چارەی خەمی کورد، نە لە جۆرج تاون و نە لە پاریس

منشور جورج تاون

منیش گوێم گرت لەو فایلە دەنگییەی تێیدا کاک عبدالە موهتەدی سەبارەت بە هێندێک بابەتی ساڵی ڕابردووی کوردستان و ئێران دەدوێت. ئەو بەشەی باسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (حکا) دەکات، دیارە دەگەڕێتەوە سەر ئەو حیزب و ڕێکخراوانە خۆیان کە چۆن هەڵوێست بگرن یان نەیگرن. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە سەرۆکی حیزبەکانی کوردستان بە گشتیی، دەبێ بەرامبەر بە خەڵک، دۆستان و لایەنگرانیان هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و خۆیان بە خاوەنی قسەوباس، لێکدانەوە و هەڵوێستی ئێستا و ڕابردوویان بزانن. ئاساییە مرۆڤ هەڵوێست بگۆڕێت و لە سیاسەت و هەڵوێستی پێشووی خۆی پاشگەز بێتەوە، بەمەرجێک کە هەڵەی ڕابردوو بسەلمێنێت. بەرپرسان پێویستە بەدەربەست بوونی خۆیان بەرامبەر بە چارەنووسی خەڵکی کورد نیشان بدەن.

گرینگ ئەوەیە بەرپرسانی یەکەمی حیزب و ڕێکخراوەکان لەباتی ‘سەرۆکایەتی’ ڕۆڵی ‘ڕێبەرایەتی’ بگرنە ئەستۆ. سەرۆک ئەو کەسەیە لە سەرەوە دانیشتووە، فەرمان دەردەکات و داوا دەکات ڕاسپاردە و فەرمانەکانی ئەو لە لایەن ڕیزەکانی خوار خۆیەوە جێبەجێ بکرێت. ڕێبەر ئەو کەسەیە کە بەپێی پێڕەو و بەرنامە، کۆنگرە و ڕێنوێنەکانی کۆبوونەکان لە نزیکەوە و لەگەڵ هاوڕێکانی هەنگاو هەڵدەگرێت و بە کردەوە ئەرکی بەڕێوەبردنی سیاسەتەکان دەگرێتە ئەستۆ. بەم چەشنە ڕێبەر لە سەرکەوتن و هەڵە و شکستەکاندا بەشدارە و بەرپرسیارەتی خۆیشی قبووڵ دەکات. بە پێچەوانە، سەرۆک خۆی بە خاوەنی پێشکەوتنەکان دەزانێت و هەر هەڵە و شکستێکیش بێتە پێش، ئەوانی تر لە خوارەوە تاوانبارن. ئەوانن کە ‘ڕێنماییەکان، ئامۆژگاریی و ڕاسپاردەکانی’ ئەویان خستووەتە پشت گوێ!

بە واتایەکی تر ئەوە ڕیزەکانی خوارەوەن کە ئەرکی سەرشانیانە خۆیان لەگەڵ سەرۆک و بەپێی خواستی ئەو ڕێک بخەن. هەربۆیە هەر کێشە و ئاستەنگییەک کە بێتە پێش سەرۆک خوازیاری ئاڵوگۆڕە لە خوارەوە، چونکە سەرۆکایەتی قابیلی هەڵەکردن نییە!

لەو چوارچێوە فکرییەدا ئەوەی کە سەرۆک لە چل و چوار ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەی بردووە نابێ بچێتە ژێر پرسیارەوە. دروست بوو کاتێک کۆمەڵە چووە ناو حیزبی کۆمونیستی ئێران (حکا) ، چوونە پاڵ کومونیسم کرێکاری دروست بوو، هاتنەدەر لەو فڕاکسیۆنە دروست بوو. پاش ڕۆیشتنی مەنسوور حیکمەت، هێشتنەوەی حکا، پابەندبوون بە هەموو کۆنگرە و پلێنۆمەکانی (بە ئیمزای سەیدبرایم عەلیزادە، عبدالە موهتەدی، فاروق بابامیری، محمد شافێعی، برایم محمدی) دروست بوو، جیابوونەوە لە کۆمەڵەی حکا و پێکهێنانەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێر دروست بوو، دیسانەوە لەت بوون بە دوو کۆمەڵە دروست بوو، چوونە ‘شورای مدیریت گذار’ دروست بوو، چوونە پاڵ کوڕی شا دروست بوو، جۆرج تاون دروست بوو، . .

