Den 20 november 2001 höll Fadime Sahindal ett tal i riksdagen under seminariet ”Integration på vems villkor?” arrangerat av nätverket Våld mot kvinnor. Översättning på kurdiska – sorani
ڕۆژتان باش!
من ناوم فادیمهیه و ته‌مه‌نم بیست و پێنج ساڵه. ئه‌مڕۆ من بانگهێشت کراوم بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌کانی خۆم و له‌وه بدوێم که ژیانی ئافره‌تێکی بێگانه له سوید، به یاساکان و فه‌رهه‌نگ و نه‌ریته‌کانییه‌وه چۆنه. چه‌نده دژواره ڕاگرتنی باڵانس له نێوان داخوازیی و چاوه‌روانییه‌کانی بنه‌ماڵه له‌لایه‌ک و کۆمه‌ڵگای سوید له لایه‌کیتره‌وه، که به‌ته‌واویی دونیایه‌کی دیکه و ڕوانینێکی دیکه‌ی به‌سه‌ردا زاڵه.
من ده‌مهه‌وێت ئه‌زموونی خۆم له‌گه‌ڵ ئێوه باس بکه‌م و هیوادارم له‌م ڕێگایه‌دا تێگه‌یشتن و زانیاریتان ده‌ست بکه‌وێت سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی باری ئه‌و ئافره‌ته بێگانانه‌ی که‌وتوونه‌ته به‌ر پلاری بارودۆخه‌که. ئامانجی من ئه‌وه نییه به سه‌ر که‌سێکیدا بێنم، به‌ڵکوو ده‌مهه‌وێت یارمه‌تیتان بده‌م تێ بگه‌ن که له ڕووانگەی من و بنه‌ماڵه‌که‌مه‌وه چلۆن و له‌به‌ر چی ئه‌و چه‌شنه ململانێیانه دروست ده‌بن.
به‌ڵام پێم خۆشه به‌وه ده‌ستی پێ بکه‌م و جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه بکه‌م که سته‌م کردن له ژنان هه‌ر به ته‌نها کچانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌م دیارده‌یه له ناو زۆر بنه‌ماڵه‌ی دیکه و له به‌شه‌کانی تری دونیا ڕووده‌دات.
من له گوندێکی بچووک له نزیکی شاری ئه‌لبستێن له کوردستانی به‌شی تورکیا له‌دایک بووم. دایک و باوکم خاوه‌ن زه‌وی بوون و به کاری کشت‌وکاڵ و به ئاژەڵداریی ژیانیان به‌ڕێوه ده‌برد و له‌مه‌شدا هه‌موومان له بنه‌ماڵه‌که‌دا شان بە شانی یه‌ک کاری هاوبه‌شمان ده‌کرد. ئێمه بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌ورە و به‌خته‌وه‌ر بووین و ڕۆڵ و ئه‌رکی ڕوونیشمان هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت له باری ماددییه‌وه شتی زیاد له خۆمان نه‌بوو، به‌ڵام ژیانێکی هاوبه‌شی گه‌رممان هه‌بوو.
من حه‌وت ساڵان بووم که به‌هۆکاری ئابوورییه‌وه هاتینه سوید. سه‌ره‌تا هه‌موو شتێک به باشی و خۆشییه‌وه ده‌چووه پێش. به‌ڵام هه‌تا ته‌مه‌نم زیاتر ده‌بوو دایک و باوکم زیاتر سنووریان بۆ داده‌نام، که چی بکه‌م و چی نه‌که‌م. یه‌که‌م نیشانه‌کان ئه‌و کاته بۆم ده‌رکه‌وت که ئیتر بۆم نه‌بوو له‌گه‌ڵ هاوڕێ سویدییهکانمدا یاری بکه‌م و یان ئه‌وه‌ی له چالاکییه‌کانی خوێندنگه‌که‌مدا به‌شدار بم. من ده‌بوو ڕاسته‌وڕاست بچمه‌وه ماڵه‌وه و یارمه‌تی دایکم بده‌م له کاری ناوماڵ و وه‌کوو “کچێکی باش” پەروەردە بکرێم.
