بۆچی من فێمینیستم؟ Simone de Beauvoir

ئەم ئێوارە لەگەڵ سیمۆن دۆبۆڤوار – تەلەڤیزیۆنی فەرانسە ساڵی ١٩٧٥

Jean-Louis Servan-Schrieber avec Simone de Beauvoir

ئێوارەتان باش! لەوانەیە ئەمە یەکەم جار بێت کە سیمۆن دۆبۆڤوار لە تەلەڤیزیۆندا دەبینن. هەتا ئەمساڵیش هەر وەکوو هاوڕێی ژیانی واتە “ژان پۆل سارتر” ئەمیش خۆی لە دەرکەوتن لە تەلەڤیزیۆندا دەدزییەوە. یەکێک لە ڕۆمانەکانی بەناوی “ماندارینەکان” خەڵاتی “گۆنکوور”ی ساڵی ١٩٥٤ی بردەوە. هەروەها یادداشتەکانی بەناوی “بیرەوەرییەکانی کچێکی ئەرکناس” سیمۆن دۆبۆڤواری وەکوو یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی ئەمڕۆ بە خەڵک ناساند.

بەڵام ئەوە کتێبی “ڕەگەزی دووهەم” بوو – کە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا چاپ کرا – و تێیدا سیمۆن دۆبۆڤوار بە گەشەپێدانی بیروهزری سەردەمی ئێمە، ئەرکێکی مێژوویی بەجێ گەیاند. ئەم بەرهەمە دوو بەرگیی و دژوارە، کتێبێکە تێیدا بۆ یەکەم جار باسی توێژینەوە لە دۆخی پلە دووی ژن بە درێژایی مێژوو دەکات. ڕێك هەروەکوو چۆن سەرچاوەی بیروباوەڕی کۆمۆنیستەکان کتێبی “کاپیتاڵ”ی کارل مارکس‌ە، فێمینیستەکانی سەرانسەری جیهانیش بەو چەشنە دەڕواننە کتێبی “ڕەگەزی دووهەم”. لەوانەیە کەسانێك ئەم بەراوردەیان بەلاوە لاسەنگ بێت، چونکوو ئەوکەسانە کاریگەری ئەو بۆچوونانە و ئەو ئاڵ‌وگۆڕانە بە کەم دەگرن کە لە داهاتوودا دەیبینین و ئاکامی سەرکەوتنەکانی فێمینیسمە لەم جیهانەی کە ئیمە تێیدا دەژین. هێزی ڕوو لە گەشە و وادە و بەڵینی بۆ گۆڕانکاری قووڵ، ئەو بابەتەیە کە ئەم ئێوارەیە سیمۆن دۆبۆڤوار لەگەڵماندا باسی دەکات. 

ژان لویی سێرڤان شرایبێر، پرسیار: سیمۆن دۆبۆڤوار! “ڕەگەزی دووهەم”، ئەگەر ناچار بین بەکورتی باسی بکەین، کە هەڵبەت کارێکی دژوار دەبێت، دەکرێ بڵێین کە بەدەوری ئەم بیرۆکەیەدا دەسووڕێتەوە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەوە هەتا ئێستا بەردەوام دووپات دەبێتەوە و پێمخۆشە خۆت بۆمان باسبکەیت، ئەمەیە کە “مرۆڤ بە ژنی لەدایک نابێت، بەڵکوو دەکرێتە ژن”.

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەڵێ ئەم داڕشتنە بناغەی هەموو تیۆرییەکانی منە و ماناکەی زۆر ئاسانە: ئەوەی کە ژن بوون ڕاستییەکی سروشتی نییە، بەڵکوو بەرهەمی مێژوویەکی دیاریکراوە. هیچ چارەنووسێکی بیۆلۆژیکی و یان دەروونناسانە نییە کە بتوانێت بەم چەشنە پێناسەیەك بۆ ژن بکات. پێگەی ئێستای ژن پێش هەموو شتێک بەرهەمی مێژووی شارستانییەتێکە. لەلایەکی ترەوە بۆ هەر تاکێکی ژن بەرهەمی بەسەرهاتی ژیانی خۆی و بەتایبەت لە سەردەمی منداڵی ئەودایە. ئەمەیە ئەو شتەی کە ژن بوونی ئەو دیاری دەکات. لەودا شتێک دەئافڕێندرێت کە جەوهەریی یان ناخی نییە. [واتە] ئەو شتەی کە ناویان ناوە “مێیینەبوونی ئەبەدی” و یان ژن بوون. هەتا زۆرتر لە دەروونناسی منداڵان دەکۆڵینەوە، هەتا قووڵتر توێژینەوە دەکەین، زیاتر بۆمان دەردەکەوێت کە ساوایانی کچ بۆ ژن بوون دروست دەکرێن. کتێبێکی زۆر باش هەیە لە نووسەری ئیتالیایی “ئێلێنا بێلۆتتی” [Elena Belotti] لە ژێر سەردێڕی “کچە منداڵەکان لە چی دروستکراون؟” نووسەر دەریدەخات کە زۆر پێش لەوەی کچی منداڵ وشیار بووبێتەوە، بەهۆی شێوەی شیر پێدان، چۆنییەتی هێنان و بردنی، ڕاژەندن و لایە لایە بۆ کردن و ئەو شتانە، لە جەستەی ئەودا ئەو شتە دەنەخشێندرێت کە دواتر دەشێ وەکوو چارەنووسێک خۆی دەربخات. 

بەبۆچوونی ئێوە، جیاوازییە بایۆلۆجیکەکان کە ئاشکران، لە شێوەی ڕەفتاری دواتری تاکەکاندا هیچ ڕۆڵیکی نییە؟ 

سیمۆن دۆبۆڤوار: بێگومان ئەمانە ڕۆڵیان هەیە. وەلێ ئەو پێداگیرییە کە لەسەر جیاوازییەکان دەکرێت و ئەو گرینگییەی کە پەیدای دەکات، سەرچاوەکەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەورووبەرەکەیەتی. هەڵبەت ئەمە گرینگە کە ژنان سکیان پڕ دەبێت و منداڵیان دەبێت نەک پیاوەکان. ئەمە جیاوازییەکی بنەڕەتییە. بەڵام ئەمە بنچینەی جیاوازیی لە پێگەی ئەوان و یان ئەو چەوساندنەوە و چەپاندنە نییە کە ژنان بەری دەکەون. ئەمە ئەو بیانووەیە کە لە دەوروبەری هەل‌ومەرجی ژن بوون پێک دەهێندرێت. وەلێ ئەمە ئەو شتە نییە کە وەها هەل‌ومەرجێک دیاری دەکات. 

 کاتێك دەڵێیت چەوساندنەوە یان سەرکوتکردن واتە ئەمە بە ئەنقەست دەکرێ نەک ئەوەی بە ڕێکەوت بێت. ئەگەر لە ڕوانگەی مێژووییەوە بڕوانین، چۆن شتێکی لەو چەشنە مومکین بوو. لە راستیدا ئەمە لەلایەن پیاوانەوە چۆن خۆی دەرخست؟ 

سیمۆن دۆبۆڤوار: ئەمە زۆر لەمێژینەیە. من پێموایە ئەبێ لەو بۆچوونەوە دەستپێبکەین کە پێداویستییەکانی ژیان دەگمەن بوون و بەشی هەموو کەسی نەدەکرد. لە ڕۆژگاری پێش مێژوودا سەردەمانێک بوون کە توانایی جەستە گرینگییەکی زۆری هەبوو. بەهێزترین کەسەکان خاوەنی هەموو ماف و دەسەڵاتەکان بوون و لەباری ئابوورییەوە هێزی زاڵ ئەوان بوون. ئەوان دڵنیا بوون کە قەت بە برسییەتی نامێننەوە. بۆ نموونە لە چین خەڵك زۆر هەژار بوون و منداڵانی کچ، یان دەکوژران یان بەجێیان دەهێشتن کە بمرن. نەیاندەهێشت ژنان توخنی کاری بەرهەمهێنان بکەون بە چەشنێك کە پیاوەکان دەیانتوانی هەموو شتێک بخەنە ژێر دەستی خۆیان. هەمیشە هەر وا بووە. من ئێستا ناتوانم هەموو شتێک سەبارەت بە مێژووی ژنان بگێڕمەوە. بەڵام ئاشکرایە کە لە هەر سەردەمێکدا پیاوەکان بەردەوام هەوڵیانداوە دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا بمێنێتەوە. با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە کاتی رێنێسانسدا ژنانی پزیشک دەسەڵاتی زۆریان هەبوو. ئەوان سەبارەت بە دەرمان و گیا هەموو شتێکیان دەزانی. دەرمان کردن بە شێوەی ژنانی بەساڵاچوو جاری وابووە کە گرینگی زۆری پێدراوە. دواتر پیاوان کاری پزیشک بوونیان لە ژنان ئەستاندەوە. هەموو ئەو باسانەی لەمەڕ ڕاوکردنی جادووکاران لە بنەڕەتدا ڕێگایەک بوو بۆ پیاوان کە ژنەکان لە کاری پزیشکی و ئەو دەسەڵاتەی لەو ڕێگایەوە دەستیان کەوتبوو دووربخەنەوە. دواتریش لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا یاساگەلێك لەلایەن پیاوانەوە دانرا کە قەدەغەیان دەکرد ژنان کاروباری پزیشکی بەڕێوە ببەن (دەیانخستنە زیندانەوە، سزایان دەدان و شتی لەو نەوعە) ئەگەر نەچووبانە خوێندنگای تایبەتی، کە هەڵبەت لەو شوێنانەیش ڕێگایان نەدەدان! کەوابوو ڕۆڵی پەرستاربوونیان خستە ئەستۆی ئەوان. وەکوو “فلۆرانس ناینتینگڵ”، وەکوو جێگر و هاریکار و لەم چەشنە. لەم بوارەدا کتێبی زۆر سەرنجڕاکێش نووسراون کە دەریدەخەن چلۆن پیاوان ڕێگرییان کردووە لە کاری پزیشکی ژنان. من پێموایە ئەگەر سەرنجی بوارەکانی تریش بدەیت هەم ئەم ڕەوتە بەدیدەکەیت. کەوابوو بەڵێ ئیرادەیەك هەبووە. لەوانەیە ئیتر نەتوانن دەسەڵاتیان لێ بستێننەوە، بەڵام ویستی هێشتنەوەی دەسەڵات (لەلایەن پیاوانەوە) بەردەوام بەهێزە. لە هەموو شوێنێکدا بەربەستی ئەوتۆ لەسەر ڕێگای ژنان دانراوە کە نەتوانن هێندێك لە کارامەیی و دەسەڵاتەکان بەدەست بهێنن.

ئێوە لە بیرەوەرییەکانتاندا شتی زۆر سەیرتان گوتووە! ئەوەی کە لە کاتی نووسینی “ڕەگەزی دووهەم”دا لە تەمەنی چل ساڵیدا ئەم شتانەتان بۆ دەرکەوتووە. ئەو دۆخەی کە کاتێک بەتەواوی لێی وشیار بوونەتەوە، ئیتر وەکوو ڕۆژی ڕووناک بووە بۆتان. باشە چۆنە ئێوە وەکوو کەسێکی ڕووناکبیر کە زۆر باش خوێندەواریتان هەیە و خاوەنی بەڵگەی جێگای متمانەی فێرکارین، پێشتر ئەوەتان بۆ دەرنەکەوتووە؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: لەبەر ئەوەی من لە ژیانی خۆمدا وەکوو ڕووناکبیرێک ئەزموونی ئەو شتەم نەبوو. من بەختم هەبوو کە ناچار نەبووم لەگەڵ پیاوەکان بکەومە کێبڕکێ چونکوو پەروەردە بۆ ژنان و پیاوان ئازادە. من لە زانکۆی سۆربۆن و لە شوێنەکانی‌تر هاوڕێگەلێکم هەبوو کە لەباری ڕووناکبیرییەوە بەشێوەی یەکسان لەگەڵ مندا ڕەفتاریان دەکرد. بۆیە هەستم پێنەکردبوو. بەڵام چونکوو من نەمدەویست هاوسەرگیری بکەم و منداڵم هەبێت و شێوازی ژیانی ژنێکی ناوماڵم نەبوو – کە چەوساوەترین کار بۆ ژن ئەوەیە – لەبەر ئەوە لە ژێر باری خزمەتگوزاریی ژنانە دەرچووبووم. دواتر کاتێک کە دەستمکرد بە بیرکردنەوە و سەیرکردنی دەوروبەری خۆم، ڕاستیی هەل‌ومەرجی مێیینەبوونم بینی و بەشێكی زۆری ئەوەم لە کاتی نووسینی “ڕەگەزی دووهەم”دا بۆ دەرکەوت.