پرسیارێک کە لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە ئەوەیە: کێ بەرپرسیارە لەوەی کە هەر لە پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستەوە هەتا بەڵگەنامەی جۆرج تاون لە هیچ شوێنێک سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهاتووە؟ ئایا لە شوێنێکدا لەلایەن سەرۆکایەتییەوە هەڵەیەک کراوە، یان ئەوانی‌تر تاوانبارن کە باش کارەکانی خۆیان بەڕێوە نەبردووە. مامۆستا هێمن زۆر لەمێژە گوتوویەتی:

لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا              

سەرم سووڕما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان

وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جیهاندیدە:                                 

خەتای سواران نەبوو، پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان

کاک عبدالە لە هەڵسەنگاندنی کۆبوونەوەی جۆرج تاون‌دا مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەکات. لە شوێنێکدا دەڵێ : “لە ئاستی کوللی ئێراندا و سەراسەری ئێراندا من سەنەدی ئاوام پێ شک نایە کە تا ئەو ئەندازە ئیمتیازاتی تێدا بێت بۆ کورد و بۆ نەتەوەکانی دیکە.”[بریا کاک عبدالە لە گفتوگۆ بە زمانی فارسی‌ش لەباتی باس کردن لە “اقوام و ئێتنیک” دەیگوت ملیتهای ایران!].

پاش ئەوەی کۆڕە هەشت کەسییەکەی جۆرج تاون هەڵوەشایەوە، وا دەزانرا کە هەڵبەت بەڵگەنامەکەیشی ئیتر وەکوو هەڵوەشاوە چاوی لێ دەکرێ. بەڵام بەداخەوە دوای گوێگرتن لەم فایلە دەنگییە ئەو نیگەرانییە هەیە کە لە داهاتوودا شتێکی هاوشێوە بە ناوی سەرکەوتنێک بفرۆشرێتەوە بە خەڵکی کوردستان.

چەخماخەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە کوژرانی ژینا و لە کاتی ناشتنەکەی لە ئارامستانی ئایچی شاری سەقز لێ درا. لە بەڵگەنامەی جۆرج تاوندا وشەگەلی کورد و کوردستان نەهاتووە![1] لەوانەیە کوڕی شا ئەوەی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆی تۆمار کردبێت.

جگە لەوەش، شۆڕشی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی بێ وێنەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهاندا ناوبانگی دەرکردووە، هەربۆیە دەبوو بەتایبەتی باسی ژنان تێیدا بەرجەستە بوایە. لەباتی ئەوەی خاڵێکی تایبەتی بۆ ڕۆڵ، ماف و پێگەی ژنان لە داهاتوودا دەستنیشان بکرێت، تەنها لە خاڵی نۆهەم و لە بەشی پەیوەست بوون و کارکردن بە پەیماننامە نێونەتەوەییەکان (کۆنڤانسیۆن) پرسی ژن لە چوارچێوەی ‘سیداو’دا باس کراوە.

دەبێ مەبەست چی بێت لەوەی کە “لە ئاستی کوللی ئێران و سەراسەری ئێراندا من سەنەدی ئاوام پێ شک نایە”؟ ئەگەر ڕووی لە دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی بێت، هەر لە بڕیارنامەی هەشت خاڵی مەهابادەوە بگرە هەتا دواتر لە سنە و هەروەها بەڵگە و پێشنیارەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد، چەندین سەنەدی زۆر چاک و لەوانە گەڵاڵەی ٢٦ خاڵی پێشکەش کراون و هەمووان لێی ئاگادارن. ئەگەر ڕووی لە ڕێکخراوە سیاسییەکان بێت، مسعود رجوی و مجاهدین ئەوەندە لە داخوازییەکانی کوردستان نزیک بوونەوە کە نەک هەر هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد، بەڵکوو هەم کۆمەڵە و هەم حدکا بە جیا پشتیوانییان کرد لە کاندید بوونی رجوی بۆ سەرەککۆماری ئێران کە هەڵبەت دواتر خومەینی پێشی پێ گرت. جگە لەوەش، پاییزی ١٣٦٠ واتە ٢٧ی ئوکتوبری ١٩٨١ دەفتەری سیاسی حدکا لە نامەیەکدا بۆ مسعود رجوی بەرپرسی “شورای ملی مقاومت” لە پاریس، پەیوەست بوونی حیزبی دیموکراتی بۆ ناو “شۆرا” ڕاگەیاند. نامەکە دوکتور قاسملوو ئیمزای کردووە و تێیدا دەڵێ “لەبەر ئەوەی لە بەرنامەکەتاندا پێداگریی کراوە لەسەر بنەمای پیرۆزی خودموختاری کوردستان”، حدکا بە فەرمی دەبیتە ئەندامی ئەو شۆرایە.