له ڕووانگەی دایک و باوکمه‌وه، ئه‌وه باش‌بوو که من بتوانم فێری خوێندن و نووسین بم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم ببمه په‌یوه‌ندێک له نێوان ئه‌وان و کۆمه‌ڵگای سویددا، چونکوو خۆیان نه‌خوێنده‌وار بوون. به‌ڵام له لای ئه‌وان له‌وه باڵاتر پێویستیم به خوێندن نه‌بوو. ئاخه‌ر بۆ ئاگالێبوونی مێرد و منداڵ، چ په‌روه‌ردە کردنێک پێویست نه‌بوو.
کاتێک گه‌یشتمه ته‌مه‌نی گه‌نجێتی، دایک‌وباوکم ویستیان بچمه‌وه بۆ تورکیا و ببمه ژنی یه‌کێک له ئامۆزاکانم، هه‌ر وه‌کوو خوشکه گه‌وره‌کانم وایان کردبوو. من ئاماده نه‌بووم بچمه ژێر ئه‌و باره. من پێم وابوو زۆر گه‌نج و کاڵ بووم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم وه‌ها بڕیارێکی گه‌وره بده‌م. جگه له‌وه‌ش، من ده‌مهه‌ویست خۆم بڕیار بده‌م له‌گه‌ڵ کامه پیاو ژیانی هاوبه‌شم پێکه‌وه بنێم.
به بۆچوونی دایک‌وباوکم، ده‌بوو بنه‌ماڵه و خزمان گرینگی‌یان پێ بدرێت، هه‌ر بۆیه منیش ده‌بوو بیر له به‌رژەوەندیی بنه‌ماڵه‌که‌م بکه‌مه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی ژیانی خۆشی خۆمم له‌به‌رچاو بێت. باشتر ئه‌وه‌یه تاکه که‌سێک ئازار بکێشێت هه‌تا ئه‌وه‌ی ته‌واوی بنه‌ماڵه‌که تووشی ئازار ببێت. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی دایک‌وباوکم، من له کۆمه‌ڵگای سوید ده‌ژیام و به‌شێک بووم له‌و کۆمه‌ڵگایه. من هه‌موو ڕۆژێک ده‌چوومه خوێندنگه‌ی سویدی، خواردنی سویدیم ده‌خوارد، هاوڕێی سویدیم هه‌بوو و سه‌یری ته‌له‌ڤیزیۆنی سویدیم ده‌کرد.
ئاشکرایه که ئه‌و به‌ها و بۆچوونانه‌ی که له‌وێدا هه‌بوون کاریگه‌رییان له‌سه‌ر من داده‌نا. هه‌ربۆیه منیش ده‌ستم کرد به‌وه‌ی که سنووره‌کان دوورتر و دوورتر بکه‌مه‌وه. به‌رده‌وام هاوڕێ سویدییهکانم ده‌بینی، له چایخانه له‌گه‌ڵیان داده‌نیشتم و دره‌نگتر له‌و کاته‌ی بۆیان داده‌نام ده‌چوومه ماڵه‌وه.
ئاخه‌ر منیش له‌ژیانمدا چاوه‌ڕێی خه‌ونه‌کان و ئامانجه‌کانی خۆم بووم. دەمهەویست شه‌رتومه‌رجه‌کانی خۆم بۆ ژیانم دابنێم، هه‌ڵه‌کانم بکه‌م و ده‌رسیان لێ وه‌ربگرم. دەمهەویست له‌سه‌ر پێی خۆم ڕاوه‌ستم و به‌رپرسی کرده‌وه‌کانی خۆم بم. نه‌ک ئه‌وه‌ی ڕێگا بده‌م که‌سێکی دیکه بڕیار بدات که من چۆن بیر بکه‌مه‌وه، چیم خۆش بوێت و چۆن هه‌ڵس‌وکه‌وت بکه‌م. جگه له‌وه‌ش، وه‌کوو تاکه‌که‌س زۆر به‌لامه‌وه گرینگ بوو که بخوێنم و گه‌شه بکه‌م. ئه‌مه بۆ ئێوه هیچ شتێکی سه‌یر نییه، چونکە ئه‌مه به‌شێکه له شێوه ژیانی سویدی، به‌ڵام بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی من ئه‌مه شتێکی زۆر تۆقێنه‌ر بوو.