کەوابوو ئێوە کارەکەتان بە ئامانجی پێکهێنانی ئاڵ‌وگۆڕ بۆ ژنان دەستپێنەکرد، بەڵکوو ئەمە هەر توێژینەوەیەکی ڕووناکبیرانە بوو؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: بە گشتی ئەمە کارێکی تێوریک بوو نەک کارێکی خەباتکارانە. من زۆر خۆشحاڵم کە دواتر خەباتکاران ئەمەیان بەرجەستەکردەوە. ئەم کتێبە لە ئێستادا ڕۆڵێکی خەباتکارانەی هەیە لە کاتێکدا کە بیری سەرەتایی کتێبەکە شتێکی تر بوو.

کەوابوو هەل‌ومەرجێکتان دۆزییەوە، کە لە ڕوانگەی ئێوەوە بەتەواوی ڕوون بوو. ئەی باشە ئەم ڕاستییە چۆن لێکدەدەنەوە کە بە درێژایی چەند سەدەی ڕابوردوو، یان لە سەدوپەنجا ساڵی رابردوودا ژنانێکی زۆر خوێندوویانە، گەیشتوونەتە هەمان ئاستی لێهاتوویی فەرهەنگی و زانستی کە پیاوان هەیانە؟ لەگەڵ ئەوەیشدا هیچکەس شتێکی لەو چەشنەی دانەڕشتووە کە هاوشێوەی ئەم ڕاستییە بێت: واتە ئەوەی کە ژنان لە مرۆڤایەتیدا لە پلەی دووهەمدان؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: لەبەر ئەوە پیاوان هیچ بەرژەوەندییەکیان لە وەها داڕشتنێکدا نەبووە …

وەلێ خۆ ژنەکان دەیانتوانی ئەو کارە بکەن؟ هەم مافی ئەوەیان هەبوو هەمیش دەستیان دەگەیشتێ…

سیمۆن دۆبۆڤوار: هەڵبەت ژنانێک هەبوون کە دەنگیان هەڵبڕی و هاواریان کرد. بۆ نموونە لە ئینگلستان ژنانێک هەبوون کە لەسەریان نووسی. بەڵام ئەمە وانەبوو بگاتە ڕادەی هاوارێک بۆ سەرهەڵدان وەها کە ببیسترێت و ئەوانی‌تریش ئاڵاکەی بەرز بکەنەوە. پێموایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە ژنان بەگشتی فێمینیست نین و ئەگەر ژمارەیەک لەوان بۆ سەرهەڵدان دەنگ هەڵبڕن، لەلایەن ژنانی ترەوە دەنگەکەیان نابیسترێت. دڵنیام کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە دەکرێ هۆکاری تریش باس بکرێت. ئەم هەڵوێستی هیچ نەکردن و خۆبواردنە ڕێگربوو لە هاتنەپێشەوەی ئەوان، وایدەکرد کە ئەوان گلەیی بکەن و دڵیان بڕەنجێت بەڵام زۆر بە دەگمەن دەگەیشتە یاخیبوون. یەکەم، هەروەکوو پێشتریش باسم کرد، لەبەر ئەوە کە ژنان هەر لە سەرەتای منداڵییەوە شێوازێکی فۆرم گرتنیان هەیە و ئەم پێکهاتانەن کە دەخرێنە مێشکیانەوە و دوایەش لەناوبردنی ئەوانە بەتەواوی کارێکی زۆر دژوارە. 

ئایا دەکرێ نموونەیەکمان بۆ بهێنیتەوە لە منداڵ کە لە چ تەمەنێکدا فۆرم دەگرێت و هەروەها ئەو چەشنە ڕەفتارەی باسی لێوەدەکەیت کامەیە؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: هەر ئەو کتێبەی “ئێلێنا بێلۆتتی” کە پێشتر گوتم، ئەو خانمە ئیتالیاییە پزیشکی پسپۆڕی منداڵانە و لەم بابەتەوە زانیاری زۆری هەیە. کتێبەکەی ئەو دەریدەخات کە تەنانەت لە کاتی شیردانیشدا دایکەکان ڕەفتاریان لەگەڵ کچەکاندا جیاوازە و تا ڕادەیەک لە کوڕەکاندا زیاتر لە کچەکان هاندەری چەشنێک لە شەڕانگێزین. کوڕ، هەر کە تەمەنی بەرەوژوور هەڵکشا، سەرەتای دەستپێشخەری دەردەکەوێت. بۆ وێنە کە دەیهەوێت سەربەخۆبێت، جەربەزەی هەبێت و جرت‌وفرت بکات، هانی دەدرێت و ئەم کارانەی بە ڕابواردن دادەنرێت. لەکاتێکدا منداڵی کچ خێرا دادەمرکێننەوە. بە درێژایی مێژوو و تەنانەت لە ئێستایشدا زۆرێك لە دایکان و پەرستارانی منداڵ بە گونی منداڵی کوڕ یاری دەکەن و دەیکەنە کەسییەتییەك. وای لێدێت کە منداڵی کوڕ لە دوو یان سێ ساڵییەوە نزیکەی ئاساییە بۆی کە نیشانی بدات! ئەمە لە کاتێکدایە کە کچانی منداڵ ڕێک بەپێچەوانە فێردەکرێن کە بیشارنەوە و هیچ شتێک نیشان نەدەن. لە دایەنگا و لە ناو  منداڵاندا زۆر ئاشکرایە کە منداڵانی کوڕ لەشی خۆیان بەتەواوی دەردەخەن لە کاتێکدا کچە منداڵەکان دەبێ ئەوە نیشان بدەن کە پێی دەگوترێت شەرم و حەیا. کە ئەمەیش لە ڕاستیدا چەشنە ئاکارێکی نۆژەنکراوەیە.

بە واتایەکی تر ژنان و دایکانن کە ئەم هەڵاواردنەیان پێکهێناوە؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: تا ڕادیەکی زۆر بەڵێ! ئەوان وەکوو کچانی ئەم ژنانە نەریتەکان دەپارێزن. چونکوو هەروەکوو گوتم ئەم مودێلی ژن بوونە بە جۆرێك لەواندا ڕیشەی داکوتاوە کە پێیانوایە ئەگەر ژنێك وەکوو ئەوان نەبێت ئەوە دەعبایەکە و دڵەڕاوکێی ئەم ژنانە ئەوەیە کە کچەکانیان خاوەنی ژنێتی بن. کەوابوو بەڵێ ئەوە ژنان خۆیانن وادەکەن. بەڵام هەڵبەت لە ژێر گوشاری پیاواندان. لەبەر ئەوەی پیاوان بە گشتی ژنانیان فێرکردووە کە ئاکاری لەم چەشنەیان هەبێت: بەستراوە، هیچ نەکەر، گوێڕایەڵ و خۆخۆر و هی‌تریش.

ئایا ئەمە لەڕاستیدا هەل‌ومەرجێکی ئابووری نییە؟ چونکوو هەتا ئەم دواییانەیش باشترین شتی گونجاو بۆ کچێك جوانییەکەی بوو. ئەوەی کە بەدڵی پیاوان بێت و بتوانێت لە ڕێگای هاوسەرگیرییەوە یان لە ڕێگایەکی ترەوە پشتیوانی ماددی بۆخۆی دابین بکات.

سیمۆن دۆبۆڤوار: بە دڵنیاییەوە هۆکاری ئابووری هەیە، بەڵام ئەمەیش هەر لەوێوە دێت کە پێشتر گوتم. لەبەرچی ئەم گرێداروبوونی ئابوورییە هەیە؟ چونکوو پیاوانن کە خاوەنی هەموو کارەکانن، بەتایبەت باشترین پیشەکان هی ئەوانە. لە ئاستی خوارەوەدا هەڵبەت وەهایە کە کارە قورسەکان بۆ نموونە لە کێڵگەکان هەم لەسەرشانی پیاوانە و هەم ژنان. وەلێ لە ئاستی باڵادا وێدەچێت پیاوان توانیوویانە ژنان ناچارکەن کە لەباری ماددییەوە سەربەخۆ نەبن. بەڵکوو پشت ئەستوور بن بە مێردەکانیان و خۆیان ببەستنەوە بەو کارانەی کە بۆ شارستانییەت زۆر گرینگە، واتە کاری ناوماڵ! ئەم چەشنە کارکردنە زۆرەملییە یەکێك لە شەرت‌ومەرجە سەرەکییەکانە کە بەسەر ژناندا سەپێندراوە. کارێکە هیچ هەقدەست و پارەی مانگانەیەکی نییە و هەر ئەمەیش ڕێگایان پێدەدات کە لەلایەن مێردەکانیانەوە یان لە باشبژیێتی و یان لە هەژاریدا ڕابگیرێن. بەڵام هیچ قازانجێکی ئابوورییان بۆ دابین ناکات. بایەخی ئەم کارەی کە دەکرێ، بە فەرمی ناناسرێت. ئەمە زۆر گرینگە. من بەوردی ژمارەکانم لەبەردەستدا نییە، وەلێ پێموایە کە ئاماری ساڵی ١٩٥٥ دەریدەخات ئەو ساڵە لە فەرانسە لەبەرامبەر چل‌وپێنج میلیارد کاژێر کار کە هەقدەستەکەی دراوە، نزیکەی چل‌وشەش میلیارد کاژێر کاری ناوماڵ کراوە بەبێ ئەوەی هەقدەستێک درابێت! ئەگەر ژنان ڕاپەڕیبایەن و شۆڕشیان هەڵگرساندایە، ئەگەر ئامادە نەبوونایە کە کاری ناوماڵ بکەن یان ئەوەی پیاوان ناچاربکەن شانبەشانی ئەوان کارەکان بکەن، ئەگەر ئیتر ئەم چەشنە کارە ژێرزەمینییانە نەکەن کە من دەڵێم مەحکووم کراون بە ڕاپەڕاندنیان – چونکوو ئەم چەشنە کارەی ساڵ لەدوای ساڵ دەیکەن بەبێ ئەوەی هیچ کارێکی خولقێنەربێت، ئەمە لە ڕاستیدا بەسەردا سەپاندنە! – ئەگەر لەم ئاستەدا گۆڕانکارییەک پێک بهێندرێت، هەموو کۆمەڵگاکە ژێروژوور دەبێت.