لە خاڵی دووهەمی بەڵگەنامەی جۆرج تاوندا باس لە “پاراستنی یەکپارچەبوونی سەرزەمینی ئێران” دەکرێت. ‘تمامیت ارضی’ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی بووەتە یکپارچگی سرزمینی! پێم باشە لێکدانەوەی دوکتور کامران مەتین لە سەر تمامیت ارضی لێرەدا بنووسم کە دەڵێ: “… داخوازیی پاراستنی تەواوەتی خاک نە خواستێکی سروشتیی خاکە و نە بنەمایەکی مێتافیزیکی… بەڵکوو دەربڕینی ناڕاستەوخۆی بەرژەوەندیی و داواکاری تاقمگەلێکی تایبەتی مرۆڤە لە جوغرافیایەکی دیارییکراودا. لە حاڵەتی ئێراندا… ئەمە ناڕاستەوخۆ دەربڕینێکە بۆ پارێزگاریی کردن لە دەوڵەت – نەتەوەیەکی متمرکزی تاک ڕەگی فارسی تەوەر.”[2]

سەبارەت بە زمان لە هەموو بەڵگەنامە و گەڵاڵەکانی گەلی کوردا بەرامبەر بە دەوڵەت و هێزە سیاسییەکان بە ڕوونی داوا کراوە خوێندن بە زمانی کوردی هەر لە فێرگەی سەرەتایی و ناوەندییەوە ڕەچاو بکرێت. لە جۆرج تاون نووسراوە “پذیرش جایگاە زبان‌های مادری بر اساس قوانین و کنوانسیون‌های بین‌المللی”! واتە بە دیارییکراوی سەبارەت بە زمانی کوردی لە ئێران هیچ ناڵێت. گەڵاڵەی ٢٦ خاڵی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد دەڵێ : “زمانی کوردی لە سەرزەمینی خودموختاری کوردستان دەبێتە زمانی ڕەسمی!” وەک بە فارسی دەڵێن: این کجا و آن کجا!

کاتێک دێتە سەر ئەوەی بزانین دەسەڵاتی گەلی کورد لە جوغرافیای خۆیدا چۆن دەبێت، گەڵاڵەی جۆرج تاون دەڵێ: “… سپاردنی دەسەڵاتی ماڵی، ئیداری و سیاسەت داڕشتن بە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان لە پارێزگاکان، شارەکان و ناوچەکان(ئێران).” دیارە هیچ مەبەستی کوردستان نییە! بەڵکوو چاوی لە هەموو پارێزگاکانی ئێرانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گەڵاڵەی ٢٦ خاڵی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد باس لە ‘مجلس ملی کوردستان’ دەکات و مەبەست لە کوردستان چوار پارێزگای کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ئیلام و کرماشان‌ـە. باشە ئێستایش هەر دەکرێ بڵێی کە “سەنەدی ئاوام پێ شک نایە کە تا ئەو ئەندازە ئیمتیازاتی تێدا بێت بۆ کورد و بۆ نەتەوەکانی دیکە”؟