تێگه‌یشتنی ئه‌وان له شێوه ژیانی سویدی ئه‌وه بوو که هه‌رچی و په‌رچین. نه فه‌رهه‌نگیان هه‌یه، نه بایه‌خی ڕه‌وشت و ئه‌خلاقیان له‌لا‌یه. تاقه شتێک ده‌یکه‌ن خواردنه‌وه، ده‌ره‌وه چوون، سه‌ماکردن و کرده‌وه‌ی سێکسی ئازادانه‌یه. جگه له‌وه پێیان وابوو که سویدییه‌کان هیچ چه‌شنه ڕێزێکیان بۆ ژیانی بنه‌ماڵه نییه چونکوو به ڕاست و به چه‌پ لێک جیا ئه‌بنه‌وه.
ئه‌وان ئه‌م چه‌شنه بۆچوونانه‌یان له ڕووی هێندێک لێکدانه‌وه‌ی له پێشدا بڕیارله‌سه‌ردراو بۆ دروست ببوو. ئاخه‌ر خۆ هیچ سویدییه‌کیان نه‌ده‌ناسی و نه‌شیانده‌ویست له‌گه‌ڵیان هات‌وچۆ بکه‌ن. سه‌ره‌تا من باڵانسێکم له نێوان داب ونه‌ریتی کوردی و ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه، کۆمه‌ڵگای سوید ده‌یخواست ڕاگرتبوو. من به‌ته‌واوی گێژ و وڕ و دابه‌شکراو بووم. ناچاربووم له‌وه‌ی که دوو جۆره ژیانم هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم هه‌ر دوو فه‌رهه‌نگه‌که ڕازی بکه‌م و له ئاستی ئه‌و داخوازییانه‌دا بم که له به‌رده‌می مندا وه‌کوو ژنێکی گه‌نج دایان ده‌نا.
به‌ڵام ڕۆژێک له ڕۆژان شتێک ڕوویدا که نه‌ده‌بوو ڕوو بدات. من له‌گه‌ڵ کابرایه‌کی سویدی ئاشنا بووم. ناوی پاتریک بوو. من و پاتریک یه‌کترمان خۆش ده‌ویست. سه‌ره‌تا له ڕۆحی خۆم ده‌ترسام، له‌وه‌ی که داخوا ئه‌مه ده‌بێ چ ئاکامێکی بۆم هه‌بێت. هه‌ر بۆیه هه‌ل‌ومه‌رجی پێکه‌وه‌بوونه‌که‌مانم بۆ پاتریک باس کرد. دایک و باوکم به‌هیچ له‌ونێک نه‌ده‌بوو سه‌باره‌ت به ئێمه شتێک بزانن. (دەبێ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٧بووبێت. و.)
سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌کان، ئێمه بڕیارماندا درێژە بده‌ین به په‌یوه‌ندییه‌کانمان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش به‌رده‌وام له نێوان چوار دیواردا یه‌کتر ببینین و له‌وه بترسین که ئاشکرا بین. پاش ساڵێک په‌یوه‌ندی ماندوو بووین له‌وه‌ی که هه‌ر له ناو ماڵدا یه‌کتر ببینین و به دزییه‌وه ئه‌وینداری بکه‌ین، هه‌ربۆیه هه‌ر چی زیاتر ده‌ستمان کرد به‌وه‌ی چیدی خۆپارێز نه‌بین.
ورده ورده پێکه‌وه ده‌چووینه ده‌ر به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی پێمان وا نه‌بوو که‌سێکی ناسراو یان که‌سی بنه‌ماڵه‌که‌مان ده‌مانبینێت. ئه‌م خۆنه‌پارێزییه‌ی ئێمه ڕۆژێکیان وای کرد که باوکم چاوی پێمان که‌وت و هه‌ڵبه‌ت دیاره له تووڕەییدا ته‌قییه‌وه و ده‌ستی کرد به لێدانی من و پاتریک. (پاییزی ساڵی ١٩٩٧و.) من له کاردانه‌وه‌ی باوکم به‌ته‌واویی تێ ده‌گه‌یشتم. وه‌کوو باوک و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌وه ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌و بوو که چاوه‌دێریی نامووسی بنه‌ماڵه‌که‌ی بکات. ده‌بوو وشیار بێت و پارێزگاری بکات له هه‌ڵس‌وکه‌وتی سێکسیی ژنه‌کانی خزم‌وکه‌س و وریا بێت کچێنی کچه‌کانی هه‌تا کاتی به‌شوودانیان ده‌ست لێ نه‌دراو مابێته‌وه. ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌بن به زاوای، شه‌وی زه‌ماوه‌نده‌که‌یان بۆیان ده‌رکه‌وێت که کچێنیان نه‌ماوه، ئه‌وا یه‌کسه‌ر داوای جیابوونه‌وه ده‌که‌ن.
هه‌تا ئێستاش، په‌ڕۆ خوێناوییه‌که ده‌درێته خه‌سووی بووک بۆ ئه‌وه‌ی نیشانی ده‌وروبه‌ری خۆی بدات که ژنێکی خاوێن و شه‌ره‌فمه‌ندی بۆ هاتووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌مان تێ گه‌یشتن که ئێمه پێکه‌وه‌ین ده‌ستبه‌جێ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌یان وه‌رگرت که من کچێنیه‌که‌م نه‌ماوه.
ئه‌مه بۆ ئه‌وان مانای ئه‌وه بوو که من هه‌رگیز نه‌مده‌توانی … که ئه‌وان هه‌رگیز نه‌یانده‌توانی کچه‌که‌یان به شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی بده‌ن به شوو به پیاوێکی کورد. ئه‌مه‌ش له‌گوێن ئه‌وان هه‌موو مانای ژیانی من بوو. من شه‌رمم هێنابوو به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌دا و له‌لای ده‌وروبه‌ره‌که‌یان هه‌ڕه‌شه‌م کردبوو له بارودۆخی ئه‌وان. من کارێکی وام کردبوو که بۆ لێبوردن نه‌ده‌بوو، کارێکی وه‌ها که هه‌رگیز پێشتر له ناو خزمانی مندا نه‌کرابوو.
ئه‌مه دونیای ئه‌وانی هه‌ژاندبوو، و له ترسان له‌وانه بوو گیانیان ده‌رچێت. له‌چاو ئه‌وانه‌وه من له کچێکی خنجیلانه‌ی کورده‌وه ببووم به قه‌حبه‌یه‌کی ده‌مهه‌راش که پێی وابوو هه‌ر چونکوو وا له وڵاتی سوید، ئیتر گوایه بووه به شتێکی گرینگ. ئه‌وان ناعیلاج بوون به ده‌وروبه‌ریان نیشان بده‌ن که ده‌توانن نامووسه‌که‌یان بپارێزن و خۆیان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م کێشه‌یه دێن. ڕەفتارێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی من، ده‌بوو سزا بدرێت و جه‌زاکه‌شی ده‌بوو به‌خوێن بدرێت.
تاق و ته‌نیا و ده‌ست داشۆردراو له بنه‌ماڵه‌که‌م، ناچار بووم به په‌له شاری ئووپسالا به‌جێ بهێڵم له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مزانی ئه‌گه‌ر ده‌ستیان پێم ڕابگات ده‌مکوژن. گواستمه‌وه بۆشاری ‘سوندسڤاڵ’ (لە باکووری سوید.و). دایک و باوکم زۆر زوو شوێنیان هه‌ڵگرتم و خێرا زانییان له کوێ ده‌ژیم.