 ئێوە دەڵێن بەبێ هیچ کارێکی خولقێنەر. بەڵام زۆر لەو ژنانەی سەیری ئەم بەرنامەیە دەکەن لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەخێوکردنی منداڵان و سەرکەوتن لە وەها ئەرکێکی زۆر سەختدا، واتە ئامادەکردنی نەوەی داهاتوو بە باشترین شێوەی گونجاو – کە ئەمە کارێکە لە ڕاستیدا ژنان دەیکەن – هەروەها شتی پچووکی تریش وەکوو دابینکردنی ماڵ و کەشوهەوایەکی خۆش بۆ بنەماڵە، ئەمە شتێک نییە کە حیسابی بۆ نەکرێت . . ئێوە دەڵێن چی؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: من نەمگوتووە حیسابی بۆ ناکرێت، گوتم پڕبەرهەم نییە، ئەم کارە بەناو “بایەخی ئابووری” پێک ناهێنێت. لەم کارەدا کە هەڵبەت دەتوانێت جێگای سەرنج و پڕسامانیش بێت، بەشێکی گەورەی – من سەبارەت بە کاری ناوماڵ دەدوێم – کاری ڕووتین و دووبارەکردنەوەیە کە بەردەوام ئەنجام دەدرێتەوە. بەتایبەت ئەم چەشنە کارە بە شێوەیەکی ترسناک ژنان دەبەستێتەوە. چونکوو لەئاکامدا تەنها ژنانن کە دەتوانن ئەم کارە بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە مێردێک ڕایاندەگرێت و ژیانەکەیان بۆ دابین دەکات. ئەگەر مێردەکە بەرەو ژنێکی تر بچێت، لەم ماندووبێت و یان ژیانەکەی بۆ ئەستەم بکات، لێی جیابێتەوە و یان تەڵاقی بدات، ژنەکە خۆی لە دۆخێکدا دەبینێتەوە کە هیچ دەرەتانێکی تری بۆ پشتگیری لەخۆی نییە. من لەگەڵ ئەم چەشنە دۆخەدا بەتەواوی ئاشنام. چونکوو لەو کاتەوە کە کتێبی “ڕەگەزی دووهەم”م بڵاوکردەوە، نامەگەلێکی زۆرم لە ژنانەوە پێگەیشتووە کە متمانەیان پێم کردووە و کەم‌وزۆر بەدروورودرێژی و جاری وایە زۆر بە وردەکارییەوە نامەیان بۆنووسیووم و بەردەوام بۆم دەنووسن. یەکێك لەو حاڵەتانەی کە زۆر دووپات دەبێتەوە ئەمەیە کە ژنێك بۆم دەنووسێت کە نزیکەی سی ساڵ تەمەنییەتی، لە بیست ساڵیدا و بەخۆشی خۆی هاوسەرگیری کردووە، لە ماڵداری و گەورەکردنی منداڵەکانی خۆشحاڵ و بەتەواوی ڕازییە. دوایە لە سی ساڵیدا لەگەڵ مێردەکەی تووشی کێشە دەبن. یان مێردەکە ماڵ بەجێدەهێڵێت و یان ئەوەی کە ژنەکە ئیتر بەرگەناگرێت. لەپڕێکدا ئەم ژنە هیچی نییە. بەبێ پیشە ماوەتەوە و مناڵەکانی لەباتی ئەوەی مایەی شادمانی ئەو بن، دەبنە بارێک بەسەر شانییەوە چونکوو دەبێ بەتەنیا خۆی گەورەیان بکات کە کارێکی زۆری دەوێت. دەیجا، ئەم ژنە جاری وایە زۆر بە قەڵسییەوە پەشیمانە لەو ڕاستییە کە تەنانەت ئەگەر هاوسەرگیریشی کردووە، نەکەوتووەتە شوێن کارێک بە چەشنێك کە سەربەخۆیی ئابووری ئەو دابین بکات.

ئێوە باس لە دۆخی سی ساڵی دەکەن کە دەرفەتی دۆزینەوەی کارێکیان هەیە. وەلێ لە پەنجا ساڵیدا ئەوە هەر ناگونجێت. ئەو باسەی ئێستا سەبارەت بە چاکسازی یاسای تەڵاق دەکرێت ئەم کێشەیە زۆر بەرجەستە دەکاتەوە. کە ژنێکی ناوماڵ و دایکێک لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا هیچ مافێکی نییە! هەڵبەت چونکوو کاریشی نییە، لە ئێستادا هیچ دەرفەتی پشتگیری کردنیشی نییە.

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەتەواوی وایە. تەنانەت لە چل ساڵیشدا کە ئەمە لەو دۆخانەیە کە زۆر دەبیندرێت، ژنان هیچ کاتێکیان بۆ فێربوونی پیشەیەکی تازە نییە. لە هێندێك حاڵەتی سەرسووڕهێنەردا ژنان پێگەیەکی تازە دەستەبەر دەکەن کە ئەمەیش زۆر ڕێزپەڕە. ئەمکارە وزەیەکی زیادیی لە ژنان دەگرێت کە لە تەمەنی چل ساڵیدا خۆیان بە تەنها دەبیننەوە و دەبێ ژیانی خۆیان سەرلەنوێ پێکەوەبنێن لە دۆخێکدا کە تەنهایە و منداڵەکانی گەورەبوون و یان هاوسەرگیرییان کردووە. بەبێ ئەوەی کە مێردێک هەبێت پشتگیری لێبکات. تەنانەت ئەگەریش هەیبێت، واتە پیاوێك کە کەم تا زۆر لەگەڵی پێکەوە بگونجێن، ئەم ژنە بەشێكی بەرچاو نییە لە کۆمەڵگاکە.

قسەی نامەگەلێکتان کرد کە سەبارەت بە “ڕەگەزی دووهەم” پێتان گەیشتووە. کاتێک کە کتێبەکە چاپ کرا، ئەگەر وەکوو بەرهەمێکی خەباتکارانە سەیری نەکرا، بۆ خەڵکێکی زۆر تا ڕادەیەک وەکوو ئابڕووچوونێکی ڕووناکبیرانە وابوو. پێشوازی لە “ڕەگەزی دووهەم” چۆن بوو؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: لە فەرانسە، هەروەکوو “ژوولیەن گراک” [Julien Gracq] گوتی، گەلە سەگی هار بەربوون. پیاوانێکی زۆر ئێجگار زۆر تووڕە بوون. تەنانەت هێندێک لەوانەی کە پێموابوو چەپگرا، لیبراڵ و یەکسانیخوازن، لە کتێبەکە هەڵچوون.

لەبەر ئەوە کە ململانێی باڵادەست بوونی ئەوانی دەکرد؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەڵی وایە. لەبەر ئەوەیش کە “ئالبێر کامۆ” گوتەنی، من گاڵتەم بە “پیاوەتی” فەرانسەیی کردبوو! کاردانەوەی ئەمریکاییەکان زۆر وەرگرتر بوو. ڕەنگە لەبەر هەبوونی هەستی یەکسانی زۆرتر لە نێوان پیاوان و ژناندا. بە گشتی پێشوازی ژنان لە کتێبەکە ئەرێنی بوو. وەڵی بەتایبەت نەك لەو ساڵەدا کە چاپکرا، بەڵکوو دواتر کە وردە وردە ڕۆچوونە ناو گرینگی کتێبەکە، وەرگیرا و لێی تێگەیشتن، هاتنی ئەو نامانەی کە باسمکرد دەستیان پێکرد. 

وابزانم تەنها لە ئەمریکا ٧٥٠ هەزار دانەی لێ فرۆشرا؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: ئەوە لانیکەمە. پێموایە ئێستا لە بەرگی نەرمدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن.

 لە فەرانسە تا ڕادەیەک خێرا زیادی کرد و بەسەرکەوتنەوە بەرەوپێش چوو.

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەڵێ لە فەرانسە تا ڕادەیەک خێرا ڕۆیشت وەڵی ژمارەکەی بەوردی نازانم. ئێستا کە لە بەرگی نەرمدا هەیە پێموایە خوێنەرێکی زۆرتر بدۆزێتەوە. وەڵی من نائومێد بووم لە کاردانەوەی نەرێنی پیاوانێك کە پێموابوو لایەنگری یەکسانین و هەروەها کومونیستەکانیش کە هەر بە تەواوی بەسەر کتێبەکەدا ڕووخان. گۆڤاری “نامەکانی فەرانسە” نووسی کە ئەم کتێبە هیچ کەڵکێکی بۆ کرێکارانی ژن لە کارخانەکان نییە. ئەم قسە بەتەواوی ناڕاستە. هەموو ئەو کێشانەی کە من لەسەریان دەدوێم، هەم ژنانی کرێکار لە کارخانەی “بیلانکوور” دەگرێتەوە و لەوانەیە زیاتریش، هەم ژنانی چینە باڵادەستەکان.

کۆمۆنیستەکان لەبەرچی دژ بەم بۆچوونانە بوون؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: ئێستا کەمتر دژایەتی دەکەن. بەڵام مێژووی کومونیسم و ژنان مێژوویەکی ئاڵۆزە چونکوو کومونیستەکان کێشەکانی ژنان بە بابەتێکی پلە دووهەم دادەنێن. دژایەتی نێوان دوو ڕەگەز بە بەراورد لەگەڵ دژایەتی چینایەتی کە پێشتریەتی پێدەدرێت، لە پلەی دووهەمدایە. دەزانیت کە “ژانێت ڤێرمیخ”[Jeannette Vermeersch] بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دژبە لەباربردنی کۆرپەڵە بوو. ئەوان لە هەڵوێستەکانیان پاشگەز بوونەتەوە. بەڵام بەگشتی ئەوان کێشەکانی ژنان بەتەواوی بە کێشەی چینایەتییەەو گرێدەدەن.

دەگوترێت کە ئەگەر شۆڕشێك سەرهەڵبدات و کۆمەڵگا گۆڕانکاری بەسەردابێت، ئەمە خۆبەخۆ ئاڵ‌وگۆڕ لە دۆخی ژنانیشدا پێکدەهێنێت.

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەڵێ، بەڵام من دەبێ بڵێم کە کاتێك لە ساڵی ١٩٤٩دا کتێبی “ڕەگەزی دووهەم”م نووسی تا ڕادەیەك ساویلکە بووم. من پێموابوو پێشتریەتی بە خەباتە بۆ شۆڕش کردن چونکوو من لایەنگری چەپم و لەئاکامدا خوازیاری گۆڕانکاری تەواوم لە ڕژیمدا و لایەنگری ڕووخانی سەرمایەداریم. وەلێ پێموابوو کە ئەمە تەواوی ئەو شتەیە کە بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان پێویستە. بەڵام بۆم دەرکەوت کە من هەڵەم. نە لە یەکێتی سۆڤییەت، نە لە چێکوسلۆڤاکی یان هەر وڵاتێکی سوسیالیستی و نە لە هیچ حیزبێکدا بە دیاریکراوی حیزبی کومونیست، نە لە یەکێتی کرێکارییەکان و لە پێشکەوتووترین بزووتنەوە چەپەکانی ئەمڕۆدا چارەنووسی ژنان وەکوو چارەنووسی پیاوان نییە. هەربۆیەشە کە بڕیارم دا ببم بەوەی کە خۆم پێیدەڵێم فێمینیست. ئەویش بە شێوەیەکی خەباتکارانە. فێمینیستێکی خەباتکار واتە هاتن بۆ ئێرە و قسەکردن سەبارەت بە فێمینیسم بۆ تەواوی ئەو ژنانەی کە دەخوازن گوێ لە من بگرن. من بۆم دەرکەوت کە خەباتێکی دیاریکراوی فێمینیستی هەیە و نابێت خەبات دژ بە “بایەخە پیاوسالارانەکان” بە هەڵە بە شەڕ لە دژی بایەخەکانی سەرمایەداری بزانین. بە بۆچوونی من پێویستە ئەم دوو خەباتە پێکەوە ببرێنە پێش. ناکرێ بەبێ ئەوەی کۆمەڵگا لە ڕوانگەی چینایەتییەوە بە شێوەی ڕادیکاڵ بگۆڕدرێت، دۆخی ژنان بە چەشنێکی بنەڕەتی تووشی ئاڵ‌وگۆڕ ببێت. بەڵام ئەمەیش خەیاڵکردنە ئەگەر پێمان وابێت کە خەباتی چینایەتی بە تەنها بەسە و دەتوانیت پشتگیری لە تێکۆشانی ژنان بکات. ئەمە خەباتێکە دەبێ لەلایەن ژنانەوە ببرێتەپێش. هەربۆیەش ئەو بزووتنەوانەی وەکوو MLF واتە ‘بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان’  کە جاروبار دەکەونە بەر تەوس و گاڵتەپێکردن، بەتەواوی بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ پێویستن.

 کەوابوو مەبەستتان ئەوەیە کە فێمینیسم ڕۆڵی هەیە لەو کۆمەڵگایەی کە من و ئێوە تێیدا دەژین. وەلێ هەروەها لە وڵاتانی کومونیستی کە لە ئێستادا فێمینیسمی لێ نییە.

سیمۆن دۆبۆڤوار: لە وڵاتانی کومونیستی پێموانییە ژنان بتوانن بزووتنەوەیەک لە چەشنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان دابمەزرێنن. ئەگەر توانیبایان زۆر باش دەبوو. چونکوو پێموایە ئەم بزووتنەوەیە بە شێوازگەلی جۆراوجۆر بە کەڵکە. یەکەم لەبەر ئەوەی یەکێك لە بیرۆکەکانی ئەوەیە کە ژنان بەدەوری یەکەوە کۆببنەوە و لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەن. ئەوەی کە لە ناوماڵدا ئەزموونی دەکەن، دوژمنایەتی و تووڕەیی پێکدەهێنێت چونکوو ژنانی ناوماڵ خۆ هەمیشە فریشتەی شیرین نین لە ماڵەکەدا. سەرەڕای هەموو شت، ئەوان هەست بە زوڵم دەکەن. ژنان لەباتی ئەوەی لەم بێدادییەدا خۆڕاگر بن و بە شێوەیەکی بێسوود خۆیان سەرکۆنە بکەن، زۆر باشترە کە سەبارەت بە کێشەکانیان پێکەوە بدوێن و بەشوێن ڕێگاچارەیەکدا بگەڕێن. تەنها لەناو خۆیاندا و نەك لەبەرامبەر پیاوان و یان لەگەڵ ئەواندا. ئەم کارە ئەوان لە بێ هیوایی دووردەخاتەوە و یارمەتییان دەدات کە سەر لە پێگەی خۆیان دەربێنن. سەبارەت بەو دۆخە بیر بکەنەوە. من دڵنیام کە ئەوان پێیانخۆشە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە یەکگرتوو بن. کەوابوو ئەم کارە ئێجگار زۆر بەکەڵک دەبێت و کاریگەرییەکانی ئەوەندە بەرین دەبن کە هەموو کۆمەڵگاکە بەرەو ئاڵ‌وگۆڕ دەبات.

 ئێوە دەڵێن کە بیرکردەوە یارمەتی ئەوان دەدات لە کاتێکدا کە ئەوان ئەوەندە ئاوێتەی سیمای نەریتی ژن بوون و دایک بوونن، کە ئێستا لە زۆربەی گەورەساڵاندا و لە شێوازای بیرکردنەوەی ئەواندا خۆی بە چەشنێك نیشاندەدات. پێدەچێت گرفتی سەرەکی ئەوە بێت کە ژنان لە گۆشەنیگایەکی نوێوە سەیری خۆیان بکەن. ئەمە دەتوانێ ببێتە خاڵێکی دەستپێك بۆ گۆڕانکاری، وەلێ ئەمە هێشتا ڕووی نەداوە.  

سیمۆن دۆبۆڤوار: هێندێک لەوان بێگومان لە گۆشەنیگایەکی نوێیوە سەیری خۆیان دەکەن. بەڵام ئەوەی کە قووڵایی کارتێکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لەسەریان تا چ ڕادیەکە، ئەمەیان ئەستەمە بیزانین. ئەوەی کە ئایا ژنان تا چ ئاستێک بە بینینی نموونەی ژنانی پێشڕەو و گوێگرتن لە دەنگی ئەوان سەبارەت بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردن وشیار بوونەتەوە، من نازانم. بەڵام پێدەچێت کە کەمتر لە جاران خۆیان لەم شتانە لادەدەن.

نیشانەی زۆر دەرکەوتووە. بۆ نموونە لە مەیدانی سیاسەتدا پێداگری زۆرتر دەکرێت لەسەر دەرکەوتنی ژنان لەناو حکوومەتدا، تەنانەت ئەگەریش سیمبۆلیك بێت بایەخی پێدەدرێت. لەم ڕۆژانەدا قسەوباسی زۆر دەکرێت سەبارەت بە بارودۆخی ژنان و ئەوەی کە دامەزراوەیەک و یان تەنانەت وەزارەتێک دەبێ بۆ ئەو کارە تەرخان بکرێت. ئایا بە ڕای ئێوە، ئەمە نیشانەی گۆڕانێك نییە کە پیاوان ناچار بووبن قبووڵی بکەن؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەڵێ، بەڵام ئەمە چەشنێك سەرسامکردنە. چونکوو بە بڕوای من ئەم “نووسینگەی بارودۆخی ژنان” هەر تەنها سەرسامکردن و ئاڵۆزکردنە. ئەمە ئێسقان فڕێدانە بۆ بەردەم ژنان بۆ ئەوەی پێیانوابێت کە بوونەتە جێگای سەرنج و ئاوڕدانەوە. لەکاتێکدا کە لەڕاستیدا [خاتوو] “فرانسواز ژیڕۆ” دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هیچ کارێکی نییە.  بوودجەیەکی لەبەردەستدا نییە، پارەی پێنادرێت. تەواوی کارەکەی دەبێتە ئەوە کە چەند پێشنیارێکی شەرمنانە پێشکەش بە پیاوەکان بکات. پێشنیارەکانی تەنها ئەو کاتە وەردەگیرێن کە خودی پیاوەکان سەلماندبێتیان. کەوابوو ئەمە تەنها چەشنێکە لە سەرسامکردن.

بەڵام ئیوە دەڵێن کە فێمینیسم چیتر ناتوانێت بەتەواوی خەبات بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بگرێتە خۆ. ئەگەر بمهەوێ پوختەی بۆچوونەکەتان بڵێم ئەمەیە: ئێمە ناتوانین چاوەڕێی شۆڕش بین و بارودۆخی ژنان دەبێ پێش، پاش و لەگەڵ شۆڕشەکەدا تووشی گۆڕانکاری ببێت. ئایا مانای ئەم قسە ئەوەیە کە هەموو شتێك بۆ ژنان باش نییە؟ بۆ وێنە ئەو هەنگاوانەی کە لەوانەیە بە کەم و وردەکاری بزانرێت و یان تەنها سەرەتایەک بێت. ئایا ئەمە لە هیچ باشتر نییە؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: نەخێر. هێندێك شت هەیە کە باش نین. جاری وایە شتی وا دراوە بە ژنان کە تەنها “ئێسقان بووە بۆ ئەوە گازی لێبگرن”، ئەمە سەرسامکردنە. لە ڕاستیدا ڕێگایەک بووە بۆ بڵاوە پێکردنی ژنان. ئەوەی کە ئەوان پێیانوابێت هێندێك کاریان بۆ کراوە، کەچی هیچیش نەکراوە. ئەمە نەک تەنها شێوەیەکە بۆ دەست بەسەرداگرتنی سەرهەڵدانی ژنان، بەڵکوو بەچەشنێ دژایەتی کردن، سەرکوت کردنی بزووتنەوەکە و وادەرخستنە کە گوایە هەر لە بنەڕەتدا پێویست بەوە ناکات. لەبەرامبەر ئەوەدا ئێمە فێمینیستەکان – دەڵێم ئێمە چونکوو هەروەکوو ئاماژەم پێکرد، من یەکێکم لەوان – دژ بە ملکەچ بوونین و دەمانەوێ درێژە بدەین بە خەبات و شەڕی لەگەڵدا دەکەین. لانیکەم ئێستاکە بەهۆی خودی ژنانەوە و بۆ ژنان، نەک لە ڕێگای دامەزراوەکانی وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، یۆنێسکۆ و بەناو “ساڵی ژن” کە ئەوەیش خۆی سەرسامکردنێکە. ئێمە لەڕاستیدا ناتوانین لە حکوومەتێك کە بۆ دانانی ئاسایش پێکهاتووە، واتە ئەو ئاسایش و ڕەوشەی ئێستا هەیە، داوابکەین ژنان ڕازی بکات. ژنان خوازیاری گۆڕانکاری ئەوەندە قووڵن لە بارودۆخی ئێستادا کە ئەو ئاسایشە ژێروژوور دەکات.

 باشە، بەڵام ئێوە دەبینن کە کاتی شەڕی شۆڕشگێڕانەدا بۆ نموونە ئەوانەی بۆ نەهێشتنی کۆلۆنیالیسم بووە، ئەو ساتە کە بارودۆخی بەکۆلۆنیکراو و سەرکوتکراوەکان هەرە هەستیارە، کاتێکە کە بە بەشێکی کەم لە داواکارییەکانیان ڕازی بوون. ئەنجامی ڕەزامەندبوون بە بەشێك لە خواستەکان قەت نەبووەتە هۆی کۆیلە بوونی خەڵکێک کە پارێزگاری لە ئامانجەکەیان دەکەن. بەپێچەوانە، ئەمە ئەو شتەیە کە وشیاری ئەوان دەباتە سەرەوە. ئایا ئەم وشیارییە هێزێك نییە کە دەستیکردبێت بە جووڵان؟ پێتوانییە کە ئەوە ئەم وشیاربوونەوەیە بە بۆچوونی من، نەک ئەوەی کە جەنابی “ژیسکار دێستەن” [سەرەککۆماری ئەوکاتی فەرانسە] وابیردەکاتەوە کە چەند هەنگاوێکی ڕووکەشی بتوانێت ئەوان ملکەچ بکات. ئەو لەوانەیە هەوڵبدا کارێک بکات کە هەستدەکات ڕەوتێکی بەرەو گەشەیە.

سیمۆن دۆبۆڤوار: وایە بەڵام سەرەڕای ئەوەیش ڕێگایەکە بۆ ملکەچ کردنی ژنان. هاوکات ئەگەر ئەم هەنگاوانە ئەمڕۆ بەڕاستی بۆ ژنان کەڵکیان هەبێ، هەڵبەت پێویستە قبووڵ بکرێن. بەڵام دەبێ ئەوەیشمان لەپێش چاو بێت کە ئەمە تەنها هەنگاوێکی کاتییە. ڕێك هەروەکوو ئەو نموونەی ئێوە سەبارەت بە نەهێشتنی کۆلۆنیالیسم باستان لێوەکرد. ئەوانەی کە بە کۆلۆنیکراون لەوانەیە چەند چاکسازییەکی پچووک بسەلمێنن، وەلێ ئەوان بۆ زۆر زیاتر لەوانە تێدەکۆشن. ئەگەر ئەم ریفۆرمانە تەنها بۆ نواندنی ئەوە بێت کە گوایە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی ئەوانە، رەدی دەکەنەوە. هەربۆیەشە کە بەبۆچوونی من یاسای لەباربردنی کۆرپەڵە ناتوانێ زۆر بڕ بکات. وەلێ هەڵبەت نابێ رەد بکرێتەوە، دەبێ ئەمە وەکوو یەکەم هەنگاو بەرەو ئازادی تەواو بۆ لەباربردنی کۆرپەڵە وەربگیرێت. ئازادی زیاتر و ڕزگاریی زیاتر بۆ هەموو ژنان بە گشتی. ئەوەش بڵێم کە کێشەی لەباربردنی کۆرپەڵە ئەو شتەیە کە ئێمە فێمینیستەکان دەتوانین شانازی پێوە بکەین. چونکوو من دڵنیا نیم کە ئەگەر ئێمە نەکەوتینایە ئیمزا کۆکردنەوە ئەم یاسایە لەئارادا دەبوو. ئێمە بۆ “مانیفێستی ٣٤٣” کە جاری وایە بە “مانیفێستی ٣٤٣ قەحبەکە” یش ناوی دەرکردووە ئیمزامان کۆکردەوە. لەم مانیفێستەدا باسی ئەوەمان کرد کە ئێمە – هەموو ژنە ناسراو و نەناسراوەکان – بەدرێژایی ژیانمان کۆرپەڵەمان لەباربردووە. دوابەدوای ئەوە دادگای ناوچەی “بووبیگنی”[پاریس] بیروڕای گشتی ورووژاند. لەسەر شەقامەکان ڕێپێوانی ئێجگار زۆر کرا کە داخوازییەکەی بە یاسایی کردنی لەباربردنی کۆرپەڵە بوو. لە ڕاستیدا ئەمە ئەو خاڵە بوو کە لەمپەرە چینایەتییەکانی تێکشکاندبوو. چونکوو ئەم بابەتە هەم جێگای سەرنجی ژنانی چینی کرێکار بوو هەم ژنانی چینی بوورژوا. لە ڕوانگەی منەوە ئێمە توانیمان گوشارێکی زۆر گەورە بخەینە سەر ئەو حکوومەتەی ئێستا کە بەو چەشنە نەریتی، کۆنخواز و لایەنگری ئاسایش و ڕەوشی ئێستایە.  

ئێوە ڕاستەوخۆ لە بواری فێمینیسمەوە چوونە ناو ئەم کارەوە. هەر لە سەرەتای کرانەوەی بابەتی لەباربردنی کۆرپەڵەوە و وەکوو شایەتێك بەشداریتان کرد لە دادگای بوبیگنی [Bobigny trial] . ئایا دەکرێ بە ئاوڕدانەوەیەك لە ڕابردوو، ئەمە بە سەرەتای فێمینیسم لە فەرانسە دابنێین؟ چونکوو ئەم بابەتە وەکوو پاڵپێوەنەرێک وابوو بۆ ژنان کە یەکبگرن و وشیاربنەوە کە دەتوانن شتێک وەدەست بهێنن. لە ئاکامدا ژنان بیروڕای گشتییان ورووژاند و دواتر پیاوەکان بوون کە پەسەندیان کرد! کەوابوو لە سەردەمێکی دیاریکراودا ئەمە بوو بە دەستپێکی فێمینیسم لە فەرانسە.

سیمۆن دۆبۆڤوار: بە دڵنیاییەوە. لە عەینی حاڵدا دەکرێ بڵێین کە ئەوان “ئەسپێکی شەڕ”ی زۆر چاکیان دەستکەوت، کە لەباربردنی کۆرپەڵە بوو و ئامادەبوون بچنە شەڕەوە. (ئاماژەیە بە ئەسپی تروا. و). بەشێکی گرینگی مێژووی فێمینیسم لە ساڵی ١٩٦٨دا دەستی پێکرد. ساڵی ٦٨ (بزووتنەوەی خوێندکارانی زانکۆ لە فەرانسە. و) ئەم بیرۆکەیە دا بە خەڵک کە ئەوان خۆیان دەبێ سەرەداوی کارەکان بەدەستەوە بگرن. لاوان، خوێندکارانی ناوەندی و زانکۆکان و سەربازەکان لە دراگینیان (مەدرەسەیەکی سەربازی بەناوبانگ لە شاری Draguignan و). دەیجا، ژنانیش بڕیاریاندا کاروبارەکان بەدەست خۆیانەوە بگرن، بەبێ ئەوە پەنا بۆ یاسا و ڕێساکان ببەن و یان ئەوەی کە گوشار بخەنەسەر بۆ دەرچوونی یاسا. بەڵام تەنانەت لەوەیش زیاتر بە شەڕکردن بە شێوەگەلی بەتەواوی نوێ. هەموو ئەمانە ساڵی ١٩٦٨ دەستیپێکرد. ئاکامێکی تری ساڵی ٦٨ ئەوە بوو کە زۆرێك لەم ژنانە تێوەگلان لە چالاکییەکانی تاقمە چەپڕەوەکاندا. لەوێ بۆیان دەرکەوت کە تەنانەت لە نێۆ ئەو هاوڕێیانەشدا کە وێنایان دەکرد لەباری سیاسییەوە یەکسان بن، لەوێیش لەگەڵیان وەکوو “ژنان” هەڵس‌وکەوت دەکرا. پیاوەکان وتاریان دەخوێندەوە، ژنەکان تایپیان دەکرد و دەیاننووسییەوە! پیاوەکان بەشدارییان دەکرد لە لێدوانەکاندا و ژنەکانیش قاوەیان بۆ ئامادە دەکردن! ئەمە سەرنجی ئەوانی ڕاکێشا و ئەو هەستە بەهێزەی پێدان کە تەنانەت لە دیموکراتیک ترین و یەکسانترین ڕیکخراوەکانیشدا لەگەڵ ژنان هێشتا هەر وەکوو “ژنان” هەڵس‌وکەوت دەکرێت. کەوابوو، “وەرن با پێکەوە وەکوو ژنان کۆببینەوە و تێبکۆشین بۆ گۆڕانکاری، بۆ گۆڕینی پێگەکەمان و بۆ ڕێبەرایەتیکردنی خەباتەکەی خۆمان.”

لە هێندێک لە بیرەوەرییەکانتاندا ئێوە باس لە کاردانەوەی هێندێک لە پیاوان دەکەن، “چەپی پیاوانە” کە بە توندی دژە فێمینیست بوون. ئێوە خۆتان لە بەرەی چەپەکاندا ژیاون، لەگەڵ تاقمی بە بیروڕای جیاوازدا ئاشناییەتیتان هەیە. چۆن ئەم کێشە ڕوون دەکەنەوە کە چەپ زیاتر لەو خەڵکانەی تر کە بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازانەیان هەیە، ئەوەندە فێمینیست نین؟ 

سیمۆن دۆبۆڤوار: هۆکارەکەی ئەوەیە کە چەپیش، هەر وەکوو هەر حیزبێکی تر زۆربەیان پیاون و پیاوان قەت پێیانخۆش نییە ئەو مافە تایبەتییانەی هەیانە لە کیسیان بچێت! ئەوانەی مافی تایبەتیان هەیە خوازیاری ئەوەن کە پێگەی تایبەتی خۆیان بپارێزن. ئەوانە لە حیزبی کومونیست، سوسیالیست و یان هەر حیزبێکی تریشدا پێگەیەکی باشتریان هەیە و لە ئاکامدا وەکوو پیاوان هەڵس‌وکەوت دەکەن، نەك پیاوانی چەپ و پێشڕەو. ئەمە شتێکی زۆر گرینگە. 

لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، چەپ دژ بە مافی تایبەت خەبات دەکات. ئەگەر وایە دەبوو ئەوان زۆر زیاتر لە خەڵکی تر لایەنگرییان بکردایە…

سیمۆن دۆبۆڤوار: ئەرێ، بڵێم چی نایکەن!

بۆ نموونە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە نێوان دوو پیاوی تەمەن مامناوەندیدا دەکرێت و بابەتی فێمینیسم ڕۆڵێکی زۆر..

سیمۆن دۆبۆڤوار: پلە دووهەمی هەبوو!

تەنانەت هەر نەشبوو!

سیمۆن دۆبۆڤوار: لەگەڵتام. هەربۆیەشە کە من دەڵێم نابێ خەباتی چینایەتی – کە حیزبە چەپەکان لەسەر بناغەی چینایەتی دامەزراون و ژێرخانی سیاسی ئەوان پێکدەهێنێت، لەگەڵ خەباتی جنسییەتی [ڕەگەزی] تێکەڵ بکەین. ئەو پیاوانەی کە لە بواری خەباتی چینایەتیدا چەپ و پێشڕەون، دەگونجێت بەتەواوی ئەوەیان ئاوێتەی بایەخی پیاوسالاری و پیاوبوون کردبێت و لێبڕاوانە هەوڵبدەن دایسەپێنن بەسەر ژنانیشدا.

ئایا ئێوە لە باسەکانتاندا بۆتان دەرکەوتووە کە هێندێك لە پیاوان بیرێکی ڕوونیان هەیە و ئەگەر لەگەڵ ئەو شتەی کە ئێوە لە تەمەنی چل ساڵیدا دۆزیوتانەتەوە بەرەوڕوو ببنەوە، لەوانەیە ئەوانیش وەریبگرن. ئەوان وەها پەروەردە نەکراون کە بتوانن لەوە تێبگەن. هەروەکوو لە پرسی سەربەخۆیی لە کۆلۆنییەکان تێگەیشتن؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: لەوانەیە بەشێکیان خۆیان لەگەڵی بگونجێنن، وەلێ بۆ پیاوێك زۆر دەگمەنە کە بتوانێت لە ئەزموونی ژنێک و ئەوەی کە بەسەری هاتووە تێبگات. چونکوو پیاوان ئەو ئەزموونەیان نییە. تەنانەت شتی پچووکیش، وەکوو ئەوەی کە: شەقام و خیابان هی هەمووانە. بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ژنێکی زۆر گەنج، ئێستا جوان بێت یان ناشیرین، زۆر زەحمەتە کە دوای کاژێر هەشت و نۆی شەو بچێتە خیابان و تەنیا خۆی لە ئارامیدا پیاسە بکات. یان تەنانەت بە ڕۆژیش. چونکوو دەکەونە شوێنی، ئازاری دەدەن بە چەشنێک کە پێی باشترە بگەڕێتەوە ماڵەوە. دەی خۆ ئەگەر ئەمە بە پیاوێك بڵێی، بزەیەکی دێت و بە سەرسووڕمانەوە دەڵێ “من ئەو کارە ناکەم”، “من مرۆڤێکی بێ ئەدەب نیم، خۆ هەموو پیاوەکان بێ ئەخلاق نین.” ئەم پیاوە تێناگات کە چەندە بۆ ژنێك قورسە کە بەردەوام هەست بەوە بکات کەم تا زۆر دەکەوێتە بەر مەترسی جۆراوجۆر. نەک مەترسی زۆر جیددی هەرچەند کە لەوانەیە بگاتە ئەو ڕادەیەیش. کاتێك ژنێک بەرپەرچی پیاوێک دەداتەوە کە کەوتووەتە شوێنی، لەوانەیە زللـەیەک یان مشتێکی لێبدا یان شتێک لەو بابەتە.

بەڵام ئایا چەشنێک لە دژە هێرش لەلایەن پیاوانەوە نییە کە دەیهەوێت “شتێک لە ڕووخان ڕزگار بکات”؟ ئەوان دەڵێن ئەم شتانە هەمووی قسەی کۆنن. لە ڕاستیدا ژنان پێشتر کونتڕۆڵی پارەی ماڵەوەیان گرتووەتە دەست. بۆ نموونە لە بنەماڵەیەکی سەربە چینی کرێکاردا ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان پارەی مانگانەکەیان دەدەن بە هاوسەرەکانیان. هەڵبەت جگە لە تۆزێك پارەی گیرفان بۆ خۆیان. ئەوان تەنانەت کۆنتڕۆڵی پارەکەیشیان نییە و گلەیی دەکەن کە ئەوان هەر پارە پەیدادەکەن و هەشت کاژێر لە کارخانە یان ئیدارە کاردەکەن و ژنەکان لە دۆخێکی باشدان و ئەمان ئامادەن جێگایان لەگەڵدا بگۆڕنەوە. ئەمە وێنەیەکی گشتییە!

سیمۆن دۆبۆڤوار: لەوانەیە، بەڵام . . . لە ڕاستیدا ئەوان قەت ئامادە نین جێگایان لەگەڵدا بگۆڕنەوە بە هۆکارگەلی زۆر. بۆ وێنە کار. لە کاری ناوماڵدا – تۆ باسی کرێکارانت کرد – ئەو کاری ناوماڵە کە ژنێک بە چەند منداڵەوە کە دەرامەدێکی کەمیشیان هەیە دەیکات، ئێجگار زۆر تاقەت پڕووکێنە. زۆر زیاتر لە هەشت سەعات کارکردن لە کارخانەدا ماندووت دەکا!

ئەوان جاری وایە هەر دوو کارەکەیش دەکەن.

سیمۆن دۆبۆڤوار: سەرەڕای ئەوەیش، ڕاستە کە جاری وایە هەر دوو کارەکە دەکەن. ئەوەیش کە مێردەکەی پارە دەدات بە هاوسەرەکەی، ئەو ڕۆژەی کە ئیتر لە ژنەکەی ماندوو دەبێت و بیهەوێت بەجێی بهێلێت چونکوو پێیوایە ڕاگرتنی ژن و منداڵ زۆر سەختە، پیاوەکە بۆی هەیە ئەوان بەجێ بهێڵێت و بەردواوم بتوانێت ژیانەکەی خۆی دابین بکات. بەڵام ژنەکە بەپێچەوانە، هیچی نییە و زۆر بەداخەوە ئەم دۆخە زۆر جار دێتە پێش. 

ئێوە لێرەدا پرسیارێک دێننەپێشەوە کە دەکرێ خەڵک لایان وابێت چەشنێک ئامۆژگاری ژنان دەکەن کە ڕێگا چارەی تاکەکەسی هەڵبژێرن. واتە ئەوەی کە ئێوە ئازادتر دەبن ئەگەر هاوسەرگیری نەکەن و منداڵتان نەبێت! بەڵام بە گشتی ئەمە ئەو شتە نییە کە لە کۆمەڵگادا دەبیندرێت. خەڵک خوازیاری ئەوەن هاوسەرگیری بکەن، نایانهەوێ بەتەنها بژین و هەڵبەت ئەمەیش تەواو ئاساییە و هەبوونی منداڵیش کە زۆر خۆشە. بۆ زۆربەی خەڵک ئەمە باشترین شتی ژیانیانە. چۆن دەکرێ لە جەرگەی ئەم ڕاستییەدا بژیت بەبێ ئەوەی لە هێندێک لەو شتانەی ژیان دەیداتێ چاوپۆشی بکات.

سیمۆن دۆبۆڤوار: پێموایە پێویستە پیاوان لە ئەرکەکانی ناوماڵ و ڕاگرتنی منداڵەکاندا بەشداربن. ڕێك هەر بەو چەشنە کە ژنان دەیکەین. ئەوانیش شەریک بن لە کاری ڕۆژانەی ناوماڵدا. پیاو دەبێ دەست هەڵگرێ لەوەی کە دەسەڵاتی بەسەر ژنەکەیدا هەبێت. ئەوەی کە پارەی مانگانەکە دەدەن بە ژنەکان هەڵبەت زۆر کارێکی باش دەکەن. بەڵام من نامەی زۆرم بۆ هاتووە، نامەگەلێک کە ناچێ بە مێشکدا. ئەو نامانەم لەگەڵ خۆم نەهێناوە وەلێ تێیدا بارودۆخی ئەوتۆ نەخشێندراوە کە دەکرێ بڵێین نزیکەی زەحمەتە باوەڕ بکەیت ئەو کەسانە هەن! من ژنانێک دەناسم کە بۆیان نییە بچنە سەردانی هیچکام لە دۆستان و خزمانیان بەبێ ئەوەی مێرەدەکەیان لەگەڵ بێت. کێ دەتوانێ بەوە بڵێ “ئەوین” و “دابەشکردنی هەموو شت”؟ ئەمە دیکتاتۆرییەکی ڕاستەقینەیە! جارێکیان نامەی ژنێکم بۆ هات تێیدا دەنووسێ: “لە پەنجەرەکەمانەوە سەیری دەرەوە دەکەم بزانم مێردەکەم کەنگێ لە قاوەخانە دێتەدەرەوە. لەبەر ئەوە دەبێ ئەم نامەیە بشارمەوە. چونکوو ئەگەر بزانێ من نامە بۆ ئێوە دەنووسم زۆر تووڕە دەبێت و نازانم چۆن دەتوانم ئەم نامەیە لەماڵ ببەمە دەرەوە!” ئەمە نامەیەک بوو لە سی چل لاپەرەدا کە دەبوو بیباتە دەرەوە. نووسیبووی “ئەگەر وەڵامەکەت ناردەوە بینێرە بۆ ماڵی خانم فڵان و فڵان!” سەیری ئەم هەموو نهێنی کارییە بکە! ئەم ئاکارە هیچ ڕێز و کەرامەتێکی تێدا نییە وهێندێك لە پیاوان بەشێوەی ستەمکارانە بە سەر ژناندا دەیسەپێنن.

ئێوەیش دەڵێن کە ئەمە لە نموونە پەڕگرەکانە. بەڵام ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە تێیدا دەژین بەتەواوی سەرسووڕهێنەرە. ئێمە باس لە جیابوونەوە لە کۆمەڵگایەکدا دەکەین کە بە پێی ئامار زۆرینە ژن و مێردەکان جیانابنەوە.  وێدەچێ ئەمە چەند تراژێدیایەکی ناوبنەماڵەی لە خۆدا شاردبێتەوە. بەڵام خەڵک، بەگشتی و لە ڕاستیدا دەیانهەوێ هەوڵی خۆیان بدەن و بەجۆرێك لەگەڵ یەکتر بسازێن. ئەوەی ئێوە دەیگێڕنەوە لە کاتی ئێستادا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین زۆرتر باوە هەتا لە فەرانسە! خۆشبەختانە ئێستا پەروەردەی ئێمە وای لێهاتووە کە شارستانییەتمان زۆرتر بووە!

سیمۆن دۆبۆڤوار: چەندە ئێوە گەشبینن! من دەزانم لە هێندێك ناوچە چی دەگوزەرێ، بۆ نموونە لە “بۆزانسۆن”( شارێک لە ڕۆژهەڵاتی فەرانسە. و) کە خوشکەکەم لە بواری فەرهەنگیدا لەوێ چالاکە. ئەو لەگەڵ هاوسەری هێندێك لە کرێکاران لە نزیکەوە ئاشنایی هەیە. خۆیان کرێکار نین بەڵکوو هاوسەرەکانیان. ئەگەر ژنەکان لە بێبەختیدا بچوونایە بۆ ماڵە هاوسێیەک قاوەیەک بخۆن و شەو مێردەکەیان بەمەی زانیبایە قڕەوهەرای زۆری لێ بەرپادەبوو. ژن دەبوو لەماڵەوە بمێنێتەوە، لەگەڵ کەس قسەنەکات جگە لە مێردەکەی کە شەوانە دەهاتەوە. قەت بۆی نەبوو بچێتە دەرە و دەبوو خۆی بە کاری ناوماڵەوە سەرقاڵ بکات. ئەمە بوو تەواوی ئەو شتەی کە ئیجازەی هەبوو بیکات! ئاگای لە مناڵەکان و ماڵ بێت و لەو شتانە. ئەم چەشنە ستەمکارییە هەم لە ناو چینی کرێکار و هەم لە چینە ناوەندی و باڵادەستەکاندا هەیە. ئەمە ئێجگار زۆر بەربڵاوە. 

ئەمڕۆکە بۆ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی، تەنانەت لە پۆستە باڵاکانیشدا، ئەمە نیشانەی گرینگ بوونی پێگەی کەسییەتییە ئەگەر هاوسەرەکانیان کار نەکەن، با ژنەکەیش بە ئەندازەی پیاوەکە خوێندەواری هەبێت! ئەو پیاوانە دەڵێن: “خۆ من پارەی زۆر پەیدادەکەم، تۆ پێویست ناکا کار بکەیت!” بە واتایەکی تر، بیرۆکەیەیکی ڕیشەدار لە پشت ئەم دەربڕینەوە هەیە؛ کاتێک کە تۆ بۆرژوای، کاتێک ژیانت لە ئاستێکی بەرزدایە، ئاکامەکەی ئەوەیە کە ژنەکەت کار نەکات، بەڵام چەند ساڵ دواتر دەبێ پاڵتۆی پێستی گرانی بۆ بکڕی!

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەڵێ وایە چونکوو ئەوان ژنەکانیان هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە ژنی ڕاستەقینە ڕێگا دەدات بە مێردەکەی کاربکات و زۆریان ئەوە قبووڵ دەکەن. یان جاری وایشە کەرتکراو دەبێت. ژنی کرێکارێک وا ڕاهێندراوە کە بەرامبەر بە کاری ناوماڵ و منداڵەکانی هەست بە گوناهـ بکات و ئەمە زۆر بۆی سەختە. ژن دەتوانێ هەر دوو کارەکە بکات، وەلێ وایلێدەکەن هەست بە گوناهـ بکات. پێی دەگوترێت کە بەرامبەر بە منداڵەکان کەمتەرخەمی دەکات، بە ئەندازەی پێویست ناکەوێتە ماڵەوە و سەرەنجام ئەویش تەسلیم دەبێت. زۆر جار سەخت دەبێت. تەنانەت ئەگەریش ئەو بە ئەندازەی هاوسەرەکەی خوێندەواری هەبێت، وای تێدەگەیەنن کە ئەوە مێردەکەیە دەبێتە دوکتور و پارێزەر، ژن لە ناوماڵدا دەمێنێتەوە و زۆربەی جارەکانیش ئازار دەکێشێت.

بەڵام ئەمە بەو مانایە کە بە بۆچوونی ئێوە هەموو ژنان دەبێ کار بکەن؟ ژنانی گەنج لەگەڵ ئەم کێشەیە بەرەوڕوو دەبنەوە کە دەبێ هەر ئێستا هەڵیبژێرن. ئایا دەبێ هەرچۆنێک بێت هەر کاربکەن، تەنانەت ئەگەریش هەل‌ومەرجەکە بەتەواوی ئامادە نەبێت؟ چونکوو پیاوان خۆ نایانەوێ بگۆڕدرێن یان بە شەوێک دەستبەکەن بە کارکردن لە ناوماڵدا. ئایا بۆ ژنێک خودی هەبوونی سەربەخۆیی، هەبوونی دەرامەد و ژیانێکی ئازاد تا ئەو ڕادەیە بنچینەییە؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: بەڵێ من وا بیردەکەمەوە. سەربەخۆیی ماددی ئەگەر بێتو بەهایەکی زۆریشی بۆ بدەن، شتێکی بنچینەییەیە با زۆر دژواریش بێت. من دەزانم بەهایەکی زۆری بۆدەدەن چونکوو ئاگالێبوون لە ماڵ و منداڵ هەر لە سەر شانی ئەوان دەبێت. بەڵام ئەمە یەکەمین مەرجی پێویستە بۆ ئەوەی لە ناو ماڵەکەدا سەربەخۆ بن. لێرەدا مەبەستم سەربەخۆیی ئەخلاقی و دەروونییە. ئەگەر وانەبێت هیچ ڕێگایەکی تر بۆ بیرکردنەوە ناخرێتە پێش پای ژنەکانەوە. ئەوان ناچار دەکرێن وەکوو مێردەکانیان بیربکەنەوە، ئارەزوو و هەوەسی ئەوان دابین بکەن، فەرمانەکانی ئەوان بەڕێوە ببەن و شتی لەم چەشنە. ئەوان ناچارن لە چوارچێوەی مێردەکەیاندا بمێننەوە تەنانەت ئەگەر خۆشیشیان نەوێت! ئەم بارودۆخە ئیتر شیاوتر لە لەشفرۆشی نییە! هەر بەڕاستی ژنێک کە لەبەر پارە لەلای مێردەکەی ئەمێنێتەوە چونکوو توانایی ئەوەی نییە خۆی بەخێو بکات، ئەمە ئەو ژنەیە کە هیچ بایەخ و کەرامەتێکی بۆ خۆی وەکوو ئینسانێک نەهێشتووەتەوە. کەوابوو من ڕاسپاردەم بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە کاربکەن! خۆیان بگەیەننە باڵاترین ئاستی لێهاتوویی. پیشەیەک بدۆزنەوە هەتا دەگونجێت سەرنجڕاکێش بێت! لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە کارێک بێت کە سەربەخۆیی ئابوورییان بۆ دابین بکات. ئەم کارە لە ئێستادا هێشتا سەختە و نایەکسانی بە شێوەیەکی دڵڕەقانە بەردەوامە. دایک و باوکەکان، هەروەکوو ئێوەیش باستان کرد، هێشتا وا بیردەکەنەوە “ئا ئەم کچۆڵەکەی منە، پێویست ناکا زۆر ڕەنجی پێوەبکێشین، ئەو مێردی دەکات. ئێمە بۆ براکەی ڕەنج دەکێشین نەک بۆ خوشکەکە!” ئەم ڕەفتارە نادادپەروەرانە لەلای ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەبێتە هۆی هەستکردن بە یاخیبوونێکی قووڵ چونکوو ئەوان ئاواتیان ئەوەیە کە بۆ خۆیان ببنە کەسایەتییەک و کارێکی جێگای سەرنجیان هەبێت. وەلێ هەل تەنها بۆ کوڕەکان دەڕەخسێت کە جاری وایشە کەمتر لە کچەکان زرەنگ و لێوەشاوەن.

وشەیەک هەیە لە فەرهەنگی فێمینسم‌دا کە زۆر بەکاردەهێندرێت بەڵام هەمیشە ڕوون ناکرێتەوە. دەکرێ بۆمان ڕوونکەیتەوە کە چەمکی “سێکسیم” چییە و مەبەست لە چییە؟ 

سیمۆن دۆبۆڤوار: ئەمە وشەیەکە ئێمە دروستمان کردووە و دەکرێ لەگەڵ وشەی راسیسم بەراورد بکرێت. ڕەگەزپەرستی ئەو بیرکردنەوەیە کە پێیوایە هەڵاورادن لە نێوان مرۆڤەکاندا لەسەر ئەساسی ڕەگەز شیاوی پەسەندکردنە! سێکسیسم ئەو ڕەفتار و ئاکارەیە کە جیاوازی نێوان مرۆڤەکان لەسەر ئەساسی جنس [نێر و مێ] لەلای پەسەندە. قسەوباسی ئێمە سەبارەت بە سێکسیسم لەوێوە دەستیپێکرد کە سەرنجمان دایە ئەو سووکایەتیی کردنەی پیاوان پێیانخۆشە بەرەوڕووی ژنانی بکەنەوە. یاسایەک هەیە وابزانم هی ساڵی ١٩٤٥ـە کە قەدەغەی دەکات کەسێک بە پیاوێك بڵێ “جوولەکەی پیس” یان “عەرەبی پیس”. ئەگەر کەسێک بە عەرەبێک یان جوولەکەیەك ئەو سووکایەتییە بکات، دەتوانن ڕاکێشی ناو دادگای بکەن. وەلێ کاتێک بە ژنێك دەڵێن “هەی قەحبە! ئەشا ئەو ژنە نەحلەت لێکراوە”، یان “لەشفرۆشی زووهەڵچوو!”، هیچ یاسایەکی بۆ نییە. لە ئاکامدا ئێمە ژمارەیەک لە ژنانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان، یەکێتییەکمان دامەزراند بەناوی “یەکێتی مافی ژنان” و تێدەکۆشین خەبات بکەین دژ بە هەموو چەشنێك لە سێکسیسم. ئێمە بەم شێوەیە کارەکەمان دەستپێکرد. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە هەروەکوو چۆن یاسا هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نایاسایی دادەنێت، هەر ئەو کارەیش لەگەڵ هەڵاواردنی جنسیدا بکرێت. ئێمە هەروەها داواکارین کە یاسایەکی دژ بە هەڵاواردن نەک هەر بۆ سووکایەتی کردن وەکوو پێشتر باسم کرد – کە هەڵبەت زۆر لەوە گرینگترە کە دەکەوێتە پێش چاو – بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەم کارە دەبێتە هۆی چاکسازی لە شێوە بیرکردنەوەیکدا بە گشتی. ئێمە هەروەها خوازیاری ئەوەین کە هیچ چەشنە هەڵاواردنێك لە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ لانیکەم لە خوێندنگاکاندا نەمێنێت، چونکوو ئێمە نازانین دایکان لە ماڵەوە چۆن خواردن بە منداڵەکانیان دەدەن.

ئایا لەو خوێندنگانەیش کە کوڕوکچ تێکەڵاون ئەم هەڵاواردنە هەر هەیە؟

سیمۆن دۆبۆڤوار:  بەڵێ لە کتێبەکانی خوێندندا هەیە کە بە کوڕان و کچانی دەڵێنەوە. تەنانەت شێوەی داڕشتنی پرسیارێک وەکوو “دایە ئەوەندە هێلکەی بردە ئاشپەزخانەوە”، “بابە خەریکی برغوو و پێچ و شتە چاکی دەکات… “نازانم لەم شتانە. دەبینین کە ئەم چەشنە هەڵاواردنە بە قووڵی لەناو کتێبەکانی خوێندندا ڕیشەی داکوتاوە. جگەلەوە، شێوەی گێڕانەوەی مێژوویش هەیە کە هەمیشە لە ڕوانگەی پیاوانەوە دەگێڕدرێتەوە. بۆ وێنە مێژووی فەرانسە قەت لە ڕوانگەی ژنانەوە ناگێڕدرێتەوە و شتی تری لەم چەشنە.

پرسیارێک دێتە پێش بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە دەستدەکەن بە بیرکردنەوە سەبارەت بەم بابەتانە، ئەوەی کە چۆن دەڕوانرێتە پیاوان. چونکوو بەشێك لە فێمینیستەکان بەتەواوی پیاوان ڕەد دەکەنەوە و پێیانوایە کە بەبێ ئەوان بارودۆخەکە باشتر دەبێت و ئەمە تەنها ڕێگایە بۆ ڕزگاربوون لەم چەشنە دەسەڵاتە. ئێوە وانین. ڕستەیەک هەیە لە ئێوە کە لە ڕوانگەی منەوە هەستی مرۆڤ دەبزوێنێت. ئێوە گوتووتانە کە “گەورەترین سەرکەوتنی ژیانم سارترە”[ژان پۆل سارتر] ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئێوە باوەڕتان بە یەکانگیر بوونی دوو مرۆڤ هەیە لە ئەویندا و وەکوو هاوسەر بەواتای پەیوەندی نزیک لەیەکتر. پرسیارەکە ئەوەیەکە چۆن دەگونجێت ئەم ئەوینە درێژەی هەبێت، واتە ئەو شتەی کە دوو کەسایەتی، ژنێک و پیاوێك پێکەوە کۆدەکاتەوە، لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا کە ژنانی ئەمڕۆ – لەوانەیە پەنجا ساڵی تر جیاواز بێت لە ئێستا – بتوانن زیاتر لە جاران ئاواتەخوازی بەرەوپێش چوون بن بۆ کەسایەتی خۆیان؟

سیمۆن دۆبۆڤوار: ڕاستە، هەروەکوو گوتتان، من پێموایە لە کاتی ئێستادا و بۆ زۆرێك لە ژنان ئەمانە پێکەوە ناگونجێن. ئەو ژنانەی کە بەتەواوی پێاوان فڕێدەدەن دەبێ ئێوە تەنها وەکوو قۆناخێکی کاتی لە خەباتدا سەیری بکەن. لێرەیشدا دەتوانین بەراوردێک بکەین لەگەڵ پرسی ڕەگەزیدا. ڕەوتی “Black Panthers”[پڵنگە ڕەشەکان] و باقی شۆڕشگێڕە ڕەش‌پێشتەکانی ئەمریکا هەر چەشنە هاوپەیمانییەکیان لەگەڵ سپی‌پێستەکاندا رەد دەکردەوە. زۆربەی ئەوانە ئێستا لەوە تێپەڕێوون و لەسەر ئەو باوەڕەن کەسێکی سپی‌پێست کە بەڕاستی پارێزگاری دەکات لە هەڵوێستێکی سیاسی و بە توندی لەگەڵ ئەواندا یەکدەگرێتەوە، دەکڕێ وەکوو هاوڕێیەك حیسابی بۆ بکرێت. سەبارەت بە ژنانیش تا ئاستێک هەر وەهایە. ژنانێک هەن وا بیردەکەنەوە کە پێکەوە ژیان لەگەڵ پیاوێکدا و یان تەنها ئەویندار بوونی چەشنێکە لە سازان. هەروەها ژنانێکیش هەن لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەبوونی ئەوین بۆ پیاوێك و پێکەوە ژیان لەگەڵی، ئەوەیش دەگونجێت. هەرچەند پێموایە کە سارتر و من لەوەدا سەرکەوتوو بووین کە قەت پێکەوە نەژیاوین! ئەوەی کە هاوسەرگیریمان کردبێت یان نا ئەوە زۆر گرینگ نییە. ئەوە پێکەوە ژیان کردن یان نەکردنە کە دەتوانێت بەرەو جیاوازی بیروباوەڕ بچێت و دوو کەسەکە تووشی شڵەژان بکات. هێندێك لە ژنان پێیانوایە دەتوانن لەگەڵ پیاوێکدا بژین و یان پیاوێکیان خۆش بوێت و یان پەیوەندییان لەگەڵ پیاوێکدا هەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو داوەکانی ژنانە بوونەوە، پێویستە زۆر وریا بین. چونکوو بەردەوام کەڵکەڵەی ئەوەت هەیە کە پیاوەکەی خۆت بخەیتە ڕیزپەڕەوە. دەڵێیت “ئەو جیاوازە”. یان ئەوەی کە هێندێك شتی لێ قبووڵ دەکەیت. من دەزانم زۆرێك لە فێمینیستە گەنجەکان کە پەیوەندییان لەگەڵ پیاواندا هەیە، کارەکەیان زۆر سەخت دەبێتەوە. ژیانەکەیان سەخت دەبێت و جاری وایە بۆ هاوژینەکەیشیان هەروەها. 

بە واتایەکی تر لە چەند ساڵ و یان لە چەند دەساڵی داهاتوودا – چونکوو ئەم شتانە بە ئارامی دەگۆڕدرێن و لە ئاستی دەروونیشدا دەبێ سەقامگیر ببن – بەرەو ئەوە دەچین لە پێوەندی نێوان پیاوان و ژنان دژوار دەبێت. گرژتر و ئاڵۆزتر دەبێت.

 سیمۆن دۆبۆڤوار: بەهەرحاڵ بۆ پیاوان سەخت تر دەبێت. لەبەر ئەوە هەڵبەت هەمیشە واباشە کەسێكت ببێ کە ملکەچ و هیچ نەکەر بێت. ئەگەر چی هەروەکوو گوتم ژن زۆرجار کارێک دەکات کە پیاوەکە بۆ ئەم گوێڕایەڵ بوونە لە ژیانی تایبەت و لە ناوماڵدا نرخێکی بۆ ئەدات. بە بۆڵەبۆڵ کردن، دەمەقاڵە و بە ئاشکرا تووڕە بوون. هەبوونی ئەم چەشنە دەمەقاڵە لە ناوماڵدا ڕەنگدانەوەی ستەمکارییە لەسەر ژنان. ڕەنگە بەپێچەوانە پەیوەندییەکە تەندروستتر بێت، هەرچەند لە هێندێک لایەنەوە سەخت تر و تاقەت پڕووکێنتر بێت. وەلێ ڕێگای دەرچوون لەم شەڕوقڕە تۆقێنەرەی ناوماڵ خۆشدەکات. شتێکی تر هەیە کە پێمخۆشە بیڵێم. ئەگەر بابەتی ڕزگاری ژنان بێتە ئاراوە، بەلاڕێدابردنی لەلایەن پیاوانیشەوە هەیە کە تێدەکۆشن کەڵکی لێوەربگرن. ئەمەیش زەرەری هەیە بۆ ژنان. ئێستا کە ئێمە دەتوانین پێش بە سکپڕبوون بگرین و تا ڕادەیەکیش دەستمان دەگات بە لەباربردنی کۆرپەڵە، ئێستا کە ژنان بڤە سێکسییەکان ڕەد دەکەنەوە و بەشێکی زۆریان دەڵێن لەباری سێکسییەوە ئازاد بوون، پیاوەکان لەو دەرفەتە کەڵکوەردەگرن و نزیکەی بە زۆر وایان لێدەکەن لەگەڵیاندا بخەون. پیاوەکان دەڵێن “چێ؟! ئێستا ئیتر ناتوانیت قبووڵی نەکەیت!” هەر بۆیەشە کە بە باوەڕی من ژمارەی دەستدرێژی سێکسی ئێستا زیاتر بووە. هەروەها پەلاماردان لە سەر شەقامیش کە پێشتر گوتم. “بۆچی ناهێڵیت؟ ئەگەر لەگەڵ مندا نەخەوی بەڕاستی ئازاد نەبوویت!” بەڵام ئازاد بوون بە مانای ئەوە نییە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بخەویت، زۆریش لەوەوە دوورە. بەم چەشنەیە کە پیاوان کەڵکئاوەژوو وەردەگرن لە دۆخەکە. کەوایە ئەو سەرکەوتنانەی کە ژنان بەدەستیان هێناوە زۆر ئاسان دژ بە خۆیان بەکار دەهێندرێت. ئەمە کێشەیەکی ترە. تا ئەو کاتەی کە ژنان وەکوو خاوەنی کچێنی و داوێنپاك سەیردەکران و دایکان و خوشکان و هاوسەرانێک بوون کە نوێنەرایەتی ئەوانیان دەکرد، مایەی شانازی ئەوان بوون! کەس نەیدەوێرا دەستیان بۆ ببات، کەڵکئاوەژوویان لێوەربگرێت و یان سووکایەتییان پێبکات، ئەو کارەی کە زۆرێك لە پیاوانی ئەمڕۆ دەیکەن!

دوایین پرسیار سیمۆن دۆبۆڤوار! ئێمە قسەی ئەوەمان کرد کە خەبات بۆ لەباربردنی کۆرپەڵە تا چ ڕادەیەک بۆ فێمینیسم لە فەرانسە گرینگە. بە بۆچوونی ئێوە گەورەترین هەنگاوێک کە ئەمڕۆ دەبێ هەڵبگیرێت و لە هەمان کاتیشدا ئەو تایبەتمەندییەی هەبێ کە بتوانێت ژنانی چینە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان کۆبکاتەوە و وشێاری بەکۆمەڵیان پێ ببەخشێت کامەیە؟ بەبڕشت ترین ئەرک بۆ شەڕی داهاتووی فێمینیستی چی دەبێت؟ 

سیمۆن دۆبۆڤوار: پێموایە لێرەدا قسە لەسەر تاکتیکی خێرا و ستراتێژیکە. ئەوەیش زەحمەتە بزانین کێشەکان چۆن دەچنە پێش. یەکێك لە خێراترین بابەتەکان قبووڵ نەکردنی بەڕێوەبردنی کاری ناوماڵە لەو فۆرمەدا کە ئەمڕۆ بەسەر ژناندا سەپێندراوە. هەموو ئەو ئەرکی دایکایەتییە کە ژنانی کردووە بە کۆیلە. بە باوەڕی من دەبێ دژ بە کۆیلەیەتی و ڕۆڵی دایکایەتی و دژ بە کۆیلەیەتی کاری ناوماڵ شەڕ بکەین. پێموایە ئەمە خەباتێکە دەتوانێت ژنانێکی زۆر لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە. چونکوو زۆرێك لە ژنەکان لەم باروودۆخە ئازار دەچێژن. بۆ ئەم دوایین پرسیارەتان بەسەرهاتێکم لایە کە کەمتر لەوەی دوایی بزوێنەرە و منی ڕاشەکاند. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی “فرانس سوار”دا وتارێك هەبوو سەبارەت بە شێوەی ژیانی خەڵکی فەرانسە و ئەوەی کە چۆن کاتی پشووی خۆیان و بۆ نموونە کاتی پشووی نانی نیوەڕۆ دەبەنە سەر. ژنێك کە وێدەچێت زۆر تووڕە بووبێت – خانمێکی سی‌وپێنج ساڵان کە دوو منداڵ و هاوسەری هەیە – دەیگوت “دەرفەتی نانی نیوەڕۆی من هیچ پشوودانێك نییە. من مامۆستام. دێمەوە ماڵەوە و بۆ منداڵەکانم نانی نیوەڕۆ لێدەنێم. سەوزە و گوشت لێدەنێم کە بیخۆن. ئەوان دەڕۆن و مێردەکەم دێتەوە ماڵەوە. ئەو دادەنیشێت و سەیری تەلەیڤیزیۆن دەکات و من لەسەر سینییەك خواردنەکە دەبەمە بەردەستی. خۆم بە کێشە کاتی خواردنم دەبێت و بەسەرپاوە شتێک دەخۆم لە مەنجەڵەکەدا.” دەیجا ئەم ژنە زۆر وشیار بوو لەوەی کە چەندە ئەم کارە تاسەر ئێسقان نادادپەروەرانەیە. چونکوو ئەو بە ئەندازەی مێردەکەی لە دەرەوە کاری دەکرد و سەرەڕای ئەوەیش خزمەتکارێك بوو بۆ جێبەجێ کردنی پێداویستییەکانی منداڵەکان و مێردەکەی کە دەبوو خواردنیان بداتێ و قاپ و کەوچکیش بشوات. لە ڕوانگەی منەوە لەم بابەتەدا دەکرێ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەرەو خەبات ڕابکێشرێن هەروەها لەوانەیە کارێکی وابکرێت هێندێك لەو پیاوانەی کە نیازی پاکیان هەیە لە بارودۆخەکە تێبگەیەندرێن.

کێشەکە لەوەدایە کە بۆ لەباربردنی کۆرپەڵە ژنان ڕژانە سەر شەقام، وەلێ ئەمەیان خەباتێکی تاکە کەسییە کە دەبێ لەماڵەوە بکرێت و ئەم کارەیش پێویستی بە سازانە. جێبەجێکردنی ئەوەش تێکۆشان و لێبڕاوییەکی زیاتر دەخوازێت و هەربۆیەش لەوانەیە ماوەیەکی زیاتر بخایەنێت.

سیمۆن دۆبۆڤوار: بێگومان زۆر دژوارتر دەبێت. هاوکات، لێرەدایە کە ئەو چەشنە کۆبوونەوانەی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان ڕێکیدەخات دەتوانێت زۆر کەڵکی هەبێت. چونکوو بە پەروەردەکردنی ژنان لەم بوارە دا کە پێکەوە گفتوگۆ بکەن و قسەی دڵی خۆیان بکەن، یارمەتییان دەدات کە وشیار ببنەوە سەبارەت بە نادادپەروەری و ئەو دۆخەی تێیدان. هەروەها ئەو بارودۆخە قبووڵ نەکەن. ئەگەر هەست بەوە بکەن کە بە یەکگرتوویی خۆیان پشتیوانی باقی ئەو ژنانەی کە لە خەباتدا بەشدارن بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئامادەن ڕاوەستن و خەبات بکەن.

ژان لویی سێرڤان شرایبێر: زۆر سپاستان دەکەم سیمۆن دۆبۆڤوار! 
***

مانگی مارسی ٢٠١٦ وەرگێڕدراوە

١ – لینکیئی ئەم گفتوگۆیە کە لە ساڵی١٩٧٥دا لە تەلەڤیزیۆنی فەرانسە کراوە، لەسەر یووتووب هەیە ئەم لینکەی خوارەوە ژێرنووسیئ ینگلیسی‌شی هەیە بۆ ئەو کەسانەی بیانهەوێت سەیری هەموو بەرنامەکە بکەن:

٢ – MLF کورتکراوەی Mouvement de libération des femmes واتە “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان” لە فەرانسە.

٣ – “مانیفێستی ٣٤٣” (Le Manifeste des 343) ڕاگەیاندنێك بوو کە سێسەد و چل‌وسێ ژنی ناودار، لەوانە سیمۆن دۆبۆڤوار و ژنانی تریش ئیمزایان کردبوو. هۆکارەکەی خەبات بوو بۆ ئەوەی چیدی لەباربردنی کۆرپەڵە بەتاوان دانەنرێت و یاسایەک سەبارەت بەمە دەربچێت. لەم ڕاگەیاندنەدا کە ڕۆژی پێنجی مانگی چوار ساڵی ١٩٧١ لە گۆڤاری Le Nouvel Observateur دا بۆ یەکەم جار بڵاوکرایەوە، ئەو ژنانە دەیانسەلماند کە هەموویان کۆرپەڵەیان لەبار بردووە و بەم چەشنە خۆیان دەخستە بەر پلاری سزادانی یاسایی. بۆ سووکایەتی کردن بەو خانمانەی کە ئەم ڕاگەیەندراوەیان ئیمزاکردبوو، کەسانێکی دژ بە مافی یەکسانی ناوی “مانیفێستی ٣٤٣ قەحبەکە”یان لێنابوو.

٤ – دادگای بۆبیگنی Le procés de Bobigny : ساڵی ١٩٧٢ کچێکی شازدە ساڵان بەناوی “Marie-Claire”[ماری کلێر] ماوەیەک دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کرایە سەری بۆی دەرکەوت کە سکی پڕبووە. بە یارمەتی دایکی – کە لە دۆخێکی ئابووری زۆر دژواردا بوو – بە دزییەوە لای دوکتۆرێک کۆرپەڵەکەی لەباربرد. لەئاکامدا ئەم کچە گەنجە خوێنێکی زۆری لێ ڕۆیشت و سەرەڕای کێشەی ئابووری دایکی ناچار گەیاندیانە نەخۆشخانە. ئەو کوڕە گەنجەی کە دەستدرێژی کردبووە سەر ئەم کچە بە هۆی دزی ئوتومبیلەوە دەستگیر دەکرێت و کاتێک بۆی دەرکەوت کچەکە کۆرپەڵەی لەباربردووە، بۆ سووککردنی تاوانی دزییەکەی لەلای پۆلیس درکاندی کە ئەو کچە کۆرپەڵەی لەباربردووە. هەربۆیە دایک و کچ ڕاپێچی دادگا کران! بە ڕێنوێنی پارێزەر خاتوو ژیزێل حەلیمی (Gisèle Halimi) و یارمەتی زۆری سیمۆن دۆبۆڤوار و ژمارەیەکی تر لە ژنانی تێکۆشەر، کچ و دایکەکە ڕوویان کردە بیروڕای گشتی لە ڕێگای میدیاکانەوە. سەرەنجام کچەکە بێتاوان دەرچوو بەڵام دایکەکە پێنج سەد فڕانک سزای هەڵپەسێردراوی بۆ دەرچوو کە قەت جێبەجێ نەکرا … دوای سێ ساڵ یاسای ئازادبوونی لەباربردنی کۆرپەڵە لە ساڵی ١٩٧٥دا لە فەرانسە پەسەندکرا دیارە هەڵبەت هەل‌ومەرجێکی بۆ دانرا.

٥ – Jeannette Vermeersch  چالاک و نووسەر کە ماوەیەکی زۆر ئەندامی پارلەمانی فەرانسە بوو. هەروەها خۆی ئەندامی حیزبی کومونیست و هاوسەری مووریس تۆرێز، سکرتێری گشتی حیزبی کومونیستی فەرانسە بوو کە لەگەڵی خاوەنی سێ منداڵ بوون.

تێبینی: دواتر دەرکەوت کە ساڵی ١٩٦٧ سیمۆن دۆبۆڤوار و ژان پۆل سارتر لە کاناڵیکی تەلەڤیزیۆنیدا لە کانادا دەرکەوتبوون. هەروەها یەک دوو دیداری کورتی تریشی هەبووە. بەڵام ئەمە تاقە گفتوگۆی سیمۆن دۆبۆڤوارە کە بەو شێوەیە بە تێروتەسەلی سەبارەت بە بیروبۆچوونەکانی خۆی دەدوێت.
ئەم گفتوگۆیەم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسیش و هاوکات لەگەڵ کوردییەکەدا بڵاوم کردووەتەوە.  

***

******************