خاڵی ١٣ی گەڵالەی جۆرج تاون دەڵێ: “هەڵوەشانەوەی سپای پاسداران … تێکەڵکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی سپا (ئەگەر بسەلمێندرێت تاوانی گەورەیان نەکردووە و پسپۆڕییان هەبێت!) لە ناو هێزەکانی تر وەکوو ئەرتەش … ئەرکی ئەرتەش تەنیا پاراستنی یەکپارچە بوونی خاکی وڵات دەبێت”! ئەمە لەلایەکەوە شۆردنەوەی ئەو بەشەی سپای پاسدارانە کە “نەسەلمێندرێت تاوانبارن”، لەلایەکی تریشەوە خۆی لە خۆیدا بەمانای سڕینەوەی تاوانەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێرانە! سەرنج بدەن کە هەر لە نەورۆزی خوێناوی سنەوە (١٩٧٩) هەتا فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کورد و ساڵەکانی دواتریش، ئەرتەش ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە شەڕ و کوشتن و کاولکاریی لە کوردستان. ئەوە ڕاستە کە دواتر سپای پاسداران لەگەڵ کەوت و بووە هێزی سەرەکی بۆ تاوانکارییەکانی ڕژیم لە کوردستان. بەهاری ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) بنی‌صدر کە ئەو کات سەرەککۆمار بوو، هەر دوو پێی کردبووە کەوشێکەوە دەیگوت دەبێ ستوونێکی ئەرتەش “بۆ پارێزگاری لە سنوورەکانی وڵات” لە ناوەڕاستی شاری سنەوە بەرەو سنووری عێراق بچێت! ئەمە شەش مانگ پێش ئەوە بوو کە شەڕی ئێران و عێراق دەست پێ بکات!

سەبارەت بەوەی لایەنی گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکە کێیە و کێ بێت (بۆ نموونە کوڕی شا)، دەبێ بگوترێ گرینگ ئەوە نییە لەگەڵ کێ دادەنیشیت و گفتوگۆ دەکەیت، گرینگ ئەوەیە لە چ هەلومەرجێکدا، لە چ پێگەیەکەوە و لەسەر چی قسە دەکەن! جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان دانیشتن و گفتوگۆ کردن لەگەڵ هێزێکی دەسەڵاتدار و ئەوەی کە لەگەڵ هێزێکی بێ دەسەڵاتی دەرەوەی وڵات دانوستاندن بکرێت. ئەزموونی دەیان ساڵەی شۆڕشی کوردستان نیشانی داوە کە دەوڵەتەکان، نەیاران و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تەنها ئەو کاتە ئامادەی دانیشتن و “ڕێکەوتن” دەبن کە هەست بە لاوازی بکەن و بزووتنەوەی کوردستان بەهێز بێت. دەنا جگە لەوە بەداخەوە بۆ فێڵ کردن و بەمەبەستی فریودان بووە. گەڵاڵەی جۆرج تاون لە ئەمریکا و لە لایەن کەسانێکی بێدەسەڵاتەوە ئیمزاکراوە، وشەگەلی کورد و کوردستانی تێدا نییە! داخوا ئەوانە بگەنە تاران و لە سەر کورسی دەسەڵات دابنیشن دەبێ چ بکەن!

بەهاری ١٩٨٢ من وەکوو نوێنەری مامۆستا شێخ عێزەدین لە پاریس چوومە دیداری مسعود رجوی. سێ دانیشتنی زۆر تێروتەسەلمان هەبوو. جارێکیان لە ناو قسەکانمدا گوتم: “هەر دەسەڵاتێک لە ئێران مافی گەلی کورد بە ڕەسمی نەناسێت، ناتوانێ بە ئارامی حکوومەت بکات!” رجوی لە شوێنەکەی خۆی ڕاچەنی و گوتی: “تهدید میکنی؟” گوتم نەخێر هەڕەشە نییە، ئەو حکوومەتەی لە تاران دیموکراسی، ئازادی، مافی چینە هەژارەکان و ژنان دەپارێزێت، هاوکات مافە ڕەواکانی گەلی کوردیش دەسەلمێنێت. دەنا دەبێتە حکوومەتێکی دیکتاتۆری کە بەردەوام دژایەتی دەکرێت.

لێرەدا گوتەیەکی کاک عبدالە موهتەدی وەبیر دەهێنمەوە کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٠/١١/٢٠٢٢ لە ستۆکهۆلم کردی، ئەو ڕۆژەی کە “یەکگرتنەوەی دوو کۆمەڵەیان ” ڕاگەیاند. گوتی: ” من لەو بڕوایەدا بووم و هەم کە هیچ ئالترناتیڤێک نابێ لە ئێران شکڵ بگرێ مەگەر کورد جێگایەکی شیاوی خۆی لەو ئاڵترناتیڤەدا هەبێ… نەک بەشی خۆمانمان لە کوردستان دەوێ و بەس، سەهمی خۆمان لە تارانیش دەوێ.” ئەمە لەکوێ و ئەو بەڵگەنامەی جۆرج تاون لە کوێ کە نە کورد هەیە و نە کوردستان!

هەر لە کۆبوونەوەکەی ستۆکهۆلم، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بەیاننامەی پاریس [Paris Statement] کە پێنج مانگ پێشتر واتە ٢٦/٦/٢٠٢٢ لەلایەن بەرپرسانی دوو کۆمەڵە و دوو دیموکراتەوە ئیمزا کرابوو، گوتی: “(ئەو بەیاننامەیە) دوو سێ ساڵ لەوەپێش ئامادە کرا، دەق هات و دەق ڕۆیی، بیست جەلەسەمان بۆ گرت… لەگەڵ بەڵگەنامە پەسەندکراوە نێودەوڵەتییەکان گونجاوە… وێرای ئەوەی مافی کوردی تێدایە و لە ڕوانگەی خۆمانەوە دروستە، بۆ جامیعەی جیهانی مەقبوولە… هەر چوار لایەن ئیمزامان کردووە بەڵام قەرار وایە لە کونفڕانسێک بە بەشداری ئەمریکاییەکان و ئورووپاییەکانی پسپۆڕ لەو بوارەدا بیبەینە پێشەوە. بۆیە لەسەر بڵاوکردنەوەکەی ڕاوەستاوین.”

کاتێک دەقی ئینگلیسی و وەرگێڕانێکی کوردی ئەو بەیاننامەیە (لەلایەن کەسانێکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) بڵاوکرایەوە، ڕێک پێچەوانەکەی دەرچوو! واتە لەوێیش نەک هەر “مافی کوردی” تێدا نییە بەڵکوو دەرکەوت کە ئەو دەقە ڕووی لە “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا” بووە! هەر بۆیە جگە لە دوو ڕستەی یەکەمی بەیاننامەکە، لە سەرانسەری دەقەکەدا باسی کورد و کوردستان نەهاتووە. نە زمانی کوردی، نە جوغرافیای کوردستان، نە مەجلیسی میللی کوردستان، نە دەسەڵاتی سیاسی گەلی کورد. تەنها لە پێشەکییەکەیدا دەڵێ: “ئێمە نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئیران، کۆبووینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵوگۆڕی گرینگی سیاسی لە ئێران بە ڕێگای فیدیرالیسم کە دەپەرژێتە سەر داخوازەکانی کوردەکان و باقی تاقمەکان (لە ڕۆژەکانی ١١ و ١٢ی ئاپریل ٢٠٢٢)”

لە وڵاتانی دیموکراتیک، دەسەڵاتدارانی سیاسی خۆیان بە بەرپرس دەزانن کە خەلک لە ڕەوتی ڕووداوەکان ئاگادار بکەنەوە. نەک هەر کاتی بلاوکردنەوەی هەواڵێکی خۆش یان پێشکەوتنێک، بەڵکوو لە کاتی ناخۆشیشدا ڕوو لە خەڵک دەکەن، ڕاستییەکان دەخەنە پێش چاوی خەڵک و لەکاتی تەنگانەدا خۆیان ناشارنەوە. یان داوا ناکەن لە کەسانی خوار خۆیانەوە بچن قسە بۆ خەڵک بکەن.

یەکێک لە خەسڵەتە بەرجەستەکانی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی ئەوە بوو کە بەردەوام ڕووی لە خەڵک بوو، شتی نەدەشاردەوە. بریا کۆمەڵە ڕاسپاردەکانی کاک فوئادی فەرامۆش نەکردایە و لەبیریان بوایە کە هەموو ڕۆژێک پاش گفتوگۆکانیان لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت لە ناوشاری مەریوان، دەگەڕایەوە بۆ ئۆردووگای کانی میران و ناوەڕۆکی وتووێژەکانی بۆ ئەو خەڵکە دەگێڕایەوە.

ئەحمەد ئەسکەندەری

ئوکتۆبری ٢٠٢٣/گەڵاڕێزانی ١٤٠٢


[1] https://adfiran.com/docs/mahsa-charter/

[2] https://www.akhbar-rooz.com/190720/1401/11/07/