چاوپێکەوتنی مۆنا نەققار لە سایتی ” قنطرة ” لەگەڵ جلال صادق العظم

صادق العظم یەکێکە لە گەورەترین بیرمەندانی ڕەخنەگری عەرەب. لە چاوپێکەوتنێکدا رووناکی دەخاتە سەر ڕۆڵی رووناکبیران لە بەهاری عەرەبی و لە دۆخی ئێستای بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی ناوچەکەدا.

زۆربەی رووناکبیرانی عەرەب لە کاتی ئێستادا پشتگیری لە شۆڕشەکان دەکەن بەتایبەت لە میسر و توونس. بەڵام پێش تەقینەوەی بزووتنەوەی نارەزایەتی هەڵوێستی زۆرێک لە رووناکبیران بەرامبەر دیکتاتۆرییەکان ڕوون نەبوو. ئایا کاتی ڕەخنە لە خۆگرتنێک نییە؟

صادق العظم: پێموانییە کەسێک بووبێت کە رۆژێک لە رۆژان لەسەر رووناکبیرانی عەرەب لێکۆڵینەوەیەکی کردبێت بۆ دیاریکردنی هەڵوێست و بۆچوونی ئەوان. ئەم چەشنە خوێندنەوانە لەم بەشە لە دونیای ئێمەدا زۆر دەگمەنە. ئێمە تەنها بە وێناکردن، هەستپێکردن و لێکدانەوەی دەسبەجێی رووداوەکان پشت دەبەستین.

بۆ نموونە ئەگەر بیر لە رووناکبیرێکی میسری بکەینەوە کە لە سیستەمێکی تۆتالیتاردا دەژیی، ئەو ناچارکراوە کە لەگەڵ سیستەمەکەدا بگونجێت. پێموانییە کە ئەو خزمەتی بە سیستەمەکە کردووە. من بەپێی ئەزموونی ژمارەیەک لە رووناکبیران  دەزانم کە ئەوان ناچاربوون چەند سازشێک بکەن لەبەر ئەوەی وەکوو مامۆستای زانکۆ یان نووسەر بتوانن درێژە بە کارکردن بدەن – سازشگەلێک کە بەبۆچوونی من هەرچۆنێک بێت، ئەوەندەش سازشکاری نەبووە.

کاتێک دواجار شۆڕشێک وەکوو ئەوەی میسر روودەدات، زۆرێک لە رووناکبیران ڕێک هەروەکوو هەر کەسێکی تر رەفتار دەکەن: هێندێکیان دەترسن، ئەوانی دیکە چالاکانە بەشداری دەکەن. ئەگەر شۆڕش سەرکەوت، هەموو زریانە خەوەکان دەڕەوێنەوە و ڕۆژانی چاوپۆشی کردن کۆتایی پێهاتووە. ئێستا ئەوان دەتوانن بە ئازادی بجووڵنەوە.

من پێموانییە پێویست بەوە بکات ئەم رووناکبیرانە بکەونە هیچ چەشنە رەخنە لە خۆگرتنێک. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن هێندێک روونکردنەوە بخەنە بەردەست. بەڵام تاقمێکی دیکەیش هەن، واتە ئەوانەی کە خۆیان کردووە بە زمانحاڵی رژێم. ئەوانە یان لە میدیاکان کاریان کردووە یان ستایشی سەرۆکیان کردووە. ئەوانە ئەگەر لە ساتەوەختێکدا ئاوەزێکی گوناهبار تەنگیان پێهەڵچنێت، دەتوانن داوای لێبوردن بکەن. بەڵام بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەوانە چیدەکەن، کەس باوەڕیان پێناکات. ئەوان ناتوانن رابردوو بسڕنەوە. زۆربەی ئەوانە خۆیان لە پێش چاوی خەڵکی دەدزنەوە.

