە گوێرەی وه‌ها داواکارییه‌ک ده‌بێ هه‌ڵبگیرێن.
بڕگه‌ی 27
١- ئه‌م په‌یماننامەیە له سییه‌مین ڕۆژی دوای ئه‌وه‌ی که بیسته‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌یوه‌ستبوون یان پەسەند کردنی یاسایی له لای سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دانرا، بره‌و په‌یدا ده‌کات.
٢- بۆ هه‌ر ده‌وڵه‌تێک که ئه‌م په‌یماننامه‌یه په‌سەند بکات یان پێی په‌یوه‌ست بێت، پاش دانانی بیسته‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌سەند کردن یان په‌یوه‌ستبوون، په‌یماننامه‌که له سیی‌یه‌مین ڕۆژی پاش دانانی به‌ڵگه‌نامه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر په‌یوه‌ستبوون یان په‌سەندکردن، بره‌و په‌یدا ده‌کات.
بڕگه‌ی 28
١- سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌قی پارێزنامه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێک که له کاتی په‌یوه‌ستبوون یان په‌سەندکردندا دایانناوه، وه‌رده‌گرێت و به ناو هه‌موو ده‌وڵه‌تاندا بڵاوی ده‌کاته‌وه.
٢- پارێزنامه‌یه‌ک که له‌گه‌ڵ ئامانج و مه‌به‌ستی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ناکۆک بێت، وه‌رناگیرێت.
٣- پارێزنامه‌کان بۆیان هه‌یه هه‌رده‌م به نووسینی نامه بۆ سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌ر به‌م مه‌به‌سته وه‌ربگیرێنه‌وه که ئه‌ویش دواتر هه‌موو ده‌وڵه‌تان ئاگادار ده‌کاته‌وه. نامه‌یه‌کی وەها هه‌ر له‌و ڕۆژەدا که وه‌رده‌گیرێت، بره‌وی هه‌یه.
بڕگه‌ی 29
١- هه‌ر چه‌شنه ناکۆکییه‌ک له نێوان دوو یان چه‌ند ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامدا سه‌باره‌ت به لێکدانه‌وه یان به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م په‌یماننامه، ئه‌گه‌ر له ناوخۆیاندا نه‌کرێت له ڕێگای گفتوگۆوه جێبه‌جێی بکه‌ن، له‌سه‌ر داوای یه‌کێک له لایه‌نه‌کان ده‌درێت به دادوه‌ری. ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی شه‌ش مانگ پاش پێشکه‌ش کردنی داوای دادوه‌ری لایه‌نه‌کان نه‌توانن له‌سه‌ر ڕێکخستنی دادوه‌رییه‌که ڕێک بکه‌ون، هه‌ر کام له‌و لایه‌نانه بۆیان هه‌یه کێشه‌که ببنه‌نه لای دیوانی دادوه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی به داخوازییه‌ک که له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌و دیوانه‌دا بگونجێت.
٢- هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندام بۆی هه‌یه له کاتی مۆرکردن یان پەسەندکردنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا و یان په‌یوه‌ستبوونی ڕابگه‌یه‌نێت که نیازی نییه خۆی پابه‌ند بکات به به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م بڕگه‌وه. ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی ئه‌ندام بۆیان هه‌یه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێکدا که خۆی به‌م چه‌شنه پاراستووه، پابه‌ند نه‌بن به به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م بڕگه‌یه‌وه.
٣- هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندام که خۆی له به‌ندی ٢ی ئه‌م بڕگه‌یه پاراستووه، بۆی هه‌یه هه‌ر کاتێک بیهه‌وێت به نووسین بۆ سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌م پابه‌ند نه‌بوونه‌ی خۆی وه‌ربگرێته‌وه.
بڕگه‌ی 30
ئه‌م په‌یماننامه‌یه، که ده‌قی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی، چینی، ئینگلیزی، فه‌رانسە، ڕووسی و سپانیایی‌یه‌که‌شی هه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌یه جێگای متمانه‌ن، له لای سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌ڵده‌گیرێت.
*******