پیاوانی خزم ده‌ستیان کرد به ته‌له‌فون کردن و هه‌ڕه‌شه. ده‌یانگوت هه‌رگیز ده‌رباز نابیت له‌م وه‌زعه. برا چکۆله‌که‌م ئه‌رکی ئه‌وه‌ی پێ سپێردرا که بمکوژێت. ئاسایی بوو بۆچی له‌م ناوه‌دا ئه‌ویان دانا، له به‌رئه‌وه‌ی منداڵ بوو هه‌ربۆیه‌ش سزایه‌کی زۆریان نه‌ده‌دا. جگه له‌وه‌ش ئه‌و تاقه کوڕی بنه‌ماڵه‌که بوو، ئه‌وه‌ش ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌و بوو که ئاگای له خوشکه‌که‌ی بێت که له چوارچێوه‌ی فه‌رهه‌نگه‌که ده‌رنه‌چێت.
هه‌تا ده‌هات هه‌ڕه‌شه‌کان توندتر ده‌بوون. هه‌تا زیاتر من ڕاده‌وه‌ستام و نه‌مده‌ویست ژێرچه‌پۆکه بم، وه‌زعه‌که خراپتر ده‌بوو. سه‌ره‌نجام له‌وه زیاتر خۆم پێ ڕانه‌گیرا و بڕیارم دا بچمه لای پۆلیس، داوای پاراستنیان لێ بکه‌م و له‌سه‌ر بارودۆخی خۆم زانیاری‌یان پێ بده‌م، با ئه‌گه‌ر هاتوو شتێکم لێ هات ئه‌وان ئاگادار بن.
هه‌ڵوێستی پۆلیس زۆر تۆقێنه‌ر بوو، باوه‌ڕیان به قسه‌کانم نه‌کرد و پێیان وابوو ئه‌م به‌سه‌رهاته‌م دروست کردووه. تاقه ئامۆژگاریی ئه‌وان ئه‌وه بوو که بچمه‌وه لای بنه‌ماڵه‌که‌م و پێیان بڵێم نابێت هه‌ڕه‌شه‌م لێ بکه‌ن و پێویسته ڕێز له یاسا و نه‌ریتی سوید بگرن. به‌م چه‌شنه پۆلیس له جیددی بوونی باره‌که‌ی من نه‌گه‌یشت و ئه‌م تێ نه‌گه‌یشتنه‌ی ئه‌وان به باوه‌ڕی من ڕه‌فتارێکی دوور له ڕێز و هه‌روه‌ها سووکایه‌تیی کردن بوو.
‘چیت لێمان ده‌وێت؟ خۆ ناتوانین نیگابانێکت بۆ دانێین شه‌و و ڕۆژ لای تۆ بێت’. ئه‌مه‌بوو وه‌ڵامی پۆلیس بۆ من. به دڵێکی گرانه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی یارمه‌تییه‌کم درابێت، له لای پۆلیس گه‌ڕامه‌وه. ئه‌م جاره‌یان ناچار بووم هه‌ر خۆم یارمه‌تی خۆم بده‌م، به باشترین شێوه.
وه‌کوو دوایین ڕێگا بۆ ده‌ربازبوون، ڕووم کرده ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ئه‌وانیش به باشترین شێوه که‌وتنه پاراستنم. من بیرم له‌وه کردبووه‌وه که بیروڕا هه‌ڵخڕێنم له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه و هه‌ر لێره‌شه‌وه تیشکی زۆر بخه‌مه سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌م. به‌م شێوه‌یه دەمهەویست پاشه‌کشه‌یان پێ بکه‌م. ئه‌م باره‌ی من سه‌رنجێکی ئێجگار زۆری بۆ لای خۆی راکێشا چونکە هه‌ر له‌و کاته‌دا بوو که له‌سه‌ر چه‌ندین حاڵه‌تی توندوتیژی گرێ‌دراو به نامووسه‌وه شت نووسرابوو.