ئایا نابێت گفتوگۆیەکی کراوە بکرێت سەبارەت بە هەڵوێستی رووناکبیرانی جۆراوجۆر؟

صادق العظم: هێشتا زۆر زووە بۆ ئەو چەشنە گفتوگۆیانە. دەنگەکان پێویستە لە ناوەوە بێن و بانگەوازی خەڵک بکەن بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوەی کە روویداوە. من نامەوێت زۆر بە توندی رووناکبیران بخرێنە ژێر گوشارەوە، مەگەر ئەوەی کە دۆخەکە وەک شووشەی ڕوون بێت، هەروەکوو لە حاڵەتەکەی جابر غفور، ڕاگری ئەنجومەنی باڵای فەرهەنگی میسر و دوایین وەزیری فەرهەنگ لە ژێر دەسەڵاتی موبارەکدا. لە ساتەوەختێکدا ئەو مەودایەکی خستە نێوان خۆی و ڕژێم. بەڵام دواتر ئەو مەودایە لەبەین چوو. ناگونجێت هیچ چەشنە ڕێزێک هەبێت بەرامبەر بە وەها کەسانێک. ئێستا ئێمە لیستەیەک لە کەسان و دامەزراوان دەبینین کە دەرکەوتووە پارەیان لە رژێمی لیبی وەرگرتووە. پاش ڕاپەڕین کاتێک پێکهاتەیەکی دیموکراتی و مەدەنی سەرهەڵدێنێت، هیوای ئەوە هەیە پێویست بکات کە گفتوگۆیەک بخرێتە گەڕ. بەڵام لە ڕاستیدا من لە سەر ئەو باوەڕەم کە رووناکبیران ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لە دامەزراندنی کاری بناخەیی شۆڕشەکەدا.

مەبەستت لەوە چییە؟ خۆ ئەوە گەنجەکان بوون کە شۆڕشەکەیان بەڕێوەبرد، وانەبوو؟

صادق العظم: بۆ ماوەیەکی زۆر رووناکبیران – هەرکات گونجابێت و جاری وایش بووە بە شێوەیکی سیمبۆلیک و زۆرتر ناڕاستەوخۆ – لە لایەن کۆمەڵگای مەدەنییەوە هەڵوێستیان دەربڕیوە. ئەوان بۆ مافی مرۆڤ خەباتیان کردووە. نموونەیەکی ئەوە “ڕاگەیاندنی ٩٩” بوو لە ساڵی دوو هەزاردا کە لە لایەن نەوەدونۆ رووناکبیری سوورییەوە ئیمزا کرابوو. ئێمە لەوێدا دەتوانین نزیکەی هەموو ئەو دروشمانە بخوێنینەوە کە لە سەر شەقامەکانی توونس و میسر بەرز کرانەەوە: لابردنی دۆخی نائاسایی و بانگەوازی ئازادی.

دەتوانی هەموو داواکارییەکان، هیواکان و ئاراستەی سیاسی گشتی لەو ڕاگەیاندنەدا بدۆزیتەوە. بەتایبەتی رووناکبیرانی سیکولار و هۆشیار ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕا. تەنانەت حیزبە ئایینییە گەورەکان وەکوو اخوان المسلمین‌ کەوتنە بەر کاریگەری ئەوان. هەروەها “مۆدێلی تورکی”یش ڕۆڵێکی هەبوو. مەبەستم ئەو مۆدێلەیە کە ئیسلامی تورکیا دەگرێتە خۆی: حیزبێک بە ئامانجی ئیسلامییەوە، لە وڵاتێکی ئیسلامیدا کە ڕابردوویەکی ئیمپراتۆری هەیە، بە شێوەیەکی دیموکراتییانە و ئاشتیخوازانە دەگاتە دەسەڵات بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک گومان بکات لە ڕەوابوونی هەڵبژاردنەکە و بەبێ ئەوەی وڵاتەکە بخزێتە ناو کارەساتەوە هەروەکوو لە وڵاتانی دیکە بینیوومانە کە تێایاندا حیزبە ئیسلامییەکان هەوڵیاندا بە دەسەڵات بگەن، وەکوو میسر، سووریا، الجزایر، و سوودان. رووناکبیرانێکی زۆر سەبارەت بەم مودێلە گفتوگۆیان کردووە، سەبارەت بە گرینگ بوونەکەی قسەیان کردووە و بیریان کردووەتەوە ئایا ئەوە دەهێنێت کە لاسایی بکرێتەوە.