له‌سه‌ر سارا، ئه‌و کچه‌ی که له شاری ‘ئوومیئۆ’ کوژرا، قسه‌ی زۆر ده‌کرا. ئه‌ویش وه‌کوو من کچێکی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست بوو. ئامۆزاکانی به تاوانی ئه‌وه‌ی ده‌یهه‌ویست خۆی شێوه‌ی ژیانی خۆی هه‌ڵبژێرێت، کوشتیان. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ژنێک له ستۆکهۆلم له لایه‌ن خزمه‌کانییه‌وه درایه به‌ر چه‌قۆ. من بۆیه ئه‌و ڕێگایه‌م هه‌ڵبژارد که زۆر به ڕاشکاوی له‌و بارودۆخه بدوێم که له سوید، کچانی بێگانه‌ی ناچار کردووه تێیدا بژین. من بووم به ده‌نگێک و سیمایه‌ک، بۆ ئه‌و کچانه‌ی که له ژێر چه‌وسانه‌وه‌دا بوون و له‌وانه بوو به‌رکه‌ون و بکوژرێن، ئه‌گه‌ر نه‌چنه ژێر باری خواست و شێوه ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌یان.
له هه‌وڵدانێکی تازه‌دا بۆ په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ پۆلیس به‌ختم هه‌بوو، پۆلیسێکم ناسی که ئه‌زموونی کارکردنی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ژنانی بێگانه که مێرده‌کانیان هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کردبوون و یان لێیان دابوون. ئه‌و ده‌ستبه‌جێ له جیددی بوونی باره‌که‌ی من تێ گه‌یشت و سه‌باره‌ت به مافه‌کانی من وه‌کوو که‌سێکی به‌رکه‌وتوو ئاگاداریی پێ دام. به‌ڵام به‌داخه‌وه پۆلیس نه‌یتوانی یارمه‌تییه‌کی به‌رده‌وامم بداتێ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باره‌که‌ی من له هه‌ڕه‌شه‌ی نایاسایی به‌ولاتره‌وه نه‌چووبوو، ته‌نها ناوه‌که‌م و ناونیشانه‌که‌میان ده‌گۆڕی و ده‌یانکرده نهێنی و هه‌روه‌ها هێندێک یارمه‌تی فریاگوزارییان دەدامێ.
من یارمه‌تییه‌که‌م وه‌رگرت به‌ڵام نه‌مویست ناوه‌که‌م بگۆڕم و خۆم بشارمه‌وه. باشه تاوانی من چی بوو؟ بۆ ده‌بوو من خۆم بشارمه‌وه؟ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن له‌وپه‌ڕی چالاکیی خۆیاندا بوون. له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕۆژنامه‌وانانی ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌کانی سویده‌وه به‌ته‌واویی بۆمباران کرابووم. من له به‌رنامه‌یه‌کی به‌ڵگه‌نامه‌یی بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی سوید، که به مه‌به‌ستی په‌روه‌رده له‌لایه‌ن ئه‌نستیتۆی ته‌ندروستی گه‌له‌وه ئاماده‌کرا، به‌شداریم کرد.
شکاته‌که‌م له باوکم و له براکه‌م سه‌ره‌نجام کێشایه دادگا. باوکم به تاوانی هه‌ڕه‌شه‌ی نایاسایی و براکه‌م به تاوانی لێدان و هه‌ڕه‌شه‌ی نایاسایی حوکم دران. پاش دادگاکه، به دڵێکی شکاوه‌وه، یه‌کڕاست گه‌ڕامه‌وه به‌ره‌و شاری سوندسڤاڵ.
( وادیاره سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٨بووه. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه، بنه‌ماڵه‌ی پاتریک ده‌چنه خوازبێنی فادیمه به‌ڵام باوکی فادیمە ڕازی نابێ. پاتریک، زۆر به‌داخه‌وه ڕۆژی ٣ی مانگی شەشی ١٩٩٨ له کاره‌ساتێکی ئوتومبیلدا لە نێوان ستۆکهۆلم و ئووپسالا ده‌کوژرێت. وه‌رگێڕ)
بیری ئه‌وه‌ی که چیدی نه‌مده‌توانی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌مدا هه‌بێت، وه‌کوو ژانێک به‌له‌شمدا ده‌گه‌ڕا. ئێجگار زۆر تاسه‌ی دایکمم کردبوو. هیچ ئاره‌زوویه‌کی له‌وه زیاترم نه‌بوو که بتوانم له باوه‌شی دایکمدا بم، به‌ڵام ده‌مزانی ئه‌مه مه‌حاڵ بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌و وه‌کوو دایکێک، ئه‌وه بوو که من به چه‌شنێک به‌خێو بکات که ببمه کچێکی گوێڕایه‌ڵ و خنجیلانه و ئه‌ویش له‌وه‌دا سه‌رنه‌که‌وتبوو، جا ئه‌و تاوانه‌شی له‌سه‌ر بوو.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، دایکم نه‌یده‌توانی لایه‌نی‌من بگرێت چونکوو ئه‌گه‌ر وای کردبایه، باره‌که بۆ ئه‌و به‌ره‌و خراپتریش ده‌چوو. ئه‌و خۆی به تاوانبار ده‌زانی. ئێستا من له شاری ‘ئۆیستێرشووند’ ده‌ژیم و خه‌ریکی خوێندنم. من سۆسیۆنۆمی [کۆمەڵزانیی] ده‌خوێنم با بتوانم درێژە بە کاره‌که‌م، واته یارمه‌تیی ئه‌و کچانه بده‌م که له‌و کێشه‌یان هه‌یه وا من هه‌مبووه و پێیدا تێپه‌ڕیوم. هه‌روه‌ها ئێستا خۆم به جێگرتوو و به‌هێز ده‌بینم به‌ڵام به‌ڕاستی ماوه‌یه‌کی ئێجگار زۆری پێ چووه هه‌تا به‌وه‌ی ئێستا گه‌یشتووم.
من ناچارکراوم ده‌ست له هه‌موو ڕابردووم هه‌ڵگرم و ده‌ست پێ بکه‌م که سه‌رله‌نوێ خۆم و ناسنامه‌ی خۆم دروست بکه‌مه‌وه. من له پێکهێنانی سه‌کۆیه‌کدا که بتوانم به هه‌ر دوو پێی خۆم له سه‌ری ڕاوه‌ستم، سه‌رکه‌وتنم به‌ده‌ست هێناوه. من بۆ گه‌یشتن به‌و جێگایه خه‌باتێکی قورسم کردووه و نرخێکی زۆرگرانیشم داوه. ئاسووده‌یی خۆم، له‌لای دۆسته تازه‌کانم دۆزیوه‌ته‌وه که بوونه‌ته بنه‌ماڵه تازه‌که‌ی من. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که نرخێکی ئه‌وه‌نده زۆریشم داوه، په‌شیمان نیم له‌وه‌ی که بڕیاری خۆمم دا و به سه‌ربه‌ستییه‌وه ملی ڕێگام گرت.
هه‌ڵبه‌ت دیاره زۆر په‌رۆشم له‌وه‌ی به‌سه‌رم هاتووه و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستم چووه، به‌ڵام من نه خه‌مبارم و نه بیریش ده‌که‌مه‌وه له‌وه‌ی کە وام به‌سه‌رهاتووه، چونکوو ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا هه‌موو ئه‌وه‌ی کە ڕووی داوه، بێ فایده بووه. بنه‌ماڵه‌که‌م نامووسه‌که‌یان و کچێک‌یان له‌ده‌ست داوه، منیش هه‌موو ئه‌وانه‌م له‌ده‌ست داوه که له ده‌ور و به‌رم بوون و خۆشم ویستوون.
ئێستا و به‌م ئه‌زموونه‌ی له‌به‌ر ده‌ستمدایه پێم وایه پێویست نه‌بوو کاری من بگاته ئێره. ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌ی من یارمه‌تی و پشتیوانی‌یان له ڕێکخراوه سه‌رتاسه‌رییه‌کانه‌وه، بۆنموونه کۆمه‌ڵه‌ی کورده‌کان پێ گه‌یشتبایه، ئه‌وا پێویست نه‌بوو بێره بگه‌ین.
ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا به‌رپرسانه بجووڵایه‌ته‌وه و یارمه‌تی دایک و باوکی منیان دابایه که زیاتر به‌شداربن له کۆمه‌ڵگای سویددا، له‌وانه بوو پێشیان به‌م وه‌زعه بگرتایه. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر مندا هاتووه تازه هیچی بۆ ناکرێت، به‌ڵام پێم وایه ئه‌مه گرینگه که شتێکی لێوه فێر بین و بۆ داهاتوو چاره‌یه‌ک ببینینه‌وه با له‌م چه‌شنه کارانه دووپات نه‌بێته‌وه.
من ویستم، ئه‌مڕۆ، لێره به‌سه‌رهاتی خۆم بۆ ئێوه بگێڕمه‌وه به‌و هیوایه‌ی که یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ کچه بێگانه‌کانی دیکه، با پێویست نه‌کا که‌سانی‌تر به‌و ڕێگایه‌دا بچن که به‌سه‌ر مندا هاتووه. ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌س به‌پێی توانای خۆی هاوکاری بکات، شتی وا پێویست نییه ڕوو بداته‌وه. ده‌بێ ئه‌مه ڕوون و ئاشکرا بێت که هه‌ر ژنێکی گه‌نج به هه‌ر پێشینه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگییه‌وه که هه‌یبێت، بتوانێ هه‌م بنه‌ماڵه‌که‌ی ڕابگرێت و هه‌م ئه‌و ژیانه‌هه‌ڵبژێرێت که خۆی ده‌یخوازێت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه، بۆ زۆر له کچان ئه‌مه ڕوون و ئاشکرا نییه. من هیوام وایه که ئێوه پشتیان تێ نه‌که‌ن، که ئێوه چاویان لێ نه‌قونجێنن.
سپاس بۆ ئه‌وه‌ی گوێتان بۆ ڕاگرتم
فادیمه شاهینداڵ Fadime Shahindal – ٢٠ی مانگی یازدەی ٢٠٠١
فادیمه ڕۆژی ٢٠/١/٢٠٠٢ له سه‌ر ڕێگای چوونی بۆ ستۆکهۆڵم بە مەبەستی جێبه‌جێکردنی ڤیزای سه‌فه‌ر بۆ درێژەدان به خوێندنه‌که‌ی له ئه‌فریقا (کێنیا) ده‌چێتە مالی ‘مالین’، کچه هاوڕێکەی له ئووپسالا. به‌ڵام له ڕاستییدا مه‌به‌ستی له‌م سەردانەی بۆلای ‘مالین’ی هاوڕێی، دیدار و خواحافیزی کردن بوو له دایکی و خوشکه‌کانی.
له ماڵی خوشکی چاوه‌ڕوانی دیتنی دایکی ده‌بێت. ماوه‌یه‌کی کورت پاش هاتنی دایکی، له دەرگا ده‌ده‌ن و له کونی دەرگاکه‌وه ده‌بینن باوکییه‌تی. چراکان ده‌کوژێننه‌وه که بیخه‌ڵه‌تێنن، وابزانێت که‌س له ماڵ نییە. باوکی ده‌ڕوات… کاتژمێر نۆ و په‌نجا ده‌قیقه‌ی ئێواره‌یه و فادیمه به مه‌به‌ستی گەڕانەوە بۆ ماڵی ‘مالین’، دەرگاکه ده‌کاته‌وه. له چه‌قی دەرگا چاوی به ناوچاوی باوکی ده‌که‌وێت که ده‌مانچه‌یه‌کی به ده‌سته‌وه‌یە! فادیمه ده‌زریکێنی: باوکه بمبووره، باوکه بمبوورە! باوکی تە‌قه‌ی لێ ده‌کات و فادیمه له باوه‌شی دایکیدا گیانی ده‌رده‌چێت و … ئه‌م کێژە باڵنده‌ئاسایه، له فڕین ده‌که‌وێت!
وه‌رگێڕان له سویدیه‌وه: ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
ئه‌م وتاره ڕۆژی ١٦/١/٢٠٠٤ له کۆڕی دووهه‌مین ساڵیادی کوژرانی فادیمه‌دا، له شاری ستۆکهۆلم خوێندرایه‌وه.