ئێوە یەکێک بوون لەوانەی “ڕاگەیاندنی ٩٩”تان ئیمزا کردووە و یەک لەو رووناکبیرانە بوون کە هەمیشە پشتگیریتان کردووە لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین. ئایا ئەو هەستەتان هەبوو کە هەوڵدانەکانی ئێوە سەرەنجام بەرەو ئەم ڕاپەڕینانە ڕیگا دەبڕێت؟

صادق العظم: من ڕێگا بەخۆم نادەم بانگەشەی ئەوە بکەم کە هەوڵەکانی من ڕێگای ئەم شۆڕشانەیان خۆش کردووە. بەڵام بەبێ شک کۆششێکی زۆر لە ئارادا بووە. ئەمە نەک هەر کاری رووناکبیران دەگرێتەوە، بەڵکوو هەروەها ڕاستییەکانیش دەگرێتەوە و ئەوەی کە چۆن رووناکبیران بەرامبەر بەوانە کاردانەوەیان هەبووە. کەسانێکی زۆر باسیان لە شکست هێنانی مۆدێلی جۆراوجۆر دەکرد، بۆ نموونە مۆدێلی سوسیالیسمی عەرەبی یان ناسریسم. ئەوان دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای بژارەکاندا و بەو دەرەنجامە گەیشتن کە ئەوە دیموکراسییە دەتوانێت ببێتە تاقە بەدیل.

سەرەڕای ئەو خاڵانەی باستان کرد، ئەمرۆکە ڕۆڵی رووناکبیرانی عەرەب لە کۆمەڵگادا هیشتایش پچووکە. ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە؟

صادق العظم: ڕۆڵی رووناکبیران، لە لایەکەوە لاوازە، بەڵام ئەمە لایەنێکی دیکەیشی هەیە: ئێمە لەژێڕ کارتێکردنی مۆدێلی رووناکبیریی فەرانسەداین کە لە سەر پرسە گرینگ و گەورەکان رادەوەستن و خۆتێوەردەدەن. لەلایەکی ترەوە لەو کۆمەڵگایانەی کە ئاستێکی بەرزی نەخوێندەوارییان تێدایە، رووناکبیران تەنانەت رۆڵێکی گەورەتریش دەگێڕن. نەک لەبەر ئەوەی ئەو رووناکبیرە گرینگییەکی تایبەتی هەیە یان بیرکردنەوەی ئەو قووڵاییەکی تایبەتی هەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە گرینگ بوونەکەی ئەو دەبێ بەگوێرەی پەروەردە و فەرهەنگی ژینگەکەی سەرنجی بدرێتێ.

رووناکبیر لای ئێمە، چەشنێک لە پێگەی مامۆستایەکی ئایینی بە میرات پێگەیشتووە. چەشنێک لەو رێزلێنانەی بەرامبەر بە کەسایەتییە ئایینییەکان نیشان دەدرا، گوێزراوەتە بۆ سەر رووناکبیرەکانیش. بەڵام کاتێک دێتە سەر کاریگەرییان، لەڕاستیدا مەودای چالاکبوونیان ئێجگار زۆر سنووردارە. ئەگەر هەموو شارۆمەندان لە ئازادیدا ژیابان، ئەوە دۆخەکە جیاواز دەبوو. ئەگەر بۆ نموونە بگونجایە کە لە زانکۆدا بە سەربەستییەوە وانە بگوترێتەوە و ڕای خۆت دەرببڕیت. لە ئەورووپای رۆژهەڵاتدا رووناکبیران رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە ئامادەکردنی زەمینە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری. ڕۆڵی رووناکبیرانی عەرەب لەباری ئەکادیمییەوە لاوازترە، بەڵام هێشتایش هێندێک لێکچوون هەیە.

ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەکەیت کە دوای ئەم ڕاپەڕینانە رووناکبیران ڕۆڵێکی چالاکانەتر بگێڕن؟

صادق العظم: من ناتوانم پێشبینی ئەوە بکەم کە چی دەقەومێت، بەڵام لانیکەم هیوادارم وەها بێت. میسر و توونس خەریکن بە “قۆناغێکی کاریزماتیک”دا تێپەڕ دەبن – واتە حاڵەتێکی ئازادی و مەستی. ژیانی ڕۆژانە دەگەڕێتەوە. ئەم ڕۆحەیش هەروەها دەڕژێتەوە ناو دامەزراوە تازە بنیادنراوەکان و دەچێتە ناو چاکسازی ئەو دامەزراوانەی ئێستا بوونیان هەیە.

گەورەترین شتی چاوەڕواننەکراو بۆ ئێوە سەبارەت بە شۆڕشی میسر و توونس چی بوو؟

صادق العظم: دووربوونی ڕەها لەو شێوەکارانەی لە بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی پێشووتردا کەڵکیان لێوەرگیرابوو. جاران، ئاڵاکان بە دروشمی وەکوو “مردن بۆ ئەمریکا، مردن بۆ ئیسرائیل” یان “دوژمنانی گەل شیاوی ئازادی نین” دەڕازێنرانەوە. ئەم هەست دەربڕینانە لەپڕێکدا ونبوون. دابڕانیش لەوانە بە شێوەیەکی لەسەرەخۆ نەبوو، بەڵکوو بەخێرایی بوو. لە بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی پێشوودا هەمیشە کەش و هەوایەکی قەیراناویی هەبوو.

ئێستا شتەکان بەتەواوەتی جیاوازن. ئێستا ئێمە لە دونیای عەرەبدا ئەزموونی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیمان هەیە کە لەو کاتەدا سەرۆکێک دەرووخێت مۆسیقا لێدەدرێت، خەڵک سەما دەکەن، شیعر دەخوێننەوە و پفدان دەخەنە حەوا. ئەمە هاوشێوەی ئەو شتەیە کە ئێمە لە ئەورووپا و لە ئەمریکا لەگەڵی ئاشناین. ڕۆژەکانی بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی پێشوو زۆر لەمێژ نییە تێپەڕیوون. هەر ئەوەندە بەسە بیر لە نارەزایی دەربڕینەکان لە دژی کاریکاتۆرەکانی محەممەد لە دانیمارک، یان “ئایەتە شەیتانییەکانی” سەلمان روشدی و یان خۆپیشاندانەکان بۆ فەلەستین بکەینەوە.

ئێمە ئێستا خەریکین ڕۆحێکی نوێ و کردارێکی نوێ دەبینین. ئەمەش شاهیدێکە بۆ ئاستێکی بەرزی پێگەیشتوویی. تەنانەت ئەو دەربڕێنە ئایینییانەی گوێمان لێبوو سروشتێکی تاکەکەسییان هەیە. هەرکەس کە ویستی نوێژ بکات، کردی. هەرکەس کە نەیویست نوێژ بکات، ناچارنەبوو بیکات. هەرکەس کە ویستی لە ژێر خاچێکدا بوەستێت چوو ئەو کارەی کرد.  

************************************** مۆنا نقار  © Qantara.de 2011

*صادق جلال العظم ساڵی ١٩٣٤ لە دمشق لە دایکبووە[٢٠١٦ کۆچی دوایی کرد]. لە بەیرووت فەلسەفەی خوێندووە و وەکوو مامۆستا لە زانکۆی نیویۆرک، بەیرووت، عەممان و دمشق دەرسی گوتووەتەوە. سەردێڕی یەکێک لە ناسراوترین بەرهەمەکانی  “ڕەخنە لە بیرکردنەوە ئایینییەکان” ە. دوایین بڵاوکراوەی ئەو بریتییە لە “Ces interdits qui nous hantent”، ‘ئەو قەدەغەکردنانەی کە بەردەوام سەردانمان دەکەن’. ساڵی ٢٠٠٥ لە زانکۆی هامبوورگ لە ئەڵمانیا دوکتورای فەخری پێبەخشراوە.

سەرچاوە: